نەنووسین بە زاراوەکان خەیانەت لە زمانی کوردیە

"دەبێ بە هەموو زاراوەکان بنووسین. چونکوو بەم جۆرە دەتوانین وشە ڕەسەن و پەتیەکانی زاراوەکانی زمانی کوردی لە سڕینەوەی هەمیشەیی بپارێزین و بە ڕای من ئەم کارە زۆر خزمەتێکی گەورە بە زمانی دایکیە."

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، به‌شی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی-حه‌لیمه‌ موڵایی؛ مامۆستا عەدنان بەرزەنجی ساڵی ۱۳۵۸ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە شاری سنە لە دایک بووە. سەرەتای خوێندن و نووسینی هەر بە زمانی کوردی و لە خزمەتی باوکی بەڕێزی، جەنابی مامۆستا سەید مەهدی بەرزەنجی بووە.

پێش لەوەی بچێتە قوتابخانە هەندێ لە کتێبە ئایینییەکانی بە زمانی کوردی خوێندووەتەوە. ڕۆحی ناسکی ئەم نووسەرە بە شێعرەکانی مەولەوی، مەحوی، مەهجووری، هێمن و هەژار، میرزای هەورامی فرچک دەگرێت و دواتریش لەگەڵ شێعرەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و مامۆستا شەریف ئاشنا دەبێت. دواتر دێتە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی و لەگەڵ شاعێر و نووسەرانی سەردەم ناسیاوی پەیدا دەکات و بەرهەمەکانیان دەخوێنێتەوە و وردە وردە تێکەڵی جیهانی بەرینی شێعر و ئەدەبی کوردی دەبێت. پاشان  لە زانکۆی کوردستان و لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی عەرەب وەردەگیردرێت و بە تەواوەتی دەبووژێتەوە  و پاش خوێندنی قۆناغی کارناسی، هەوڵ دەدات بۆ فێربوونی زمان و وێژەی کوردی بە شێوازێکی ئاکادمیک و بۆ ئەم مەبەستەش دەچێتە هەرێمی کوردستان و لەوەێ زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەخوێنێت.

عەدنان پاشان دەگەڕێتەوە ئێران  و نوێنەرایەتی فێرگەی زمانی سۆما لە سنە وەردەگرێت. دواتر خۆی بە هاوکاری ژمارەیەک لە نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی کوردستان، فێرگەی زمانی ڕاژە دەکاتەوە و ئێستا بۆ ماوەی ۱۵ ساڵە لە کوردستان خەریکی وانەوتنەوەی زمانی کوردی و فێرکردنی ئەدەبیاتی کوردی بە لایەنگرانی ئەم زمانەیە.

بەرزەنجی سەرەڕای وەرگرتنی کارناسیی زمانی عەرەبی و ماستەریی زمانی کوردی و کارناسیی فیقهی ئیسلامی. ماستەری مێژوو و دوکتۆرای مێژووی هەیە وماندوویی نەناسانە بەردەوامە لە خزمەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی.

لەم دیمانە لەگەڵ مامۆستا عەدنان بەرزەنجی، نووسەر، وەرگێڕ، شاعێر و لێکۆڵەری زمان و وێژەی کوردی کە هاوکات بەڕێوەبەری فێرگەی زمانی "ڕاژە" لە سنەیە، باسمان لە چالاکییەکانیان لە بواری فێرکاری زمانی کوردی کردووە کە دەقەکەی بەم شێوە بڵاودەبێتەوە؛

لە دەستپێکی چالاکی فەرمی فێرگەی زمانی ڕاژە تا ئێستا چەند کەس لای ئێوە و لەو فێرگەیەدا خوێندن و نووسینی کوردی فێربوونە؟

ئەگەر بە کورتی وڵامت بدەمەوە،لە ماوەی ئەم ۱۵ ساڵەدا زیاتر لە ۳۵ هەزار کەس لای ئێمە قۆناغەکانی خوێندن و نووسینی کوردییان تەواو کردووە. لە تاقیکردنەوەی کۆتاییدا بەشدارییان کردووە و بەڵگەنامەی فەرمیان وەرگرتووە.

چالاکییەکانی فێرگەی ڕاژە جگە لە فێرکردنی زمانی کوردی یەکگرتوو، چی دیکەیە؟

کاری وەرگێران بە زمانی کوردی یان لە زمانی کوردیەوە بۆ فارسی، کار لەسەر ئەدەبیات و وێژەی کوردی، فێرکردنی خوێندن و  نووسینی زاراوەکانی دیکە وەک کرمانجی، هەورامی و کەلهوڕی و بەڕێوەبردنی حەوتانەی کۆڕی چیرۆک نووسی و لێکدانەوەی چیرۆک دەکەین . کۆڕی نالی ناسی بەڕێوەدەبەین و بۆ هەرکام لەم بەشانەش مامۆستای تایبەت و پسپۆڕی ئەو بەشە لە خزمەتی بەشداربواندایە. هاوکات بەشێکی چالاکیشمان کاری پیت چنی و هەڵەچنی کتێب و نووسراوە کوردییەکان بەشێوەیەکی تایبەتی ئەنجام ئەدات.

داخوازی  و پێشوازی خەڵکی کوردستان بە تایبەت گەنجان بۆ فێربوونی زمانی دایکی یان دیکەی بەشەکانی ئەدەبیاتی کوردی چۆنە؟

خەڵک داخوازییان ئەوەیە بە شێوەیەکی سەرەتایی  و لە قوتابخانەکاندا منداڵەکانیان فێری زمانی دایکی و ئەدەبیاتی ئیتنیکی خۆیان بن؛ نەک بەم شێوە پەرتەوازە کە یەکێک لە فێرگە و دوان بۆ خۆی و سێیان لە ڕووی گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب و نووسراوە کەمو کوۆڕ فێر زمانی دایکی بێت و منداڵەکانیان هیچ لە ئەدەبیات و مێژوو و فەرهەنگی خۆیان نەزانن. چونکوو فێرگە بە تەنیا ناتوانێ کاری باش و کاریگەر بکات.خۆشبەختانە خەڵک بە باشی پێشوازی لە فێربوونی زمانی دایکی دەکەن و ڕاستی ئەوەیە کە خواست و حەز بۆ فێربوونی زمانی دایکی پیر وگەنج و ژن و پیاو و منداڵ ناناسێت و خەڵک بە دڵی کراوە و بە شانازی و خۆشی دێن بۆ فێربوونی زمانی دایکی.

ڕاژە لە بواری وەرگێڕان و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبیش کار دەکات، لە ڕاژوەوە کتێب هاتووەتە ناو بازاڕ؟

بەڵێ ڕاژە لە بواری وەرگێڕان دا کار دەکات و کۆڕی وەرگێرانمان چەندین ساڵە بەردەوامە و وەرگێڕی زۆر باش و لێهاتووشمان ناردووەتە دەرەوە و بەرهەمی زۆریشیان چاپ کردووە. بەڵام نەک بەو شێوە کە ئێمە چالاکییەکانمان وەک بڵاڤگە بێت. ئەوانەی لە ڕاژە فێری تەکنیکەکانی وەرگێڕان دەبن، کتێبەکانیان لە بڵاڤگەکانەوە چاپ و ڕەوانەی بازاڕ دەکەن. کتێب زۆرن ڕەنگە زیاتر لە ۶۰ کتێب کە قوتابیانی ڕاژە لەم ماوەیەدا وەریان گێڕاوەتەوە یان کۆیان کردووەتەوە چاپ بووە یان ئامادەی چاپە. هەندێ کەس هاتنە ڕاژە کە سەرەتا زۆر لاواز بوون و تەنانەت کوردیشیان باش نەدەزانی و ئێستا پاش چەندین ساڵ هەوڵی ماندوویی نەناسانەی بەردەوام، بەرهەمی چاپ کراویان هەیە.

تەنیا لە سنە کار دەکەن یان لقی ڕاژە لە شارەکانی دیکەش هەیە؟

لە گوند و شارە کوردنشینەکانی دیکەش تا ڕادەیەک کارمان کردووە. لە کرماشان، سەلاسی باوەجانی، مەریوان، دیواندەرە، کامیاران، دێولان، رەوانسەر و پاوە و جوانڕۆ وانەی کوردیمان وتووەتەوە و چالاکیمان بووە. بەڵام هەندێ کێشە هەبووە کە پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆییەوە هەیە و بوونەتە لەمپەڕ کە نەمانتوانیوە زۆر بەربڵاو کاربکەین. هیوادارین کە لە داهاتوودا باشتر و بەربڵاوتریش کار بکەین. ئێمە حەز بە کاری فەرهەنگی دەکەین و تا ئێستاش بە هیچ لەونێک خۆمان لە باسی سیاسی نەداوە و فوکووسمان تەنیا لەسەر کاری فەرهەنگیە و بەس.

پەیوەندیتان لەگەڵ ناوەندە ئاکادمیکەکان لە ئێران و هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ کاری هاوبەشتان چی بووە؟

پەیوەندیمان لەگەڵ بەشی کوردستان ناسی زانستگای کوردستان و بەشی کوردستان ناسی زانستگای ئازادی ئیسلامی سنە زۆر باشە. لەگەڵ شوێنە ڕۆشنبیرییەکانی ناوەند(تاران) و لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئێران، لەگەڵ ناوندە فەرهەنگییەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەکان وەک سەردەم و ئاراس وەکوو بنکەی ژین پەیوەندیمان هەیە بەڵام زۆر نییە.

کاری هاوبەشیشمان "بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نێونەتەوەیی ئەدەبیاتی کوردی" "ئەردەڵان ناسی"، "ئەدەبیاتی ئیسلامی" و یادوبیرەوەی ژمارەیەک لە شاعێران و کەسایەتییە ئەدەبییەکان بووە وەکوو کۆنگرەی تایبەت بە خوالێخوەشبوو مەحیەدین حەق شناس، کۆڕی عەباس کەمەندی و کۆڕی ڕێزگرتن لە مەهین دوخت موعتەمەد وەزیری .....

سەرەڕای ئاماژەی ڕاستەوخۆی یاسای بنەڕەتی ئێران بە مافی خوێندن بە زمانی دایکی ئەم یاسا تا ئێستا بە فەرمی و لە ناوەندە فێرکارییە دەوڵەتییەکان جێبەجێ نابێت. بە ڕای ئێوە  لەمپەڕەکان کامەن؟ پێشنیارتان چییە بۆ چارەسەری و هەڵگرتنی ئەم لەمپەڕانە ؟

یاساکە خۆی لێڵە و ڕوونی نەکردووەتەوە مەبەستی چییە. ئەڵێت ئیزنیان هەیە ئەدەبیاتی ئەو ناوچەیە بخوێنن و ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی بە خوێندنی زمانی کەمینەکان نەداوە. بەڵام هەر ئەو کەمەش کە لە یاسادا هاتووە و باس لە خوێندن و فێربوونی ئەدەبیاتی ئیتنیکەکانی ئێران دەکات بۆ ئەو ناوچانەی کە دوو زمانەن و زمانی خەڵک لەگەڵ زمانی فەرمی وڵات جیاوازە، تا ئێستا بە باشی و بە گوێرەی یاساکە جێبەجێ نابێت و ئەمەش خۆی لە خۆیدا پشت گوێ خستنی یاسایەکی فەرمی و بنەڕەتی ئێرانە. بە دواداچوونی زۆریشمان بۆ کردووە بەڵام وڵاممان نەگرتووە. راستی ئەوەیە تەنیا لە کاتی هەڵبژاردندا بەربژارەکان ئەم یاسایەیان وەبیر دەکەوێت. کاتێک بەڕێز ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران هاتە کوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن؛ باسی خوێندنی زمانی کوردی کرد و وتی: بەمزوانە زمانی کوردی دەچێتە قوتابخانەکانی کوردستان.

هەروەها کاتێک بەڕێز ڕەئیسی هاتە کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیوت: ڕۆحانی دەڵێت ئێمە کاری زۆرمان لە کوردستان کردووە و زمانی کوردیمان ئازاد کردووە؛ ئێمە دەڵێین زمانی کوردی خوا ئازادی کردووە. دەی بەڕێز ڕەئیسی ئێمە بۆچی ئەوەمان نەدی. هەڵبەت ئەمانە بانگەشەی هەڵبژاردن بوون و بێ گومان پڕوپووچن . بەڵام وەزیری پەروەردەی ئێران بۆچی دەڵێت: "خوێندن و وانە وتنەوەی زمانە ئیتنیکییەکان خەیانەتێکی گەورەیە بە ڕۆحی زمانی نەتەوەیی ئێران". لە حاڵێکدا کە باڵاترین بەرپرسی وڵات واتا خودی ڕێبەری ئێران لە کوردستاندا وتیان: "زمانی کوردی سەروەرتی نەتەوەییە." کە واتە ئەم جۆرە ئاوڕدانەوە دڵخوازانە لە یاسا خۆی هۆکاری زۆرێک لە کێشە و لەمپەڕەکانە. چارەسەر ئەوەیە کە بەرپرسانی دەوڵەتی ئاوڕی زیاتر لە بواری یاسایی ئەم پرسە بدەنەوە و چارەسەرەکەی تەنیا جێبەجێ کردنی یاسایە و لەبەرچاوگرتنی پێودانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانه.‌

چەند بەرهەمتان تا ئێستا هاتووەتە ناو کتێبخانەی کوردی و کاری تازە و بەرهەمی نوێ ئەدەبی یان وەرگێران چیتان بەدەستەوەیە؟

هەر ئەمساڵ چوار بەرهەمم چاپ بووە. سێ بەرهەمیان لە بواری ئەدەبیاتدایە و کتێبە شێعرن بە ناوی " گۆئەستێرە، ئەگەر مردم لەناو لەپی دەستدا بمنێژە و سەردێڕەکان" کۆی شێعرەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆمە. کارێکی مێژوویشم وەرگێراوەتەوە سەر زمانی کوردی کە لە دەزگای سەردەم چاپ بووە. "کورد و کوردستان لە هەزارەکانی پێش مێژوو، چاخی کەونینە". بەرهەمێکی دیکەشم لەسەر چیرۆکی فلکلۆری کوردی ئامادەی چاپە کە هیوادارم هەر ئەمساڵ بێتە بازاڕ.

پیشتریش کتێبەکانی "کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان" لە شەش بەرگدا ، "عەلەوییەکانی زاگرۆس" لە دووبەرگ ، "بنەماڵەکانی حەقیقەت"، "ڕۆمانی مێژوویی مەستوورە"، "چیرۆکێکی فولکلۆری ناوچەی ئەردەڵان"، کتێبی "خوێندن و نووسینی زمانی کوردی"، "فێرکاری پێش هاوسەرگیری"م چاپ کردووە.

ئاسۆی داهاتووی ڕاژە چۆن دەبینین؟

ئاسۆی ئێمە بۆ ڕاژە ئەوەیە کە سەرەتا وەک قوتابخانەیەکی زمانی کوردی و دواتر وەک زانستگایەک بەردەوام بێت لە کار و چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی و زمانەوانی.

ڕای ئێوە لەسەر نووسینی ڕۆمان شێعر و پەخشان و.... بە دیکەی زاراوە کوردییەکان وەک سنەیی، کەلهوڕی ، هەورامی ، گەڕووسی و .... چییە؟ زۆر کەس دەڵێن باشترە هەموان بە زمانی کوردی یەکگرتوو بنووسن، چونکوو بەردەنگی زیاترە.

من پێچەوانەی ئەو ئازیزانە بیر دەکەمەوە دەبێ بە هەموو زاراوەکان بنووسین. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وشە ڕەسەن و پەتیانەی لەو ناوچانەدا هەیە نەسڕدرێتەوە و بە ڕای من زۆر خزمەتێکی گەورەیە و بۆ وێنە نووسین بە زاراوەکانی وەک کەلهوڕی، سنەیی، کولیایی، لەیلاخی و.....جگە لەوەی کە دەوڵەمەند کردنەوەی کتێبخانەی کوردیە دەبێتە هۆی پەرەدان بە زاراوەکەش و زمانی یەکگرتوومان پێ بەهێزتر دەبێت. من  بڕوام وایە ئەگەر دەمانەوێت زمان بپارێزین دەبێ زمان بە گشتی و بە هەموو زاراوەکانیەوە بپارێزرێت. ئەگەر هەموو شتێکمان بکەین بە کوردی یەکگرتوو، زاراوەکان لەناودەچن و لەبری خزمەت خەیانتەمان کردووە.

News Code 22129

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 4 =