سنە دەفرایەتی بوون بە پایتەختی کتێبی ئێرانی هەیە

ڕاوێژکاری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیرشاد وتی: دەبێ بەرپرسانی فەرهەنگی هەوڵ بدەن کە سنە ببێتە پایتەختی کتێبی ئێران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هۆمایوون ئەمیرزادە ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی هەشتەمنین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی کوردستان ڕایگەیاند: داهاتووی کوردستان پڕ لە چالاکیگەلی فەرهەنگی دەبێت و بۆ شەش مانگی کۆتایی ساڵ لە کوردستان پلان بۆ چالاکیگەلێکی زۆری فەرهەنگی داڕێژراوە و لەو ماوەیەدا کۆنگرەی بلیمەتانی کورد، ئیمام شافیعی و کتێبی ساڵ لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.

ڕاوێژکاری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئاماژەی بە پێدانی ٦٠٠ ملیۆن تمەن یارانە بە خەڵکی بۆ کڕینی کتێب دا و ڕاشیگەیاند: رێبەری باڵا لە سەفەری خۆیان بۆ کوردستان ئەم پارێزگایەیان، پارێزگای فەرهەنگ و هونەر زانی و هەر بۆیە دەبێ ئەم وڵاتەی پڕ لە زانست و فەڕ و شکۆیە سەرنجی زیاتری بدرێتێ و ئێمە لەو بوارەدا هەوڵی زیاتر دەدەین.

ئەمیر زادە بە ئاماژە بە پێگەی کوردەکان لە کۆڵکەزێرینەی گەلانی ئێرانی، بیری هێناوە کە کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ پەیوەندی و هەڵسوکەوتی فەرهەنگی لە گەڵ کوردانی عێراق.

ڕاوێژکاری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی زیادی کرد: بەڕێوەچوونی پیشانگای کتێب لە پارێزگاکان هەنگاوێکە لە پێناو گەشە و پەرەدان بە کتێب و کتێبخوێنی و ئەمساڵ لە ٢٣ پارێزگای وڵات بە نزیکەی ٨ ملیارد تمەن گۆژمە پیشانگای کتێب کراوەتەوە.

شایانی باسە، هەشتەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی کوردستان بە ئامادەبوونی ٤١٢ بڵاوکەرەوەی کتێبی ناوخۆیی و دەرەکی و ٣٦٢ نوێنەرایەتی کە پێکهاتوون لە ١٩٥ بڵاوکەرەوەی سەربەخۆ، ١٥٧ بڵاوکەرەوەی نوێنەرایەتی، ١٠ بڵاوکەرەوەی پارێزگایی و ٥٢ بڵاوکەرەوەی لاتین لە قەوارەی ٢٣٠ ژوور ڕێکخراوە. ٢٠٥ ژووری پیشانگای کتێبی ئەمساڵ تایبەتە بە بڵاوکەرەوەکانی دەرەوەی پارێزگا و ٢٥ ژووریش بە بڵاوکەرەوە ناوخۆییەکانی پارێزگا تەرخان دراوە.

هەشتەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی کوردستان بە پێوشوێن گرتن و بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان، چالاکییەکانی خۆی لەوڕۆ ١٨ی مانگی ڕەزبەرەوە دەست پێکردووە و تا ٢٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

News Code 22312

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 0 =