هێندەی نەماوە دەف جیهانی ببێتەوە/ سنە ڕێز لە سدیق تەعریف دەگرێت

کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی هەشتەمین مێهرەجانی نێونەتەوەیی "دەف دەنگی ڕەحمەت" شەممە ٢٧ی گەلاوێژ بە ئامادەبوونی بیژەن کامکار و تاقمێک لە بەڕێوەبەرانی حەوزەی هونەریی ڕێکخراوی بانگەشەی ئیسلامی بەڕێوەچوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کاربەدەستانی بەڕێوەبەری هەشتەمین مێهرەجانی نێونەتەوەیی دەف‌ژەنیی "دەف دەنگی ڕەحمەت" رۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژ بە ئامادەبوونی بیژەن کامکار لە تەلاری ئەندێشەی حەوزەی هونەری ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی، وردەکاریی ئەم خولە لە مێهرەجان-یان ڕوون کردەوە.

کوردستان بۆتە پایتەختی جیهانیی دەف

ئەمین مورادی سەرۆکی حەوزەی لە سەرەتای ئەو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند: مێهرجانی دەف‌ژەنیی "دەف دەنگی ڕەحمەت" گەرم و گوڕانە لە لایەن هونەرمەندانی چالاکی مۆسیقای ئێرانی سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاندووە و ئێمە شایەدی ئەوەین کە کوردستان لە سای ئەو هونەرمەندانە بۆتە پایتەختی جیهانیی دەف.

بەڕێوەبەری مێهرەجانی دەف‌ژەنیی "دەف دەنگی ڕەحمەت" بە ئاماژە بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو ڕووداوە مۆسیقاییە، وتی: مێهرەجان لە سێ بەشی تاک ژەنی، گرووپ ژەنی و مەولوودی خوێنی بەڕێوە دەچێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٧١٠ هونەرمەندی دەف‌ژەنی ژن و پیاو لە ٣٠ پارێزگای وڵات لە دوو بەشی میرمنداڵان و گەورەساڵان خوازیاری بەشداری لەم خولە لە مێهرەجان بوونە کە بە پێی دەنگی لیژنەی داوەران، ٢٥٠ هونەرمەند لە ماوەت رۆژانی ٣١ی گەلاوێژ تا ٣ی خەرمانان بەرهەمی خۆیان لە شاری سنە ئاراستە دەکەن. لە پەنای ئەو هەنگاوە وۆرکشۆپ و مەسترکلاسگەلێک بەڕێوە دەچێت کە وردەکارییەکانی لە رۆژانی داهاتوودا ڕادەگەیێندرێت.

ناوبراو وتیشی: لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا بڕیارە لە مامۆستا سدیق تەعریف لە هونەرمەندانی ناوداری کورد لە ئاستی وڵات ڕێز بگرین.

ئەگەر پاڵپشتییەکانی بیژەن کامکار نەدەبوو...

محەمەد زروویی نەسرئاباد بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی سپێهری سوورەی هونەر لەو کۆنفڕانسەدا وتی: لام وایە مامۆستایانی وەک بیژەن کامکار هەوڵی زۆریان داوە بۆ جێگر کردنی ئامێری دەف لە مۆسیقای نەریتی ئێرانی. ڕەنگە ئەگەر ئەو مامۆستایە نەدەبوو ئێستاش دەف هەر لە خانەقاکان دەمایەوە. کەواتە بوونی مێهرەجانگەلی وەک "دەف دەنگی ڕەحمەت" لە سای هەوڵی ئەو هونەرمەندانێکە کە درێژەیان بەو رێگەیە داوە. ئێمەش وەک ناوەندی سپێهری سوورەی هونەر بە بەشداری لە مێهرەجانگەلی پارێزگایی هەوڵ دەدەین کە ئەو ڕووداوە مۆسیقاییە بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.

ناوبراو زیادی کرد: پێکهاتنی گرووپی هەزار دەف و تۆمارکرانی دەف بە ناوی کوردستان لە گرینگترین دەسکەوتەکانی خولەکانی پێشووی مێهرەجانی "دەف دەنگی ڕەحمەت"ـه.

دەف ڕێخۆشکەرە بۆ ئامێرە کووبەییەکان

بیژەن کامکار مامۆستا و هونەرمەندی ناسراوەی بواری دەف‌ژەنی وەک ئەندامی دەستەی سیاسەتداڕێژیی ئەم خولە لە مێهرەجانی دەف‌ژنی "دەف دەنگی ڕەحمەت" ڕایگەیاند: ئامێری دەف جێی بە هیچ ئامێرێکی دیکە تەنگ نەکردووە و جێی خۆیەتی وەک ئامێرێکی مۆسیقایی کە پاش هێرشی عەرەبەکان بۆ سەر ئێران خرابووە پەراوێز، ئاوری لێ بدرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ئامێرە ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئامێرە کووبەییەکان.

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی پێگەی دەف لە ئانسامبێلی ئێرانی و زەروورەتی ئاوردانەوە جیدی لەو ئامێرە، ڕاشیگەیاند: کاتی خۆی لە گەڵ شارام نازری لە وڵاتی فەڕەنسا ئامیڕی دەفم ناساند کە پێشوازییەکی گەرمی لە لایەن هونەرمەندان و بەردەنگەکانی لێ کرا و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا شایەدی دەنگدانەوەی ئەو ئامێرە لە ئۆرکێسترا سەمفۆنییەکانی ئەورووپیشدا بین و خۆشحاڵم کە لە سای حەوزەی هونەریی کوردستان هەنگاوی باش بۆ گەیشتن بەو ئارەزووە هەڵگیراوە.

کامکار جەختی لەوەش کرد: هیوادارم هەلومەرجی مێهرەجانی ئەوساڵ بە شێوەیەک بێت کە هەڵبژاردراوانی ئەم خولە پشتگوێ نەخرێن و زیاتر بە سەر بکرێنەوە و تەنیا بە پێدانی خەڵاتێک کۆتایی بە هەوڵەکانیان نەهێنین.

هەشتەمین خولی مێهرەجانی نێودەوڵەتیی دەف‌ژەنی "دەف دەنگی ڕەحمەت" لە ماوەی رۆژانی ٣١ی گەلاوێژ تا ٣ی خەرمانان بە هەوڵی حەوزە هونەریی ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی لە سنە بەڕێوە دەچێت.

News Code 21082

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 10 =