بە پێی هەواڵی مێهر، "ئێمە کتێبی ئابووریمان نووسیوە" ئەمە وتەی پارتی داد و گەشەی تورکیا بە ڕێبەرایەتی ئەردۆغانە و ئێستا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا نرخی دۆلار لە تورکیا بە شێوەیەکی بێ وێنە زیادی کردووە و شارۆمەندەکانی تورکیا ئەوە وەکوو شکستی ئابووری دەوڵەت لێک دەدەنەوە.
بێدەنگی دەوڵەت سەبارەت بە دۆخی ئابووری
لەم ڕۆژانەی دواییدا نرخی دۆلار لە تورکیا بە ١٣ لیر نێزیک بۆتەوە و سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایی خەڵك، دەوڵەتی ئەردۆغان لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا هیچ وڵامێک ناداتەوە و بێدەنگە.
بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار لە تورکیا و دابەزینی بایەخی لیر چەند هۆکاری هەیە. یەکەم هۆکار بڕیاری بانکی ناوەندی تورکیا سەبارەت بە دابەزینی نرخی سوود بوو کە بازاڕی ماڵی ئەو وڵاتەی هەژاند. لیری تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥ لەسەد دابەزیوە و ئەم دابەزینەش هێشتا درێژەی هەیە. هۆکاری دووهەم تێکچوونی پێوەندی نێوان تورکیا و واشینتۆن و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە بۆ گەمارۆ دژی تورکیایە.
لە لایەکی دیکەوە وتەکانی ئەم دواییانەی ئەردۆغان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆن لە خاکی سووریا لە دیکەی هۆکارەکانی کاریگەری دانان لە سەر نرخی دۆلارە. کارناسان پێیان وایە وتەکانی ئەردۆغان بۆتە هۆی زۆربوونەوەی نرخی دۆلار.
هەروەها بڕیاری دوێنێی دادگای تورکیا سەبارەت بە عوسمان کاوالا و درێژەدان بە بەندکرانی ئەو، بووە هۆی ئەوەی دۆلار لە ١٢ لیرەوە بگاتە ١٢.٦٧ لیر.
داواکاری بۆ هەڵبژاردنی خێرا
گەرچی ئەم دواییانە لە دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەڕێوە چوو، دۆخی وڵات لە بواری بەرهەم هێنان و هەناردە کردن باش لێک درایەوە و دەوڵەت داکۆکی دەکاتە سەر ئەوەی مەبەستەکانی ئاسۆی ٢٠٢٣ بەم زوانە دەپێکرێن.
مەرال ئاکشێنەر ڕێبەری حیزبی "چاک" بە تەوسەوە بە سەرۆک کۆماری تورکیای وت: ئەردۆغان بە بڕشت و لێهاتوویی خۆیەوە وڵاتی ڕووخاند. بۆ ئەردۆغان سەردەمی خانەنشینییەکی باش ئاواتەخوازم. ڕووخانی کۆشکی بێشتەپە نزیکە.
ئوغور دوندار ڕۆژنامەوانی خەڵکی تورکیا وێڕای ئاماژە بە دۆخی نالەباری ئابووری ئەو وڵاتە و دەربەست نەبوونی سیاسەتوانان لە مەڕ ئەم قەیرانە، دەنووسێت: ئابووری گڕی گرتووە و لە جیاتی کوژاندنەوەی، بەنزینی دەکەنە سەر و گەشتری دەکەنەوە. ئەردۆغان هەر جار سەبارەت بە ئابووری باس دەکات، نرخی دۆلار دەچێتە ژوورەوە. ڕێگا چارەی ئەم کێشەیە بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی پێش وەختە نییە بەڵکوو هەڵبژاردنی خێرا و بە پەلەیە.