ناسەی هەواڵ: 4344631 -
بە دەنگی پەرلەمان؛

پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵپەسێردرا

پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی بە دەنگی ٣٩ پەرلەمانتار بەرامبەر بە ١٥ پەسەندکرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەوالی مێهر، دوای ئەوەی دوێنێ پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کرد، پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی چوارشەمە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرد و بەزۆرینەی دەنگ یاساکەی پەسەند کرد.

پڕۆژەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە، خاڵی یەکەم وەکو خۆی پەسەندکرا، کە بەمشێوەیەیە:

یەکەم: هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت.

خاڵی دووەمی پڕۆژەیاساکە دەڵێت "کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت".

هەروەها ئەم بڕگەیە بۆ مادەی دوەم زیادکرا "ديوانی سەرۆكايەتی هەرێم لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت".

خاڵی سێهەمی پرۆژەکەش بەمشێوەیە پەسەندکرا "پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ماوەی دوو وەرزی گرێدانی ساڵی یەکەمیدا، لە ژێر ڕۆشنایی پێوەرە گشتییە دەستوریەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بدات".

هەروەها سێ مادەکەی تری پڕۆژەکە لەگەڵ هۆکاری دەرچواندنی وەکو خۆیان و بەبێ گۆڕانکاری پەسەندکران.