بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەم ساڵانەی دواییدا یەکێک لە گرینگترین بەرنامەکانی وڵات سەبارەت بە دابەزاندنی کاریگەری گەمارۆکان، بەرزکردنەوەی داهات و کاروپیشە و گەشە هەناردە کردنی بەرهەمە غەیرنەتییەکان بووە و بۆ ئەمەش پارێزگا سنوورییەکان زۆر گرینگییان پێ دراوە.
راگەیاندنی ئامادەیی ١١ سەرمایەدانەری بیانی بۆ سەرمایەدانان لەم ناوچە ئاکامی بەڕێوەچوونی کۆنفەڕانسی ناوچەی تایبەتی ئابووری بانە بوو
لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرمایەدانەرە بیانی و ناوخۆییەکان کۆنفەڕانسی ئابووری بانە لەم شارە و بە بەشداری بەرپرسان بەڕێوە چوو کە ئاکامی ئەوە راگەیاندنی ئامادەیی ١١ سەرمایەدانەری بیانی بۆ سەرمایەدانان لەم ناوچە بوو.
گەرچی لەچاو ڕێژەی بەشداربووان، ئەم ڕێژەیە کەمە بەڵام بە پێی دۆخی ئێستای ئێران و گەمارۆکان، دەکرێ بڵێین ئامادەیی ئەو سەرمایەدانەرانەش زۆر باشە.
سەرپەرشتی جێگرایەتی هاواهەنگی کاروباری ئابووری پارێزگاری کوردستان لەم بارەوە وتی: بوونی شارۆچکەی پیشەیی لە ناوچەی تایبەت و سنووری سەیرانبەند بۆتە هۆی ئەوەی کۆڵبەرانی ئەو ناوچە بێنە ناو کاروباری بەرهەم هێنان و بازرگانی سنوورییەوە.
سەید کەماڵ حسێنی وتیشی: دابین کردنی ژێرخانەکانی فازی یەکەمی ئەم ناوچە زیاتر لە ٢٦٠ میلیار ریاڵ تێچووی بووە و دۆخی سەرمایەدانان لەم شارە ئامادەیە.
ژێرخانەکانی پێویستی ناوچەی تایبەتی ئابووری ئامادەیە
یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی پارێزگای کوردستان لە بواری سەرمایەدانان، گران بوونی نرخی زەوینە کە دەوڵەت هەوڵ ئەدات بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرمایەدانەران، بە نرخێکی گونجاو، زەوینیان بۆ دابین بکات.
ئەحمەد خوسرەوی بەڕێوەبەری شەریکەی شارۆچکە پیشەییەکانی کوردستانیش لەم بارەوە وتی: ناوچەی تایبەتی ئابووری بانە یەکێک لە پرۆژە گرینگە نەتەوەیی و پارێزگاییەکانە کە فازی یەکەمی لە ڕووبەری ٩٤ دۆنمیدا ئامادە کراوە.
ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە زەوینی پێویست بۆ سەرمایەدانەرانی بیانی لە بانە ئامادە کراوە، وتی: سەرمایەدانەران گەر مۆڵەتی چالاکی بەرهەم هێنان لەم ناوچە وەربگرن، ئێمەش خێرا زەوینی پێویستیان ڕادەست دەکەین.
مەبەستی کۆتایی لە پێک هێنانی ناوچەی تایبەتی ئابووری بانە، چارەسەر کردنی کێشەی بێکاری و سڕینەوەی کۆڵبەری لەم ناوچەیە.