ناسەی هەواڵ: 4335818 -
شیرین هانتێر بۆ مێهر:

ئەمریکا جیاواز دەڕوانێتە ئێران و کۆریای باکوور

"شیرین هانتێر" لای وایە ئێران و کۆریای باکوور دوو وڵاتی جیاوازن لە بەستێنی نێودەوڵەتیدا و هەندێک لە سیاسەتوانانی ئەمریکی بە توندی دژی هەر جۆرە سازانێک لە گەڵ ئێرانن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: ماوەیەک لەوە پێش دوای ململانێیەکی زۆر سەرۆک کۆماری ئەمریکا و رێبەری کۆریای باکوور لە سەنگاپوور پێکەوە دیداریان کرد. ئەو دیدارە پاش دانوستانێکی چڕ و دوور و درێژ لە نێوان نوێنەرانی دوو وڵات ئەنجام درا.

دۆناڵد ترامپ و کیم جۆنگ ئون سەبارەت بە پرسە هاوپەیوەندەکان بە ئەمریکا – کۆریای باکوور و جێگربوونی ئاشتیی سەقامگیر و پاوەجێ لە دوورگەئاسای کۆریا گفتوگۆیان کرد. ترامپ پابەند بوو بە پێدانی گەرەنتیگەلی ئەمنی بە کۆریای باکوور و لە بەرامبەردا کیم جۆنگ ئون-یش جەختی لە پابەندیی قورس و تەواوی خۆی بۆ چەک داماڵینی ئەتۆمی لە وڵاتەکەی کرد.

ترامپ و ئون جەختیان کرد کە دەست پێکردنی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور پەیوەستە بە ئاشتی و ئاسایشی دوورگەئاسای کۆریا و جیهان و ڕایانگەیاند کە تێگەیشتن لەو بابەتە و متمانەی بەرامبەر دەتوانێ پەرە بە ڕەوتی دانانی چەکی ناڤۆکی و ئەتۆمی بدات.

لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر گفتوگۆیەکی لە گەڵ پڕۆفیسۆر شیرین هانتێر مامۆستای زانکۆی جۆرج تاونی ئەمریکا ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* دانیشتنی ئەم دواییەی ترامپ و کیم جۆنگ ئون تا چەندە دەتوانێ یارمەتیی باش بوونی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات بێت؟

ـ بێ شک ئەو دانیشتنە لە نێوان سەرۆک کۆماری ئەمریکا و رێبەری کۆریای باکوور پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەدات و بە پێچەوانەی چەند مانگی ڕابردوو چیتر سووکایەتی بە یەکتر ناکەن و هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی لە دژی یەک بە کار نایێنن. جگە لەوانە ئەمریکا مانۆرگەلی سەربازیی هاوبەشی لە گەڵ کۆریای باشوور هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەم کارە ڕەزامەندی و دڵخۆشیی کۆریای باکووری بە دواوە بووە.

پرسیار ئەوەیە کە ئایا باش بوونی پەیوەندییەکان درێژەیان دەبێت و کەرتەکانی دیکە و لەوان کەرتی ئابووری و بازرگانیش دەگرێتەوە یان نا؟

* ئایا ئەو دانیشتنە دەتوانێت یارمەتی چەک داماڵین و هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لە دژی کۆریای باکوور بدات؟

ـ دژوارە کە کۆریای باکوور دەست هەڵگری توانستی ناڤۆکیی خۆی بێت. بەوەشەوە پیونگ یانگ دەتوانێ ڕێککەوتنێک لە گەڵ ئەمریکادا مسۆگەر بکات کە بە پێی ئەو ڕێککەوتنە وڵاتانی ناوچە یان خودی ئەمریکا نەکاتە ئامانج.

کۆنگریسی وتوویەتی کە وردبینانە ڕەوتی ئاشتی لە گەڵ کۆریای باکوور چاودێری دەکات. زۆر کەس لە کۆنگرەدا پیداگرن لەوەی کە قبووڵ کردنی چەک داماڵینی یەکجاری لە لایەن کۆریای باکوورەوە زۆر دژوارە. ئەو پێداگریانە دەتوانێت ڕێککەوتننامەکانی داهاتوو تووشی کێشە و ململانێ بکات.

* بە ئاوردانەوە لەوەی کە ترامپ لە بەرجام چووە دەرێ، ئایا ڕێککەوتنی شیمانەیی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکووڕ جێی دڵخۆشییە؟ ئایا سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا دەتوانێ تێکی بدات؟

ـ ئێران و کۆریای باکوور دوو وڵاتی جیاوازن لە بەستێنی نێودەولەتیدا و هەندێک لە سیاسەتوانانی ئەمریکی بە توندی دژی هەر جۆرە سازانێک لە گەڵ ئێرانن. ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداوی فارس سوورن لە سەر گرتنەبەری سیاسەتی گرژ و توند لە لایەن ئەمریکاوە هەمبەر بە ئێران. هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ئاسیای رۆژهەڵات نایانەوێ ئەمریکا لە گەڵ کۆریای باکوور تێهەڵچێت، لە کاتێکدا درواسێکانی ئێران و ئیسرائیل پێشوازی دەکەن لە گرتنەبەری سیاسەتی گرژ و توند لە دژی ئێران و تەنانەت پێشوازیش دەکەن لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.  کەواتە ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باکووردا مسۆگەر بێت، نامومکینە ئەمریکا هەڵی‌وەشێنێتەوە و لێی بچێتە دەرێ.

* لە ئەگەری باشتربوونی پەیوەندییەکانی کۆریای باکوور و ئەمریکا، ئەو پرسە چ کاریگەرییەکی لە سەر پەیوەندییەکانی پیونگ یانگ لە گەڵ چین و ڕووسیا دادەنێت؟

ـ باشتر بوونی پەیوەندییەکانی کۆریای باکوور لە گەڵ ئەمریکا، پێگەی دوورگەئاسای کۆریا و مامەڵەی لە گەڵ چین دەباتە سەرێ، چونکە پەیوەندیی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئەمریکا، ئینتیما و پێویسیی کۆریای باکوور لە باری ئابووری و هتدەوە بە پکەن کەم دەکاتەوە.  ئەوە بابەتە ڕووسیاش دەگرێتەوە. لە گەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی پیونگ یانگ لە گەڵ ئەمریکا، کۆریای باکوور پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ڕووسیا یان پکەن ناخاتە مەترسییەوە، بەڵام پەرە بە بژێرەکانی خۆی دەدات.