سنه‌ ده‌بێته‌ شاری داهێنه‌ری مۆسیقا

ڕێبەری ئۆرکسترفیلارمۆنیکی کوردستان سەرەکیترین ئامانجی ئورکستر بە پاراستنی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی دەزانێ و مزگێنی ئەوە دەدات کە سنه‌ ده‌بێته‌ شاری داهێنه‌ری مۆسیقا.

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری کوردی_حه‌لیمه‌ موڵایی: مەهدی ئەحمەدی، لە دایک بووی ساڵی ۱۳۶۲ لە شاری سنەیە کە خوێندنی باڵای ئاهەنگدانەریی لە زانکۆی هونەری تاران تەواو کردووە و لە ۱۲ ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستا، هاوکات لەگەڵ دیکەی چالاکییە هونەرییەکانی، ڕێبەری ئۆرکستر فیلارمۆنیکی کوردستانیشە.

لەم دیمانەیە لەسەر دەستکەوتی سەفەری ئەنجومەنی باڵای مۆسیقای ئێران بۆ سنە  و دوایین کار و چالاکییەکانی ئۆرکستر فیلارمۆنیکی کوردستان لەگەڵ مەهدی ئەحمەدی قسەمان کردووە کە دەقەکەی بەم شێوە بڵاوکراوەتەوە؛

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لیژنەیەک لە ئەندامانی باڵای ئەنجومەنی مۆسیقای ئێران سەردانی کوردستانیان کرد. ئامانجی سەفەرەکەیان چی بوو؟

یەکێک لە تەوەرە دیاری کراوەکانی یەکەم سەفەری بە کۆمەڵی ئەم کەسانە بۆ سنە ، لە نێزیکەوە بینینی کارەکانی ئۆرکستر فیلارمۆنیکی کوردستان و لێکدانەوەی توانست و بەهرەی هونەرمەندانی بواری مۆسیقا لەم ناوچەیە و بینینی پوتانسیەلی مۆسیقای کوردی و هەروەها باس لەسەر کردنەوەی یانەی مۆسیقای کوردستان و تاوتوێی بابەتی شاری داهێنەری مۆسیقا بۆ سنە، بوو.

ڕای ئەو گەورە مامۆستایانەی بواری مۆسیقای ئێران و جیهان، لەسەر مۆسیقای کوردستان و ئاستی هونەریی هونەرمەندانی کورد چی بوو؟

بۆچوونی زۆر ئیجابییان لەسەر مۆسیقای کوردی بوو و وتیان: مۆسیقای کوردی بە هۆی مێلۆدی بێ وێنە، ڕیتمی تایبەت و هونەرمەندانی بە توانا و دەفرایەتی بەرفراوان، خەزێنەیەکی پڕ بایەخە نەک تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا . کاتێک بەشێکی زۆر بچووکی پۆتانسیەلی مۆسیقای کوردی و توانست و بەهرەی مۆزیسیانەکان و گۆرانی بێژانی کوردستانیان بینی زۆر سەریان سووڕما و دانیان بەوەدا نا کە کوردستان لە بواری مۆسیقادا لە لووتکەدایە. ئەوان بەشەکانی مۆسیقای کوردستانیان باش دەناسی و جەختیان لە پوتانسیەلەکانی مۆسیقای خانەقایی کوردستان وەک خەزێنەیەکی دەگمەن دەکرد. ئەوەندە ناسیاوی باشیان لە هونەرمەندانی کورد و مۆسیقای کوردی بوو  کە داوایان کرد پەیکەرەی هونەرمەندی ناسراوەی مۆسیقای کوردستان مامۆستا حەسەن کامکار لە گۆڕەپانێکی شاری سنە دابنرێت و لەبری کۆڵانێک، شەقامێکی شارەکە بە ناوی بنەماڵەی هونەرەندی کامکارەوە بکرێت.  لە مۆسیقای ئاوازیشدا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانییان بە مایەی فەخری ئاوازی ڕەسەنی ئێران ناوبرد  و باش دەیانناسی. سوور بوون لەسەر ئەوە کە کورد وێژیاری بەرحەقی مۆسیقای ڕەسەنی ئێرانە و خزمەتی بە مۆسیقا لەبیر ناکرێت.

باش دەزانین کە هەمیشە ئەم مامۆستا گەورانە بەدەستەوە نین کە هونەرمەندانی لاو کەڵک لە ئەزموون و زانستیان ببەن، دەرفەتی ئەوە بوو کە بۆ ڕێنمایی دان لەگەڵ هونەرمەندانی کوردستان دیدار بکەن؟

لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردستان کە بەشێکیان هاوکارییان لەگەڵ ئۆرکستر فیلارمۆنیک کوردستاندا هەیە، مامۆستا حەمید ڕەزا نوور بەخش کە خۆی قوتابی شەجەریانە ، بە بیستنی دەنگیان زۆر چێژی برد و زۆر ڕێنمایی پێویستی بە هونەرمەندان دا. بەختەوەرانە زۆربەی گرووپە هونەرییەکانی کوردستانیش بەرهەمەکانیان بە شێوەی سی دی گەیاندە دەستی ئەو مامۆستایانە بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا دوای گەڕانەوەیان چاوی لێ بکەن و ڕای خۆیان لەسەر کاری ئەو گرووپە مۆسیقاییانە دەربڕن و ڕێنماییەکانیان بۆ باشترکردنی کوالێتی بەرهەمەکان بە هونەرمەندان ڕابگەیێنن. بەڵام بە داخەوە سەفەرەکە زۆر کورت بوو ومەجالی ئەوە نەبووە زیاتر ئەو گەورە هونەرمەندانەی ئێران، کە کەسانی وەک مامۆستا فەرهاد فەخرەدینی، حەمیدڕەزا نور بەخش.... لە ناویاندا بوون، لەگەڵ هونەرمەندانی بەرێز و خاوەن بەهرەی کوردستاندا کۆببنەوە.

وتتان یەکێک لە تەوەر و ئامانجەکانی سەفەرەکەیان باس لە سەر کردنەوەی لقی یانەی مۆسیقا لە پارێزگای کوردستان بووە. دەستکەوتی ئەم بەشە چی بوو؟

لە سەر دروست کردن و ڕێکخستنی یانەی مۆسیقای کوردستان باس هاتە ئاراوە کە گەیشتە ئەنجام و بڕیارە بە یارمەتی بەرپرسانی باڵای پارێزگا، لەوانە پارێزگار و بەڕێوەبەرانی دامودەزگا فەرهەنگییەکان، یانەی مۆسیقا بە زوویی لە کوردستاندا بکرێتەوە. یانەی موسیقا شوێنێکی سێنفیە بۆ ئەوەی پێوشوێنگیری مافەکانی هونەرمەندان بکات و کاروباری هونەری لە کوردستان ڕێکباخت و چاودێری باشتری بکات و هەروەها ڕیکخراوێکی مەدەنی دەبێت بۆ ئەوەی بەستێنی کاری پڕۆفشناڵ و ڕێک و پێك لە کوردستان بۆ هونەرمەندانی بواری مۆسیقا بڕەخسێنێت. هەموو هونەرمەندانی چالاکی بواری مۆسیقا و گۆرانی دەبنە ئەندامی ئەم یانەیە و کاروباری بیمە ، خانەنشینی و خانووبەرەیان...... لەم ڕێگاوە پێوشوێنگیری دەکرێت.

ئاماژەتان بە بابەتی شاری داهێنەری مۆسیقا بوون بۆ سنە کرد، ئایا سنە ئەو فاکتەرانەی هەیە ببێتە شاری داهێنەری مۆسیقا؟

بەڵێ بێ گومان شاری سنە بەو پێشینە زێڕینەی کە تا ئێستا لە بواری مۆسیقادا بوویەتی شارێکی بێ وێنەیە لە ئاستی ئێراندا.سنە خەریکە دەبێتە شاری داهێنەری مۆسیقا و فاکتەرەکان بۆ ئەوەی شارێک بە شاری داهێنەری مۆسیقا بناسرێت، بوونی یانەی سێنفی مۆسیقا، چالاک بوونی ئۆرکسترێکی پڕۆفشناڵ، بوونی قوتابخانە و لقی زانکۆیی بۆ مۆسیقاییە کە ئێستا لە کوردستان و لە ناوەندی پارێزگا واتە شاری سنە هەر هەموو ئەم فاکتەرانە هەیە و لە داهاتووشدا یانەی مۆسیقا دەکرێتەوە. ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی باڵای یانەی مۆسیقای ئێرانیش سەرجەم ئەم فاکتەرانەیان بینی و کار و چالاکییەکانیان لێکدایەوە و بە لەبەرچاوگرتنی دەفرایەتی مۆسیقای کوردستان مزگێنی ئەوەیان دا کە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا سنە ببێتە شاری داهێنەری مۆسیقا لە ئێران.

با بینەوە سەر ئۆرکستر فیلارمۆنیک، چەند کەس ئەندامی ئەم ئۆرکسترەن؟ جگە لە کوردستان،مۆزیسیۆنی لە ناوچەکانی دیکەش هەیە؟

۶۵ کەس ئەندامی دەستەی مۆسیقاژەنیی ئۆرکستر فیلارمۆنیکن و ۲۵ کەس  لە دەستەی گرووپی کۆر یان ئاوەزیەکەیدایە و سەرجەمیان کوردن، بەڵام دەکرێت وەک مۆزسیانی میوان کەسانی دیکەش بانگهێشت بکەین کە لەگەڵمان کار بکەن .

پلانی داهاتووی فیلارمۆنیک چیە؟

بڕیارە لە دوای مانگی موحەڕەم و سەفەر فیلارمۆنیک کوردستان لەگەڵ گەورە مامۆستایانی مۆسیقای ئێران و کوردستاندا  کۆنسێرت لە دەرەوەی وڵات و لە پارێزگا گەورەکانی ناوخۆی ئێراندا بەڕێوەببات کە بەشێکی بۆ یادی پێشەنگانی مۆسیقای کوردی دەبێت. کارێکی دیکەشمان بەدەستەوەیە کە ئامادەکارییەکانی ئەنجام دراوە و مۆڵەتمان بۆی وەرگرتووە کە وەک مزگێنیەک بە خەڵکی کوردستان و لایەنگرانی مۆسیقا دەڵێم ؛ زیندوو کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاهەنگ و ئاوازە رەسەن و بێ وێنەکانی هونەرمەندانی کوردە چ گۆرانی و چ ئاهەنگ دانان. بە تایبەتی ئەو ئاهەنگ و مۆسیقایەی کە هونەرمەندانی کورد بۆ گۆرانی بێژە ناودارەکانی ئێرانیان داناوە.

چیتان وەک سەرەکی ترین ئامانجی فیلارمۆنیکی کوردستان داڕشتووە ؟

بێ گومان سەرەکیترین ئامانجی ئورکستر فیلارمۆنیکی کوردستان پاراستن و سەرەنجی تایبەتە بە مۆسیقای ڕەسەنی کوردی و خزمەت بە مۆسیقا و گۆرانی کوردی بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین و بە زمانی ئۆرکستر هەموو هەوڵێک دەدەین کە مۆسیقای کوردی بەرەو هەرمان بڕوات و باشتر و زیاتر بە جیهانی بناسێنین.

News Code 21750

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 14 =