نابێت ڕێگه‌ بده‌ین کۆنترۆڵی عێراق بکه‌وێته‌ ده‌ستی ئه‌مریکا و زایۆنییه‌کان

شاره‌زایه‌کی بواری سیاسی ئێران وتی: نابێت ڕێگه‌ بده‌ین که‌ کۆنترۆڵی عێراق بکه‌وێته‌ ده‌ستی ئه‌مریکا و زایۆنییه‌کان و بڕێک وڵاتی عه‌ره‌بی توندڕه‌و.

سه‌ید هادی سه‌یدئۆفۆقهی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاژانسی مێهر سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی زه‌ریف بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان وتی: زۆر گرنگه‌ که‌ ئێمه‌ بتوانین په‌ره‌ به‌ هاوکاری ئابووری خۆمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌رێمی کوردستان بده‌ین.  په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق و به‌رز نزمی زۆری به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌.

ئه‌و زیادی کرد: سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناکۆکییه‌کان که‌ به‌ هۆی سه‌رۆکانی سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ بووه‌، خه‌ڵکی ئێران و عێراق په‌یوه‌ندی مێژوویان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌م نه‌ریته‌ هاوبه‌شه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی دابڕانی ئه‌وان له‌ یه‌کتر. بوونی سنووری زۆر دوور درێژه‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵات، هۆکارێکی زۆر باشه‌ که‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ یه‌کتر بازه‌رگانی و کاری هاوبه‌ش بکه‌ن.

ئه‌م شاره‌زا ئێرانییه‌ وتی: له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ عێراق و ئێران ئه‌ندامی ئۆپێکن و نه‌وتیش هه‌نارده‌ ده‌که‌ن، عێراق له‌گه‌ڵ بڕێک وڵاتی عه‌ره‌بی کێشه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی گۆشه‌گیر کردووه‌، به‌ مانایه‌کی ڕوون تر عێراق له‌ لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌ ڕووی ژئۆپۆلیتیکییه‌وه‌ گه‌ماڕۆ دراوه‌ و دیمان له‌ ماوه‌ی ڕابردووش چۆن هه‌وڵیان دا په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و عێراق بڕووخێنن و چه‌ندین پیلانیان له‌ ناوچه‌که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ڕێوه‌ برد.

ئاماژه‌شی دا: عێراقی دوای سه‌دام له‌ دوای ئه‌وه‌ بوو که‌ باڵانس له‌ نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی ساز بکات، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌مریکا ده‌یویست سوودی خۆی له‌ دۆخی نوێی عێراق ببات، به‌ڵام به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ خه‌ڵکی عێراق له‌مباره‌وه‌ هۆشیار بوون و ڕێگه‌یان نه‌دا به‌ تایبه‌ت یارمه‌تییه‌کانی ئێران ڕێگه‌ی به‌م کاره‌ نه‌دا. 

سه‌یدئۆفۆقهی زیادی کرد: که‌واته‌ له‌ ڕووی سیاسی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری، ئه‌منیه‌تی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ عێراق بۆ ئێران یه‌کجار گرنگه‌ و توانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ به‌ره‌ی خۆڕاگری له‌ ناوچه‌که‌ به‌هێز بکات، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ حسابی زۆر تایبه‌تمان له‌ سه‌ر عێراق کردووه‌ و نابێت ڕێگه‌ بده‌ین که‌ کۆنترۆڵی عێراق بکه‌وێته‌ ده‌ستی ئه‌مریکا و زایۆنییه‌کان و بڕێک وڵاتی عه‌ره‌بی تووندڕه‌و.

ئه‌و جه‌ختی کرد: من لام وایه‌ که‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌ ستراتیژییه‌کان که‌ بۆ حکومه‌تی ئێمه‌ گرنگه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ ته‌نیایی ناتوانێت هه‌موو ئامانجه‌کان بپێکێت و ده‌بێت هه‌موو ڕێکخراوه‌ و ئیداره‌کانی حکومه‌ت یارمه‌تی به‌ دی هاتنی ئه‌م پلانانه‌ بکه‌ن تاکوو به‌رژوه‌ندی نیشتمانی ئێمه‌ بێته‌ دی. به‌داخه‌وه‌ تاکوو ئێسته‌ سیاسه‌تێکی ڕوون و یه‌کگرتوومان سه‌باره‌ت به‌ عێراق نییه‌. که‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین که‌ ته‌نیا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ئامانجه‌کان بپێکێت و په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق په‌ره‌ پێبدات.

ئه‌م شاره‌زا ئێرانییه‌ وتی: چالاکی ئابووری ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق لاوازه‌، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ڕاوێژکاری سه‌ربازی ئێران له‌ عێراق بۆ شکست دانی تیرۆریسته‌کان له‌م وڵاته‌ کارێکی دروست بوو. ئێمه‌ هێشتا نه‌مانتوانیوه‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق واژۆ بکه‌ین بۆ کاری بازه‌رگانی، ته‌نیا په‌ڕه‌وازه‌ بڕێک کارمان کردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ سوودی نییه‌ و ده‌بێت پلانێکی گشتگیر بۆ ئه‌م کاره‌ دابڕێژرێت.

ئه‌و زیادی کرد: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌بێت به‌ستێن بۆ کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌ت عێراق ساز بکات. سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی زه‌ریف سه‌ردانێکی زۆر باش و پڕ له‌ سوود بوو که‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان کۆبوویه‌وه‌ و قسه‌ی کرد.

سه‌یدئۆفۆقهی ڕایگەیاند: من لام وایه‌ ولاتێکی پڕ بایه‌خی وه‌ک عێراق ده‌توانێت ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ڕێکخراوێکی تایبه‌تی بۆ ساز بکرێت و له‌ ژێر چاودێڕی ڕێبه‌ری باڵای ئێران یان سه‌رۆک کۆماری ئێران بێت و هه‌موو کاری ئه‌م ڕێکخراوه‌ش په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتی عێراق و هه‌ریمی کوردستان بێت. داڕشتنی نه‌خشه‌ ڕێگای ستراتیژیک له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵات ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیر بوونی زیاتری ناوچه‌که‌، واش دروسته‌ که‌ ئیران لانی که‌م له‌ دوای ڕووسیا ڕۆڵی دووهه‌می کاریگه‌ر و باشی له‌ عێراقدا هه‌بێت چون سنوورێکی دوور و درێژمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌.

 ئه‌و له‌ کۆتایدا جه‌ختی کرد: له‌ ڕووی ناخۆیی، به‌داخه‌وه‌ عێراق دۆخێکی باشی نییه‌ و گه‌نده‌ڵی هه‌موو ڕێکخراوه‌ حکومییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ی ته‌نیه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی بێ متمانه‌یی خه‌ڵک به‌ به‌پرسانی عێراق، که‌ نموونه‌ ڕوونی ئه‌مه‌ش به‌شداری ۲۴ له‌ سه‌دی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنی پارلمانی عێراق بوو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ هیوادارم که‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوو وڵات به‌رده‌وام له‌ به‌رز بوونه‌وه‌دا بێت و په‌ره‌ی زیاتر بسێنێت.

News Code 24441

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 0 =