له‌ کۆڕیادی هه‌ڵه‌بجه‌؛

کیمیاباران بۆ سڕینه‌وه‌ی کورد/ئه‌نفال په‌یوه‌ندی به‌ شه‌ڕی ئێران و عێراقه‌وه‌ نه‌بوو

ناسەی هەواڵ: 3925856 -
پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێن ئه‌نفال و کیمیاباران په‌یوه‌ندی به‌ شه‌ڕی ئێران و عێراقه‌وه‌ بووه‌، نیشانه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که‌ به‌عس ته‌نیا بۆ سڕینه‌وه کورد له‌ عێراق ده‌ستی بۆ کیمیاباران بردووه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر- نێوده‌وڵه‌تی- حه‌لیمه‌ موڵایی: ڕۆژی دووشه‌مه‌ ۱۶ی ڕه‌شه‌مه‌ ڕێوره‌سمێک بۆ یادی شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شاری سنه‌ و له‌ زانکۆ کوردستان به‌ڕێوه‌چوو که‌ تێدا ژماره‌یه‌ک له‌ مامۆستایانی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و زانکۆی چه‌رموو له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌شدار بوون و هه‌ندێ باسی ئاکادمیک له‌ سه‌ر هۆکاره‌کان و مێژووی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ تێدا کرا.

له‌و کۆڕه‌دا په‌نێلێکی زانستی و ئاکادمیک به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین دوکتۆر و پرۆفسۆری کورد له‌ ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ لێکدانه‌وه‌ی کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌برا.

ئاماده‌یی زانکۆی کوردستان بۆ هاوکاری له‌ لێکدانه‌وه‌ی که‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌

پێش په‌نێله‌که‌ دوکتۆر فه‌ردین ئه‌خلاقیان، سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان له‌ وته‌دانێکیدا یادی شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت و هه‌موو ژینۆسایده‌کانی به‌رز ڕاگرت.

ئه‌خلاقیان به‌ ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وت و هۆکاری له‌ناوچوونی حکوومه‌ته‌ تۆتالیتره‌کان به‌ درێژایی مێژوو ، وتی:بێ گومان سروشتی مرۆڤ تۆتالیته‌ری قبووڵ ناکات و ڕه‌مزی مانه‌وه‌ی حکوومه‌ته‌کان ته‌نیا دادپه‌روه‌ریه‌.

ڕاشیگه‌یاند که‌ لێکدانه‌وه‌ و ورژاندنی که‌یسه‌کانی وه‌ک کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ئه‌رکی سه‌ر شانی زانکۆیه‌ و ئێمه‌ له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌ین هاوکاری تۆکمه‌ و زانستیانه‌مان هه‌بێت له‌گه‌ڵ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان.

ئه‌وه‌شی وت که‌ به‌ڕێوه‌بردنی فستیڤاڵ و کۆڕبه‌ندی به‌م شێوه‌ زانستیانه‌ بۆ لێکدانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان و پرسه‌کانی کورد له‌ ئاستی زانکۆدا پێویسته و زیاتر لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌کانی میژووی ده‌خاته‌ ڕوو.

ته‌نیا ۴ وڵاتی جیهان کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ ژینۆساید ناسیوه‌

لای خۆیشیه‌وه‌ ئیقباڵ عه‌زیمی، خویندکاری زانکۆ کوردستان و ئه‌ندامی وه‌فدی نێردراوی ئه‌م زانکۆیه‌ بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ، ڕاپۆرتێکی له‌ سه‌فه‌ره‌که‌یان دا که‌ سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و مۆنۆمێنتی شه‌هیدانیان کردووه‌.

عه‌زیمی له‌و ڕاپۆرته‌دا ڕه‌خنه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گرت که‌ بۆ چی جگه‌ له‌ چوار وڵات، که‌س کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ ژینۆساید نه‌ناسیوه‌ له‌ حاڵێکدا که‌ به‌ یه‌کجاری ۵۰۰۰ که‌س شه‌هید ده‌کرێن و هه‌زاران که‌سیش به‌ بۆمبی کیمیایی بریندار ده‌بن.

کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ژینۆسایده‌ و له‌گه‌ڵ هیرۆشیما به‌راورد ناکرێت

له‌ په‌نێلی زانستی ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ که‌ به‌ سه‌رپه‌ره‌شتی دوکتۆر به‌ختیار سه‌جادی به‌ڕێوه‌چوو، دوکتۆر عه‌بدولسه‌مه‌د  ئه‌حمه‌د، دروون ناس له‌ زانکۆی چه‌رموو، پرۆفسۆری یاریده‌ر،دوکتۆر نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا عه‌لی له‌ زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌، مێژووناس و دوکتۆر ستار عه‌زیزی له‌ زانکۆی هه‌مه‌دان به‌شدار بوون و هه‌ر کام لایه‌نێکی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌یان شی کرده‌وه‌.

دوکتۆر ستار عه‌زیزی سه‌ره‌تا قسه‌ی کرد و ئاماژه‌ی دایه‌  ڕۆڵی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مافی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ جیهان و به‌ تایبه‌تی بۆ کورد و وتی: پێش کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی به‌ پێی کۆنوانسیۆنی ژێنیڤ (۱۹۷۲-۱۹۲۵)بۆ شه‌ڕی نێوان وڵاتان قه‌ده‌غه‌ بوو و ئاماژه‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆیی نه‌کرابوو، به‌ڵام دوای ڕوودانی هه‌ڵه‌بجه له‌ کۆنوانسیۆنی ۱۹۹۳ دا به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی له‌ شه‌ڕی ناوخۆیشدا قه‌ده‌غه‌ کرا.

وتیشی: ئه‌گه‌رچی له‌ ۱۹۸۵-۱۹۸۸‌  له‌ ۸ ئۆپراسیۆندا ئه‌نفال ڕوویدا به‌ڵام زیاتر هه‌ڵه‌بجه‌ بوو که‌ زۆڵم لێکراوی کوردی نیشان دا. و ئه‌مه‌ش خاڵێکی وه‌رچه‌رخان بوو که‌ نیشانی دا چی به‌سه‌ر کورد دا هاتووه‌.

ستار عه‌زیزی ئه‌وه‌شی وت که‌ ده‌بێ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ستێ به‌ به‌رپرسیارێتی خۆی به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌ی که‌ ده‌چنه‌ قه‌باره‌ی ژینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و حکوومه‌تی هه‌رێمیش ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێک بدات بۆ غه‌رامه‌ کردنه‌وه‌ی به‌رکه‌وتووان و هه‌روه‌ها به‌ ژینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ له‌ جیهاندا.

دواتر پڕۆفسۆر نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا عه‌لی له‌ زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ باسی له‌ هۆکاره‌کانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ کرد و وتی:چوار هۆکار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌عس هێرشی کرده‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌که‌م؛ پێگه‌ی دیاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردیدا، دووه‌م؛ ئایینی، سێهه‌م؛ جوگرافیا؛ پێنجه‌م هۆکاری سیاسی و به‌عسیزم.

پڕۆفسۆر نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا ئه‌م چوار هۆکاره‌ی شی کرده‌وه‌ و وتی: بێ گومان به‌عس ده‌ترسا له‌وه‌ی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شۆڕشه‌کانی کوردا له‌ پێشه‌وه‌ بوو و سه‌ری بۆ رژێمی به‌عس دانه‌نه‌واند و ڕێبه‌رانی ئایینی به‌ره‌ی ئیسلامیش له‌ مزگه‌وت و حوجره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵێنا. هه‌روه‌ها هاوسنووری له‌گه‌ڵ ئێران و پێگه‌ی تۆپۆگرافی  و سنووری بوونی ئه‌م ناوچه‌ییه‌ بووه‌ هۆکارێک که‌ سیاسه‌تی به‌عسیزم پلان بۆ په‌لاماردانی هه‌ڵه‌بجه‌ داڕێژیت.

تراژدیای هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌وڵێک بۆ ناسینی به‌عسیزم

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی پانێله‌که‌دا دوکتۆر عه‌بدولسه‌مه‌د ئه‌حمه‌د له‌ ڕێگای قووڵی زامی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌عسزیمی ناساند و جه‌ختی له‌وه‌ کرد که‌ به‌عسیزم ته‌نیا خۆی وه‌ک خۆیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتره‌وه‌یه‌ و هیچ مۆدێلێک و ده‌سه‌ڵاتێکی وا نییه‌ که‌ له‌ به‌عسیزم بچێت و ئه‌م تاوانه‌ قیزه‌ونه‌ ته‌نیا له‌ به‌عس ده‌وه‌شێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختی کرد که‌ ئێستاش سێبه‌ره‌کانی به‌عس له‌ عێراق ماوه‌ و داعش نموونه‌ی ئه‌و شۆڤێنیه‌ته‌یه‌.

راشیگه‌یاند ئامانجی به‌عس له‌ خولقاندنی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌ جیهانی عه‌ره‌ب بڵێت، من مه‌حاڵم له‌ ده‌ست دێت و ویستی زامێک له‌ جه‌سته‌ی کورد بدات که‌ هه‌تا هه‌تایه‌ ساڕێژ نه‌بێت و ده‌رمان نه‌کرێت.

ئه‌نفال هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ شه‌ڕی ئێران و عێراقه‌وه‌ نه‌بوو

له‌ کۆتایشدا دوکتۆر به‌ختیار سه‌جادی، له‌مباره‌وه‌ وتی: به‌لای منه‌وه‌ کاره‌سات به‌ هه‌ست و ته‌نانه‌ت عه‌قڵیش بۆ ئینسان ناپێوێت، چونکوو کاره‌سات لێڵه‌، ته‌ماویه‌ ، لێک نادرێته‌وه‌.ژینۆساید؛ واتا قڕانی هه‌زاران خه‌ون و خه‌یاڵ، ئاوات و هه‌ست هه‌ر بۆیه‌ ناتوانینی بڵێین کام کاره‌سات گه‌وره‌یه‌ و کام کاره‌سات بچووکه‌ چونکوو که‌متر که‌سی تێدا کوژراوه‌.

جه‌ختیشی کرد که‌ به‌ ڕای ئه‌و هه‌ر جۆره‌ هه‌وڵێک بۆ کورت کردنه‌وه‌، ئاسان کردنه‌وه‌ و به‌ گشتی باس کردنی کاره‌سات و وه‌ک ئامێر به‌کارهێنانی کاره‌سات خۆی به‌شێکه‌ له‌ تاوان و رێگه‌ خۆش ده‌کات بۆ ڕوودانی کاره‌ساتی تر.

سه‌جادی وتی: چه‌ند مانگ پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕی ئێران و عێراق ئه‌نفالی کورد ده‌ستی پێکرد له‌ عێراق که‌ واته‌ ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ شه‌ڕی ئێران و عێراقه‌وه‌ نییه‌ و ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ به‌ره‌نگاری کاره‌سات بینه‌وه‌.

جه‌ختیشی کرد که‌ ئه‌وانه‌ی ماکی کیمیاییان داوه‌ به‌ حکوومه‌تی به‌عس له‌م تاوانه‌دا شه‌ریکن و ده‌بێ دۆسیه‌که‌یان له‌ دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا بورژێت.

له‌ به‌شی کۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا هونه‌رمه‌ند حسێن سه‌فا مه‌نش چه‌ند کۆپله‌ی بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ خوێند و دواتریش په‌یکه‌ره‌ی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وانه‌ی که ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌یان کێشابوو درا.

ناردنی بۆچوون

3 + 0 =