٧ مووشەکی زەوی بە زەوی شوێنی جێگربوونی تیرۆریستانی کردە ئامانج

سوپای پاسداران لە ڕاگەیێندراوێکدا وێرای ڕوون کردنەوەی ئۆپەراسیۆنی مووشەکیی رۆژی ڕابردووی بۆ سەر شوێنی جێگربوون و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپگەلی تیرۆریستی، جەختی کرد: تیرۆریستان لە ئەگەری درێژەدان بە شەڕخوازییان بەرەوڕووی وەڵامی توندتر دەبنەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە سوپا نیوز، لە دوای هێرشی مووشەکیی رۆژی ڕابردووی سوپا بۆ سەر شوێنی جێگربوون و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپگەلی تیرۆریستی، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕاگەیێندراوێکدا وێرای ڕوون کردنەوەی ئەو هێرشە، جەختی کرد: "ڕۆڵەکانی گەلی ئێران لە سوپا و هێزە چەکدارییەکانی دیکە و دەزگاگەلی ئیتلاعاتی و ئەمنی، پێداگرن لە پاراستنی سنوورەکانی ئێران و لە ئەگەری درێژەدانی تیرۆریستان بە شەڕخوازییان بەرەوڕووی وەڵامی توندتر و تێشکێنەرتر دەبنەوە".

دەقی ڕاگەیێندراوەکە بە گوێرەی خوارەوەیە:

بە ناوی خودا

لە دوای شەڕخوازییەکانی چەند مانگی ڕابردووی گرووپگەلی تیرۆریستیی سەر بە داگیرکەرانی جیهانی لە هەرێمی کوردستان لە دژی ناوچە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە ناردنی تیمگەلی جۆراوجۆری تیرۆریستی، ببوونە مایەی تێکدانی باری ئەمنی و کردەوەی تێکدەرانە و شێواندنی ئاسایش و ژیانی خەڵکی بە غیرەتی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، بە هوشیاری و ئامادەیی ڕەزمەندەکانی هێزی زەوینی سوپا و لەوان لە ئۆپەراسیۆنەکانی حەوتەگەلی ڕابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی کامیاران و مەریوان پلاری کوشەندەیان لێ درا  و پاشان تەمێ کردن و بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژکاران خرایە دەستووری کاریی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی.

بەڵام بەهانەدانی سەرکردەکانی ئەو گرووپگەلە بە هۆشدارە شلگێرانەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ورە و ئیرادەی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆکردنەوە و لە ناوبردنی بنکەکانیان و زەروورەتی کۆتایی هێنان بە شەڕئاژۆیی و هەڵمەتی دەستدرێژکارانە و تیرۆریستیی دژی ئێرانی ئیسلامی، یەکەی مووشەکیی هێزی هەوافەزای سوپا بە هاوبەشیی یەکەی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی هێزی زەوینی سوپا، رۆژی ڕابردوو (شەممە) ١٧ی خەرمانان لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەدا، شوێنی جێگربوون و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێک لە گرووپگەلی دزێو و جەنایەتکار و ناوەندی ڕاهێنانی تیرۆریستانی دارەدەستی بە ٧ مووشەکی زەوی بە زەویی کورتە مەودا کردە ئامانج.

بە گوێرەی ڕاپۆرتە دروست و بەڵگەمەندەکان لەو ئۆپەراسیۆنە، ئەو ناوەندەی پیلان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران تێکشکێندرا و بە دەیان کەس لە سەرکردە و هێزە گرینگە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئەو گرووپە کوژراو و بریندار بوونە.

ئەو ئۆپەراسیۆنە یەکلاکەرەوە و وێرانگەرە نیشانی دا کە ڕۆڵەکانی گەلی ئێران لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هێزە چەکدارییەکانی دیکە و دەزگاگەلی ئیتلاعاتی و ئەمنی، پێداگرن لە پاراستنی سنوورەکانی ئێران و رێگە نادەن کە تیرۆریستانی سەر بە دەزگا سیخۆرییەکان درێژە بە شەڕئاژۆییان، بدەن و ئاسایشی بێ هاوتای وڵات بخەنە مەترسییەوە.

لە کۆتاییدا وێرای ڕێزنان لە سەربازانی بێ ناونیشانی ئیمام زەمان (س‌خ) و چاوەروانی لە هەرێمی کوردستان بۆ چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی شلگێرانەی سنوورە هاوبەشەکان، هۆشدار دەدەینە گرووپگەلی تیرۆریستی و دژە شۆڕش و لایەنگرانیان کە؛ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و بەسیجییە دلێر و خۆجێیەکانی جێگر لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاگاداری و زاڵبوونی تەواوی هەواڵگرانە و ئامادەیی هەمە لایەنە، لە سای ڕەحمەتی خودا و بە هاوکاریی خەڵکی خۆشەویستی ناوچە، دووپاتبوونەوەی هەر جۆرە کردارێکی دزێۆ و شەڕئاژۆیانە لە لایەن ئەوانەوە بو توندی و تێکشکێنەرانە وەڵام دەدەینەوە.

News Code 21562

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 12 =