ئێران بۆ تۆکمەکردنی دەسەڵاتی بەرگرانەی سووریا چۆتە دیمەشق

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تۆکمەکردنی دەسەڵاتی بەرگرانەی سووریا چۆتە دیمەشق و دەوڵەتی ئەو وڵاتە سەرکەوتنی بەرچاوی لە شەڕی دژ بە داعش و بەرەی نوسرە تۆمار کردووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمیر دەریاوان عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە دیمانە لە گەڵ وەرزنامەی توێژینەوەگەلی سیاسەتی دەرەکیی تاران هەڵسوکەوتی لایەنەگرانەی ناژیرانەی ئەمریکا لە تەلئاڤیڤی گەڕاندەوە بۆ دڵەڕاوکەی ئەمنیی کۆشکی سپی هەمبەر بە داهاتووی ڕژیمی زایۆنی و وتیشی: ڕووداوەکانی ئێستای رۆژئاوای ئاسیا نیشان دەدا کە قەیرانە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕوو لە زیاد بوونە.

کۆی دەقی ئەو وتووێژە لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* پاش ٤٠ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، پێگە و پەیوەندییە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ دەسەڵاتە ناوچەیی و بان ناوچەییەکان چۆن دەبینن؟

ـ یاسای بنەڕەتی  پرێنسیپەکانی سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامیی بە پێی سەرفەرزای، سەربەخۆیی، پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی نیشتمانی و هاوکات یارمەتی‌دانی ستەم‌لێکراوان و دژایەتیی داگیرکاران پێناسە کردووە. ئێمە بە پێی ئەو پرێنسیانە و رێنوێنییەکانی ئیمام خومەینی (رە) و رێبەرایەتیی رێبەری باڵا دەفرایەتیگەلێکی گەورەمان لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی بڕیاردان، سیاسەتدانەری و گرتنەبەری سیاسەتی دەرەکی و پەیوەندی لە گەڵ وڵاتان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ساز داوە.

بە بڕوای من سەرەڕای بوونی ئاستەنگ و خاڵی لاواز لە هەڵسوکەوتی هەندێک لە دەزگاکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەکی خاوەن کارنامەیەکی سەرکەوتووانەیە و ئێمە بە پێی پەیوەندیی نیازپاکانە و سازێنەر لە گەڵ هەموو وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەوان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەڵسوکەوت دەکەین. تاقە هێڵی سووری ئێمە لە پەیوەندی گرتن، دانوستان و پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتانی ئەمریکا بە هۆی میتۆدی داگیرکارانە و هێژمۆنیای ئەو وڵاتەیە. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی ئێران ڕژیمی زایۆنیش بە ڕژیمێکی ناشەرعی دەزانێت و بەو پێیە هیچ پۆەیوەندییەکی لە گەڵدا نییە. ئەگەرچی بە هۆی دەنەدانی ئەمریکا و ورووژاندنی هەستی داگیرکاری و دڕەندەیی سەدام و هەندێک لە وڵاتانی ناوچە لە دەیەی یەکەمی شۆڕشی ئیسلامی شایەدی هەڵوێستگەلێکی نادۆستانە هەمبەر بە شۆڕشی ئیسلامی بووین، بەڵام سیاسەتی پەیوەندیی سازێنەری کۆماری ئیسلامی تا ڕادەیەکی زۆر هەڵوێستی وڵاتانی گۆڕی و هاوکات پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ناوچەدا بەرزتر کردەوە.

ئێستاش لە سەرەتای دەیەی چوارەمی شۆڕش و سەرەڕای پیلانگێرییەکانی ئەمریکا بۆ ئاژاوەنانەوە لە ناوچە و سازدانی ناکۆکیی ئیتنیکی و ئایینی لە پێناو گۆڕینی هەڵوێستە دژە داگیرکارانە و دژە زایۆنییەکانی ناوچە، لە بابەتی سیاسەتی دەرەکی بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و ئاژاوەی لەو چەشنە بووینەتەوە و بڕیارمان داوە کە بەرهەڵستی ئەو ئاژاوە و دوژمنایەتییە ساختەییە ببینەوە. وەڵامی ئەرێنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەوڵەتانی عێراق و سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بیرۆکەی تەکفیری لە دوو بواری سەربازی – ئەمنی و ئایینی – فەرهەنگی هەر بەو پێیە بووە.

* پەیوەندیی درواسێکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لەوبارەیە چ پێشنیار و ڕاسپاردەیەکتان بۆ دەزگای دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە؟

ـ بنەمای سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی دۆستانە وبرایانە لە گەڵ درواسێکانی و وڵاتانی ئیسلامییە. گرینگیی پەیوەندی سازێنەر لە گەڵ دراوسێکان گرینگ و حاشاهەڵنەگرە. ئێمە نامانەوێ دزە بکەینە وڵاتانی دیکە و پێداگرین لە دۆستایەتی لە گەڵ ئەو وڵاتانە و لامان وایە کە گفتوگۆ لە گەڵ دراوسێکان باشترین بژێرەیە بۆ تێپەڕبوون لە ئاستەنگە ئەمنییەکانی ناوچە.

دەزگای دیپلۆماسی دەتوانێ بە بەرزکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی وێرای گواستنەوەی پەیامی دۆستی و برایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دراوسێکانی، بە متمانەبەخشینەوە جەخت لەوە بکات کە دەسەڵات و توانستی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاستی ئاسایشی ئەوان بەرزتر دەکاتەوە. ئێستا ئێران، عێراق، پاکستان، تورکیا و ئەفغانستان درواسێی توانا و بە دەسەڵاتی یەکترین و چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە.

* بە بڕوای ئێوە سەرچاوەی گرفتەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران چین؟ رێگەی تێپەڕبوون لەو کێشانە کامانەن؟

ـ گەورەترین کێشە و گرفتی سەر رێگەی سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی دوژمنایەتی ئەمریکایە. ئەمریکا هەر لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی تەگەرە و لەمپەری خستۆتە سەر رێگەی پێشکەوتنی گەلی ئێران و گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە پلە  وپێگەی شیاو و باڵای لە ناوچەدا. ئەگەرچی گەیشتن بەو پێگەیە مومکینە، بەڵام لەو رێگەیەدا کەند و کۆسپی لەبەرە.

لە بواری سیاسەتی دەرەکی، کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی ستراتژیکی هەیە لە گەڵ هەندێک لە شێوە هەڵسوکەوتە ئەمریکییەکانی وەک داگیرکاری، دەستێوەردان لە چارەنووسی وڵاتان و پاڵپشتی لە دەستدرێژکاری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. بوونی هەست و ورەی دژە ئیمپریالیستی و سەردانەنواندن لە بەرامبەر دەسەڵاتانی دەرەکی لە لایەک و بوونی ناکۆکی لە پەیوقەندی لە گەڵ هەندێک دەسەڵاتی ناوچەیی بە هۆی ڕکابەری بۆ دابەشکاریی دەسەڵاتی ناوچە لە لایەکی دیکەوە، هەندێ کێشە و ئاستەنگی بۆ ئێران لە سیاسەتی دەرەکیدا پێش هێناوە.

کشانەوەی دەوڵەتی ئەمریکا لە گرینگترین پەیمانی نێودەوڵەتی لە سەردەمی نوێ، نەک بە پێی بەرژەوەندیی ئەمریکا، بەڵکوو بە پێی هەڵوێستە دژە ئێرانیی ترامپ و دەوڵەتەکەی بووە. هەڵبەت دەرچوونی ئەو لە بەجام بە مانای کۆتایی هاتن بە تەواو دەرفەتەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و ئێمە دەتوانین بە پشت‌بەستن بە دەفرایەتیی نیشتمانی لەو قۆناغەش تێپەڕین و لەوبارەیەوە دەبێ ئاور لە رێنوێنییەکانی رێبەری لە بابەتی "توانستی نیشتمانی"، "توانستی ئابووری وڵات" و "گەشەی بەرهەم هێنانی ناوخۆیی"و "بەرزکردنەوەی ئابووریی وڵات" بدەینەوە.

جگە لە شەڕئاژۆیی ئەمریکا، وەڵامی ئەرێنی هەندێک وڵاتی ناوچەیی بە هەڵوێستی دژە ئێرانیی کۆشکی سپی  و تووشبوون بە وەهمی ئێران‌تۆقێنەریلە گرفتەکانی دیکەی بەردەم سیاسەتی دەرەکیی ئێرانە کە بە داخەوە هەندێک وڵاتی ناوچەیی لە ڕووی گومانی پیلانگیری تووشی هاتوون، بێ خەبەر لەوەی کە ئەو هەڵویستەیان لە بەرژەوەندیی ڕژیمی زایۆنی و بە زیانی خەڵکی چەوساوەی فەلەستینە.

* ئامانجی ئەمریکا لە پەرەدان بە ڕەوتی ئێران‌تۆقێنەری چیە؟

ـ ئەمریکا دەسەڵاتی هەڵمەتی دەروونی و خوازەسازیی هەیە. دەستێوەردانە نەرێنییەکانی خۆی بە ناوی یارمەتی دانی دیموکراسی و دابین کردنی مافی مرۆڤ دەناسێنیت و لە بەرامبەردا ئامادەبوونی ڕاوێژکارانە و ئاسایش‌هێنەری ئێران بە دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتان  پێناسە دەکات. دەستێوەردانە فەرهەنگییەکانی خۆیان کە بۆتە هۆی لە ناوچۆنی شوناسی ئیسلامی بە گەشەی بایەخە لیبراڵ - دیموکراسی دەخوێننەوە و هەڵوێستی یەکگرتوویی ساز و نزیک‌کەرەوەی ئێران لە وڵاتانی ئیسلامی بە دەرکردنی شۆڕش و پەرەدان بە شێعە ناوبرد دەکەن. بە داخەوە بە ئێران‌تۆقێنەری هەوڵ دەدەن ئاژاوە بخەنە نێوان وڵاتانی ناوچە و خۆیان وەک فریادڕەس نمایش بدەن.

* بیانوو و پاشهاتەکانی دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و هەروەها دەرئەنجامەکان (دەرفەتەکان و هەڕەشەکان)ی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ ئێمە وەک کەرەسەیەک لە بەرجام دەڕوانین و بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم پێشکەوتنی وڵات ڕوومان لە گفتوگۆ و دانوستان نا. لە بەرجامدا سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران ڕێککەوتین. دەوڵەتی ترامپ بەرجامی بە ڕێککەوتنێکی زیان‌دەر زانی و بە شێوەی یەک لایەنە لێی کشاوە. سێ بیانووی ئەمریکا بۆ ئەو کارە ئەوە بوو کە؛ یەکەم، بەڵێن و چاورچێوە دیاری کراوەکان بۆ بەرتەسک کردنی پلانی ناڤۆکیی ئێران تەواو نییە و پێداچوونەوەی دەوێت. دووهەم، پرسی مووشەکی و داسەپاندنی باوەڕی مەترسیداربوونی پلانی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بوو و دەیانوت میکانیزمێکی پێشگرانە بۆ پرسی مووشەکیی ئێران پێشبینی نەکراوە و سێهەم، بە وتەی ئەوان هەڕەشەئامێزبوونی سیاسەتی ناوچەیی ئێرانە.

چوونی ئێران بە سووریا و عێراق لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش و پێشگری لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی بێ تاوانی ناوچە و یارمەتی گەیاندنبە دەوڵەتانی یاسایی بە گوێرەی ئەوان سیاسەتێکی هەڕەشەئامێزە. بەڵام چاوپۆشی لە ڕەشکوژیی خەڵکی بێ تاوانی یەمەن و هێرش کردنە سەر بازاڕ و پاسی قوتابیان لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانی سعوودی  بە لای ئەوانەوە هەڕيشەئامێز نییە. بە گشتی ئەمانە ئەو بیانۆیانە بوون بۆ خۆدزینەوە لە بەڵێنەکانیان هەمبەر بەو ڕێککەوتنە.

ئێران لەبارەی ئەو پرسانە ڕوون کردنەوەی خۆی ئاراستە کردووە و ڕامانگەیاندووە کە پابەندبوونان بە مژارەکانی ناو بەرجام بەردەوام لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پشت‌ڕاست کراوەتەوە. لە بابەتی پرسی مووشەکیدا وتوومانە کە ئەو پرسە پەیوەستە بە لایەنی بەرگریی وڵات و رێگە بە دیتران نادەین کە لەو پرسەدا دەستێوەردان بکەن. هەروەها سەبارەت بە بەشداریی ئێران لە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، خود وڵاتانی ناوچە و لەوان عێراق و سووریا گەلێ جار ڕایانگەیاندووە کە لە سەر ویستی فەرمیی دەوڵەتانی یاساییان داوە لە ئێران کراوە بۆ شەڕی دژی داعش یارمەتیان بدات.

هەڵبەت لە گەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام گەیشتووینەتە قۆناغێکی نوێ و ترامپ لای وایە کە بە داسەپاندنی گوشاری ئابووری دەتوانێ ویستە ناڕەوا و داگیرکارانەکانی خۆی بە سەر گەلی ئێراندا بسەپێنیت. بەڵام دەبێ بزانێ کە گەلی ئێران گەلێکی بە توانایە و دەفرایەتییەکی گەورەی هەیە بۆ تێپەڕبوون لەو قۆناغە. ئێمە سەربەرزی و عیزەتمان ناکەینە قوربانیی سەردانەواندن بۆ زۆرەملیی ترامپ و ئەوە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بە کۆشکی سپی کە گەمارۆکان هیچکات ناتوانن ڕاپێچی دانوستانی نوێمان بکەن.

* بە بڕوای ئێوە هەڵوێستی ترامپ لەوبارەیە چ کاریگەرییەکی لە سەر هاوپەیمانانی ئەورووپیی ئەمریکا بووە و ئەنجامی ئەو دۆخە چۆن دەبینن؟

ـ کاردانەوەی وڵاتانی ئەورووپی پاش دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام ئەوە بووە کە ئێران مافی هەڵوێستی هاوشێوەی ودەرچوونی بەرامبەر لەو ڕێککەوتنەی هەیە، بەڵام ئەوان داوایان لێ کردین کە ئێمە دەست بۆ ئەو کارە نەبەین و پابەندی ڕێککەوتنەکە بین. ئەوان وتیان هەلومەرجی ئابوورییمان بۆ دابین دەکەن. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بڕوای بەو بەڵینانە نەبووە، بەڵام قبووڵمان کرد کە دەرفەتێک بە ئەورووپا بدەین بۆ ئەوەی توانای بڕیاردانی سەربەخۆی لە بەرامبەر ئەمریکادا بسەلمێنیت.

ئێمە دەمانەویست رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ کراوە بێت و سەبارەت بە بەرجامیش دەبێ بڵێم کە هیچکات بۆ پێشێل کردنی بەرجام پێشەنگ نەبووینە و ناشبین. بەڵام ئەو کارەی ترامپ بووە مایەی بەرزبوونەوەی دەسەڵات و توانای کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەستێنی دیپلۆماسیدا.

ئەورووپاش ئەگەر لە پێدانی تێچووەکانی پاراستنی بەرجامدا دڕدونگە، دەبێ بزانێت کە ئێران چاوەروانی ئەوان نابێت. ئێمە بە کردەوە لە سەر ئەو گریمانەیەین کە ئەورووپا لە بەرامبەر ئەمریکا حەز بە ڕیسک ناکات. کەواتە هەوڵ دەدەین کێشە و گرفتەکانی وڵات بە پشت‌بەستن بە توانستی نیشتمانی چارەسەر بکەین و نابێ چاوەروانی ئەوە بن کە ئێمە دەستهەڵگری ماف و ئیمکاناتی خۆمان لە بەرجامدا بین.

* بە ئاوردانەوە لە تاک ڕەهەندی و یەک لایەنە خوازیی دەوڵەتی ئەمریکا و تەرکیزی دەسەلاتانی دیکەی جیهان لە سەر جیهانی چەند ڕەهەندی، ستراتژیی کۆماری ئیسلامی بۆ تۆکمە کردنی جیهانی چەند ڕەهەندی و پەیوەندیی لە گەڵ وڵاتانی وەل ڕووسیا و چین لەوبارەیەوە چیە؟

ـ ئەمریکا پاش کۆتایی شەڕی سارد خوازیاری جیهانی تاک ڕەهەندی بە میحوەرییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە. ئەو بیرۆکەیە بەردەوام لە لایەن کۆمەڵەی کۆشکی سپییەوە پێڕەو کراوە. بەڵام بە کردەوە جیهان بە گۆرانکارییەکانی نەچووە سەر ئەو ڕێبازەی کە ئەمریکا دەیەویست. سەهەڵدانی دەسەلاتگەلێکی نوێی وەک چین و بووژانەوەی  بەشێک لە دەسەڵاتی ستراتژیی ڕووسیا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سیستەمی تاک ڕەهەندیی کردە ئەفسانە و خەونێک بۆ ئەمریکا. کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتێکی گرینگە لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا کە بە شێوەی جیدی بەرهەڵستی سیاسەتە گشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا بۆتەوە و لەو بوارەشدا سەرکەوتنی زۆری بە دەست هێناوە. کەواتە بوونی ئێران لە ناوچەدا ئاستەنگێکی دیکەیە بۆ وەدی هاتنی هیوای جیهانێکی تاك‌ ڕەهەندنیی ئەمریکا.

هەروەها ڕووداوەکانی سووریا و بیچم گرتنی هاوپەیمانی سێ قۆڵیی ئێران، ڕووسیا و سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەرفەتێکی گرینگە لەو پەیوەندییەدا. کەواتە جیهان بەرەو دۆخێکی چەند ڕەهەندی دەچێتە پێش و کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژئاوای ئاسیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەوبارەیەوە بووە.

لە لایەکی دیکەوە سیاسەتگەلی زیگزاگیی ترامپ و سەربزێویی لە بەستێنە نێودەوڵەتییەکاندا، خۆی یارمەتییەکی گەورەیە بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی چەند ڕەهەندی و دوور کەوتنەوەی جیهان لە ئەمریکا. ئەو سەربزێویانە ئەمریکای کردۆتە هێمای شەڕئاژۆیی لە جیهاندا. گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ قودس و پاڵپشتیی لە تیرۆریزم لە سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکە بەشێکن لە ڕواڵەتە شەڕئاژۆیەی ئەمریکا. سەربزێویی ئابووری لە شەڕی تارەفەکان هەمبەر بە چین، تورکیا و یەکێتی ئەورووپا بەشێکی دیکەی سیاسەتگەلی تاک ڕەهەندانەی کۆشکی سپین کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکای خستۆتە مەترسییەوە.

* ئێوە سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی گرووپگەلی تیرۆریستی و ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ تیرۆریزم دیاردەیەکی ساختەیی و ناڕەسەنە لە ناوچەدا کە هەندێک لە دەسەڵاتان و لەوان ئەمریکا بە جۆرێک دەستیان بووە لە ڕۆڵ پێدان و بەڕێوەبردنیان لە پێناو ئیدارەی ناوچە و پێشگری لە هاتنە کایەی ڕەوتگەلێک کە بۆیان کۆنتڕۆڵ نەکرێت. هیلاری کلینتۆن لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا دەستی بووە لە پێکهێنانی داعشدا. هەڵبەت هاوکاتی دەستهەبوونی ئەمریکا لە بیچمدان بە گرووپگەلی تیرۆریستی، سەرهەڵدانی هەندێ گرووپی تیرۆریستیش کاردانەوەیەک بووە بە سیاسەتی داگیرکارانەی لە ناوچەدا.

داگیر کردنی ئەفغانستان و عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو و داگیرکردنی ناوچەگەلێک لە خاکی سووریا بە کردەوە بۆتە هۆی ڕاکێشرانی گەنجان بۆ لای گرووپگەلی تیرۆریستی. سیاسەتی هەڵەی ئەمریکا لە لاوازکردنی دەوڵەتانی یاسایی ناوچە بووە هۆی ڕاکێشرانی تیرۆریست لە جێ جێی جیهان بەرەو سووریا و عێراق و سەرهەڵدانی دەیان گرووپی توندئاژۆی تیرۆریستیی وەک داعش و بەرەی نوسرە. هەڵسوکەوتی تاکتیکی و دارەدەست بوونیان لە لایەن زلهێزانەوە یەکێک لە هەڵە سیراتژییەکانی ئەم چەند دەیەی ڕابردووە کە بۆتە هۆی پەل داکوتان و پەرەسەندنی تیرۆریزم. کەواتە ئەمریکا بە پێشینەی پەروەردە و پاڵپشتیی لە گرووپگەلی تیرۆریستی ناتوانێ ئیدعای بەرەنگاربوونەوەیان بکات.

* ئێوە زەروورەتی بەشدار بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆرانکارییەکانی ناوچە و شەڕ لە دژی تیرۆریزم چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا ئامادەبوونی ئێران لە بوارەدا زیرەکانە بووە؟

ـ سییاسەتەکانی ئێران بێ شک خاڵی بردنەوەی ئێمە لە دابین کردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆمان و بەرژەوەندیی پاوەجێی وڵاتانی ناوچەیە. ئێمە ئاسایشی خۆمان بە پێی ئاسایشی درێژخایەنی وڵاتانی ناوچە و پەرەسەندنی ئاسایش لەو وڵاتانەدا پێناسە کردووە. هەر بەو پێیە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە بە هەڵە دەزانین و رێگە بە کەسیش نادەین لە کاروباری ناوخۆیی ئێراندا دەستێوەردان بکات. بۆیە لە سەر داوای دەوڵەتانی عێراق و سووریا چووینە ئەو وڵاتانە و دژی داعش و بەرەی نوسرە تێهەڵچووین.

لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە دەبێ بڵێین ئەمرۆ سیاسەتی دەرەکی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پرسە ناوخۆیی و ئاسایشی نیشتمانی لێک جودا نین و کاریگەریان لە سەر یەکتری هەیە. سیاسەتی ناوچەیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی ناوخۆیی و بە پێی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی نیشتمانییە. کەواتە بەشداربوونی ئێران لە گۆڕانکارییەکانی ناوچە تەواو هوشیارانە و هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران و وڵاتانی دراوسێ بووە.

بە گشتی رێگەچارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تەواو کێشە و گرفتەکانی ناوچە چ لە فەلستین، سووریا، بەحرەین و تەنانەت لە یەمەن دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بووە.

* به بڕوای ئێوە ئامانجی ترامپ لە پێوشوێن گرتنی مامەڵەی سەدە چیە و چ داهاتوویەکی بۆ وێنا دەکەن؟

ـ لە دۆخێکدا کە خەڵکی فەلستین بە شێوەی دووقاتە دەچەوسێنەوە و ڕژیمی زایۆنی پەرەی داوە بە گۆشارەکانی بۆ سەر ئەو گەلە و شارۆچکەسازییەکان بە پێداگریی کەنیسە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی فەلستین بەردەوامە و زایۆنییە ڕادیکاڵەکان هەڕەشەن بۆ سەر قودس و کەرتی رۆژئاوایی، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەستی داوەتە گواستنەوەی باڵویزخانەی ئەمریکا بۆ بەیتولموقەدەس و هاوکاتی باسی پڕۆژەی مامەڵەی سەدە دەکات. بە پێی ئەو پلانە شوناسی فەلەستینییەکان نکۆڵی لێ دەکرێت و ئاورەکان لە بری گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە وڵاتانی دەوروبەردا دەتوێنەوە. ئەوەش وادەکات کە ئەو پلانە هەر لە سەرەتاوە شکست بێنێت و جێبەجێ نەبێت.

سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەری گەلسەتین دژی ئەو پلانەن، بەڵام ئێمە هەواڵی ڕاست و دروستمان هەیە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە توندی لە دژی مامەڵەی سەدە هەڵویستیان گرتووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە باوەڕی ئێمە ئەمریکا دەیەوێ لە رێگەی ئەو پلانە تێچووی زێدەخوازیی ڕژیمی زایۆنی و نەبوونی شەرعیەتی ئەو ڕژیمە لە گیرفانی دەوڵەتانی ناوچە قەرەبوو بکاتەوە. هەڵبەت بە داخەوە دەوڵەتی سعوودی خۆی داوە بە دەم ئەو پیلانە و وادیارە بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوزیی ناوخۆیی و قەیرانە جۆراوجۆرە دەرەکییەکانی پاڵی داوە بە ترامپەوە.

نمانەی هەڵوێستی ئەمریکا بۆ داکۆکیی لە تەلئاڤیڤ دەگەڕێتەوە بۆ دڵەڕاوەکەی ئەمنیی کۆشکی سپی هەمبەر داهاتووی بە ڕژیمی زایۆنی و ڕووداوەکانی ئێستای ئاسیا نیشان دەدات کە قەیرانە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕوو لە زیادبوونە و بەرخۆدانی فەلەستین لە سۆنگەی سەربازی و توانستی مووشەکیی دەوڵەمەندتر لە جاران ڕۆڵێکی بەرچاوتری لە پێناو ئامانجەکانی فەلەستین بە خۆوە بینیوە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێ بزانێ کە هێزەکانی بەرخۆدانی فەلەستین ئەو مامەڵەی سەدەیە دەکەنە گەورەترین شکستی مێژوویی ئەمریکا و ئیسرائیل.

* ئایا دەکرێت شکستی ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەسندکردنی بڕیارنامەی دژی حیماس وەک نمونەیەکی بەرچاو لە بەهانەدانی دەوڵەتی ترامپ بە پرسی هاوپەیمان کردن و هاوڕێ کردنی دیتران و لەوان وڵاتانی ئەورووپی بۆ پرسی فەلەستین بزانین؟

ـ ئەمریکا بەردەوام هاوپەیمان کردن و هێزی سەربازییبۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی بە کار هێناوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەمان کۆتایی جیهانی دوو جەمسەری و نەتوانینی ئەمریکا بۆ سازادنی جیهانێکی تاک جەمسەری. کەواتە دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا بەردەوام هەوڵیان داوە کە بە هاوڕێ کردنی هاوپەیمانان و کۆکردنەوەی وڵاتان، بەرەی دژایەتییەکان لە گەڵ سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەمڕۆ هەر ئەو بابەتەش لە لایەن ترامپەوە پشتگوێ خراوە و ترامپ هەر بە ڕواڵەتی سیاسەتی زۆرەملێیانەی لە بواری ناوخۆیی دەڕوانێتە سیاسەتی دەرەکیی و هەر ئەوەش بۆتە هۆی کشانەوەی وڵاتانی جیهانی و تەنانەت هاوپەیانمانانی رۆژئاوایی ئەمریکا لە دەوڵەتی ترامپ.

هاوکات کێشەکە لەوەدا قووڵتر دەبێتەوە کە ترامپ بە هەڵوێستێکی مامەڵەچیانە و بازرگانی دەڕوانێتە سیاسەتی دەرەکی و ئەو هەڵوێستە لە خۆیدا کێشەیەکی قووڵ دەنێتەوە لە بەردەم  ڕەوتی هاوپەیمان سازی و هاوڕیزیی وڵاتانی رۆژئاوایی لە گەڵ ئەمریکا و بۆ وێنە لە بابەتی بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی فەلەستیندا شایەدی ئەو دۆخە بووین. ڕەت کرانەوەی پێشنیاری ئەمریکا لە دژی حیماس لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شکستێکی گەورە بوو بۆ هێژمۆنیای ئەمریکا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

* ئێوە ڕەوتی ستراتژیی شەڕە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمی زایۆنی لە دژی بەرخۆدان لە شەڕی ٣٣ رۆژەوە تا ئیستا چۆن لێکدەدەنەوە؟

ـ بە ڕوانینێکی ستراتژییەوە ڕژیمی زایۆنی لە تەواو شەڕەکاندا نە تەنیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە پێناو لە ناوبردنی گرووپگەلی بەرخۆدان شکستی هێناوە، بەڵکوو بەرخۆدانی ئیسلامی لە بەرامبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەکی ئەو ڕژیمی، ستراتژییەکی نوێی بە سەدا داسەپاندووە. ڕژیمی زایۆنی لە هێرشی ئەمدواییەیدا بۆ سەر غەزە تەنانەت نەیتوانی تاقە رۆژێک خۆی لە بەرامبەر هیزی مووشەکیی بەرخۆداندا بگرێت و بۆ ئاگربڕ دەستەوداوێنی میسر و لایەنەکانی دیکە بوو و بەرخۆدان لە پێگەی دەسەلاتەوە و لە کاتێکدا کە کابینەی ئیسرائیل تووشی گرفت و سەر لێ شێوان ببوو، هێرشی مووشەکیی ڕاگرت. ئەوە واتە بەرخۆدان لە باری سەربازییەوە توانسێکی بەرگریی باڵای بە دەست هێناوە.

* ئەمریکا بە پەرەدان بە پاگەندەی مەترسی لە بەرزبوونەوەی پێگەی ئێران هەوڵی تێکشکاندنی پێگەی ئێران دەدات، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم مژارە؟

ـ هەر وەک پێشتر وتم ئێران بۆ بەرگری لە موسڵمانان و خەڵکی چەوساوەی فەلەستین زۆرترین تێچووی داوە و بۆ بەرگری لە چەوساوان تێچووی زیاتریش دەدەین. ئێمە بە دوای پەل داکوتان لە هیچ وڵاتێکدا نین و گەلانی ناوچە هەموو موسڵمانن و زاڵبوو‌نیان بە سەر چارەنووسیان باشترین دەسکەوتێکە بۆ ئێمە و گەورەترین سەرمایەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە و ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین کە گەلانی ناوچە لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن.

ئامانجی ئەمریکا لە پەرەدان بەو وەهم و پاگەندانە تەنیا لاوازکردنی دەفرایەتی بەرگریی وڵاتانی ئیسلامییە و نایانەوێ یارمەتیی ئێران بە سووریا و عێراق ببێتە مایەی لە ناوچوونی تیرۆریزم لە ناوچەدا و دەیانەوێ ڤایرووسی تیرۆریزم تەنانەت بە لاوازیش لە ناوچەدا بمێنێتەوە. هەتا هەر کات ویستیان بەو بیانۆیە لە دژی گەلان و دەوڵەتانی ناوچە کەڵکی لێ ببەن. کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر داوای دەولەتی یاسایی دیمەشق هەوڵی تۆکمەکردن و بەهێزکردنی توانستی بەرگریی ئەو وڵاتەی داوە و وەک بینیمان سوپای سووریا سەرکەوتنی زۆر بەرچاوی لە شەڕی داعش و بەری نوسرە تۆمار کردووە. بەڵام لە بەرامبەردا هەڵوێستی ئەمریکییەکان لە هاوپەیمانیی دژە داعش تەواو هەڵوێستێکی دووفاقە بووە و هەمان هەڵوێستی دووفاقەشی هەمبەر بە ئێران گرتۆتە بەر؛ لە لایەکەوە سەرۆک کۆماری ئەمریکا باس لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆی بێ مەرج لە گەڵ ئێران دەکات و لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەر جۆرە گفتوگۆیەک گرێ دەداتەوە بە مەرجە ١٢ بڕگەییەکان.

لەو ١٢ مەرجە حەوتیان پەیوەستە بە پرسە ناوچەییەکان و ئامادەبوونی ئێران لە سووریا و عێراق و ئەوەش بەو مانایە کە کە دژایەتیی ئەمریکا لە گەڵ ئێران دەرەوەستی بە پرسی ناڤۆکییەوە نییە و ئەوان هەوڵی تێکشکاندنی ئێران لە شەڕی دژی تیرۆریزم و شەڕئاژۆیین.

* ڕژیمی سعوودی لەم ساڵانەی دواییدا دوو ستراتژیی هاوڕێی لە گەڵ ڕژیمی زایۆنی و دژایەتی لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامیی وەک ئێران، قەتەر و تورکیا پێڕەو دەکات. ئەم ستراتژییە بە بڕوای ئێوە چ کاریگەرییەک لە سەر هاوکێشەکانی دەسەڵاتی ناوچەیی و ڕەوتی ئاسایشی ناوچە دادەنێت؟

ـ هەڵوێستی سعوودییەکان دەگەڕیتەوە بۆ لاوازی ناوخۆیی و شکستە دەرەوەییەکانیان. ئەوان سەرمایەی خۆیان لە پێناو تۆکمەکردنی هاوپەیمانی لە گەڵ ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی خەرج دەکەن و لاوازترین وڵاتی عەرەبی بە چەکی رۆژئاوایی دەکەنە ئامانج.

ئەوان بە بێدەنگ بوون هەمبەر بە پلانی ناسراوە بە مامەڵەی سەدە تووشی گەورەترین خەیانەت و هەڵەی مومکین دێن. هەڵبەت وەک وتم دەسەڵاتدارنی ئێستای عەرەبستان هەست بەوە دەکەن کە تووشی قەیرانی شەرعیەتی ناوخۆیی و کەلێنی سیاسی لە بنەماڵەی دەسەلاتداری ئەو وڵاتە و شکستی هەمبەر بە گەلی یەمەن هاتوون و لەو دۆخەدا تاقە پشت و پەنایەک کە شکی دەبەن ئەمریکایە. هەر بۆیە بێ سێ و دوو پلانە ناوچەییەکانی ئەمریکا قبووڵ دەکەن و لایان وایە کە ڕازی کردنی ڕژیمی زایۆنی پاڵپشتیی زیاتری ئەمریکای بە دواوەیە.

سەرجەم ڕۆڵی عەرەبستان لە هاوکێشەکانی ناوچەییدا سازێنەر نییە و ئەو وڵاتە بە هۆی نەبوونی پێگەی کارا لە نێوان گەلانی ناوچە و کۆمەڵگای یاسایی و هەروەها هاوپەیمانانی رۆژئاوایی، توانای کاریگەری دانانی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەییدا نییە و بە هەنگاو نان لە ڕەوتی داخوازییەکانی رۆژئاوا و ڕژیمی زایۆنی ناتوانێ هاوکێشەی ئێستاکەی ناوچە ئیدارە بکات.

News Code 24518

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 7 =