6 May 2018 - 18:06
بێ شک حزبوڵڵا و ئەمەل لە هەڵبژاردنەکانی لوبناندا سەردەکەون

ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتی بزووتنەوەی ئەمەلی لوبنان جەختی کرد کە سەرکەتنی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی هاوپەیوەندی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبناندا یەکلا کراوەیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – شیرین سەمارە: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبنان کاتژمێر ٧ی ئەوڕۆ یەکشەممە ٦ی مەی ٢٠١٧ بە کاتی بەیرووت، پاش نۆ ساڵ پاشکەوتن، دەستی پێکرد و بەپێی زانیاریی میدیاكانی ئەو وڵاتە، ۳.۷ ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

بەربژێرانی ئەم خولە لە هەڵبژاردن بۆ مسۆگەر کردنی ١٢٨ کورسیی چوار ساڵەی پەرلەمان پێکەوە ڕکابەری دەکەن و هەوڵی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی ئەو وڵاتە دەدەن. فراکسیۆنی زۆرینە، لانیکەم پێویستی بە ۶۵ کورسی هەیە هەتا بتوانێ بڕیارەکانی خۆی لەبارەی پرسە ناوخۆییەکانی لوبنانەوە جێبەجێ بکات. یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی لوبنان لە ژوئەنی ٢٠١٧دا پەسند کرا و سیستەمی پێشوو وەلاوە نرا.

یاسای پێشوو ناسراو بە یاسای "٦٠" لە ساڵی ١٩٦٠ پەسند کرابوو و تێیدا ١٢٨ ئەندامی پەرلەمان لە رێگەی ٢٦ ناوەندی هەڵبژاردن، دیاری دەکران. بە چەشنێک کە دەنگ دەران دەیان توانی ئەوەندەی کورسییە دیاری کراوەکانیان، نوێنەر بنێرە پەرلەمان و ئەو نوێنەرانەی کە زیاترین ڕێژەی دەنگیان لە هەر کام لە تایفەگەلی لوبنانی مسۆگەر کردبایە، براوەی هەڵبژاردنەکان دەبوون. سیستەمی هەڵبژاردنی نوێ بە پێی میتۆدی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی داڕشتراوە و لوبنانی بە سەر ١٥ ناوەندی هەڵبژاردنی چەند کورسیێتی دابەش کردووە.

لەم یاسایەدا لوبنان وەک وڵاتێکی خاوەن فرەچەشنیی ئایینی – مەزهەبی و سیاسیی جۆراوجۆر ناسراوە؛ ئەگەرچی لە یاسای پێشووشدا ئاور لەم فرەچەشنییە درابووەوە و بە پێی ئەو فرەچەشنییە دیاری کرابوو کە لیستی سەرکەوتووی هەر ناوەندێکی هەڵبژاردنی کامەیە و تێکرایان بە پەشت بەستن بە ڕێژەی دەنگەکان دەچوونە پەرلەمان، بەڵام یاسای نوێ هەلی ڕکابەریی بە ئینساف‌تر و دادپەروەرانەتری ڕەخساندووە، چونکە هەر لیستیێک بە پێی دەنگەکانی کۆی لیستەکە و هەروەها بە پێی دەنگی هەر نوێنەرێک دەچێتە پەرلەمان. بە واتایەکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا حزبە چکۆلەکان، شانسی چوونە پەرلەمانیان نەبوو و ناچار بوون تێکەڵی لیستی حزبە گەورەکان ببن. بەڵام ئێستا هەلی ڕکابەریان زیاتر بۆ ڕەخساوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری ئاژانسی مێهر گفتوگۆیەکی لە گەڵ "خەلیل حەمدان" ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەمەل ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* چ ڕەوتگەلێک بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبنان بوونە؟

ـ ڕەوتی سەرەکیی بەشدار بووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لیستی ئەمەل و وەفا و هەروەها حزبوڵڵای لوبنان لە بەرەی باشوورن. ئەو لیستە هەم لە بەرەی باشوور و هەم لە سەرتاسەری لوبنان خاوەن لایەنگرانێکی زۆرە و پێگەیەکی باڵای هەیە و بە ئومێدی خودا لە لیستگەلی پێشڕەوی هەڵبژاردنەکان دەبن.

* ئایا گرووپگەل و ڕەوتی سیاسیی نوێش لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبناندا سەریان هەڵداوە و هەنگاویان ناوەتە ناو ڕکابەرییەکان؟

ـ وایە، لەو هەڵبژاردنانەدا گرووپگەل و ڕەوتی نوێش سەریان هەڵداوە. بەوەشەوە، ئەو گرووپانە بەخت و شانسێکی زۆریان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمایی لوبناندا نییە، چونکە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی باڵایان لەو وڵاتەدا نییە.

* ئایا مومکینە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبنان گۆڕانکاریی ستراتژیکیی لەو وڵاتەدا بە دواوە بێت؟

ـ هەندێک هەوڵ دەدەن لوبنان لە ڕەوتی بەرخۆدان و خۆڕاگری دوورخەنەوە، بەڵام بەوەشەوە، گرووپ و ڕەوتەکانی بەرخۆدان و لەوان بزووتنەوەی ئەمەل و حزبوڵڵا لە سەرتاسەری لوبنان ئامادەن و پێداگرن لە سەر ڕۆڵ گێرانی خۆراگرانە لە پەنای سوپا و گەلی ئەم وڵاتە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە گرووپگەلی سەر بە سولەیمان فەرەنجییەش لایەنگری بەرخۆدانن. ئەوە بەو واتایە کە هیچکەس ناتوانێ لوبنان لە شوناس و چیەتی و هەڵوێستە سەرەکییەکانی هەمبەر بە ڕژیمی زایۆنی دوور بخاتەوە.

* دۆخی لیستی هاوپەیمانیی حزبوڵڵا و ئەمەل لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبنان چۆن هەڵدەسەنگێنن. ئایا حزبوڵڵا لە نێوان شێعەکاندا ڕکابەری هەیە؟

ـ دەتوانم بڵێم لیستی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە سەداسەد لەو هەڵبژاردنانەدا سەردەکەون و ئەگەر لەوناوەدا ڕووداوێکی چاوەروان نەکراویش بێتە ئاراوە، بێ شک ڕێژەیەکی کەم لەو سەرکەوتنە خەوشەدار دەکات.

* ئاستی بەشداریی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ ئاستی بەشداریی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکاندا ئاساییە کە لە نێوان لە سەدا ٤٢ بۆ ٥٠ دەبێت. لەم قۆناغەدا مومکینە ئەو ئاستە تەنانەت تا لە سەدا ٦٠ بۆ ٦٥ بەرزتر بێتەوە. هۆی ئەو بابەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی لە رێگەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا هەوڵ دەدەن ڕۆڵی کارایان لە پاڵپشتی کردنی خۆڕاگری و یەکگرتوویی وڵاتدا هەبێت.

* ئایا رێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لە تایفەگری لە هەڵبژاردنەکانی لوبناندا هەیە؟

ـ لە دەستووری لوبناندا رێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لە تایفەگەری هەیە، بەڵام لەمناوەدا هەندێک ئاستەنگیش لە ئارا دایە. لوبنان لە ١٧ تایفە پێکهاتووە و دەبێ ئەو دۆخە ئیدارە بکرێت. لە داهاتوودا هیوادارین کە ئەو تایفەگەرییە چارەسەر ببێت.

* بۆچی لەم خولەی هەڵبژاردنەکان بە پێچەوانەی خولە پێشووەکان، بەهایەکی تایبەتی‌تر دراوەتە ڕۆڵی کۆچبەرانی لوبنانی؟

ـ ئەو بەهادانە تایبەتییە پاش ئەوە کرا کە هەستیان کرد دەبێ ڕێز لە ڕۆڵی کۆچبەرانیش بگرن و بەهایەکی زیاتریان بدەنێ.

News Code 18582

نیشانەکان