2 June 2018 - 09:54
شرۆڤەی یاری نوێی ئەمریکا لە سووریا/ خەونی واشنتۆن بۆ میحوەری باشووری

هۆکاری سەرەکی چه‌واشه‌کارییه‌کانی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆریستی لە میحوەری باشووری سووریا، دەگەڕیتەوە بۆ هەوڵی واشنتۆن لە پێناو ئۆتۆنۆمی بۆ تەکفیرییەکان لەو میحوەرە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: میخائیل بۆگدانۆگ جێگری وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕێککەوتنی ئەو وڵاتە، ئەمریکا و ئۆردۆن بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی لە ناوچەی ئارام و دوور لە تەنگەژەی باشووری سووریا هەواڵی داوە. ناوبراو لەو بارەیەوە جەختی کردووە کە بەرپرسانی سێ وڵات لە شاری ئەمان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە دۆخی باشووری رۆژئاوای سووریا گفتوگۆ بکەن.

هاوکات بەرپرسانی ئۆردۆن-یش پێشتر لە دانوستان لە گەڵ واشنتۆن و مسکۆ بۆ ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی باشووری سووریا هەواڵیان دابوو و وتبوویان کە لایەنەکانی دانوستان پێداگرن لە پاراستنی ئەو ناوچە ئارامە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکاش هەڕەشەی لە دیمەشق کردووە کە لە ئەگەری پێشێل کردنی ئاگربڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باشووری رۆژئاوای سووریا، بەرەوڕووی وەڵامی توند و یەکلاکەرەوەی واشنتۆن دەبێت.

لە راستیدا میحوەری باشووری سووریا گرینگییەکی ستراتژیکی زۆری هەیە و ڕاست بەو هۆیەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵی خۆی بۆ وەدەرنانی هێزی بەرخودان لەو میحوەرە خستۆتە گەڕ. یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی گرینگیی ئەو میحوەرە، هاوسنووربوونی لە گەڵ ناوچە داگیرکراوەکانی ڕژیمی زایۆنی و ئۆردۆنە. ئەمریکاییەکان بە ڕادەیەکی زۆر لە نزیکبوونەوەی بەرەی خۆڕاگری لەو ناوچانە و بە تایبەت لە گۆڵانی داگیرکراو نیگەرانن.

گرینگترین پارێزگاکانی میحوەری باشووری سووریا بریتین لە سویدا، دەرعا و قەنیترە کە هەڵبەت بە پێی ڕێککەوتنی پێشوو بە ناوچەگەلی ئارام و دوور لە تەنگەژە ناویان لێ دەبرێت. بەوەشەوە، سوپای سووریا و هێزی خۆڕاگریی سووری تا ئێستا هیچ گەڕەنتییەکیان بە لایەنە بەشداربووەکان لە دانوستانەکان و گفتوگۆ سیاسییە جۆراوجۆرەکان بۆ خۆبواردن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی تیرۆریستانی ئەو ناوچەیە نەداوە.

هەر بۆیە ئەگەر ئەوڕۆ سوپای سووریا پێداگرە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنگەلی دژە تیرۆریستیی لە دژی تەکفیرییەکان لە میحوەری باشووری سووریا واتە لە پارێزگاکانی دەرعا، قەنیترە و سویدا، بەو هۆیە کە گرووپگەلی تیرۆریستیی جێگر لەو میحوەرە و لەوان بەرەی نوسرە ناچنە ناو لیستی ڕێککەوتنی ئاگربڕ. سوپای سووریا بە پێی یاسا ئەو مافەی هەیە کە لە پێناو دابین کردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی، لە هەر کات و شوێنێکدا بۆی هەیە کە مۆڵگەگەلی تیرۆریستان و تەکفیرییەکان بکاتە ئامانج.

هەر وەک وترا، پارێزگای قەنیترە یەکێک لە گرینگترین پارێزگاکانی باشووری سووریایە. ئەو پارێزگایە بە هۆی نزیک بوون لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر چنگی ڕژیمی زایۆنی، لە لایەن ئەو ڕژیمەوە بەهایەکی زۆری دەدرێتێ. دەستێوەردانە سەربازییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە قەنیترە لە ماوەی قەیرانی سووریا و دەربازکردنی تیرۆریستانی زیان پێگەیشتوو لەو پارێزگایە، بەشێکن لە هەنگاوە ئەنجام دراوەکانی تەل ئاویو لە قەنیترە کە درێژەیان دەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە تیرۆریستانی تەکفیریی جێگر لەو میحوەرە لە لایەن بەرپرسانی ئۆردۆن پاڵپشتیان لێ دەکرێت. شایانی باسە کە گرووپێکی تیرۆریستیی ناسراو بە "بەرەی باشوور" لە لایەن ئۆردۆن و لە رێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنی "موک"ەوە ئیدارە دەکرێت. بەو هۆیەیە کە بەرپرسانی ئۆردۆنی پێداگرن لە سەر هاوئاهەنگبوونی سوپای سووریا لە ئۆپەراسیۆنی خۆی دژی تەکفیرییەکانی بەرەی باشوور لە گەڵ ئەو وڵاتە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک لەوە پێش بەرپرسانی ئۆردۆنی پەیامێکیان ئاراستەی دەوڵەتی سووریا کرد. سەرچاوەگەلی ئاگادار ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی ئەمان داوایان لە دیمەشق کردووە کە ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆریستی لە قەنیترە و دەرعا، بە ئاگاداریی دەوڵەتی ئۆردۆن بێت. بۆ ئەوەی هەر دوولا بە هاوئاهەنگییەوە لەو بوارەدا هەنگاو بنێن.

جگە لە قەنیترە، هەر وەک پێشتر وترا، پارێزگای دەرعاش لە میحوەری باشووری سووریادا هەڵکەوتووە. لەو پارێزگایەدا هێزی میلیشیای "جەیشی خالید بێن وەلید" جێگرە کە بە جۆرێک هاوپەیمانی داعشە. ئەو گرووپە چەند گوند و شاری نزیک لە بەرزاییەکانی گوڵان و سنووری ئۆردۆنی لە بندەستدایە و هێزی چەکداریی ئەو گرووپە توانیویە سەرەڕای هێرشی تیرۆریستان بە پاڵپشتیی ئۆردۆن، درێژە بە هێژمۆنیی خۆی بە سەر ناوچەدا بدات.

بە گوێرەی میدیاگەلی سووری، هاوکاتی ئامادەبوونی گرووپگەلی تیرۆریستیی بەرەی نوسرە و تەحریرولشام لە میحوەری باشوور، گرووپگەلێکی دیکەی تیرۆریستیش لەو میحوەرە داشدارن کە ئامانجی سوپای سووریا پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە تەواو ئەو گرووپانەیە. بە پێی دوا هەواڵ و ڕاپۆرتەکان، گرووپگەلی "سوپای ئازاد" و "ئەحرارولشام"یش لە میحوەری باشوور و بە تایبەت لە دەرعا و قەنیترەدا جێگرن.

جگە لەوەی وترا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاورێکی تایبەتی داوەتەوە لە میحوەری باشووری سووریا. هەر لەو پەیوەندییەدا فەرماندە سەربازییەکانی سووریا لە سەر ئەو بڕوایەن: "ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ ئەوەی لانی کەم بتوانن ڕەوتی هاوکێشەگەلی سەربازیی مەیدانی بگۆڕن، ئاوڕێکی تایبەتیان لە ناوچەکانی باشووری سووریا داوەتەوە".

کەواتە سوپای سووریا جیهازات و کەلوپەلێکی زۆری سەربازیی ڕەوانەی هاوێری باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی دەرعا کردووە و ڕێوشوێنی توندی ئەمنی بە سەر هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری دەرعادا زاڵە. هێزەکانی بەرخودانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرجۆرە پێکدادانێکی شیمانەیی جیهازاتی سەربازیان ڕەوانەی شارۆچکەگەلێک لە قەنیترە کردووە. لە بەرامبەردا، زانیاری و ڕاپۆرتە بە دەستگەیشتووەکان نیشان دەدەن کە هەزاران تیرۆریستی پڕچەککراوە لە باشووری سووریا هەن کە ئامادەی دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی سوپای ئەو وڵاتەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، "رای الیوم" ڕاپۆرتی دا کە سیستمه‌ سیخۆرییه‌کانی ئیسرائیل، ئەمریکا و عەرەبستان رێگەیان بۆ هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە خۆش کردووە و دیارە کە ئەو ڕێکخراوانە پاڵپشتیی سەربازی، چەک و چۆڵ و لوجێستیکی لە تیرۆریستان دەکەن، بۆ ئەوەی ڕەنگە بتوانن دۆخەکە بە قازانجی خۆیان بگۆڕن، هاوکێشە سەربازییەکان بۆ ڕابردوو بگەڕێننەوە و گوشارەکان لە سەر تیرۆریستانی گەمارۆدراوی غەوتە لابەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئێستا کە قەیرانی سووریا دەچێتە ناو هەشتەمین ساڵی خۆی و ئەمریکییەکان بە تەواو پیلانەکانیان نەیانتوانیەوە بە ئارەزووی خۆیان لە سووریا بگەن، رێگەیەکی نوێیان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی بتوانن لانی کەمی ئامانجەکانیان لەو وڵاتەدا مسۆگەر بکەن. سناریۆی نوێی ئەمریکاییەکان بۆ زیان گەیاندن بە دەوڵەتی دیمەشق، چ نییە جیا لە سازادنی "خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ تیرۆریستان" لە میحوەری باشووری سووریا.

دیارە کە سەرەکی‌ترین و بنەڕەتی‌ترین ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو سناریۆ نوێیە ئامادەکاری و ڕەخساندنی بەستێنی لەبار بۆ دابەشکردنی خاکی سووریایە؛ ئامانجێک کە واشنتۆن هیچکات نەیویستووە و نایەوێت دەستی لێ هەڵگرێت. لە ڕاستیدا ئەمریکاییەکان بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانجە بەهایەکی تایبەتیان بە سێ پارێزگای باشووری و گرینگی سووریا داوە. پارێزگاکانی دەرعا، قەنیترە و سویدا لە باشووری سووریا، سێ پارێزگان کە لە پلانی نوێی ئەمریکادا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە.

دوا هەواڵ و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمریکا سوپایەکی پێکهاتوو لە تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و سوپای ئازادی بۆ هێرش کردنە سەر بنکەکانی سوپای سووریا لەو سێ پارێزگایە ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی واشنتۆن کۆنتڕۆڵی تەواوی هەر سێ پارێزگای گرینگی باشووری سووریا بگرنە بندەستی خۆیان.

هەڵبەت ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دەسپێکی ئەو شەڕە گەورەیە لە باشووری سووریا، هیچ رێگەیەکی دیکەیان جگە لە تۆمەتبارکردنی دیمەشق لە بابەتی پێشێل کردنی ئاگربڕ لە ناوچە ئارامەکاندا نییە. کەواتە، پێدەچێت کە پاش تۆمەت دان لە دیمەشق بۆ کەڵک وەرگرین لە چەکی کیمیایی لە شاری دۆما لە غوتەی رۆژهەڵاتی، دەبێ لە ماوەی رۆژان و حەوتەکانی داهاتووشدا بە بیانووی پێشێل کردنی ئاگربڕ لە ناوچە ئارامەکانی باشووری سووریا، چاوەروانی تۆمەتگەلی نوێی واشنتۆن لە دیمەشق بین.

لە کۆتاییشدا، بە پێی وتراوەکانی سەرەوە بەو ئاکامە دەگەین کە پێداگریی سوپای سووریا بۆ دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆریستی لە میحوەری باشووری سووریا و لە سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئۆردۆن و ناوچە داگیرکراوەکان و بەرزاییەکانی گوڵان، لە لایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ گرینگیی باری جوگرافی و ستراتژیکی ئەو میحوەرە و لە لایەکی دیکە دەرەوەستی بە کۆمەڵێک داپەڕ و جموجۆڵی دژبەرانەی ئەمریکاییەکان لەو میحوەرەوە هەیە.  

News Code 19238

نیشانەکان