عەرەبستان خاشقجی ڕفاندووە و کوشتوویەتی

ستفان لەندمەن بە ئاماژە بەوەی کە عەرەبستان زاڵم‌ترین و ستەمکارترین دەوڵەتی دیکتاتۆری لە جیهانی عەرەبە، وتی: ڕخنەگری سعوودی بە ئەگەری زۆرەوە لە لایەن عەرەبستان ڕفێندراوە و کوژراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: هەواڵی ون بوونی جەماڵ خاشقجی نووسەر و ڕەخنەگری ناسراوەی سعوودی پاش سەردانی بۆ کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەنبۆڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرزانی لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی سعوودی، کۆمەڵێک کاردانەوەی هەمبەر بە سیاسەتگەلی سەرکوتکەرانەی محەمەد بێن سەلمان وەلیعەهدی عەرەبستان بە دواوە بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوو بەرپرسی ئاگادار لە دەوڵەتی تورکیا رۆژی شەممە ڕایان گەیاند کە ئەو وڵاتە پێی وایە جەماڵ خاشقجی رۆژنامەنووس و ڕەخنەگری ناسراوەی سعوودی چوار رۆژ لەوە پێش بۆ ئەنجامدانی کاروباری کۆنسولی سەردانی کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەنبۆڵی کردووە و لە ناوخۆی کۆنسولخانەدا کوژراوە.

بەرپرسێکی دەوڵەتی تورکیا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند: لێکدانەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی تورکیا نیشان دەدا کە خاشقجی چۆتە ناو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەنبۆڵ و لەوێدا کوژراوە. ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە بکوژانی ئەو رۆژنامەنووسە بە پلان داڕشتنی پێشترەوە ئەو کارەیان کردووە و پاشان تەرمی ناوبراو براوەتە دەرەوە کۆنسولخانەکە.

ستفان لەندمەن بیرمەندی ئەمریکی سەبارەت بەو ڕووداوە بە هەواڵنێڕی مێهری وت: عەرەبستان زاڵم‌ترین و ستەمکارترین دەوڵەتی دیکتاتۆری لە جیهانی عەرەبە و بنەماڵەی سعوودی لە جل و بەرگی شەرعیدا دەست دەدەنە توندوتیژترین جەنایەتەکان و لە لایەکی دیکەوە لە پەنای ئەمریکا، ئیسرائیل و هەندێکی لە پاڵپشتانی ناوچەیی، یارمەتیی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەدەن.

ناوبراو وتیشی: حکوومەتی ئەو وڵاتە تەواو ستەمکارانەیە و تاقەتی هیچ جۆرە ناڕەزایەتی و دژایەتییەکی نییە و مافی هاووڵاتی، میتینگ، میدیای ئازاد و ئازادی زانستی و ئاکادیمیک لەو وڵاتە هەر بوونی نییە.

مامۆستای زانکۆی هارڤارد بیری هێنایەوە: پەیوەندیی نزیکی نێوان ئەمریکا و عەرەبستان بۆ دەرەتانێک بۆ کوشتنی نایاسایی و ئەشکەنجە و دەستگیریی سەرەڕۆیانەی چالاکانی سیاسی و بەرتەسک کردنی ئازدیی ڕادەبڕین و بزووتنەوە و ناوەندە ئایینییەکان لە لایەن بنەماڵەی سعوودی، بە بێ ئەوەی کەسێک ڕەخنەیان لێ بگرێت.

لەندمەن جەختی کرد: ئەو هەنگاوانەی سعوودی بە هاوکاری و پلان بۆ داڕشتنی ئەمریکا بە تایبەت لە شەڕی دژ بە یەمەن ئەنجام دەدرێت کە لە ئێستا بۆتە قەیرانێکی مرۆیی بۆ ملیۆنان هاووڵاتیی یەمەنی و قاتەساڵی و وێرانیی بەرفراوان لەو وڵاتە.

ناوبراو سەبارەت بە دۆخی خاشقجی وتی: ئەگەری زۆری هەیە کە عەرەبستان ئەو رۆژنامەنووسەی ڕفاندبێت و کوشتبێتی. ئەگەر بەو جۆرە بێت ئەوا سعوودییەکان تووشی هەڵەیەکی گەورە هاتوون.

لەندمەن سەبارەت بە کاریگەریی ئەو ڕووداوە لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و عەرەبستان ڕوونی کردوە: بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتە کاریگەرییەکی نەرێنیی لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و عەرەبستان دەبێت. بەڵام پێناچێت کە ئەو کاریگەرییە درێژخایەن بێت.

News Code 22253

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 4 =