ئێران تا بنەبڕکردنی یەکجاریی تیرۆریزم لە سووریا  دەمێنێتەوە

سەرۆک کۆمار لە دیداری بلیمەتانی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تا بنەبڕ کردنی یەکجاریی تیرۆریزم و بۆ یارمەتی دانی گەلی سووریا لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران شەوی دووشەممە بە کاتی نیۆیۆرک لە دیداری بلیمەتان سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا بە ئاماژە بەوەی کە دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمید هەر لە سەرەتاوە پەیوەندیی سازێنەر لە گەڵ جیهانی وەک سیاسەتی دەرەکیی خۆی گرتۆتە بەر، وتی: لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکا هەر لە رۆژانی سەرەتایی سەرۆک کۆماری سەرەڕای بوونی پرس و کێشەی بەربڵاو لە نێوان دوو وڵات، بڕیار دەرا وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات لە قەوارەی پرسی ناڤۆکی پێکەوە دیدار بکەن.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە گفتوگۆکانی ناڤۆکی و پابەندبوونی لایەنەکان بەو ڕێککەوتنە دەیتوانی ڕێ خۆش بکات بۆ گفتوگۆ لە بوارەکانی دیکە، جەختی کرد: رێبەری باڵای شۆڕش لە وتەدانی گشتیان ڕایانگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا لە پرسی ناڤۆکیدا پابەند بە تەواو بەڵێنەکانی بێت، ئەو هەنگاوە دەتوانێ بەستێنێک بێت بۆ گفتوگۆ لە پرسەکانی دیکەی نێوان دوو وڵات.

ڕۆحانی بیری هێنایەوە: لە ساڵی ٢٠١٥ سەرەڕای کێشە بەربڵاوەکان لە بەردەم دانوستانەکان، توانیمان بە ڕێککەوتنێک بگەین کە بۆ زۆر کەس جێی سەرسووڕمان بوو کە چۆنە دوو وڵات کە چەندین دەیەیە پێکەوە ناکۆکن، توانیان لەو پرسە ئاڵۆزەدا ڕێککەون.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە هەندێک ئەو کات لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە ناکرێت متمانە بە ئێران بکرێت و ئێران بە بەڵینەکانی پابەند نابێت، ڕایگەیاند: بەرجام تاقیکارییەکی گرینگ بوو و لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەمێنێتەوە. بە پێی ١٢ ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، ئێران سەدانسەد بە تەواو بەڵینەکانی خۆی پابەند بووە. لە کاتێکدا کە لایەنە بەرامبەرەکان چ ئەمریکا و چ وڵاتانی دیکە سەدانسەد بە بەڵێنەکانیان پابەند نەبوون و ئەو بابەتە دەیتوانی بە پێی ڕێککەوتنەکە ئێران بۆ ناپابەندبوون یان کەمتر پابەندبوون بە بەڵێنەکان هان بدات، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە پێناو تۆکمەکردنی متمانە لە ڕای گشتیدا لەو مافەی خۆی بەهرەی نەبرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لە گەڵ هاتنە سەرکاری دەوڵەتی نوێ لە ئەمریکا هەلومەرجێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە و ئەمریکا بە بێ هیچ بیانوو و لۆژیکێک لە بەڵێنەکەی خۆی چووە دەرێ و ئەوە بەو مانایە بوو کە پردی وێرانبووی نێوان دوو وڵات کە بەرەو نۆژەن کردنەوە دەچوو، هەمدیسان تێک ڕووخاوە.

ڕۆحانی دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام بە فیرۆدانی دەرفەتێکی گەورە لە مێژووی پەیوەندییەکانی دوو وڵات زانی و وتی: ئەمریکا وڵاتێکی گرینگە لە جیهان و ئێران وڵاتێکی کاریگەرە لە ناوچەی هەستیاری رۆژهەڵاتی ناڤین و دەمانتوانی بە پەیوەندی گرتن و متمانەی نێوان دوو لایەن هەنگاوی باش هەڵگرین.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە چارەسەرکرانی زۆربەی پرس و کێشەکان لە کاتی خۆی و لە رێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا و ڕەخسانی دەرفەتگەلێکی باش لە بەردەم هەر دوولا، وتیشی: ئەمڕۆ هەندێک بەرپرسی ئەمریکی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە گوشارنانەوە لە دژی ئێران بۆ ڕووخانی دەوڵەتی ئێرانە و ئەوە بەو مانایە کە ئەوان دەیانەوێ بە گشتی متمانە سازبووەکان لە ناو ببەن.

ڕاشیگەیاند: ئەگەرچی ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکی نەگونجاوداین، بەڵام لە ئەگەری واقع بین بوون و بوونی ئیرادەی پێویست، دەکرێت هەلومەرجەکە باشتر بکەین. بەڵام ئەمڕۆ لە دەوڵەتی ئەمریکا قسەگەلێک دەبیستین کە زۆر لێک جیاوازن و قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە گەڵ قسەکانی وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئەمنیی ناخوێنێتەوە.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە بیرۆکەی گوشارنانەوەی ئەمریکا لە دژی ئێران بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی ئێران، بیرۆکەیەکی تەواو هەڵەیە و بێ شک ئەمریکا لەوبارەیە رێگەیەکی هەڵەی گرتۆتە بەر، ڕۆڵی بلیمەتان و خاوەن بیرانی لە بوارگەلی جۆراوجۆر نرخاند و ڕاشیگەیاند: بلیمەتان دەتوانن لە هەلومەرجی ئاڵۆز، رێگە بۆ چارەسەریی کێشەکان بکەنەوە و من لام وایە هیچ کێشە و ناکۆکییەک لە جیهاندا نییە کە رێگە چارەیەکی بۆ نەبێ.

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا ڕووانییە کێشە ئابوورییەکان و جەختی کرد: گەلی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو دۆخێکی زۆر دژوارتریان ئەزموون کردووە و لەو کێشانە بە باشی تێپەڕ بوون و بێ شک دەتوانین بە باشی لەو کێشانەی ئێستاش تێپەڕین. بەڵام لە ئاکامدا مێژوو دەسەلمێنێت کە رێگەی ئێمە دروست بووە.

وتیشی: گەمارۆی وڵاتان لە بەرژەوەندیی هیچ کەس نییە، نە لە بەرژەوەندیی خەڵک، نە وڵاتان و نە کۆمپانیاگەلی بازرگانییە. لە گوشاری دەوڵەتی ئەمریکا تەنیا ئێران زیان نابینێت، بەڵکوو بە هۆی ئەو گەمارۆیانە ئەورووپا، ڕووسیا، چین و کۆمپانیاگەلی بازرگانیش زیان دەبینن و ئەوە بە سوودی هیچ لایەک نییە.

ڕۆحانی لە درێژەدا ڕووانییە پرسی ئامادەبوونی هێزەکانی ئێرانی لە سووریا و بە پێداگری لەوەی کە ئامادەبوونی ئێران لە سووریا بە پێی ویستی دەوڵەتی ئەو وڵاتە و شەڕ لە دژی تیرۆریزمە، جەختی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران تا کاتی بنەبڕ کردنی یەکجاریی تیرۆریزم لە سووریا و یارمەتیی گەلی ئەو وڵاتە بە پێی ویستی دەوڵەتی ئێستایەتی.

سەرۆک کۆمار هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی ئێران و عەرەبستان لە داهاتوودا و بەرژەوەندیی هاوبەشی دوو وڵات کرد و ڕایگەیاند: عەرەبستان سعوودی و ئاسایشی ئەو وڵاتە بۆ ئێران گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکە ساڵانە دەیان هەزار کەس لە هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ بەشدار بوون لە ڕێوڕەسمی حەج دەچنە ئەو وڵاتە و عەرەبستان وەک ناوەندی ئایینی و مەزهەبیی موسڵمانان وڵاتێکی زۆر گرینگە و لە پەنای ئەوانە درواسێی ئێرانە.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە بە داخەوە پەیوەندیی ئێران و عەرەبستان لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر گونجاو نەبووە و ئەوە نە بە هۆی پرسە دوو لایەنەکان، بەڵکوو بە هۆی تووڕەبوونی سعوودییەکان لە شکستەکانی لە ناوچە و سووریا و عێراق بووە و وتیشی: ڕەنگە عەرەبستان لە بابەتی شکستەکانی لە عێراق، سووریا و لوبنان گلەییمان لێ بکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەریی کێشەکان لە بەرژەوەندیی ناوچە و جیهان دەزانێ و بەردەوام لە پەرەدان بە پەیوەندیی لە درواسێکان و لەوان عەرەبستان، پێشوازی دەکات.

News Code 21945

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 2 =