ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی ئێران له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاند؛

ته‌یار کردنی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌/یارمه‌تی پزشکی بۆ کورده‌کانی سووریا

ناسەی هەواڵ: 3925697 -
ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی ئێران له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاند که‌ زانکۆی زانستی پزشکی تاران نه‌خۆشخانه‌ی کیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌یار ده‌کات.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، له‌ میانه‌ی چه‌ند ڕۆژی پێشوودا نووسینگه‌ی زانکۆ زانستی پزشکی تاران به‌ ئاماده‌یی به‌رپرسانی ئێرانی و هه‌رێمی کوردستان له‌ شاری سلێمانی به‌ فه‌رمی کرایه‌وه‌.

سه‌ید مالک هاشمی، ڕاویژکاری فه‌رهه‌نگی باڵوێزخانه‌ی ئیران له‌ سلێمانی له‌مباره‌وه‌ به‌ ئاژانسی مێهر وتی: ئه‌م نووسینگه‌یه‌ له‌سه‌ر داواکاری خودی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی به‌ کار کردووه‌ و ئامانجیشی له‌ سه‌ره‌تادا ئاڵ و گۆڕ کردنی خوێندکار و مامۆستا له‌ که‌رتی ته‌ندروستی ده‌بێت، له‌ داهاتووشدا به‌ستێنه‌کان بۆ کردنه‌وه‌ی لقی زانکۆی زانستی پزشکی له‌ هه‌رێم خۆش ده‌کات.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌ چوونی کۆنفڕانس و کۆڕی زانستی له‌ که‌رتی ته‌ندروستی به‌ هاوکاری ئه‌م نووسینگه‌یه‌ له‌ هه‌رێم وتی: هێشتا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو پلانه‌کانی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ ڕوون نه‌کراوه‌ته‌وه‌، وه‌ک خۆشتان ده‌زانن زانکۆی زانستی پزشکی ئێران یه‌کێکه‌ له‌ باشترین زانکۆکانی ئێران له‌ که‌رتی ته‌ندروستی و به‌شێکی زۆری سه‌رکه‌وتنه‌ پزشکییه‌کانی ئێران له‌م زانکۆیه‌دا به‌ دی هاتووه‌ و له‌ ڕووی جیهانیشه‌وه‌ پله‌ی زانستی زۆر باشی هه‌یه‌. که‌واته‌ زۆر ئاساییه‌ که‌ کۆنفڕانس و کۆڕی زانستی له‌ که‌رتی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێم به‌ هاوکاری ئه‌م نووسینگه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام ئاستی ئه‌م هاوکاریانه‌ و چۆنیه‌تی ئه‌م جۆره‌ کۆنفڕانسانه‌ بۆ خودی مامۆستایان و به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ چیان ده‌وێت و چ پێشنیارێکیان هه‌یه‌ و به‌ پێی داواکاری نیازی خودی هه‌رێم ئه‌م کارانه‌ به‌رنامه‌ی بۆ داده‌ڕژرێت.

هاشمی له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمی کوردستان زیاتر پێویستی به‌ چ یارمه‌تیگه‌لێکی ده‌رمانی و پزشکی هه‌یه‌، وتی: ده‌توانین به‌ دوو بواری ئامێری پزشکی و کادری زانستی و لێهاتوو له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێم ئاماژه‌ بکه‌ین. نووسینگه‌ی زانکۆی زانستی پزشکی تاران ئه‌م بابه‌ته‌شی به‌ داواکاری خودی په‌رسانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌، له‌ دیداری نێوان وه‌زیری خوێندنی باڵای هه‌رێم و سه‌رۆکی زانکۆی زانستی پزشکی تاران داوا کراوه‌ که‌ ئه‌م زانکۆیه‌ له‌ ڕووی کادری پزشکی و په‌رستاری و ڕاهێنانی پزشکی باش یارمه‌تی هه‌رێم بدات، هه‌ر بۆیه‌ یه‌که‌مین هه‌نگاویش وه‌رگرتن و بوورسی خوێندکاری پزشکی له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌بێت.

ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی ئێران له‌ سلێمانی وتی: هه‌ر له‌م دیداره‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵای هه‌رێم داوای کرد که‌ بۆ یه‌که‌م هه‌نگاو ئێران یارمه‌تی هه‌رێم بدات تاکوو کادری پزشكی نه‌خۆشخانه‌ی کیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ پشتیوانی بکرێت و له‌ که‌رتی په‌رستاری و پزشکی چاو و پێست و ڕیخۆڵه‌ بورس له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ خوێندکاره‌کانی هه‌رێم بدرێت، که‌ ئه‌م داواکارییه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر بۆ بابه‌تی ئامێری پزشکیکش داوای یارمه‌تی بکه‌ن بێ گومان هاوکاریان ده‌که‌ین.

ئه‌و له‌ درێژه‌دا جه‌ختی کرد: ئامانجی گشتی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ خزمه‌ت و یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ که‌رتی ته‌ندروستی خه‌ڵکی هه‌رێمه‌، بێ گومان ئارام ئارام ئاستی هاوکارییه‌کان به‌رزتر ده‌که‌ینه‌وه‌.

هاشمی له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ ئایا ئێران ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی کوردی سووریاش هاوشێوه‌ی هه‌رێمی کوردستان بدات، وتی: له‌ ئێستادا له‌ سنه‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌کانی ئێران به‌ فه‌رمی کراوه‌ته‌وه‌ که‌ باشترین ئامێری پزشكی و کادری لێهاتووی بۆ ته‌رخان کراوه‌، به‌ هۆی نزیکی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌ له‌ ناوچه‌که‌، بێ گومان ده‌توانرێت له‌ لایه‌ن کوردی عێراق و سووریاشه‌وه‌ که‌ڵکی لێببریت و کێشه‌یه‌کمان نییه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تی دانی ڕاسته‌وخۆی کوردی سووریا و شاره‌کانیان، ئێمه‌ له‌ ئه‌گه‌ری داوا کردنی خودی ئه‌وان ئه‌م کاره‌ ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان داوای یارمه‌تی پزشکی بکه‌ن، بێ گومان ئاماده‌ین یارمه‌تیان بده‌ین و ئێران له‌ یارمه‌تی دانی خه‌ڵکانی هه‌ژاری جیهان به‌رده‌وام بووه‌.

ناردنی بۆچوون

1 + 1 =