٢٥ شەهید و ٦٠ بریندار/ تیرۆریستان لە ناو بران

لە ڕێوڕەسمی ڕێژەی هێزی چەکداری لە ئەهواز، چوار تیرۆریستی چەکدار، خەڵکی ئامادەبووی ڕێوڕەسمەکەیان دایە بەر دەسترێژی گولە کە بەو هۆیە تاقمێکی زۆر شەهید و بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی مێهر: سەر لە بەیانیی ئەوڕۆ لە ڕووبەڕووی لەشکەری ٩٢ی زێرەڤانی ئەهواز، لە میانەی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ڕێژەی هێزی چەکداریی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی حەوتەی بەرەڤانی پیرۆز، چەند تیرۆریستی چەکدار، خەڵکی ئامادەبووی ڕێوڕەسمەکەیان دایە بەر دەسترێژی گولە. ئەو دەسترێژییە کاتژمێری ٩:٠٠ بەیانی ئەنجام درا و تێیدا چەند کەس بە جل و بەرگی سەربازی لە پشت شوێنی تایبەتی تەقەیان لە خەڵکی کرد و تاقمێک لە خەڵک و هێزەکان شەهید و بریندار بوون.

پاش نزیکەی نیو کاتژمێر لە دەسترێژییەکان، کەشەکە ئارام بۆوە و ژمارێک لە خەڵکی گواسترانەوە بۆ پادگانی ٩٢ی زێرەڤانی ئەرتەشی ئەهواز، بۆ ئەوەی دوای جێگر بوونی ئاسایشی دۆخەکە ڕەوانەی ماڵی خۆیان بکرێنەوە.

لە دوای ئەو ڕووداوە لە ئەهواز و شەهید بوونی ٢٥ کەس و  بریندار بوونی ٦٠ کەسی دیکە لە هاووڵاتیانی خووزەستانی، نوێنەری وەلی فەقێ لە خووزەستان و  پارێزگاری ئەو پارێزگایە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رۆژی دووشەممەیان ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.

پەیامی رێبەری باڵای شۆڕش بە بۆنەی ئەو ڕووداوە

لە دوای ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی ئەهواز، ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی پەیامێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند: ڕووداوی تاڵ و دڵتەزێنی شەهید بوونی تاقمێک لە خەڵکی خۆشەویستمان لە ئەهواز بە دەستی تیرۆریستانی بە کرێ گیراوە، بۆ جارێکی دیکە دڵڕەقی و چەپەڵیی دوژمنانی گەلی ئێرانی ئاشکرا کرد. ئەو بە کرێ گیراوە دڵڕەقانە کە دەسترێژیان کردۆتە سەر ژن و منداڵ و خەڵکی بێ تاوان، سەر بە هەمان ئیدعاگەرانی درۆزن و دەغەڵکارنن کە بەردەوام پاگەندەی مافی مرۆڤ دەکەن. دڵی پڕ لە ڕق و قینیان تاقەتی دیتنی هەیمەنەی دەسەڵاتی نەتەوەیی لە نمایشی هێزی چەکداریدا نییە.

رێبەری باڵا ڕاشیانگەیاند: جەنایەتی ئەو گرووپە درێژەپێدەری پیلانەکانی دەوڵەتە دەستنیشان کراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەیە کە ئامانجیان نائەمن کردنی ئێرانە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان فەرمانیان دا کە دەزگا بەرپرسیارە ئیتلاعاتییەکان دەبێ خێرا و بە وردی دەستوپەیوەندەکانی ئەم جەنایەتکارانە بۆزنەوە و رادەستی یاسایان بکەن.

سەرۆک کۆمار فەرمانی دایە وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری خووزستان

حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە دوای هێرشی تیرۆریستی ئەهواز پەیوەندی لە گەڵ عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆ و غوڵامڕەزا شەریعەتی پارێزگاری خووزستان-ەوە گرت و لەو پەیوەندیانە وێرای سەرەخۆشیی و هاوخەمی لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدان، فەرمانی دا کە تەواو ئیمکاناتەکان لە پێناو هەنگاوی بە پەلە و فریاکەوتن بۆ یارمەتی دانی بریندارانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە بە کار بێنن.

ناوبراو هەروەها داوای لە وەزارەتی ئیتلاعات کرد کە هەموو ئیمکانات و دەزگا و دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکان بۆ ناسینی بە پەلەی تیرۆریستان و سەرپەلەکانیان ڕێک بخات و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە هەمبەر بە دەستەودایرە و هاوپەیوەندەکانی ئەو جەنایەتە بگرێتە بەر.

پەیامی بەرپرسانی باڵای ئێران

ئایەتوڵڵا هاشمی شاهروودی سەرۆکی مەکۆی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران بە دەرکردنی پەیامێک هەڵمەتی تیرۆریستیی ئەوڕۆی لە ئەهواز ئیدانە کرد و جەختی کرد: بەرپرسان لە بوارگەلی هاوپەیوەند، وەڵامی پێویست و کوشەندە بەو جەنایەتە کارەساتبارە بخەنە دەستووری کاریانەوە.

هەروەها عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە پەیامێکدا جەختی کرد: پێویستە هێزەکانی ئەمنی و ئینتزامی بە زووترین کات هەمبەر بە ناسینی هۆکارەکان و دەست و پەیوەندەکانی هێرشی تیرۆریستی ئەهواز هەوڵ بدەن و ئەوان بە سزای کردەوەی دزێو و گڵاویان بگەیێنن.

هاوکات محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی تویتەریدا کاردانەوەی نیشان دا بە ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ئەهواز و نووسی: تیرۆریستە بە کرێ گیراوەکان، پەروەردە کراوەکان، پڕ چەک کراوەکان و دابین کراو لە لایەن ڕژێمی بیانییەوە هێرشیان کردە سەر ئەهواز و منداڵان و هەواڵنێران لە نێو کوژراوانی هێڕشەکەدا بوون. ئێران پاڵپشتانی ناوچەیی تیرۆر و ئەمریکا بە بەرپرسی ئەو هێرشانە دەناسێت. بۆ پاراستنی گیانی ئێرانییەکان، ئێران بە توندی و خێرا وەڵام دەداتەوە.

دانپێدانانی عەرەبستان و ئیمارات بە دەستێوەردان لە هێرشەکە

عەبدولخالق عەبدوڵڵا ڕاوێژکاری محەمەد بێن زاید وەلیعەهدی ئیمارات بە شێوەی ئاماژەگەرانە دانی بە دەستێوەردانی هاوپەیمانای ئەو وڵاتە واتە عەرەبستانی سعوودی لە هێرشی تیرۆریستیی ئەوڕۆی ئەهوازدا کرد و لە تویتێکدا قسەکانی پێشووی محەمەد بێن سەلمانی وەلیعەهدی عەرەبستان بۆ تێوەگلانی ئاژاوە بۆ ناو ئێران بیر هێنایەوە و نووسی: ١٠ کوژراو لە هێرش بۆ سەر ڕێژەی سەربازی لە شاری ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێران. هێرش بۆ سەر ئامانجی سەربازی هەڵمەتی تیرۆریستی نییە و تێوەگلانی ئێران لە ئاگری شەڕدا بژێرەیەکی پێشتر ڕاگەیێندراوەیە کە لە داهاتوودا تەشەنەدارتر دەبێت.

لە وەڵامی ئەو تویتە، موحسن ڕەزایی سکرتێری مەکۆی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران نووسی: ڕاوێژکاری نەفام و بە کرێ گیراوی وەلیعەهدی ئەبووزەبی بە پێشێل کردنی ئاشکرای یاساگەلی نێودەوڵەتی، دەستێوەردانی بیانیی لە ڕووداوی تیرۆریستیی ئەهواز ئاشکرا کرد.

ڕەزایی لە کۆتایی تویتەکەیدا هەڕەشەی کرد: پەشیمانییەکی قورس چاوەروانی ئەوە.

پەیامی سەرکردە و رێبەرانی وڵاتانی دوور و نزیک

بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتی تیرۆریستی لە پەنای ئێرانین.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕووداوی تیرۆریستیی ئەهوازی بە "هێرشی خائینانە" وەسف کرد و ئەو هێرشەی ئیدانە کرد.

پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە دەرکردنی پەیامێک بۆ سەرۆک کۆماری ئێران هێرشی ئەوڕۆی ئەهوازی بە "جەنایەتێکی خوێنین" زانی و هاوخەمی و درێژەی هاوکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە گەڵ ئێران ڕاگەیاند.

تیرۆریستەکان بە کڵاشنیکۆف هێرشیان کردە سەر خەڵک

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکان بە ئاماژە بە ڕووداوی تیرۆریستی ئەوڕۆی ئەهواز ڕوونی کردەوە: ٤ تیرۆریست لە چەند ڕۆژ پێش بەڕێوە چوونی ڕێژەکەوە،چەکەکانیان لە نزیکی شوێنی ڕێژەکە شاردبۆوە و بە جلی خەڵکی ئاساییەوە لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە نزیک بوونەوە و لە پارکی پشتەوەی شوێنی هێزە چەکدارەکان جێگیر بوون.

سەردار ئەبولفەزل شکارچی بە ئاماژە بەوەی کە ئەو ٤ کەسە بە چەکی کڵاشنیکۆفەوە تەقەیان لە خەڵک کرد و بەو هۆیە ژامرەیەک خەڵکی ئاسایی و هێزی چەکداری شەهید بوون، وتی: لە نێو شەهیدەکاندا کچێک و گیانبازێک هەبوون.

ناو و نیشانی ٢٥ شەهیدی ڕووداوی تیرۆریستی ئەهواز

ژمارەی شەهیدانی هێرشی تیرۆریستیی ئەمڕۆ بەیانی بۆ سەر شوێنی ڕێوڕەسمی ڕێژەی هێزی چەکداری لە ئەهواز گەیشتە ٢٥ کەس کە ناوونیشانیان بریتیە لە:

۱- نەبی دریس

۲- ئیبراهیم بەنداوی

۳- خەلیل هاشمی‌فەڕ

۴- ئۆمید نەریمیسایی

۵- عەلی سەلمان‌وەند

۶- حسێن فارۆق

۷- مێهران زەرئەفشان

۸- حسێن ولایەتی‌فەڕ

۹- محەمەد ئەفشەنگی

۱۰- سەعید زارع

۱۱- محەمەد عەزاری

۱۲- یوونس پوورجلەو

۱۳- ڕەزا شوعەیبی

۱۴- ئیسماعیل شەفیع‌نژاد

۱۵- میلاد جەهانگیری

۱۶- سەعید کەریمی

۱۷- ئۆمید فەخری زەنگەنه

۱۸- عەلی کەمایی

۱۹- عەلی لویمی

۲۰- ئۆمید حسێنی

۲۱- ئیقدامی (منداڵی زارۆ)

۲۲- نەناسراوە

۲۳- سینا ئاغاجاری

۲۴- حسێن مەنجێزی

۲۵- محەمەد عەزاری

دوو گرووپی تیرۆریستی، ئەنجام دانی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت

چەند خولەک دوای هێرشی تیرۆریستییەکە، "یەعقووب حور تەستری" وتەبێژی ڕەوتی تیرۆریستی و دابەشخوازی ناسراو بە بزووتنەوەی "الاحوازی" لە گەڵ تەلەڤیزیۆنی "ئێران ئینتێرنەیشناڵ" کە نووسینگەکەی لە لەندەنە، وتووێژی کرد و بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.

هێرش بۆ سەر خەڵکی لە ڕێوڕەسمی ڕێژەی ئەهواز، یەکەمین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستیی ئەو گرووپە نییە و پێشتریش چەندین هێرشی تیرۆریستیان لە لە پارێزگای خووزستاندا ئەنجام داوە. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەو گرووپە کە هێرشە تیرۆریستییەکانی ئاشکرایە و بە ئاشکرا لە لەندەن چالاکیی هەیە و بە بەڕێوەبردنی دانیشتن و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر، هێرش و ئاژاوەگێڕیی خۆی دادەڕێژێت، بەرەوڕووی هیچ جۆرە قەدەغەیەکی یاسایی نابێتەوە.

باڵوێزی ئێران لە بەریتانیا لە کاردانەوە بەو وتانە و ئیدانە کردنیان، جەختی کرد: بۆ گیرانە بەری هەڵوێستی توندی دامودەزگاگەلی چاوەدێریی بەریتانیا لە دژی ئەو گرووپ و کاناڵانە، هەنگاوگەلی پێویست دەگرینە بەر.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی میدیایی "اعماق" سەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش-یش بەرپرسایەتی هێرشی تیرۆریستیی ئەهوازی لە ئەستۆ گرت.

News Code 21868

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 7 =