یەکەم کتێبخانەی زانستیی کورد لە حوجرەی بیارە بووە/دەستنووسەکانی کورد تاڵان کراون

لێکۆڵەرێکی ناسروی مێژووی کورد بە ئاماژە بە زەروورەتی خوێندنەوە و ڕاستکردنەوەی بەڵگە و دەستنووسە کۆنەکانی کورد، وتی: یەکەم جار لە حوجرەی خانەقای بیارە کتێبخانەی زانستیی کورد کرایەوە.

بە راپۆرتی هەواڵنێری مێهر، لە کۆڕی زانستی  بەڵگە و دەستنووسە مێژووییەکانی کوردستان، لە دووەم رۆژی هەشتەمین پیشانگای نێودەوڵەتی کتێبی پارێزگای کوردستان، مامۆستایانی بواری مێژوو ولێکۆڵەرانی مێژووی کورد و کوردستان  لەسەر بەڵگە و دەستنووسەکانی کورد لە کتیبخانەکانی ناوماڵ و موزەخانەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکانی جیهان و زەروورەتی خوێندنەوە و ڕاست کردنەوەی ئەو بەڵگە و دەستنووسانە قسەیان کرد.

 لەم پەنێلەدا کە بە بەشداریی دوکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی، دوکتۆر ئیسماعیل شەمس، دوکتۆر سەید محەمەد شێخ ئەحمەدی و سەرۆک پەنێلی محەمەد عەبدولمەلەکی بەڕێوەچوو.جەخت کرا: پێویستە بە زووترین کات کار لەسەر خوێندنەوە و ڕاستکردنەوەی بەڵگە و دەستنووسە کوردییەکان یان ئەو دەستنووسانەی کە نووسەرانی کورد بە زمانەکانی تریش نووسیویانە بکرێت بۆ ئەوەی مێژووی کورد باشتر و ڕاست تر ڕوون بێتەوە.

یەکەمین کتێبخانەی زانستیی کورد لە حوجرەی بیارە بووە

دوکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی لێکۆڵەری بواری کوردناسی و مێژووی کورد و کوردستان، دەڵێت: هاوکات لەگەڵ یەکەم کتێبخانە تاکەکەسییەکانی کوردستان کە لە بنەماڵەی ئەردەڵان و بنەماڵەی ئەمیرنیزامی گەڕووس دروستیان کردبوو، یەکەم کتێبخانەی زانستیی کورد کە پڕ بووە لە کتێب و دەستنووس و بەڵگەی زانستی ئایینی و مەزەبی بە زمانی عەرەبی و کوردی لە لایەن حەزرەتی شێخ عومر زیائەددین نەقشبەندی لە حوجرە و خانەقای بیارە بە فەرمی بنیات نراوە.

وتیشی: لەو سەردەمەدا لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و بە تایبەت لە قاهیرەوە کە شێخ محەمەد ئەمین کوردی کە خەلیفەی شێخ زیائەددین لەوێ بووە و لە ئەستەنبۆڵ، بەغدا لە قەفقاز و ئێران و..... کتێب هاتووە و گەیشتووەتە بیارە و هەر و ئیستاش پڕە لە دەستنووس وبەڵگەی پڕبایەخی مێژوویی.

سوڵتانی ڕایگەیاند: یەکێک تر لە کتیبخانە گرینگ و کۆنەکانی کوردستان کە لە سنە بووە، کتێبخانەی بنەماڵەی مردۆخی بووە کە لە بەردەست ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد مردۆخ دا بووە و تا سەردەمی پەهلەوی دووەمیش هەر کەڵکی لێ وەرگیراوە.

 ڕاشیگەیاند: سەرەڕای کتێبخانە زانستییەکانی وەک کتێبخانەی تەکیەی کەرکووک و کتێبخانەی شێخ مەعروفی نۆدهی لە هەندێ حوجرەی کوردستانیشدا وەکوو حوجرەی تورجان، مورادئاوا و دەوڵەتئاوا و .......کتێبخانەگەلی کەم و کۆڕ بووە کە ئەتوانین بڵێین ئەمانە پەیوەست و بەندیواری کتێبخانەی بیارە بوونە.

سوڵتانی وتی :بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە بە تێروتەسەل مێژووی دانان و گەشەی کتێبخانەکانی کوردستان بنووسین. ئەوە دەزانین کە دوای سەدەی ناسری و هاتنی بریتانیاییەکان بۆ کوردستان چارەنووسی کتێبخانەکانی کوردستان گۆڕا و زۆربەی دەستنووس و بەڵگە نووسراوە مێژوویەکانی کوردستان لە ڕێگای دەستوپەیوەندەکانی بریتانیاوە تاڵان کران و برانە دەرەوە.

جەختیشی کرد: پێویستە چارەنووسی کتێب و کتێبخانەکانی کوردستان بنووسرێتەوە و بۆ بەرەی داهاتوودا ڕوون بکرێتەوە کە ئەو هەموو دەستنووس و بەڵگە مێژوویی و زانستیانەی کوردستان چییان پێهاتووە .ئەگەرچی ئەم دەستنووسانە لە هەر شوێنێکی جیهان بن هەر بەشێکین لە مێژووی کورد نەک ئەو وڵاتەی کە ئێستا هەڵی گرتووە و لە موزەخانەکانیدا پیشانی دەدات.

ئەو لێکۆڵەرە کوردە ڕایگەیاند: بۆ ئاگاداری و خوێندنەوەی دەستنووس و بەڵگە مێژووییەکان دەبێ ئاگاداری رەوتی پێڕست نووسی، کتێب ناسی و بەڵگە خوێنی بین و ناسیاومان لەگەڵ زانستە ئیسلامییەکان بێت چونکوو یەکەمین کتێب خانەکانمان لە حوجرەکان و بە دەستی مامۆستایانی ئایینی نووسراوە، ئەمەش تەنیا بە کار وئەزموون و فێرکاری لە خزمەتی ئەو مامۆستایانە دەدەستمان دەکەوێت کە تەمەنیان بۆ ئەم کارە داناوە.دەبێ خەت بناسین و رەوتی تەکامولی خەت و نووسینیش بزانین و خوێندنەوە و تویژینەوەمان لەسەری ببێت.

یەکەم دەستنووسە کوردییەکان لە سەر شعێرو ئەدەبی کوردیە

دوکتۆر  ئیسماعیل شەمس، لێکۆڵەری کوردناسی و توێژەری بواری کوردستان ناسی وتی: خوێندنەوەی بەڵگە و دەستنووسەکان بەشێکی زۆری شوناسی کورد ئاشکرا دەکات.

شەمس رایگەیاند:  یەکەم دەستنووسە کوردییەکان شعێری کوردیە . بە پەخشان و دەق  زۆر دواتر و چەند سەدە دوای شێحری کوردی ئێمە دەقی دەستنووسی کوردیمان هەیە و مێژووی بەڵگەنامە بە زمانی کوردی هەر زۆر تازەیە. پێشتر زۆربەی کەسایەتییە کوردەکان بەڵگەنامەکانیان بە زمانی عەرەبی، تورکی و دواتریش فارسی دەنووسی. لە داخوازییە فەرمییەکانەوە هەتا بەڵگەنامەی، وەقف، تەڵاق و زەواج. یەکەم بەڵگەنامەی کوردی مێژووی ناگاتە دوو سەدە.

ڕاشیگەیاند: ئەگەر مێژووی دەستنووسی کوردی پێنج سەدە تەمەنی هەیە. بەڵگەنامەی کوردی سەد ساڵ یان کەمێک زیاترە. بەڵام مێژووی دەستنووس بە دەست و پێنووسی نووسەرانی کورد تەمەنی درێژە. نووسەرانی کورد تا چوار پێنج سەدە هەر بە عەرەبی دەیاننووسی وەک دیکەی نووسەرانی وڵاتانی ئیسلامی. ئێمە مێژووی پێش ئیسلام نازانین کە چون بووە. پێش ئیسلام زۆرتر کەتیبەیە و ئاگامان لەوەنییە کە نووسەرانیان کورد بووە یان نە. بەڵام دیارە بە زمانی کوردی نین.

شەمس زیادی کرد: بەشێک لە نووسەرانی کورد لە سەدەی دەیە کۆچی، بە فارسی دەیاننووسی، لە شەرف خانی بەدلیسی تا سەردەمی هاوچەرخ و گەیشتنی مێژوو نووسی بە دەستی ئایەتوڵڵا مەردۆخ، مێژوو نووسی بە فارسی بووە. بەڵام لە شێعردا وا نەبوو.

وتیشی: بە داخەوە تا ئێستا کاتالۆگێکی تەواو و رێک و پێکمان لە دەستنووسی نووسەرانی کورد نییە. دەستنووسی نووسەرانی کورد لە هەموو جیهاندا زۆر زۆرە و تا ئێستا 90 لەسەدی ئەو دەستنووسانە بە نەکراوەیی و نە خوێنراوی ماوەتەوە و لە موزەخانەکان و کتێبخانەی ماڵاندا هەڵگیراوە و بە ئاسانی دەستی لێکۆڵەرانی پێناگات. و ئەگەر بخوێندرێنەوە و راست بکرێنەوە بەڕاستی بەشێکی گەورە لە شوناسی کورد و مێژووی کوردستان روون دەبێتەوە.

بەشێکی زۆر لە مێژووی کورد نەنووسراوەتەوە

هەروەها لای خۆشیەوە دوکتۆر محەمەد شێخ ئەحمەدی توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە بەشی مێژوو وتی: بەشێکی زۆر لە مێژووی کورد بە تایبەت لە چەند سەدەی ڕابردوو نەنووسراوەتەوە و کۆ نەکراوەتەوە و هێشتا ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەم مێژووە نییە چونکوو  زۆربەی ئەو دەستنووسانە کە مێژووی کورد و کوردستانی تێدایە هێشتا نەخوێندراونەتەوە و تەسحیح و ڕاست نەکراونەتەوە.

جەختیشی کرد: بۆ پێڕست نووسی دەستنووس و بەڵگەنامە کوردییەکان پێویستە ناوەندێک لە کوردستاندا بکرێتەوە تا کەسانیکی شاڕەزا و مامۆستای ئەم بوارە دەست بدەنە خوێندنەوە و ڕاست کردنەوەیان و ئەرشیڤێکی نەتەوەیی دروست بێت تاکوو خوێندکاران و توێژەران و بەرەی داهاتوو بتوانن کەڵکیان لێوەرگرن.

News Code 22334

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 6 =