بەرهەمە بەنرخەکان لە سەردەمی خۆیاندا غەریبن

نووسەر، شاعێر، چیرۆک نووس و ڕۆمان نووسی ناوازەی کورد، پێیوایە کە بەرهەمە گەورە و بەنرخەکان لە سەردەمی خۆیاندا غەریبن، بەڵام کە ئەو بەرەیە نەما مێژوو داوەری دەکات و بڕیاریان لە سەر دەدات.

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، حه‌لیمه‌ موڵایی؛ سێڕاجەددین بەناگەر لە دایک بووی ۲۲ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۳۶ی هەتاوی لە شاری سنەیە و چیرۆک نووس و شاعێریکی ناسراوی کوردە کە تا ئێستا کۆمەڵێک شعێر بەناوی " مالروهای سکوت" بە زمانی فارسی و  چەندین کۆمەڵە کورتە چیرۆکی کوردی و فارسی و ڕۆمانێکی کوردی بڵاوکردووەتەوە و ئێشتاش ڕۆمانێکی دیکەی بە زمانی کوردی (بە زاراوەی ئەردەڵانی)ئامادەی چاپ کردنە.

یەکەمین کۆمەڵە شێعری بەناگەر لە ژێرناوی " مالروهای سکوت" کە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو لە شێعرەکانی ئەو شاعێرە لە ساڵەکانی ۱۳۵۶ تا ۱۳۷۲هەتاویە لە ساڵی ۱۳۷۴دا بڵاوکرایەوە و لایەنگرانی شێعر و ئەدەبی فارسی پێشوازی زۆر باشیان لێکرد.

ساڵی ۱۳۸۶ یەکەمین کۆمەڵی کورت چیرۆکەکانی سێڕاجەددین بەناگەر بەناوی "چاوشارەکێ" بە زمانی کوردی و زاراوەی ئەردەڵانی  چاپ کرا. دواتر ڕۆمانی "قولولولوو"ی بە هەمان زاراوە لە ساڵی ۱۳۹۳دا چاپ کرد و ئەمە بووە یەکەمین ڕۆمانی کوردی بە زاراوەی ئەردەڵانی کە کتێبخانەی کوردی پێڕازایەوە. قولولولوو درێژەی هێڵی چیرۆکەکانی کتێبی چاوشارەکێیە.

کتێبە فارسییەکانی بەناگەر، کۆمەڵەیەکی سێ بەرگیە بە ناوی "خرس، زنی با جمدان آبی و صخرە"  کە چیرۆکە نووسراوەکانی ئەو لە ساڵی ۱۳۵۶ تا ۱۳۸۰ لە خۆدەگرێت و ۵۰ کورتە چیرۆکە و کۆمەڵەیەکی چوار بەرگیشی هەیە بە ناوەکانی" مغازه سمساری،گل میخ،شندره پندره‌ها و کلاس نیمه آبان" کە هەشتا و هەفت کورتە چیرۆکە.

سێڕاجەددین بەناگەر زۆر خۆی لە دیمانەی ڕۆژنامەوانی و دەنگ و هەرای راگەیاندن و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن نادات و لەگەڵ هەواڵنێران وتووێژ ناکات و لە پەراوێزەوە خەریکی بارهێنانی بەرەیەکی نوێ لە نووسەران و چیرۆک نووسانی کوردستانە.

بەناگەر ماوەی زیاتر لە دوو دەیە لە شاری سنە وانەی فیلم نامە نووسی، راپۆرت و چیرۆک نووسی دەڵێتەوە و بە بێ هیج چاوەڕوانییەک و تەنیا بۆ خزمەت کردن بە لایەنگرانی ئەم بەشانە لە هونەر و ئەدەبیات، کار دەکات.

یەکێک لە کارە زۆر گرینگ و کاریگەرەکانی سێڕاجەددین بەناگەر ڕێکخستنی کۆڕێکە بۆ چیرۆک نووسی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەناگەر هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەیەک بۆ خوێندنەوە و ڕەخنەگریی چیرۆک لە سنە بەڕێوەدەبات و زۆرێک لە چیرۆک نووسان و نووسەران قوتابی ئەو بوونە.

لەم ڕۆژانەدا چوومە خزمەتی مامۆستا سێڕاجەددین بەناگەر بۆ دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی کە قبووڵی نەکرد و وتی دەمەوێت بێ قرموقاڵ و هەرا نانەوە کار بکەم و زۆر حەزم لە خۆناساندن و تاریف لە خۆم کردن نییە.

هەر بۆیە منیش کە هەم لایەنگری نووسراوەکانی سێراجەددین بەناگەرم و هەم چەندین چیرۆکی فارسیم لێ کردووەتە کوردیی سۆرانی و لە هەفتەنامە و گۆڤارەکانی کوردستانی ئێران و عێراقدا بڵاوم کردووەتەوە، دەستم دایە ناساندنێکی کورت لەسەر بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە و بە داخوازییەکی زۆر قەناعەتم پێهێنا کە گفتوگۆیەکی کورت بکەین.

بۆچی قەت دیمانەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ کەس ناکەن. حەزتان لە ڕاگەیاندن نییە یان هۆکارێکی تری هەیە؟

من خۆم لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوە و دەنگ و هەرایەکی میدیا و ڕۆژنامەوانی نادەم، ئەمەش تایبەتمەندی دەروونیی خۆمە. دەمەوێت لە پەراوێزەوە کاری جوان و ڕێک و پێک بڵاوبکەمەوە و بەرهەمەکانم من بە جیهان بناسێنن، نەک لایەنێکی تر. ناوبەناو کەسانێکیش دێن بۆ دیمانە وەرگرتن بەڵام ناشارەزان و هیچیان لە بەرهەمەکانی من نەخوێندووەتەوە و ئاشنایەتیان لە گەڵ هیچ بەرهەمێکی من نییە. من دیمانەی پسپۆڕانە و تەکنیکیم پێخۆشە. ئێوەش چونکوو زۆر سوور بوون لەسەر گفتوگۆ کردن و تا ئێستاش چەندین چیرۆکی فارسی منتان کردووە بە کوردی سۆرانی و دەزانم بەرهەمەکانم دەخوێنی، قەناعەتم هێنا بە گفتوگۆ.

بۆچی سەرەڕای چاپ و نووسینی ئەو هەموو بەرهەمە بەنرخانە زۆر کەمتر لە ئاستی بەرزی هونەری و ئەدەبیتان لە کوردستاندا ناسراون؟

هەمیشە بەرهەمە بەنرخ و گەورەکان لە سەردەمی خۆیاندا غەریبن بەڵام کە ئەو بەرەیە نەما و بەرەی دیکە هاتە مەیدان، مێژوو داوەریی ئەم دۆخە دەکات و بڕیاریان لە سەر دەدات. ئەو کات ئێمە نین کە کاریگەریی لە سەر داوەرییەکە دابنین. ئەوانن کە بڕیار دەدەن. بەو بۆنەوەیە کە ئێمە چەندین ساڵ دوای مەرگ، نیما یوشیج، فروغ و .... دەناسین. هەڵبەت ئەوەش بڵێم؛ بە داخەوە ئەو کتێبانەم کە تا ئێستا چاپ کراوە، بە ڕێک وپێکی بە سەر کتێب فرۆشییەکان و ناوەندە فەرهەنگییەکاندا دابەش نەبوو و کتێبی من بە شێوەیەکی دروست ڕەوانەی بازاڕەکانی پارێزگاکانی دیکەی ئێران بە تایبەت گەورە شارەکان نەکرا. ئەمەش بۆ بەرهەمە فارسیەکانم کە بەردەنگیان زیاترە، خەسارێکی گەورە بوو. لە ناوچەکانی دیکەدا بڵاونەبووەتەوە. بۆ بەرهەمە داهاتووەکانم بڕیارم داوە ئەم کەموکۆڕییە قەرەبوو بکەمەوە.

ئەوەی کە بەرهەمەکانتان ڕێک وپێک و بە بەرفراوانی بڵاونەبووەتەوە، قبووڵ. بەڵام پێتان وانییە هەندێ جار لۆبی گەریش هەیە لە برەودان بە بەرهەمی هونەرمەندان؟

 بێ گومان وایە و لە ناو هەموو حێرفە و لە هەموو بوارەکاندا لە هونەر، سیاسەت، فەرهەنگ و ئەدەبیات و وەرزش و......تا دەگاتە بچووکترین کاری کۆمەڵایەتی ، لۆبیگەری ، دۆسی ، دوژمنی ، دوگمی و قیرسیچمەیی ئیتنیکی و نەتەوەیی هەیە و دەشبێت . شکت نەبێت کە ئەو بەرچاوتەنگیانە کاریگەرییشی هەیە لەسەر برەودان بە کارێک یان پشت گوێ کەوتن و لە پەراوێزدا مانەوەی. هەندێ کەسمان ئەوەندە بەرچاو تەنگین. ئەوەندە دوگمانە دەڕوانین کە وا دەزانین ئەگەر بڵێین فڵانە کەس نووسەر یا هونەرمەندێكی باشە، جێگا بۆ ئێمە تەنگ دەبێت.

بەڵام هەر هەبوون کەسانێکی بێ لایەن کە وەک ڕخنەگر، لێکۆڵەر، وەرگێر یان شرۆڤەکار بەرهەمەکانیان بخوێندایە بەڵام بەرهەمێک کە باش بڵاو نەبووەتەوە و نەگەیشتووەتە دەس خوێنەر، چۆن بناسرێت. من گەش بین ترم و هێشتا سوورم لەسەر ئەوەی کە هۆکاری سەرەکی نەناسرانی بەرهەمەکانم بڵاوکردنەوەی خراپ و کەموکۆڕە.

بینەوە سەر زمانی بەرهەمەکان؛ هەندێ کەس دەڵێن لەبەر ئەوەی بەرهەمەکانی سێراجەددین بەناگەر بە زمانی سنەیی(ئەردەڵانی ) نووسراوە، لە دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی جیهاندا خوێنەری نییە. بۆچوونی ئێوە چییە؟

هێشتا زۆر کەس بەم ڕاستییە نەگیشتووە کە فراوانی زاراوە کوردییەکان دەرفەتە و نیعەمەتێکی خوداییە بۆ پەرەدان و دەوڵەمەند کردنەوەی زمانی کوردی بە گشتی.ئەمەش پەیوەندی بە نەتەوە یان ئیتنیکێکی تایبەت نییە و تەنیا پەیوەندی بە بچووکی جیهانی زەینی ئێمەوە هەیە.بەڵام ڕەوتی جیهان گوێ بە خواستی ئێمە نادات. فاست دەڵێت: هیچ دانەوێڵەیەکی بێ خەوش لە مەزرای مێژوودا ون نابێت و ڕۆژێک چووزە دەکات و شین دەبێت. چ ئێمە پێمان خۆش بێت و چ ناخۆش. دانتە کاتێک دەست دەکات بە نووسینی  ئەو بەرهەمە کۆمێدی- ئیلاهیە لە سەدەی ۱۳ی زایینیدا. قەڵەم لە غەریبترین زمان دەدا.لەو سەردەمەدا کە زمانی لاتین برەوی بووە ئەو بە زمانی تووسکانی دەنووسێت. شتێک وەک زاراوەی سنەیی. دواتر لە پڕۆسەی وەرگەڕانی چەرخی ڕۆزگاردا زمانی تووسکانی بووە زمانی فەرمی ئیتالیا. من بروام وایە بەرهەم ئەگەر بەنرخ و لە لووتکەدا بێت. زمانەکەی هەرچی بێت وەک میدالیایەکی زێڕینی خۆی لە بەرۆکی مێژووی ئەدەبیات دەدات.

ڕەنگە زۆر کەس ئەم پرسیارەیان ببێت؛ بۆچی زاراوەی ئەدەڵانی؟ بۆ بە ئەردەڵانی دەنووسن و بە کوردی یەکگرتوو نانووسن کە بەردەنگی زیاترە؟

زمانی من ئەردەڵانییە و ئەو بەرهەمە کە هەڵقوڵاوی زەین و مێشک و ڕۆح و دەروونی منە بەو زمانە لە دایک بووە. ئەو چیرۆکانە و هەموو ڕووداوەکانی ناو بەرهەمەکانم بە ئەردەڵانی لە ناو مێشکم دا ڕوو دەدەن.من هەزاران وشە و دەستەواژەی بەنرخی کوردیم بە زاراوەی جوان و خۆشی سنەیی لە سرینەوە پاراستووە و بۆ کوردم نووسیوەتەوە و دووبارەش دەنووسم. هیچ کێشە نییە با هەر وەرگێڕێک پێیخۆشە، بێت و ڕێکبکەوین کە ئەو بەرهەمانە بکاتە کوردی فەرمی یان هەر زاراوە و زمانێکی دیکەی جیهان . منیش پێم خۆشە. بۆ وێنە؛ خەلیل، شاناز، فرووغ، کامران و..... لە ناو ڕۆمانی قولولولوودا هەر هەموویان لە زەینی مندا بە ئەردەڵانی قسەم بۆ دەکەن بە ئەردەڵانیش دێنە سەر قەڵەمەکەم.

ئەوەش بڵێین؛ هەر دارێک کە بتەوێت بەرهەمێکی ڕەنگامەی بێت دەبێ لە قۆناغێکدا پەیوەندی بکەیت. حەیفە زاراوەی سنەیی بەم نەرمی و جوانییە لە ناوبچێت. زمانێکی نەرم کە لە ناودەمدا شیرینیەکەی دەتوێتەوە. لە بارێکی تریشەوە؛ بۆچی هەر کەس جلێکی نوێ بکڕێت، جلە کۆنەکانی فڕێ دەدات؟ کێشە چییە با لە بری کراسێک پەنجا کراسمان هەبێت. لە دەستپێکی ڕۆمانەکەشدا وتوومە با یەک زمان نەبێت و بە چەندین زاراوە بنووسین.با بە هەورامی، کلهوڕی، سۆارانی، سنەیی ..... هەزاران رۆمان و چیرۆک و نووسراوەی ئەدەبی، زانستی، سیاسی و هونەریمان هەبێت. بەڵام پوخت، بێ وێنە، جوان و پسپۆرانە بنووسین کە شان لە شانی بەرهەمە ناوازەکانی جیهان بدات.

هەندێ ڕەخنە هەیە دەڵێن کە سێراجەددین بەناگەر زیاتر خزمەتی بە کتێبخانەی فارسی کردووە تا کوردی؟ لەمبارەوە ڕاتان چییە؟

من وا بیر ناکەمەوە . ئەگەر بەرهەمی باشم هەیە بۆ هەموو مرۆڤەکانە. ئیتنیک بەلای منەوە قسەی یەکەم ناکات. من یەکسانی مرۆڤەکان دەبینم. عەرەب، تورک، فارس، کورد، ژێرمەن و.... بەلای منەوە یەکسانە.ئەگەر بەرهەمەکانم بە خزمەت بزانم بۆ هەموو مرۆڤایەتیم کردووە. ئەو کەسەی ئاسپرینی دروست کرد، بۆ هەموو مرۆڤەکانی دروست کرد نەک تایبەت بە نەتەوەیەک. من وا بیر دەکەمەوە کە دەبێ خزمەت بە کتێبخانەی مرۆڤەکان بکەم.

با بازبدەینە سەر ناوی کتێبی چاوشارەکێ و ڕۆمانی قولولولوو. بۆچی ناوی یاری و گەمەی منداڵانی کوردەواریتان لە کتێبەکانتان ناوە؟

بەڵێ وایە هەر دووکیان ناوی گەمەیەکی تایبەتی منداڵانە. هەر دوو وشەکەش سنەیی ڕەسەنە. ئەو یاریە بە شێوەیەکە کە منداڵان دوو قامکی گەورە و دۆشاومژەی هەر دوو دەستیان بە یەکەوە دەلکێنن و ئاڵقەیەکی پێ دروست دەکەن.یەکێک ئەو ئاڵقە دروست دەکات و دیکەی منداڵان قامکی دۆشاومژەیان تێدا دەسووڕێنن و هاوکات بێ وچان دەڵێن قولولولوو، تا ئەو کەسەی ئاڵقەکەی دروست کردووە قامکی یەکێک دەگرێت. ئەو کەسە دەبێ چاو بنووقێنێ و ئەوانی تر خۆیان داشارن و ئەم بیاندۆزێتەوە کە بەم یاریە دەڵێن چاوشارەکێ. ئەوەتا لە چیرۆکەکەدا دەڵێت: وەختێ ئەیان پرسی : کاکەسێ چۆنی؟ لە جواویانا ئەیوت: شوکر خوا ئەکەم، هیچێ. وەلی وەختێ بیان وتای: خەریک چەیت؟ هەناسەیەکی ئەکێشا و ئەیوت: خەریک چاوشارەکێم. باز ئەیان پرسی: لە تەک کیا کاکەسێ؟ ئەگەر بە دەماخ بوای ئەیوت: لە تەک مەرگا باوکەکەم.

قولولولوویش کە ناوی ڕۆمانەکەیە هەر لە درێژەی چیرۆکەکانی چاوشارەکێ روودەدات و لە بەر ئەوەی پر لە دەنگ و هەراو هەر بە ڕاستی ڕووداوەکانی لە زەمەنێکی پڕ لە دەنگ و باسدا دێتە ئاراوە و ژیانی کەسایەتییەکانیشی پرە لە قاو قوو، ناوم ناوە قولولولوو.

کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانتان جیهان بینی خۆتان دەگێڕنەوە؟

بێ گومان وایه‌ ، ئیعجازی هونه‌ری چیرۆک نووسی به‌شێکی ئه‌مه‌یه‌ که‌ به‌ ناوی که‌سایه‌تییه‌کانی ناو چیرۆکه‌که‌وه‌ جیهانی بینیه‌کان ده‌خرێنه‌ ڕوو.هه‌ندێ جار جیهان بینی خۆمانه‌ که‌ له‌ زمانی که‌سه‌کانی ناوچیرۆکه‌که‌وه‌ ئاشکرا ده‌بن و هه‌ندێ جار ئه‌زموونه‌کانمان له‌ که‌سانی ده‌وروبه‌رمان. بڕوانه‌ ده‌وروبه‌ری هه‌موومان پڕه‌ له‌ دایک باقر، کاکه‌سێ، سه‌یفه‌، شاناز و ڕه‌نگه‌ له‌ ناو زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌کاندا خزمی وه‌ک می می روخسار ببێت. نووسه‌ر ئه‌و جیهان بینییه‌ دێنێت له‌ وێنه‌ی که‌سایه‌تییه‌کدا وه‌ک کاکه‌سێ تۆماری ده‌کات و ده‌یدات له‌ دیواری زه‌ینی خوێنه‌ر. ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ خه‌یاڵییه‌ت بۆ ده‌خولقێنێ و هه‌میشه‌یی ده‌کاته‌وه‌. له‌ ڕێگای قسه‌کانی، ڕواڵه‌تی و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی له‌ ژیان و کاره‌کانی به‌ گشتی. جاری وا هه‌یه‌ که‌س نییه‌، ئاژه‌ڵه‌ یان شتێکه‌ که‌ له‌ ناو چیرۆکدا دێته‌ دنیاوه‌ و دێته‌ ناو دنیای خوێنه‌ر. وه‌ک بۆره‌ی مزێ له‌ چاوشاره‌کێدا که‌ ئێسته‌ بۆ خۆی بووه‌ته‌ که‌سایه‌تییه‌ک.

پێش لە دیمانەکەمان وتتان کە بەرهەمی زۆرم بۆ چاپ هەیە بەڵام دەستم ناچێتە بڵاوکردنەوەیان، کێشە چییە؟

جۆرێک لە بێ هیوایی دایگرتووم. بڕوا بکەن دەبینم لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەس کتێب ناخوێنێتەوە و ڕێزی هونەرمەند و نووسەر هیچ نییە. دڵسارد دەبمەوە و نامەوێت چاپیان بکەم. تەنیا باسی ئەو دوو بەرهەمە کوردیەم بکەم؛ چاوشارەکێ و قولو بۆ هەمیشە سنەی لە ئەدەبیاتدا هێشتەوە. تەنانەت ئەگەر زاراوەی سنەیش لە زاری خەڵکدا لەناوبچێت.ئەو بەرهەمانە ناهێڵن ئەو وشە کوردیانە لە ناوبچن و لە یەغانی مێژوودا هەڵیان دەگرن.دەی چیان بۆ کراوە؟ کی ناساندوویانیەتی؟

دوا پرسیار؛ شێعرتان وتووە و دیوانێکیشتان بە ناوی " مالروهای سکوت" هەیە، لەسەر شێعرەکانتان و جیهان بینی ناو شێعرەکانتان قسە بکەن؟

ئەڵبەت شێعری کوردیشم هەیە کە بە زمانی سنەیی نووسیومە و لە گۆڤار و چاپەمەنییەکاندا بە ناوی خوازراوی : س. ب. قەتارچیانی بڵاوم کردووەتەوە. بەڵام دیوانی شێعرەکەم بە ناوی "مالروهای سکوت" فارسیە و ۱۱۵ پارچە شێعرە کە دەستەبژێرێکە لە هۆنراوەکانم لە تەمەنی ۱۵ ساڵی تا ئەو ساڵەی چاپم کردووە و هەموو بەرهەمەکانیشم، چ شێعر و چ چیرۆک تێکەڵ بە عەشقن چونکوو بە ڕاستی ئەگەر عەشق نەبێت کاری بێ وێنەی ئەدەبی و هونەری ناخولقێت. بەرهەمەکان هەر هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ڕاستەوخۆن لە ژیانی خۆم و دەوروبەرەکەم و ئەو کەسەی بیانخوێنێتەوە دەتوانێ ڕوانگە و جیهانبینی من بۆ ژیان بزانێت، بەڵام هیچیان بەسەرهاتی ژیانی خۆم نین.

News Code 21899

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =