کاریگه‌ریی مۆسیقای خانه‌قایی کوردستان له‌ سه‌ر مۆسیقای ڕه‌سه‌نی ئێران

ئه‌گه‌ر مۆسیقای عێرفانی وه‌ک به‌شێک له‌ مۆسیقای ڕه‌سه‌نی ئێرانی له‌به‌رچاو بگرین، مۆسیقای خانه‌قایی و ئه‌و مۆسیقا و ئاوازه‌ی له‌ ته‌کیه و خانه‌قا‌کانی کوردستاندا هه‌یه‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌یان به‌م به‌شه‌‌ له‌ مۆسیقای ئێران کردووه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- حه‌لیمه‌ موڵایی: مۆسیقای خانه‌قایی که‌ به‌ دوو شێوه‌ی ئاوازی و سازیه‌، زیاتر له‌ ناو ده‌روێشه‌کانی کوردستاندا باوه‌ و ئه‌م جۆره‌ مۆسیقا کۆن و نه‌ریتیه‌ له‌ ته‌کیه‌ و خانه‌قاکانی ناوچه‌ کوردنشینه‌کاندا له‌گه‌ڵ شێعر و موناجات و پاڕانه‌وه‌ له‌ خودا و مه‌دح و سه‌نای حه‌زره‌تی فه‌خری عاله‌مدا(د.خ)،لێده‌درێت و جۆرێک حاڵ و جه‌زبه‌ و سه‌ما له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت.

مۆسیقا له‌ خانه‌قاکانی ئێران و به‌ تایبه‌ت کوردستان، عێرفانی  و مه‌عنه‌ویه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ لووتکه‌ی سه‌ما و جه‌زبه‌ی ده‌روێشانه‌ که‌ڵکی لێورده‌گیردرێت. ئه‌م ڕه‌وته‌ ئێستاش که‌ مۆسیقای خانه‌قایی دزه‌ی کردووه‌ته‌ ناو مۆسیقای کلاسیک و ڕه‌سه‌نی ئێرانی به‌رده‌وامه‌ هه‌ر له‌ خانه‌قاکاندا ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌یه و بە شتێکی پیرۆز دادەنرێت‌. ئامێری ده‌ف که‌ له‌ خانه‌قا و ته‌کیه‌کانی کوردستاندا پیگه‌یه‌کی زۆر به‌رز و پیرۆزی هه‌یه‌ له‌ ده‌یه‌ی په‌نجای هه‌تاویدا له‌ سه‌ر ده‌ستی محه‌مه‌د ڕه‌زا لوتفی (زاوای بنه‌ماڵه‌ی کامکاره‌کانی کوردستان) به‌ ئامێری مۆسیقایی ئێران زیاد کرا و مۆسیقای ده‌زگایی ڕه‌سه‌نی ئێران به‌ ئامیری ده‌ف ڕازایه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ بکرێت ئه‌مه‌ش بڵێین که‌ له‌م کاته‌وه‌ بۆ یه‌که‌م جار ده‌سته‌واژه‌ی " مۆسیقای عێرفانی " له‌  مۆسیقادا باسی لێوه‌کرا.

له‌ مۆسیقای خانه‌قایی کوردستاندا که‌ ده‌ف، دوو ته‌پڵه‌ و شمشاڵ ئامیره‌کانین، شێعری شاعرانی عارف ده‌خوێنرێته‌وه‌ و عه‌شقی حه‌قێقی مه‌به‌سته‌ و به‌ ته‌واوه‌تی دووره‌ له‌ عه‌شقی مه‌جازی و زیاتر پاڕانه‌وه‌یه‌ و وه‌سف و سه‌نای پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و ئال و به‌یت و یاران و هاوڕێیانی و شێعره‌کان به‌و شێوازه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت که‌ دڵی ده‌روێش یان هه‌ر که‌سێک که‌ گوێ بیستی ئه‌م ده‌نگه‌یه‌ به‌ره‌ولای خودا رابکێشێت.

مۆسیقای عێرفانی که‌ به‌شێکه‌ له‌ مۆسیقای ئێران و سه‌رچاوه‌که‌شی له‌ ده‌ف ژه‌نی و دوو ته‌پڵه‌ لێدانی ناو ته‌کیه‌ و خانه‌قاکانه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ر مۆسیقایه‌ک که‌ ده‌فی تێدا بێت حەتمەن عێرفانی نییه‌. یه‌که‌مین و گرینگترین تایبه‌تمه‌ندی مۆسیقای عێرفانی جۆرێک بیرکردنه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ به‌رده‌وام له‌م مۆسیقایه‌دا هه‌ستی پێبکرێت. شێعری تایبه‌ت، که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئامیره‌ مۆسیقاییه‌کانی ناو خانه‌قا وه‌ک ده‌ف،ته‌نبوور، شمشاڵ و دوو ته‌پڵه‌، له‌به‌رچاو گرتنی ڕیتمی مۆسیقای زکر و سه‌رپه‌ل بوونی ده‌ف، ته‌سنیف میحور بوون و مێلۆدی ساکارە که‌ مۆسیقای زکر و خانه‌قایی له‌ دیکه‌ی ژانره‌کانی مۆسیقای ئێرانی جودا ده‌کاته‌وه.‌

با بینه‌وه‌ سه‌ر ده‌ف که‌ سه‌ره‌کیترین ئامێره‌ له‌ مۆسیقای خانه‌قایی و عێرفانیدا، ده‌ف له‌ ته‌کیه‌ و خانه‌قاکان و له‌ ناو په‌یڕه‌وانی ته‌رێقه‌تدا زۆر جێگه‌ی بەرزە و هه‌ندێ له‌ لایه‌نگرانی ته‌ریقه‌ته‌کان پێیان وایه‌ که‌ ده‌ف زۆر پیرۆزه‌ و نابێت به‌ ئامێرێکی مۆسیقایی بزانین چونکوو ریتمه‌کانی ده‌ف (حی الله .حی یا هو .حی یا قیوم .لا اله الا الله .حی الله الله .حی حی حی الله. حدادی،غوثی ) هه‌موو زکر و ناوی خوایه‌ و پیرۆزن. سه‌دان ساڵه‌ له‌ کوردستاندا ئه‌گه‌ر پێستی ده‌فێک بدڕێت، ده‌روێشه‌کان ده‌ڵێن ده‌فه‌که‌ شه‌هید بووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌ف به‌ ئامێری مۆسیقا نازانن و ڕێزی تایبەتیان بۆ دەف هەیە و بە بێ دەستنوێژ دەف هەڵناگرن.

سه‌باره‌ت به‌ میژووی ده‌ف و ده‌ف ژه‌نی له‌ کوردستان، مه‌سعوود مورادی مامۆستای ناوداری ده‌ف له‌ کوردستان و ئێران ده‌ڵێت: ده‌ف مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه‌ و لە سه‌دان ساڵ  لەمەوپێشەوە‌ رێوڕه‌سمی کۆمسای پیرشالیار له‌ هه‌وراماندا به‌ ده‌ف ژه‌نی به‌ڕێوه‌چووه‌. هه‌ندێ که‌سیش ده‌ڵێن ده‌ف له‌ سه‌رده‌می "حه‌زره‌تی غه‌وس"ه‌وه‌ (د.خ) هاتووه‌ته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ و ئێستاش لە ۵۲  ته‌کیه‌ و خانه‌قای سەرانسەری پارێزگای کوردستاندا بۆ زکرکردن و مەولوودی خوێندنەوە لیدەدرێت.

مه‌سعوود مورادی که‌ چه‌ندیه ساڵه‌ له‌ ته‌کیه‌ و خانه‌قاکانی کوردستاندا ده‌ف لێده‌دات و له‌ زۆربه‌ی فستیڤاڵه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کاندا وه‌ک ده‌فژه‌نی شاز هه‌ڵبژێردراوه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌ف، سازی سه‌ره‌کی ته‌کیه‌ و خانه‌قاکانه‌ و ئێستا که‌ کوردستان و شاری سنه‌ بووه‌ته‌ پایته‌ختی ده‌فی جیهان ده‌بێ خۆی به‌ قه‌رزداری تەکیە و خانه‌قا بزانێت و مۆسیقای ئێرانیش هەر قەرزداری خانە و ته‌کیه‌کانی ئه‌هلی ته‌رێقه‌ته‌.

پێویستە خزمه‌ت وهونەری‌ که‌سانی وه‌کوو خه‌لیفه‌ میرزا ئاغای غه‌وسی، خه‌لیفه‌ که‌ریم سه‌فوه‌تی و...... بۆ ناساندنی ده‌ف به‌ جیهان لە بیر نەکەین. چونکوو ئەگەر ئەم هونەرمەندە دەفژەنانە نەبوونایە سنە و کوردستانیش بە گشتی، لە جیهاندا بەم شێوە بە ناوی پایتەختی دەف نەدەناسران و ناویان تۆمار نه‌ده‌بوو.

مورادی دەڵێت:‌ بیژه‌ن کامکار هونەرمەندی ناوداری کورد ، هۆکاری ناساندنی باشتری ده‌ف به‌ محه‌مه‌د ڕه‌زا لوتفی و لە ڕێگای ئەوەوە گواستنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌م ئامێره‌ پیرۆزه‌ بۆ ناو مۆسیقای ڕه‌سه‌نی ئێرانی بووه‌ و ئێستا دەف وەک ئامێرێکی تەواوکەری مۆسیقای ڕەسەنی ئێرانی جێگە و پێگەی تایبەتی هەیە و سازێکی نەسڕاوەیە کە بە ناوی کوردەوە تۆمار بووە و توانیویه‌تی ڕۆڵی ته‌کامولی بۆ مۆسیقای کلاسیکی ئێرانی بگێرێت.

ئەم هونەرمەندە دەف ژەنە، بە ڕەخنە و گازندە لە بەرپرسانی دامودەزگا هونەرییەکان وتی: بە داخەوە بەرپرسان بەم جۆرەی کە شیاوە پاڵپشتی دەفژەنەکان ناکەن لە حاڵێکدا کە دەبێ دەف ژەنانی کوردستان بەو شێوازە پشتیان بگیردرێت کە فوکوسیان زیاتر لە سەر پەرەدان بە هونەرەکه‌یان بێت، نەک وەدەست هێنانی بژێوی ژیان.

ئه‌و داواکارییه‌ش ده‌خاته‌ به‌رده‌م گه‌نجانی ده‌ف ژه‌ن که‌ ئه‌خلاقی خانه‌قایی بپارێزن و پێش له‌وه‌ی ده‌فژه‌ن یان مۆسیقارێکی باش بن خاوه‌ن ئه‌خلاقی پاک و خاوێنی خانه‌قایی بن و هه‌وڵیان ئه‌وه‌ بێت ڕیتم ،مێلۆدی و شێعری عێرفانی و خانه‌قایی به‌ باشترین شێوه‌ فێر ببن و ئەم میراتە مانایە لە ناو کورد دا پەرەپێبدەن و بۆ هەتاهەتایە بیپارێزن.

News Code 21273

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 2 =