وه‌زیری ناوخۆی تورکیا:

ده‌توانین مانگانه‌ ۱۵ هه‌زار په‌نابه‌ر به‌ره‌و ئه‌ورووپا بنێرین

ناسەی هەواڵ: 3935049 -
وه‌زیری ناوخۆی تورکیا ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌توانێت به‌ مه‌به‌ستی ئازاردانی ئه‌ورووپا مانگانه‌ ۱۵ هه‌زار په‌نابه‌ر به‌ره‌و یه‌کێتی ئه‌ورووپا بنێرێت.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ڕاشا توده‌ی، سلێمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی تورکیا له‌ درێژه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان تورکیا و یه‌کێتی ئه‌ورووپا وتی: ئه‌نقه‌ره‌ ده‌توانێت سنووره‌کانی خۆی بکاته‌وه‌ و مانگانه‌ ۱۵ هه‌زار په‌نابه‌ر به‌ره‌و ئه‌ورووپا ڕه‌وانه‌ بکات.

ئه‌و له‌ میانه‌ی قسه‌کانی خۆیدا جه‌ختی کرد: ڕووم له‌ تۆیه‌ ئه‌ورووپا، ئایا ئه‌وه‌نده‌ وره‌تان هه‌یه‌؟ که‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌توانین مانگانه‌ ۱۵ هه‌زار په‌نابه‌ر به‌ره‌و یه‌کێتی ئه‌ورووپا بنێرین، ئێمه‌ تاکوو ئێسته‌ به‌رمان به‌و کۆچه‌ گه‌وره‌یه‌ گرتووه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ درگاکان بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئێوه‌ به‌ ته‌واوی ده‌که‌ونه‌ ئازار و مه‌ینه‌تی.

شایانی باسه‌ که‌ ئاماژه‌ی وه‌زیری ناوخۆی تورکیا به‌و ڕێککه‌وتن نامه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان تورکیا و یه‌کێتی ئه‌ورووپا سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی په‌نابه‌ران واژۆ کراوه‌، به‌ پێی ئه‌م ڕێککه‌وتن نامه‌یه‌ تورکیا ڕێگه‌ نادات په‌نابه‌ران به‌ره‌و ئه‌ورووپا بڕۆن، ئه‌ورووپاش له‌ پێناو ئه‌م کاره‌ بڕیاری داوه‌ که‌ ۶ ملیارد یۆرۆ به‌ ئه‌نقه‌ره‌ بدات.

له‌ میانه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو کێشه‌ و ناکۆکییه‌کان له‌ نێوان یه‌کێتی ئه‌ورووپا و تورکیا به‌ ته‌واوی توند بووه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌و کاته‌وه‌ که‌ هۆڵه‌ندا ڕێگه‌ی نه‌دا فڕۆکه‌که‌ی چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌م وڵاته‌دا بنیشێته‌وه‌.

ناردنی بۆچوون

1 + 8 =