خاشقجی کوژراوە و تەرمەکەی براوەتە دەرەوەی تورکیا

حسێن عەسکەری بە ئاماژە بەوەی کە "خاشقجی" کوژراوە و تەرمەکەی لە تورکیا براوەتە دەرەوە، وتی: ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی محەمەد بێن سەلمان بە هۆی هەڵوێستەکانی لە دژی ئەندامانی باڵای بنەماڵەی سعوودی زۆرە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: هەواڵی بێ سەروشوێن بوونی جەماڵ خاشقجی نووسەر و ڕەخنەگری ناسراوەی سعوودی پاش چوونی بۆ کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەنبۆڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵی تیرۆری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ڕژیمی سعوودی، شەپۆلێک لە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی هەمبەر بە سیاسەتگەلی سەرکوتگەرانەی محەمەد بێن سەلمان جێنشینی پادشای عەرەبستان بە دواوە بوو؛ جێنشینێک کە هیچ جۆرە ڕەخنەیەک لە دژی سیاسەتەکانی قبووڵ ناکات و بە خراپترین شێوەی مومکین وەڵامی هەر جۆرە ڕەخنەیەک دەداتەوە.

رۆژنامەی "ئای" چاپی بەریتانیا لە یادداشتێک لە ژێر ناوی "هەڵەی هەڵسەنگاندنی سعوودییەکان لەبارەی خاشقجی"دا نووسی: پیلانی کوشتنی جەماڵ خاشقجی رۆژنامەنووسی بەرهەڵستکاری عەرەبستان نیشاندەری هەڵوێست و سیاسەتێکی دڕندانەیە کە ڕیاز بۆ بێدەنگ کردنی کەسانی دابڕاوە لە سیستەمی ئەو وڵاتە و تۆقاندنی تەواو نەیاران و بەرهەڵستکارانی گرتۆیەتەبەر. ئامانج لەو جۆرە هەنگاوانە ئەوەیە کە عەرەبستان نیشان بدا کە هەر جۆرە ڕەخنەیەک تەنانەت بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، توندترین ئاستی توندوتیژیی بە دواوە دەبێت. ئەوە هەمان تایبەتمەندییەکانی حکوومەتێکی دیکتاتۆرییە کە دەنگی دژبەران و ناڕازیانی تێدا نابیسترێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر گفتوگۆیەکی لە گەڵ پرۆفیسۆر "حسێن عەسکەری" مامۆستای بازرگانی و کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی جۆرج واشنتۆنی ئەمریکا، سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوە و بەڕێوەبەری جیهانی و ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دارایی (۱۹۷۸) و پادشای عەرەبستانی سعوودی (مەلەک عەبدوڵڵا) و ناسراو بە نژیارڤانی ئابووریی عەرەبستان ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

* بە ئاوردانەوە لەو هەواڵانەی کە تا ئێستا بڵاو بۆتەوە، ئایا ئێوە ئێستا لە سەر ئەو بڕوایەن کە "جەماڵ خاشقجی" لە تورکیا کوژراوە و پاشان تەرمەکەی لە تورکیا براوەتە دەرێ؟

ـ رێک وایە.

* بۆ "محەمەد بێن سەلمان" هەڵوێستێکی ئاوای هەمبەر بە ڕەخنەگرێک گرتۆتە بەر؟

ـ "محەمەد بێن سەلمان" گەنج و بێ ئەزموونە. ئەو لە سەرەوەی دەسەڵاتە و لای وایە کە دەتوانێ هەر کارێک بیەوێ ئەنجامی بدا و ئاسمانی بەرتەسکە و ئەو بە شەودا سەری هەڵنەداوە بۆ زاڵبوون بە سەر عەرەبستاندا.

بێن سەلمان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی لێ دەکرێت. دەوڵەتی ترامپ بە ئامادەبوونی "جێراد کۆشنێر" وەک کەسایەتییەکی گرینگ ئەوی لە باوش گرت. هەر وەک من لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو وتوومە، محەمەد بێن سەلمان بەڵێنیی بە جێراد کۆشنێر داوە کە لە ئێستە و بە تایبەت لە داهاتوو پاڵپشتی ماڵی بکات لە ئیمپراتووریای بازرگانی ترامپ – کۆشنێر.

لە بەرامبەردا محەمەد بێن سەلمان خوازیاری پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیاسەتگەلی ناوخۆیی و پرس و پێکدادانە دەرەکییەکانی ئەو وەک شەڕی یەمەن، ئۆپەراسیۆنی چەکدارانە لە سووریا، پەیوەندی و دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران، گەمارۆدانی قەتەر، بێزاری لە ئیخوانولموسلمین و لە ئێستەشدا تیرۆری ڕەخنەگرێک لە وڵاتێکی بیانییە. من لام وایە ئەو دەستووری تیرۆرەکەی داوە، چونکە بیر دەکاتەوە کە ترامپ تەنیا قسە دەکا و هیچ کارێک ئەنجام نادات. هەروەها دەبێ بڵێن کە ترامپ لە هەواڵنێران بێزارە و کۆشنێریش لە پشتی ئەوە. لە کۆتاییشدا بێن سەلمان ئەو کارەی کرد چونکه دەیتوانی و من لام وایە جێنشینی عەرەبستان هەموو ئەوانەی لە مێشکدا بووە.

* بۆ دەوڵەتی ئەمریکا ئەو ڕووداوەی پشت‌ڕاست نەکردۆتەوە و هەنگاوی گونجاوی بۆ هەڵنەگرتووە؟

ـ بەرژەوەندی بازرگانی. ترامپ و کوشنێر لە پلەی یەکەمدا نیگەرانی دۆخی ئیمپراتووریگەلی بازرگانی خۆیانن. عەرەبستانی سعوودی دەتوانێ فرشتەی نیگابانی ئەوان بێت. دۆخی ئەمریکا لە جیهاندا نیگەرانی سەرەکیی ئەوانە.

* ترامپ لەوبارەیەوە چی لە دەست دێت؟

ـ من لیستێکی دوور و درێژ لەو هەنگاوانەی کە ترامپ دەتوانێ ئەنجامیان بدات، ئاراستەتان دەکەم. بەڵام ئێزن بدەن کە پێشتر بڵێم پێموا نییە کە ترامپ هیچ کارێک ئەنجام بدات.

ئەو دەتوانێ کۆتایی بێنێت بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە شەڕی عەرەبستان لە دژی یەمەن و دژایەتی خۆی بۆ گەمارۆدانی قەتەر دەرببڕێت. تەواو ڕاوێژکارانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عەرەبستان بباتە دەرێ و زانیارییە سەربازییەکانی عەرەبستان بڵاو بکاتەوە.

فرۆشی چەک و چۆڵی سەربازی بە عەرەبستانی سعوودی بوەستێنێت، باڵوێزی ئەمریکا لە عەرەبستان بانگهێشت بکات و تاقمێک لە دیپلۆماتگەلی سعوودی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بکاتە دەرێ. گەمارۆگەلی ئابووری لە دژی عەرەبستان داسەپێنێت. هۆشدار بە بێن سەلمان بدات کە لە ئەگەری تێهەڵچوونی ڕیاز لە گەڵ ئێران، چیتر ئەمریکا پاڵپشتی لێ ناکات.

دەوڵەتی ترامپ کاری زۆری لە دەست دێت، بەڵام هیچ ناکات مەگەر ئەوەی کە محەمەد بێن سەلمان لە ناوخۆوە بڕووخێت و لە ئێستادا ئەگەری ڕووخانی محەمەد بێن سەلمان یەگجار زۆرە.

دەبێ بڵێین ئێستا ناڕەزایەتیگەلێک هەمبەر بە جێنشینی عەرەبستان بۆ ئەو هەڵوێستانەی کە هەمبەر بە ئەندامانی باڵای بنەماڵەی سعوودی گرتوویەتییە بەر – بە بارمتەگرتن و باج لێ ستاندن- لە ئارادایە کە دەتوانێ مەترسییەکی ڕاستەقینە بێت بۆ سەر مانەوەی دەسەڵاتی سعوودی. کەواتە دۆخەکە بۆ محەمەد بێن سەلمان دەتوانێ خراپتر لەل خراپ بێت.

* ئەو ڕووداوە چ پەیامێکی بۆ جیهان دەبێت؟ ئایا هەر وڵاتێک دەتوانێ بۆ کوشتنی ڕەخنەگرانی بکوژگەلێک ڕەوانەی وڵاتانی دیکە بکات؟

ـ سەرەتا دەبێ بڵێم کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کوشتنی پلان بۆ داڕێژراوەی خاشقجی ئاگادار بووە و هەر وەک بینیمان هیچ کارێکی لەوبارەیەوە ئەنجام نەداوە، کەواتە ئەمریکا دەستی بووە لەو تیرۆرەدا. لایەنەکان هەمووی هەژێنەرن، جێی بڕوا نییە کە عەرەبستانی سعوودی یان هەر دەوڵەتێکی دیکە بتوانێ بە تەنیا ئەو کارە بکات. ئێوە بەردوام لە لایەن هاوڕێکانتانەوە داوەری دەکرێن.

ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حەزی لە ئەنجام دانی هەنگاوگەلێکی مانادار لە دژی محەمەد بێن سەلمان و عەرەبستانی سعوودی نەبێت، بە هاوپەیمانانی خۆی نیشان دەدات کە وەک هاوڕێیەکی نزیک و هاوپەیمانی عەرەبستانی سعوودی هیچکات تووشی هەڵە نایەت، بەڵام پاگەندەی پابەندبوونی ڕواڵەتگەرانە بە بایەخگەلی دیموکراتیک و دەسەڵاتی یاسا، لە داهاتوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو هەڵدێر دەبات.

بەریتانیا و ئەورووپا هەڵمەتی بە پەلەیان لە دژی هەوڵەکانی ڕووسیا لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا گرتە بەر و پاڵپشتیی ئەمریکایان لە پشت بوو. ئەگەر ئەمریکا لە پرسی خاشقجیدا هەڵوێست نەگرێت، چ وەڵامێک بە جیهان دەداتەوە؟ دیکتاتۆرە خۆشەویستەکانی ئێمە بۆیان هەیە هەر کارێک ئەنجام بدەن و ئێمە بە جۆرێکی دیکە سەیریان دەکەین.

تەنیا بیر لەوە پەیامە بکەنەوە کە بۆ جیهانی دەنرێت، ئێتر جێیەک بۆ بایەخگەلی دیموکراتیک لە سەرتاسەری جیهاندا نامێنێ. جگە لەوە هەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ئیستادا دەتوانێ هەمان کار بە حەسانەی تەواو ئەنجام بدات. کەواتە هیچ جیاوازییەک لە نێوان هاوپەیمانانی ئەمریکا و تیرۆریستان نییە.

News Code 22413

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 2 =