ناسەی هەواڵ: 4336309 -
بەرپرسی حەوتەنامەی دەنگی کوردستان بۆ مێهر:

زۆربەی چاپەمەنییەکانی کوردستان خاوەن ستراتێژی دیاری کراو نین

خاوەن ئیمتیازی حەوتەنامەی دەنگی کوردستان دەڵێت:ئەگەرچی ژمارەی چاپەمەنی، ماڵپەڕ و ڕاگەیێنەرەکانی کوردستان زیادتر لە دەیەی ڕابردووە، بەڵام لەباری کوالێتی و پڕۆفشناڵ بووندا ئاستی دابەزیوە و ستراتێژی ڕوونیان نییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر - حەلیمە موڵایی: خاوەن ئیمتیازی حەوتەنامەی دەنگی کوردستان لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری مێهر وتی:  بە داخەوە هەموو لایەک لە کوردستاندا بەردەوام هەوڵ دەدەین لە بواری فەرهەنگیدا پەرە بسێنین، هەوڵ دەدەین ژمارەی هونەرمەندان و نووسەر و کەسایەتییە فەرهەنگیەکانمان زیاد بکەین، ژمارەی گرووپە شانۆییەکان، مۆزیسیان، ڕۆژنامەکان.. .. هەموو شتێک زیاتر بێت ، بەڵام ئەوەندە گوێ بە کوالێتی و چۆنایەتی و ئاستی پڕۆفشناڵیی کارەکان نادەین.

دەقی دیمانەکەی هوشیار بابایی لەگەڵ مێهر لە خوارەوە هاتووە:

بارودۆخی ئێستای ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکانی کوردستان چۆن دەبینن؟

چاپەمەنی لە کوردستاندا لە باری چەندایەتیەوە گەشەی کردووە بە ڵام لەبارەی کوالێتیەوە لە چاو دەیەی ڕابردوو دابەزیوە و کەم یەکی هێناوە و وەک رابردوو کاریگەر نییە.

بە لێشاو مۆڵەتی چاپەمەنی دراوە لە کوردستان بێ ئەوەی بیر لە پسپۆڕبوونی کەسەکان یان کاریگەرییەکانی ئەم کارە بکرێتەوە و بە داخەوە بۆ پیدانی مۆڵەتی دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و چاپەمەنی یان کردنەوەی ماڵپەڕ و ... هیچ راوێژێک لەگەڵ ئەنجومەنی سێنفی یان کەسانی بە ئەزموونی بواری ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنی ناکرێت و ڕای ئەوان وەرناگیردرێت و تەنیا چەند دەزگای دەوڵەتیی پەیوەندیدار بەم کارە مۆڵەتەکان دەردەکەن. ئەمەش وای کردووە ڕکابەری لە نێوان چاپەمەنییەکاندا نەماوە و کەسانی بێ ئەزموون و تەنانەت نامۆ لەگەڵ ڕۆژنامەوانی وهەواڵ و مێدیا زۆر لە ساحەکەدا دەبینرێت.  هیچ کەس هەوڵ نادات بە کوالێتی باش و پڕفشناڵ بوونی کارەکەی  لە ناو ئەم گۆرەپانەدا بمێنێتەوە و ئێستا هەندێ چاپەمەنی و حەوتەنامە لە کوردستان دا هەن کە بوونەتە ڕێپۆرتاژ نامە و هیچ کارێکی باش  و کاریگەر ناکەن.

پێتان وا نییە خوێنەر بۆ خۆی ئەوە لێک جودا دەکاتەوە و باش و ناباش خوێنەریان جیاوازە؟

چاپەمەنی بێ ناوەڕۆک و زەرد لەگەڵ چاپەمەنی ناوەڕۆک دار و پڕۆفشناڵ و خاوەن ستراتێژی ڕوون ئێستا وا تێکەڵ بووە کە خوێنەر و بەردەنگ تووشی سەرلێشێواوی و لە ئاکامدا بێ متمانەیی دەکات و ڕۆژنامە خوێندنەوە یان باشتر بڵێم بە گشتی خوێندنەوەی چاپ کراوە کان بە لای خەڵکەوە ئاستی زۆر دابەزیوە.

ئەگەرچی من بڕوام بەوە نییە کە سەرگیری و بەرگیری لە کاری چاپەمەنیدا بکرێت بەڵام پێویستە بۆ پێدانی مۆڵەتی چاپەمەنی، پڕۆفشناڵ بوونی کەسەکە یان تیمەکەی لەبەرچاوبگیردرێت، چونکوو ئەگەر بە لێشاو و ڕەمەکی مۆڵەت دەربکرێت ڕکابەری لە باری کوالێتیەوە نامێنێت، بەڵام ئەگەر ڕکابەری بۆ کاری پڕۆفشناڵی جوانتر لە ئارادابێت، هەموو چاپەمەنیەک هەوڵ دەدات لە باشترین ئاستدا دەرکەوێت، لانی کەم بۆ ئەوەی بەردەنگەکانی هاڕە نەکەن یان بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکە دەرنەکرێت بەڵام بە داخەوە وا نییە و هەندێ لەوانەی بە زەرد ناویان دەبرێت پارەیان ببێت چاپ دەبن و بۆیان گرینگ نییە کە بێ ناوەڕۆک بوونیان چ کاریگەریی نەرێنی هەیە.

خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان تا چ ڕادەیەک چاپەمەنی کوردی دەخوێننن و متمانەیان پێ هەیە؟

بەردەنگی چاپەمەنییەکانی وەک ڕۆژنامە، گۆڤار ، حەوتەنامە و کتێبیش تەنانەت، لە ئاستی ئێراندا زۆر دابەزیوە، ڕەنگە ۱ لەسەر ۵ دابەزیوە. بە ڕای من چون فەرهەنگی خوێندن کەمە و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە سەر پەرەدان بە فەرهەنگی خوێندن و خوێندنەوە کاریان سەرکەوتوانە نەکردووە لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئاستی خوێندنەوە دادەبەزێت. بەشێکی تریشی متمانە کردنی خەڵک بە چاپەمەنی و ڕاگەیاندن زۆر کەم بووەتەوە و خەڵک ئیتر بڕاوی بە میدیا و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن وەک جاران نییە و کەمی کردووە.

بابەتی یەکەمی کە دابەزینی ئاستی خوێندنەوەیە لە هەموو وڵاتدا، پەیوەندی بە چەندین دەزگای دیکەوە هەیە کە بەرپرسن لەوەی فەرهەنگی خوێندن و خوێندەوە پەرەپێبدەن لە ناو خەڵکدا و بە داخەوە لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوونە. بەشی دووەمیشی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە میدیا و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەوە هەیە کە هەندێ جار لەبەر ناچاری ڕاستییەکان سانسۆر دەکەن یان ئەوەی هەندێ میدیا و ڕۆژنامە کاری ناپسپۆڕانەی ئاوەکی دەکەن و خەڵک ئیتر حەزی لەوە نامێنێت ئاوڕ لە ڕۆژنامە و میدیا بداتەوە و ڕێژەیەک لە خوێنەران کەم دەبێتەوە. سانسۆر و فەرهەنگی خوێندن لە دەستی ئێمەدا نییە، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیە بدرکێنین کە زۆر جار ئێمەش تاوانبارین، بۆشایی زۆر هەیە کە دەبێ ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکان و هەروەها میدیا بەگشتی ئاوری لێبداتەوە و باسی لە سەر بکات، لە هەموو بوارێکدا، سیاسی، فەرهەنگی، هونەری، کۆمەڵایەتی بە تایبەت، ئابووری....ڕۆژنامەکانی ئێمە خاوەن ستراتێژی دیاری کراو و خاوەن گوفتمان و دیالۆگی داڕێژراو و ڕوون نین کە بتوانن لەو بوارانەی کە وتمان بە باشی بابەت بنووسن و کاریگەریی لەسەر جمگەکانی دەسەڵات و خەڵکی کۆمەڵگا دابنێن و ڕای گشتی خەڵک رابکێشن.

سەیرکە لە ئارشڤی یەک ساڵەی هەندێ لە چاپەمەنییەکانی کوردستاندا ڕاپۆرتێک یان یادداشت و وتارێکی باش و بەرهەم هاتووی خودی ئەو ستافە نابینیت کە نیشاندەری ستراتێژی ئەو چاپەمەنییە بێت و بتوانێ کاریگەری ئەرێنی و پۆزەتیڤ لە کۆمەڵگا دروست بکات. بۆچی وایە؟ بە رای من زیاتر بەو بۆنەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتی هەندێ لە چاپەمەنییەکان ئەو پسپۆڕییەیان نییە و کاری پڕۆفشناڵ نازانن و ئەو نیگەرانیەیان بۆ کۆمەڵگا نییە و لە قەبارەی ڕۆژنامەوان و ڕۆژنامەنووسدا نین کە بتوانن ستراتێژی باش داڕێژن و کارەکانیان لە سەر ئەو بنەما ببەنە پێشەوە. ئەگینا ئێمە لە کوردستاندا یان باشتر بڵێم لە ناو کورددا کەسی خاوەن قەڵەم و لێهاتوومان زۆرە کە بتوانێت باش بنووسێت و پرسە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا بوروژێنێت.

دەستپێکی باسەکەمان لە سەر ڕۆژنامەوانی وکەشی ڕاگەیاندنی چاپەمەنی کوردی بوو، ئێسە بینەوە سەر حەوتەنامەی دەنگی کوردستان، دەنگی کوردستان بە چ ستراتێژییەکەوە هاتووە؟ لە داهاتوودا دەتانەوێت چی بکەن؟

پاییزی ۱۳۹۴ مۆڵەتی حەوتەنامەم لە وەزارەتی ئیرشاد وەرگرت بەڵام لە بەر کێشەی دارایی بە شێوەی دوو حەوتەنامە چاپی دەکەین، هەر لە ڕۆژانی سەرەتاییەوە ستراتێژی ڕوونمان بۆ ستافەکە داڕشتووە و بەوپێیە کار دەکەین، دەنگی کوردستان بەو ئامانجە هاتە گۆرەپانی ڕاگەیاندنی کوردی کە ببێتە دەنگی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بابەتانە لێکبداتەوە کە ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەستی پێدەکرێت.

ئێمە هەوڵمان داوە هەواڵ بکەینە دەستمایەی کارەکانمان و زیاتر بەرەو بیرۆکە داڕێژی و شرۆڤەی بابەتەکان بچین و هەر ژمارەیەکیش لە دەنگی کوردستان کە چاپ دەکرێت، فایلیک لە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو مادەی هۆشبەر، منداڵانی کار، کۆڵبەری، بێکاری، بابەتی ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی.... دەکەینەوە و لەگەڵ کارناسان، مامۆستایانی زانکۆ ، بەرپرسان و خەڵک لەمبارەوە قسە دەکەین. دیمانە، ڕاپۆرت و یادداشت  و وتاری تایبەت بە خۆمان هەیە و کۆپی پێستی هیچ ڕاگەیاندن، ماڵپەڕ و میدیایەکی تر چاپ ناکەین و هەوڵی ئەوە دەدەین لەو پەڕی توانیماندا کاری باش بکەین.

دەزگا یان کەسێکی تایبەت ساپۆرتی ماڵیی (دارایی) دەنگی کوردستان دەکات؟

بە داخەوە چاپەمەنیە ناوچەییەکان کێشەی داراییان زۆرە چونکوو پشتیوانی داراییان نییە و ناتوانن مووچەی ستافەکەیان بە شێوەی بەردەوام دابین بکەن کە هەر ئەمەش یەکێکە لەو بۆساییانەی خەسار لە کاری پسپۆرانەی رۆژنامەوانی دەدات و دەنگی کوردستانیش لەمە بەری نییە بۆیە ئێمە هەوڵمان داوە ئەو گرفتە وا چارەسەر بکەین کە بۆ نووسینی بەشێک لە بابەتەکانمان کەڵک لە قەڵەمی نووسەران و ڕێپۆرتێرە بە تواناکان وەرگرین کە نیگەرانیی و دڵەراوکی کۆمەڵگای کوردیان هەیە و بێ بەرامبەر کار دەکەن .و بە ئاشکراییش رادەگەیێنین کە دەنگی کوردستان لە هیج دامودەزگایەکی حکوومی یان کەرتی تایبەتیش ساپۆرتی ماڵیی وەرناگرێت وسەربەخۆیە و تەنیا بە چاپ کردنی ڕێپۆرتاژەکان کە زۆر کەمیشە تێچووی چاپ کردنەکەی دەردێنین.  

حەوتەنامەی دەنگی کوردستان چ داهاتوویەکی بۆ داڕێژراوە و بڕیارە بەرەو کوێ بڕوات؟ ناتانەوێت بیکەنە ڕۆژنامە؟

بێ گومان بەردەوام بیر لەوە دەکەینەوە دەنگی کوردستان ڕۆژێک بێت کە وەک ڕۆژنامە هەموو بەیانییەک چاپ بکرێت. بەڵام لە بارودۆخی ئابووری ئێستادا بەڕاستی بۆمان نالوێت، چونکوو سەرمایەی دەوێت بۆ ئەوەی ڕۆژانە چاپ بکرێت، پێویستی بە توانایی دارایی باش هەیە و ئێمەش ئەو تواناییەمان نییە. ئەگەرچی هەندێ لایەن و کەسی سەرمایەدانەر ئامادە بوونە یارمەتیمان بدەن بەڵام ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین چونکوو سەربەخۆ بوونمان زیاتر بەلاوە گرینگە و پشت بە هەر لایەن و کەسێک ببەستین ناچار دەبین لە هەندێ بواردا قەڵەمەکانمان لە بەرژوەندی ئەوان بگەڕێنین و ئەمەش  پێچەوانەی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیە.

راستە کە پارێزگای کوردستان یەکێکە لە پڕ هەواڵ ترین ناوچەکانی ئێران و دەکرێت چەند ڕۆژنامەشی ببێت بەڵام ئەمە جگە لە هەوڵی ماندوویی نەناسانەی بەڕێوەبەرانی میدیایی، کار و یارمەتی بەرپرسان ، کارناسانی بوارە جۆراوجۆرەکان و خاوەن پێنووسەکانی دەوێت کە کوردستانی کانگای هەواڵ کە زۆر جاریش ڕاگەیاندنەکانی پایتەخت و سەرانسەری ئێرانیش، کوردستان دەکەنە ڕۆژەڤ، بتوانێ لەم کارەدا سەرکەوێت. بە دەستی بەتاڵ هیچ کارێک ناکرێت.

دەنگی کوردستان لە باری ناوەڕۆکەوە گەیشتووە بەو ستراتێژییەی کە لە سەرەتاوە بۆتان داڕشتووە؟

هەموو هەوڵێکمان داوە بگەین بەو ئامانجە و لەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵبگرین، ئەگەرچی هەوراز و نشێو هەمیشە هەیە و کاتی وا هەیە دەگەین بە بەشێکی و واش ڕێکدەکەوێت کە لەمپەڕمان لە بەردەم دروست دەبێت و گوشارمان دەکەوێتە سەر بەڵام تەقالامان ئەوە بووە لە ئاستێکی باش و نزیک لەو پلانەی دامانڕشتووە بەرەو پێشەوە بچین.

ئەوەش بڵێم زۆر جار هەندێ لەو کەسانەی دێنە ساحەی ڕۆژنامەوانی کوردیەوە حەز دەکەن وەک ئۆپۆزسیۆن دەرکەون، بەڵام ئێمە عەلاقەمان بەو شێوە ڕوانینە نییە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە بە دیالۆگ و گوفتمانێکی روون و بە شێوەیەکی پسپۆڕانە دەرکەوین. ئۆپوزسیۆن بوون و زەرد بوون ئاسانە، کاری باش و پڕۆفشناڵ کردن گرینگە. ئەگینا تەنیا وێنەی جوان دانان و دروشم دانی ئاوەکی کارێکی سەخت نییە و بە هەموو کەس دەکرێت.

کێشەی چاپ تان هەیە؟

بەڵێ بە داخەوە لە پارێزگای کوردستاندا چاپ خانەیەکی باش نییە لە حاڵێکدا کە چاپەمەنییە ناوچەییەکانی کوردستان لە ئاستی ئێراندا برندە و ناسراوە و کاریگەرییان لە سەر وڵات و کۆمەڵگای خۆیان و ناوچەکەشیان هەیە، بۆیە پێویست بوو چەندین ساڵە چاپخانەیەکی پێشکەوتوو لە ئاستی پارێزگا یان ناوچەی ڕۆژاوای وڵات دا دروست بکرایە کە نەکراوە.

ئەمە زۆر کێشەی بۆ جاپەمەنییەکانی کوردستان هەیە، ئێستا لە تاران، هەمەدان و.... حەوتەنامەکانی پارێزگا چاپ دەبێت، تێچووی زۆرترە، دەستمان پێیان ناگات چاودێری چاپی هەموو ژمارەیەک بکەین، هەموو ڕۆژێک بە خواستی خۆیان کاغەزەکە دەگۆڕن، کوالێتی چاپەکە هەندێ جار باش نییە و زۆر کێشەی تر.بۆ وێنە لە ترافیکی کاریدا وەک کاتی هەڵبژارنەکان، بۆنە تایبەتەکانی وەک نەورۆز ، چاپ خانەکانی تاران ئیدی کاری شارستانەکان وەلاوە دەنێن و دوو سێ ڕۆژ دێرتر چاپی دەکەن و بابەتەکان کۆن دەبێت.

بۆچی چاپەمەنی و میدیاکان لە سەر کۆمەڵگا و بە تایبەتی بەرپرسان کاریگەریی نەماوە؟

راگەیاندن و میدیا بە گشتی زۆر بە توانا و کاریگەریی دانەرە بەڵام چاپەمەنی  و ڕاگەیاندنی کوردی و ناوچەیی ئەویش لە کوردستان نا، زۆر ناتوانێ کاریگەریی دابنێت، کە بێ گومان لەبەر هەندێ هۆکاری ئاشکرا و ڕوونەکە بۆ وتن ناشێت.