بەرەو مێژووییەکی بەربڵاوتری شانۆی کوردی

"لە حاڵێکدا کوردان نەریتی نمایشی هاوبەشیان لە گەڵ دراوسێی ئێرانی، عەرەبی و تورکیدا هەیە، خاوەن نمایشتی جیاواز بە فۆڕمی جیاواز و گرینگی تایبەت بە خۆیانن."

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری کوردی، براییم شەوقی؛ "لە ناوچە کوردییەکان وەک دیکەی شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نمایشتی زارەکی و هونەری کەلامی نەریتێکی درێژیان هەیە و لە ڕووی مێژووییەوە فۆڕمی زاڵی نمایشت بوون."

پێشەکی

ئەم وتارە دەڕوانێتە کەلێنی نێوان توێژینەوەی هاوچەرخ لە پرسی فەرهەنگی زارەکی و نواندن و نمایشی کوردی و سەرەتا چاودەخشێنێ بە سەر هەندێک نەریتی نمایشی لە کوردستاندا.پاشان بە ئاوردانەوە لەو نەریتانە، دەسەلمێنێ کە نمایش بۆ چەندین سەدە توخمێکی ژیانبەخش و ماناداری ژیانی فەرهەنگی کوردی بووە. هاوکات بە خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت، کولتووری نمایش لای ئێرانییەکان و کوردەکان، وەک خەڵکانێکی ئێرانی و چوارەمین گرووپی گەورەی ئه‌تنیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەورێکی بنەڕەتی لە کولتووری ناوچەکەدا دەگێڕن، کارکردێکی گشتی‌تر بۆ نووسینی مێژووی شانۆی کوردی پێشنیار دەکات. هەموو ئەمانە، تێگەیشتنێکی قووڵتر و وێنەیەکی چڕتر لە هونەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و شانۆی ئێرانی- کوردی بە تایبەت وێنا و ئاراستە دەکەن.

دەرکەوتەکانی شانۆی کوردی:

لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا ئارەزوو بۆ هونەری نواندن لە کولتوورە نا-ئەورووپییەکاندا گەشەی کرد و دەرەنجامەکەی بوو بە توێژینەوە لە نواندن و نەریتەکانی شانۆ لە ئەمریکای لاتین، ئافریقا، ئاسیا و پاشان لە جیهانی عەرەبدا. شانۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی مێژوو لە لایەن پسپۆڕانی شانۆی ڕۆژئاواییەوە چاوپۆشی لێکرابوو و به هەڵە وا بیریان دەکردەوە کە نمایشی جەستەی مرۆڤ و هەروەها شانۆ دەرێژەدەری ڕێوڕەسمی بت پەرەستییە و لەو ڕووەوە لە هزری ئیسلامیدا قەدەغە کراوەیە. ئەم گریمانە ئاسانکارە لە کاڵبوونەوەدایە، چونکە نەریتی پڕ پیت و سامانی نواندن و شانۆی ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر سەرنجی زانایان ڕادەکێشێ. لە ساڵی ۱۹۸۱، ویلیام ئۆ. بیمەن، زانا و توێژەرێکی ڕچەشکێنی هونەری نواندنی ئێرانی، دەستی بە نووسین کرد بە مەبەستی دژایەتی ئەو گریمانانەی که حاشایان دەکرد لە بوونی نەریتی شانۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان گرینگایەتییەکەیان لە کولتوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە خراپە زڕاندبوو. بەم جۆرە، بیمەن وەک زۆرینەی توێژەرانی شانۆی ئێران، به تایبەتی جەختی کرد لە سەر فەرهەنگی ئێرانی و نەریتە شانۆییه‌کانی کە بریتین لە: دڕامای هەستیاری موسڵمانانی شێعه کە به تەعزیه ناسراوە، و دڕامای هاتەبێژی (بدیهە گویی)ی کۆمێدیای "ڕووحەوزی" یا "تەخت حەوزی".

بیمەن لە یارمەتیدان بۆ نووسینی "رێنمای کەمبریج بۆ شانۆی جیهان" (۱۹۸۸)، هونەره‌کانی نواندن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە پاش هاتنی ئیسلام سەرهەڵدەدەن بەم جۆرە پۆلێن بەندی دەکات:

١- درامای بووکەڵە

٢- چیرۆکبێژی دڕاماتیک

٣- دڕامای حیماسی ئایینی

٤- درامی هاتەبێژانەی کۆمیک.

ئەم لیستە دووبارەکراوە هاوبەشە لە نێوان زۆرینەی ئەو بەرهەمە بنەڕەتیانەی کە وەسفی نەریتی شانۆی ڕۆژهەڵات دەکەن. بۆ نموونە توێژەر، دەرهێنەر و شانۆنامەنووسی گەورە ئێرانی، بەهرام بەیزایی لە کتێبە کلاسیکەکەیدا "شانۆ لە ئێران، ۱۹۶۵" نواندن لە ئێرانی پاش-ئیسلامیدا، دابەش دەکات بە:

١- نەقالی

٢- دڕامای بووکەڵە

٣- تەعزیه

٤- دڕامای کۆمیک.

ئەگەرچی بەرهەمەکانی بەیزایی و بیمەن و توێژەرانی هەڵکەوتووی دیکەی شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە زەقی یارمەتییان داوین بۆ تێگەیشتن لە فەرهەنگی نمایشتی ناوچەکە و هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەو ئیدعایانەدایان داوە کە حاشا دەکەن لە بوون و گرینگایەتییان لە بەستێنی شانۆی جیهانیدا، بەڵام ئەو توێژەرانە نەیانتوانی جەماوەری زۆری کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەند وەربگرن که ژیانێکی کولتووری و فەرهەنگیی جیاواز و بزۆزی خۆیان هەبووە. ئەم سڕینەوە بە بۆنەی زمانەوەیە. زمانی کوردی شێوەزاری جۆراوجۆری هەیە، کورمانجی و سۆرانی دوو شێوەزاری بنەڕەتین. دەرەنجامی ئاخاوتنی زمانێکی کەمینە لە دەوڵەتە تاک‌زمانەکانی ئێران و تورکیه‌دا، سڕینەوەی خەڵکی کورد زمان بوو لە سەرنجی زانایان و توێژەرانی ئێرانی و تورکی.

لە ناوچە کوردییەکان وەک دیکەی شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نمایشتی زارەکی و هونەری کەلامی نەریتێکی درێژیان هەیە و لە ڕووی مێژووییەوە فۆڕمی زاڵی نمایشت بوون. هەر وەک شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم زارەکیی بوونە لە تەنیشت جەختکردنی ئیسلام لە سەر خوێندەواری دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئیسلامی سەدەی حەوتەم بە سەر ناوچەکەدا. لە ڕاستیدا لە کوردستان، دابەشبوونێکی گەورە نییە کە فەرهەنگی زارەکی و نووسراو جیا بکاتەوە کە هەمیشە کاریگەریان بووە لە سەر یەکدی و هەروەها لە سەر فەرهەنگی دراوسێکانی کورد. ئاڵوگۆڕ و دانوستان لە نێوان کوردان و دراوسێکانیان بە درێژایی سەدەکان فۆڵکلۆرێکی دەوڵەمەندی بە هەر دوو توخمی تایبەت و هاوبەشەوە، لێکەوتۆتەوە.

لە حاڵێکدا کوردان نەریتی نمایشی هاوبەشیان لە گەڵ دراوسێی ئێرانی، عەرەبی و تورکیدا هەیە، خاوەن نمایشتی جیاواز بە فۆڕمی جیاواز و گرینگی تایبەت بە خۆیانن. بۆ نموونە، لە حاڵێکدا نمایشی بووکەڵە بە کاتیگۆری سەرەکی هونەری نمایشتی نەریتی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، لانیکەم لە مێژووی شانۆی کوردستانی عێراقدا تەنیا ئاماژەیەکی کورت بۆ شانۆی بووکەڵە کراوە کە گوایە ساڵی ۱۹۴۴ لە هەڵەبجه بەڕێوە چووبێ. لە ئێراندا، تەعزیه وەک هونەرێکی نمایشتی شێعه، سنووردار کراوەتەوە تەنیا بۆ کەمینەیەک لە کوردان لە ناو کوردستانی ئێراندا کە بە زۆر و زەوەندی سونین. بۆ دڕامای کۆمیکیش، پڕۆڤە نمایشتییەکان لە کوردستاندا تەنیا له لایه‌ن گرووپێکی زۆر بچووکی هونەرمەندانەوە ئەنجام دەدرا که شانۆی هەزلییان نمایشت ئەکرد بە کاراکتەری ئامادە و بڕێکی زۆری هاتەبێژی. بە واتایەکی دی، نمایشەکانی دیکە، وەک میرمیران یان کاوەی ئاسنگه‌ر، گەرچی لە لایه‌ن مێژووگەلی نەریتی‌تری شانۆوە کەم بایەخ هاتبوونە ئەژمار یان چاوپۆشییان لێکرابوو، بەڵام لە لایەن کوردەکانەوە شلگێرانە و بەوردبینییەکی زۆرەوە نمایشت کراوە. لەو ڕووەوە، گەرچی دڕامای بووکەباخە، تەعزیە و ڕووحەوزی ئامادەبوونێکی بەهێزیان لە مێژووی نمایشتی کوردییدا نییە، بەڵام نەریتی دێرینی ئێرانی هەیە کە لە ناو کورداندا زیندوو ماون و بۆ باسکردن لە سەر نەریتەکانی نمایشتی ئێرانیی شیاوی سەرنجن.

دەرەنجام

سەرەڕای دەوڵەمەندبوونی نمایشتی خەڵکیی نەریتیی کوردی لە فۆڕم و بوارە جۆراوجۆره‌کاندا، مێژووی نەریتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت نەریتە نمایشییەکانی ئێرانی بە دەگمەن نمایشە کوردییەکانیان ناوبردە کردووە، یان بە قووڵی لیان کۆڵینەونەتەوە. لە ڕاستیدا ئەم بەختە ڕەشە بۆ ئەو حەقیقەتەیە دەگەڕێتەوە کە ئەم نمایشانە سەرچاوەکانیان دەچێتەوە سەر نەریتە دێرینییەکانی ئێرانی و بەم پێیە  هاتنە ناوەوەی ئەوان بۆ مێژووی شانۆ، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە فەرهەنگی نمایشی ئێرانی ئامادە دەکات. هەنووکە توێژەرانی سەربەخۆی کورد تێدەکۆشن نەریتە کوردییەکان و لەوان ئایینی بارانی گاروانەکی٭ بەڵگەمەند بکەن. جڤاتی بەربڵاوتری زانایان دەبێ توێژینەوەی ئاوا به هەند وەربگرێ بە جۆرێک کە مافی لەبیرکراوی نەریتی نمایشتی کوردی و کەمینەکانی دیکە بدۆزرێنەوە و مافەکانیان دەستەبەر بکرێت. پاش ئەم ڕێگایه کەلێنی گەورە و زانیاری پێشکەوتوانەی زۆرتری خوێندنی نمایشی کوردی - ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبێتەوە.

٭گاروانەکی: ئایینی هێرشکردنە سەر گاڕانە کە لە زۆربەی گوندەکانی کرماشان، ئیلام و هەروەها لۆڕستان ئەنجام دراوە. ئەم ئایینە پەنجا ساڵ لەوە پێش لە ناو چووە و ژنان لە وەختی وشکەساڵیدا بۆ تکا و پاڕانەوەی باران کردوویانە. گاروانەکی هەر وەها بە ناوی گۆرواتەنی، گابەران، گارەبا، گابروا یان گایل ڕفانن، ناسراوە کە وشه به وشە بە مانای دزینی مانگاکانە.

نووسەر: ماهروو ڕەشیدی ڕۆستەمی

وەرگێڕان و داڕشتنەوە لە ئینگلیزی: براییم شەوقی

News Code 22721

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =