ناسەی هەواڵ: 4277211 -

ڕێوڕەسمەکانی زەماوەند؛ دەرفەت یان گوشار

ئەمڕۆ لە گەڵ گۆڕانی شێوازی ژیان، شایەدی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە شێوەی بەڕێوەبردنی میوانی، زەماوەند، جەژنی لە دایکبوون و کۆبوونەوەکانی دیکەین.

بە ڕاپۆرتی بەشی بازرگانیی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ ئاستی چاوەروانیی خەڵکی لە ڕێوڕەسمی زەماوەند، بە نیسبەتی ساڵانی ڕابردوو گۆڕانی زۆری بە سەردا هاتووە. ڕێوڕەسمەکانی زەماوەند کە لەمڕۆدا دەیبینین، بۆتە گۆڕەپانێک بۆ نمایشدانی دارایی و تێرکردنی نەوسی زۆرویستی و مەیلی لە ڕادە بەدەری خۆنواندن و خۆهەڵکێشان.

لەمناوەدا تێوەگلان لەو شەپۆلە گۆڕانە، گەلێ جار دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ژیانی هاوسەرگیری؛ شەپۆلێک کە رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و لە گەڵ گۆڕانی مەزاج و سەلیقەی خەڵکی گۆڕانی زیاتری بە سەردا دێت. ئەو ڕێوڕەسمانە کە گەلێ جار ئاوێتەی زێدەڕۆیی سەیر و سەمەرەن، خواست و چاوەروانیگەلێک دەخاتە دڵی خەڵکەوە کە وەدی نەهاتنی دروستیان، دەبێتە هۆی دڵساردی و ناکۆکی لە نێوان بنەماڵەکان و تەنانەت لە نێوان هاوسەرانی گەنج.

ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆر جار شایەدی خەرج کردنی تێچووگەلی لە ڕادە بەدەر، لە شەوی زەماوەندین. تێچووگەلێک کە تەنیا لە توانای هەندێک بنەماڵەدایە، بۆ ئەوەی کەمتەرخەمییەوە بتوانێ شاییەکی لۆکس بگێڕێت.   

بەڕێوەبەریی تێچووەکان

هەر وەک پێشتر لای باوک و باپیرانی ئێمە باو بووە، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی زەماوەند، کەش و دەرفەتێک بووە بۆ سادی و پێکەنین و ئارەزوو و هیوای سەرکەوتن و بەختەوەریی گەنجان. ڕێوڕەسمێک کە بۆ لێک نزیک کردنەوەی دوو بنەماڵە  وتۆکمە کردنی پەیوەندییەکی ئاسمانی دەکرا، تەنیا ئامانجی هەرمان کردنی شیرینی و خۆشییەکانی ئەو زەماوەندە بووە.

بەڵام ئەمڕۆ گەلێ جار دەبینین کە تاقمێک بە پێچەوانەی ڕەوتی نەریتی و ئایینی دەجووڵێنەوە و پرسە ئاسان و ساکارەکان لە خۆیان ئاڵۆز و دژوار دەکەنەوە. لە گەڵ پەرەسەندنی ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند، بەرزبوونەوەی تێچووەکان و هاوکات بەربڵاوتربوونی چاوەروانیی هاوسەرە گەنجەکان، زۆربەی زەماوەندەکان ئاکامێکی باشیان بە دواوە نابێت.

لە کاتێکدا کە دەکرێت بە گەڕانەوە بۆ پرێنسیپ و بنەمای ئەو ڕێوڕەسمانە و وەلاوەنانی بارستاگەلی دەست و پێگری زیادی، لە پەنای ئەزموونێکی شیرین، شەوێکی بێ هاوتا و خولیاییش بخوڵقێندرێت.

ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند لە ڕوانگەی ئایینییەوە

هەر وەک دەزانین، ئایینی ئیسلام لە پەنای ڕیوایەتە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە پرسی گرینگی زەماوەند و هاوسەرگیری، جەختیشی لە ئاسانی و ساکاریی ڕێوڕەسمەکان کردۆتەوە. ئەمڕۆکە دەتوانین بە هێنانە بەرکاری ئەو ڕیوایەتانە، هەست بە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر ئاسوودە ژیانی خۆمان و نزیکانمان بکەین. دوور کەوتنەوە لە زریقە و بریقەی ژیان و پێداگری لە هەبوونی ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بەردەوام لە لایەن ئایینی ئیسلامەوە جەختی لە سەر کراوە.

فەرموودەگەلی جۆراوجۆر جگە لە داکۆکی لە بەڕێوەبردنی خێرای ڕێوڕەسمی زەماوەند، جەخت لە سووک و ئاسانی گرتنی ڕێوڕەسمی مارەبڕین و زەماوەند دەکەن. ئەم شتێکە کە لە نموونەکانی خوارەوەدا بەرچاون:

"باشترین زەماوەندەکان ئەوانەن کە خێرا بەڕێوەببردرێن". (نهج الفصاحه، ح ۱۵۰۷).

"نیشانەی پیرۆزی و جوانیی ژن ئەوەیە کە خوازبێنیەکەی ئاسان و مارەیەکەی سووک بێت" (نهج الفصاحه، ح ۹۲۹).

ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند لە قسەوە تا کردەوە

زۆربەی ئێمە بە بیستنی ناوی ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند، بیری بەرز و تەرز و شایانە بوونی دەست و پاگرانەی ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند دەکەوینەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێوڕەسمەکان جگە لە لایەنی ڕواڵەتیان، لایەنی دیکەشیان هەیە. بۆ وێنە ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند بیر هێنەرەوەی ڕێوڕەسم و داب و نەریتی کۆن و ڕەسەنی زەماوەندیشن. ڕێوڕەسمگەلێک کە سەرچاوە لە ئێرانی کۆن و دێرین و هەروەها داب و نەریتە ئیسلامییەکان دەگرن، کە بە داخەوە لە گەڵ خۆ بە دەم شەپۆلی مۆدێرنیتەوە دان و گیرۆدەبوون بە ڕواڵەتەکان، تەواو لە بیر چوونەتەوە.

دەستی دایک و باوک ماچ کردن، دوعای خێری خەزوور بۆ بەختەوەریی بووک و زاوا، ڕێوڕەسمی بووک بردن، نوقڵ هەڵخستنەوە لە ماڵی نوێی بووک، پشتوێن بەستن بۆ بووک و هەزاران هەزار ڕەسمی جوان و ڕەسەنی دیکەی ئێرانی هەن کە هێشتا لە نێوان گەلانی ئێرانیدا بە جوانی و تایبەتی بەڕێوە دەبرێن.

ڕێوڕەسمگەلی ئەورووپی یان ئێرانی

لە زۆربەی ڕێوڕەسمگەلی زەماوەند، شوناسی نەتەوەیی و ئایینی پشتگوێ دەخرێن. لە کاتێکدا کە بەشێک لە فەرهەنگی هەر گەلێک پەیوەستە بە شێوەکانی بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسم و داب و نەریتە کۆنەکانی ئەو نەتەوەیە. ڕێوڕەسمگەلێک کە هەر کام بنەمایەکی مێژووییان هەیە و ڕەسەنایەتی و فەرهەنگی لە خۆوە گرتووە. بەڵام ئەمڕۆ بەشێک لە گەنجان، ڕێوڕەسمگەلێک بەڕێوە دەبەن کە بە داخەوە زۆرتر چوونەتەوە سەر ڕێوڕەسمە ئەورووپییەکان تا ڕێوڕەسمگەلی زەماوەندی ڕەسەنی ئێرانی.

بەڵام دەکرێت هیوادار بین کە بە زیندوو کردنەوەی بەشێک لە ئایینە کۆنەکان و ڕاهێنانی دروست بە بنەماڵە و هاوسەرە گەنجەکان و هەروەها پەرەدان بە زەماوەندی سووک و ئاسان، لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر شایەدی بووژانەوەی شێوازەکانی زەماوەندی ئێرانی لای گەنجانمان دەبین.

ژێدەر: ماڵپەڕی  tashrifat.org 

 http://www.tashrifat.org/