ئامانجی ترامپ لە پێشێل‌کردنی INF، پەرەدان بە بەرەی نوێی چەکە ناڤۆکییەکانە

گارت مێسی لای وایە کە ئامانجی سەرەکیی ترامپ لە کشانه‌وه‌ لە پەیمانی قەدەغەی مووشەکی ناڤۆکی مامناوەندهاوێژ لە گەڵ ڕووسیا (INF) پەرەدان بە بەرەی نوێی چەکە ناڤۆکییەکانە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە محەمەدی پوور: ماوەیەک لەوە پێش سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە شاری "ئێلکۆ"(Elko)ی ویلایەتی "ناوادا"ی ئەو وڵاتە، ڕووسیای بە پێشێل کردنی پەیمانی "قەدەغەی مووشەکگەلی ناڤۆکی مامناوەندهاوێژی (INF)" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە واشنتۆن لەو پەیمانە دەچێتە دەرێ.

دۆناڵد ترامپ لە کاتێکدا ڕووسیای بە پێشێل کردنی ئەو پەیمانە تۆمەتبار کرد کە هیچ جۆرە بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئیدعاکەی ئاراستە نەکرد. ترامپ هەروەها جەختی کرد کە ئەمریکا چەکی ئەتۆمیی خۆی پەرە پێ دەدات، مەگەر ئەوەی کە ڕووسیا و چین پێش بە پەرەدان بە چەکی ناڤۆکیان بگرن.

ڕاگەیێنرانی دەرچوونی ئەمریکا لەو پەیمانە لە کاتێکدایە کە ڕووسیا تا بەر لەوە چەندین جار جەختی کردبوو کە تا کاتی پابەندبوونی ئەمریکا بەو پەیمانە، مسکۆش وردبینانە ناوەڕۆکی پەیمانی INF پێڕەو دەکات.

ئەمریکا و ڕووسیا لە ژوئەنی ١٩٨٧ لە واشنتۆن پەیمانی "قەدەغەی مووشەکگەلی ناڤۆکی مامناوەندهاوێژی (INF)"یان واژۆ کرد. ئەو پەیمانە لە ژوئەنی ١٩٨٨ جێبەجێ کرا و بە پێی پەیمانەکە جێگرکرانی مووشەکگەلی بالیستیکی و کرووز لە لایەن واشنتۆن و مسکۆ لە خاکی ئەورووپا قەدەغە کرا. ئامانج لەو پەیمانە لە ناو بردنی مووشەکگەلی ناڤۆکیی کرووز و شوێنی هاویشتنیان بە بڕەوی ٥٠٠ تا ١٠٠٠ و ١٠٠٠ تا ٥٥٠٠ کیلۆمەتر بوو.

شایانی باسە کە تا ئێستا دەوڵەتی ترامپ لە زۆربەی ڕێککەوتنە دوولایەنە و چەندلایەنە و نێدەوڵەتییەکان چۆتە دەرێ.

لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ پڕۆفیسۆر گارت مێسی مامۆستا توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی وایۆمینگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە لە پەیمانی قەدەغەی مووشەکگەلی ناڤۆکیی مامناوەندهاوێژی لە گەڵ ڕووسیا دەچێتە دەرێ و ڕاشیگەیاندووە کە ئەو بڕیارە بە هۆی پێشێل کرانی پەیمانی پەیمانەکە لە لایەن ڕووسیاوە گیراوەتە بەر. بە ئاوردانەوە لەوەی کە پێشتر ترامپ لە پەیمانگەلێکی نێودەوڵەتیی گرینگی دیکەش چۆتە دەرێ، ئایا ئیدعای ئەو سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووسیا ڕاستە؟ هۆکارە سەرەکییەکانی دەرچوونی ئەمریکا لەو پەیمانە چۆن دەبینن؟

ـ ڕاوێژکارانی ئێستای "دۆناڵد ترامپ" بە تایبەت "جان بۆڵتۆن" ڕەخنەیان زۆر لەو پەیمانانە گرتووە کە ئەمریکا واژۆی کردووە و ئەو پەیمانانە دەبنە هۆی دابەزاندنی چەکی ناڤۆکی. ئەوان پاڵپشتی لە سەرتربوونی ناڤۆکیی ئەمریکا دەکەن و لایان وایە کە ئەو سەرتربوونە کەرەسەیەکی بایەخمەندە بە دەستی ئەمریکاوە لە سیاسەتی دەرەکیدا.

پێشێل کردنی ئەو پەیمانە لە لایەن ڕووسیاوە، پاگەندەیەکە کە ئەمریکییەکان دەیکەن. ڕووسیا هەنگاوگەلێکی بۆ پێشگری لە پەرەسەندنی ناتۆ لە ئەورووپای رۆژهەڵاتی و ناوەندی هەڵگرتووە. هەڵبەت رێگەچارەی چارەسەریی ناکۆکیگەلێکی وەک پێشێل کردنی پەیمانەکان، ئەنجام دانی دانوستانەکان و هەوڵ بۆ جارەسەرییانە، نەک دەرچوون لە گشتییەتی پەیمانەکە.

پێدەچێت کە ترامپ لە بواری سیاسەتی دەرەکی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە ئەندازەی پێویست تێگەیشتن و زانستی نەبێ و ئەو پێشوازی لە "هەنگاوی بە جەربەزەیانە"ی وەک پێشێل کردنی پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی دیکە بکات. ترامپ خۆی بە کەسێک دەزانێ کە دەتوانێ شتەکان (پەیمانەکان) بشکێنێت و لای وایە کە تەنیا کەسانی لاوازن کە توانای شکاندنی ئەو شتانە (پەیمانانە)یان نییە.

ئەوە هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە کە دەوڵەتی ترامپ و چەند کەسی ناو پێنتاگۆن خوازیاری پەرەدان بە بەرەی نوێی مووشەکگەلی ناڤۆکیی مامناوەندهاوێژ و مووشەکگەلێکن کە دەکرێ لە مەیدانی شەڕدا بە کار بهێنرن. ئەو پەیمانە پرسەگەلێک دەورووژێنیت کە دەبێ ئاوریان لێ بدرێتەوە و مومکینە پێش بە پلانی داڕشتنی بەرەی نوێی چەکی ناڤۆکی بگرێت.

* زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی نیگەرانی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی ترامپ ڕاگەیاندووە و ئەو پەیمانەیان خاوەن گرینگییەکی زۆری ئەمنی بۆ ئەورووپا زانیوە. ئایا بە بڕوای ئێوە ئەورووپا دەتوانێ ئەمریکا لەو بڕیارە پەشیمان بکاتەوە؟

ـ نا. ترامپ بڕوای بەوە نییە کە دەبێ بە ڕاوێژ یان بە هاوکاری لە گەڵ هاوپەیمانانی ئەورووپیی ئامانج و مەبەستەکانی خۆی بپێکێت. پێشبینی دەکەم کە ڕاوێژکارانی ترامپ لە گەڵیدا هاوڕا بن یان هانی نادەن بۆ ڕاوێژکردن لە گەڵ هاوپەیمانانی ئەورووپیی ئەمریکا.

* هەندێک لایان وایە کە ئەو پەیمانە گرێ خواردووە بە میکانیزمەکانی شەڕی سارد و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێستادا دابین ناکات. ئێوە چۆن لەو ڕوانەگەیە دەڕوانن؟

ـ من دژی ئەو بۆچوونەم. دابەزینی چەکی ئەتۆمی تەنیا دەرەوەستی بە شەڕی ساردەوە نییە. ئەو پرسە ئەمڕۆ گرینگترە لە هەمیشە. ئێمە دەبێ ئەوی لە ڕابردوودا ڕێککەوتنی لە سەر کراوە جێبەجێ بکەین، نەک لە بەری هەڵێین و بە ئەمریکا و ڕووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکە رێگە بدەین چەکی ناڤۆکیان پەرە پێ بدەن. هۆکاری سەرەکیی وەلاوە نرانی ئەو پەیمانە لە لایەن ترامپەوە لەو هۆکارە سەرچاوە دەگرێت.

* هەڵوەشانەوەی ئەو پەیمانە چ کاریگەرییەکی لە سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت؟

ـ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی دروست کردنی چەکی ئەتۆمی و ناڤۆکیی زیاترە و ڕووسەکان درێژە دەدەن بە بەرهەم هێنانی زیاتری ئەو چەکە. ئەوە بە واتای سازدانی دۆخێکی ناسەقامگیری نێودەوڵەتی دێت کە نە تەنیا لە نێوان ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەڵکوو تەواو سیستەمی نێودەوڵەتی تێووە دەگلینێت.

زۆربەی وڵاتان دەتوانن لە بواری پەرەدان بە چەکی ناڤۆکی لاسایی لە ئەمریکا بکەنەوە و دەتوانن چەکی ناڤۆکی بە کار بینن و درواسێکانیانی پێ لە ناو ببەن یان ناچار لە پاسەکشێیان بکەن. جیهان ئاسایشێکی کەمتری دەبێ و بە ملیارد دۆلار خەرجی بەرهەم هێنان و کڕینی چەک و چۆڵ دەکرێت کە هیچکات نابێ بە کار بهێنرێ.

News Code 22818

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 10 =