مێژوو نووسیی کوردی تووشی ئایدۆلۆژیاگه‌رایی بووه‌

یه‌که‌مین کۆڕی زانستی هه‌شته‌مین پێشانگای کتێبی کوردی له‌ سنه‌ سه‌باره‌ت به‌ خه‌سارناسی مێژوونووسی کوردی له‌م پێشانگه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، دوێنێ ئێواره‌ یه‌که‌مین کۆڕی زانستی هه‌شته‌مین پێشانگای کتێبی کوردی له‌ سنه‌ سه‌باره‌ت به‌ خه‌سارناسی مێژوونووسی کوردی له‌م پێشانگه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌م کۆڕه‌ محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی، ئیسماعیل شه‌مس و نه‌جات عه‌بدوڵا وته‌کانی خۆیان پێشکه‌ش کرد.

له‌ سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمه‌که‌ دوکتور محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی سه‌باره‌ت به‌ مێژوو نووسی کوردی وتی: کورد له‌ سه‌رده‌می شه‌رف خانی به‌دلیسییه‌وه‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوو که‌ بۆ ۴۰۰ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رکه‌س ده‌ست بۆ نووسینه‌وه‌ مێژوو ده‌بات ده‌بێت که‌سێکی ئاگادار له‌ هه‌موو بواره‌کان بێت و ئاگاداری وردی هه‌موو ڕووداوه‌کان بێت.

ئه‌و زیادی کرد: به‌داخه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ مێژوونووسمان نییه‌ واتا له‌ دوای ئایه‌تۆڵا مه‌رده‌ووخه‌وه‌ ئێمه‌ که‌سمان نییه‌ که به‌ڕاستی خۆی بۆ مێژوونووسی ته‌رخان کردبێت و سه‌رده‌می ئێمه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خراب ترین سه‌رده‌مه‌کانی نووسینه‌وه‌ی مێژوو. که‌سێک بێت بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی له‌ خێڵ و حزب و هتد بنووسێته‌وه‌ ئه‌مه‌ نابێت به‌ کاری زانستی و پته‌وی مێژوو نووسی زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ی خۆیان پێیان خۆشه‌ ده‌ینووس و بیره‌وه‌ری تاکه‌ که‌سییه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م کۆڕه‌ نه‌جات عه‌بدوڵا مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵه‌ری کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان وتی: هه‌موومان ده‌زانین که‌ مێژوو نووسی کوردی به‌ شه‌رف نامه‌ له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان ده‌ستی پێ کرد که‌ به‌ زمانی فارسی نووسراوه‌.

وتیشی: به‌داخه‌وه‌ شه‌رف نامه‌ش ته‌نیا حه‌کایه‌تی مێر و سه‌رۆک خێڵ و هۆزه‌کانه‌ واتا هه‌رگیز نه‌هاتووه‌ته‌ ساحه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ سه‌ر خه‌ڵک و شاره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بنووسێت.

ئه‌م مامۆستای زانکۆیه‌ وتی: ئه‌وه‌ی له‌ مێژوو نووسی کوردی تاکوو ئێسته‌ نووسراوه‌ سه‌رتانسه‌ری و گشتی نییه‌، پارچه‌ پارچه‌یه‌ و ئه‌مه‌ به‌ڕاستی پێویستی به‌ کار و ئیشی زۆر هه‌یه‌، ڕوانگه‌یه‌کی زاڵی دیکه‌ له‌ ناو ئێمه‌ کورد هه‌یه‌ که‌ هه‌ر که‌س کارێکی کرد چی دیکه‌ که‌س ناوێرێت ئیشی له‌ سه‌ر بکات، له‌ حاڵێکدا ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بێت مێژوو له‌ زۆر ڕوانگه‌ی جیاواز له‌ یه‌کتر لێکبدریته‌وه‌ چۆن ده‌بێت ۴۰ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا کتێبێک نووسرابێت که‌س نه‌وێرێت شتی دیکه‌ له‌و بواره‌ بنووسێت له‌م ۴۰ ساڵه‌دا به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ و ده‌سنووسی نوێ به‌ ده‌ست هاتوون که‌ ده‌توانێت ڕه‌هه‌دنێکی دیکه‌ له‌ مێژووی ئێمه‌ ڕوون بکاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی ئه‌م کۆڕه‌دا، ئیسماعیل شه‌مس، مامۆستا و لێکۆڵه‌ری مێژووناسیی کوردی وتی: مێژوو ده‌بێت به‌ پێی زانست و عه‌قڵانیه‌ت بنووسرێته‌وه‌، عه‌قڵانیه‌تێکی کراوه‌ که‌ دواجار خۆی نه‌بێته‌ به‌ربه‌ست بۆ ئێمه‌.

ئه‌و له‌ دریژه‌ ئاماژه‌ی دا که‌ مێژووی نووسی سه‌رده‌می ئێمه‌ له‌ هه‌رچی کاته‌ دۆخی خرابتره‌ و تووشی ۳ جۆره‌ ئایدۆلۆژیا بووه‌ که‌ هه‌رسێکیان دده‌ست بۆ گۆڕینی ڕاستییه‌کان ده‌به‌ن.

دوکتور شه‌مس وتی: یه‌که‌م ئایدۆلۆژیا که‌ مێژوونووسی ئێسته‌ی کورد ئازاری لێده‌بات، ئایدۆلۆژیای مه‌زهه‌بییه‌ که‌ ئێسته‌ له‌ زۆر ڕه‌نگی وه‌ک سه‌له‌فییه‌کان ده‌بینرێت، ئه‌مانه‌ هه‌رچی شتی عه‌ره‌به‌ به‌ باش ته‌فسیر ده‌که‌ن و له‌ ڕوانگه‌ی ئۆمه‌تی عه‌ره‌بی کوردیش ده‌خه‌نه‌ ئه‌و بازنه‌یه‌ و هه‌رگیز ئاماده‌ نین ئاماژه‌ به‌و سته‌مکارییه‌ بکه‌ن که‌ حوکامی عه‌ره‌ب له‌ مێژوودا له‌ دژی کورد کردوویانه‌، هه‌چی شته‌ عه‌ره‌بی باشه‌ و جه‌نتییه‌ و هتد، ئه‌مه‌ سانسۆڕ کردن و ده‌ست بردن بۆ مێژووه‌. 

ئه‌م مامۆستا کورده‌  زیادی کرد: دووهه‌م ئایدۆلۆژیا ناسیۆناڵیستی کوردییه‌، ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ش به‌داخه‌وه‌ زۆر خراپ و تووند له‌ مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ ده‌ڕوانێت و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو لایه‌نی نه‌رێنی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ زه‌ق بکاته‌وه‌ و له‌ به‌رنابه‌ردا هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌و به‌شه‌ مێژووییه‌ ناکات که‌ ئێمه‌ له‌م مێژوودا له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ وه‌ک کورد ژیاوین و ژیانی هاوبه‌شیمان بووه‌ و ببێته‌ مه‌جالێک بۆ کرانه‌وه‌ و هه‌موویان سه‌رجه‌م سانسۆڕ ده‌کات و دوژمنکاری به‌رز ده‌کاته‌وه‌. 

دوکتور شه‌مس له‌ کۆتایدا وتی: سێهه‌م ئایدۆلۆژیا چه‌په‌ به‌ هه‌موو فۆڕمه‌کانی که‌ له‌ نووسینوه‌ی مێژوو بڕوایان به‌ سنوور و نیشتمان نییه‌ و ده‌ڵێن ده‌بێت جیهانی بیر بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ جوغڕافیا و ئه‌م سنووره‌وه‌ بێت ئه‌وان سانسۆڕی ده‌که‌ن و ڕۆڵی کورد وه‌ک شوناسێک سانسۆڕ ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش خه‌سار و زیانێکی گه‌وره‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌بێت زانستی و به‌ دوور له‌ هه‌رجۆره‌ لاینگری و ئایدۆلۆژیایه‌ک کاری مێژوو نووسی بکه‌ین.

شایانی باسه‌ له‌ کۆتایی ئه‌م کۆڕه‌ به‌شدار بووانی پانێله‌که‌ چه‌ندین پرسیاریان پێشکه‌ش به‌ مامۆستایان کرد و ئه‌وانیش وڵامیان دایه‌وه‌.

News Code 22324

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 7 =