ناسەی هەواڵ: 4320624 -
کەریم نووری:

گرووپەکانی دیکەش دەتوانن پەیوەستی هاوپەیمانیی فەتح – سائێرۆن بن

یەکێک لە رێبەرانی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بە نەبوونی هیچ هێڵێکی سوور بۆ پەیوەستبوونی گرووپگەلی سیاسیی دیکەی عێراق بە هاوپەیمانیی فەتح – سائێرۆن کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "السومریه"، کەریم نووری لە رێبەرانی هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانیی نێوان سائێرۆن و فەتح-ی نرخاند و وتی: ئەو هاوپەیمانییە بەهێز، ڕوون و ئاشکرایە و هیچ ناڕەزایەتییەک لە هیچکام لە لایەنەکان نابیسترێت. نزیکیی ڕوانگەی موقتەدا سەدری سەرۆکی ڕەوتی سەدر و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح هەموو کاروبارەکانی ئاسان کردووە و دەکرێت بە بێ کێشە لێیان تێپەڕین.

نووری جەختی کرد: هاوپەیمانی گەورە و بە هێزترەکان، هاوپەیمانیی نێوان دوو پێکهاتەن کە دەسەڵاتیان هەیە. ئەو هاوپەیمانییە، پەیامێکی متمانەهێنەرە بۆ گەلی عێراق بەر لە پێکهاتنی فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی دەوڵەت. ئەو پەیامە بۆ هەمووان و لە پێناو سڕینەوەی ناکۆکی و دوورخستنەوەی تاپۆی شەڕی ناوخۆیی و بژێرەی هەڵبژاردنەوەی دووبارەیە.

وتیشی: هاوپەیمانی نوێ هیچ هێڵێکی سووری بۆ پەیوەستبوونی پێکهاتە و گرووپە سیاسییەکان بە هاوپەیمانیی سائێرۆن – فەتح دانەناوە.

نووری پێشبینی کرد کە لە رۆژانی داهاتوو پێکهاتە سیاسییەکانی دیکەش پەیوەستی ئەو هاوپەیمانییە دەبن.