شانۆنامە لە کتێبخانەی کوردیدا ونە

پرسی شانۆنامەنووسی بەدەر لە لایەنی ئیجرایی و سەر شانۆیی، بەردەوام لە کۆمەڵگای هونەریی کوردیدا لە گەمەی نێوان ئەدەب و شانۆدا بەربەڵا کراوە و سەرپەرەشتی گرووپی شانۆیی بارانی مەریوان لای وایە هێشتیا شانۆنامەنووسی نەیتوانیوە پێگەی شیاوی خۆی لە کتێبخانەی کوردیدا بدۆزێته‌وه‌.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کوردی – ئەمجەد غوڵامی: شانۆنامە لە سەفەری هاوبەشی خۆی لە گەڵ ژانرەکانی دیکەی ئەدەبی وەک شیعر، چیرۆک و گێڕانەوە، ئەمڕۆ خاوەن کۆمارێکی سەربەخۆیە کە لە یۆنانەوە تا بە ئەوڕۆ باڵی بە سەر تەواو ڕووداوگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیدا کێشاوە و خویشی وەک ڕۆحی بزووێنەر، دەستی باڵای بووە لە سازدان و ڕێنوێنی‌کردنی هەموو ئەو ڕەوت و ڕووداوانە. کەچی نەناسینی بنەماکان، زەروورەتەکان، توانستگەلی مێژوویی و ئەوی فاتح بادپەروا پێی دەڵێت "سەردەمی پەساژانری" لە پەنای خەزێنەیەک لە ئەدەبی زارەکی و عاشقانەگەلێک لە لابەلای مێژووی پڕ لە جەنگ و نەهامەتی، ڕێک ئەو کەمایەسیانەن کە وەک خەسارەکانی شانۆگەریی کوردی، ئەم دوورگەی خستۆتە دەرەوەی جوگرافیای کۆماری جیهانی شانۆنامەنووسی.

بەڕێوەبەر و یاریدەدەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان نکۆڵی لەوەش ناکات کە شەڕ و ڕمبازێن و نەهامەتی و قوربانی دان لە لابەلای مێژووی کورد و ئەو جوگرافیایە کە کوردی تێدا نیشتەجێیە، کاریگەریی حاشاهەڵنەگری بووە لە پاشکەوتوویی و بێبەشیمان لە بەستێنی شانۆی جیهانی.

فاتح بادپەروا نووسەر، چالاک و دەرهێنەری ناسراوەی بواری شانۆیی و سەرپەرەشتی گرووپی شانۆیی باران لە مەریوان و هاوکات دامەزرێنەر، بەڕێوەبەر و یاریدەدەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە دەستپێکیەوە تا بە ئێستا، لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، بە شێوەی خوارەوە وەڵامی دایەوە:

* بەردەوام شانۆنامەنووسی لە مەودای ئەدەبی گێڕانەوە و هونەری دراماتیکدا پێناسە دەکەن، هەر ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو فۆڕمە هونەرییە نەتوانێ وەک ژانرێکی سەربەخۆ خۆی بناسێنێت. بە بڕوای ئێوە شانۆنامەنووسی بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بەو پێگە ئەدەبییە دەبێ چ رێگەیەک بگرێتەبەر؟

ـ من پێموایە شێعر و چیرۆک و ئەدەبی شانۆیی بنەما سەرەکییەکانی ئەدەب بە گشتین و ئەگەر ئاورێک لە مێژووی نووسین لە ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایینەوە تا ئێستا بدینەوە، بێ شک شانۆنامە و ئەدەبی شانۆیی تا سەدەکانی ١٩ و ٢٠ لە ژانرە سەرەکییەکانی ئەدەبیات بوون و هێشتاش لە سەرتاسەری جیهان دەقە شانۆییەکان لە سوفۆکلێس-ەوە تا دەقە ئەمڕۆینەکان دەخوێندرێنەوە، ئیجرا دەکرێن و چاپ دەبنەوە. ئەوە لە خۆیدا سەلمێنەری پێگەی مێژوویی ئەدەبی شانۆیی و لێهاتوویی ئەو ئەدەبە وەک ژانرێکی سەربەخۆیە. هەڵبەت خود ئەو رێگەیە پڕ بووە لە ئاستەنگ و سەخڵەتیی وەک سانسۆر و بایکۆتی دەسەڵاتە سەرکەوتگەرەکان، بەڵام هیچکام لەوانە نەیانتوانیەوە پێش بە نووسین و داهێنانی شانۆنامەنووسی بگرن و شانۆنامە توانیویتی سەرەڕای تەواو گۆڕانکارییەکان خۆی وەک ژانرێکی سەربەخۆ بناسێنێت.

لە ڕاستیدا کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ هاوکات بوو لە گەڵ زۆرترین گۆڕانکاریگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و بەو پێیە ئەدەبی نوێ و شانۆنامەنووسی لەو ماوەیەدا بە نیسبەتی تەواو سەدەکانی دیکە گۆڕانکاریی زیاتری بە خۆوە بینی. بەرچاوترین گۆڕانکاریی ئەم قۆناغە ڕەخسانی هەلی بەهرەگرتنی دەقەکان لە یەکتری و کاریگەری وەرگرتن لە یەکتری بووە، بە چەشنێک کە شایەدی مامەڵە و دانوستانی ژانرەکانی شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و شانۆگەری لە گەڵ یەکترین. هەر بۆیە لام وایە سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمی "پەسا ژانر"ییە و چیتر بە سەربەخۆیی ڕوانین لە ژانرەکان هەوڵێکی بێهوودەیە، بەڵکوو لەم قۆناغەدا ژانرەکان تەواوکەری یەکترین و ئاساییە کە ژانری شانۆنامە لە نۆرەمەکانی دیکەی ئەدەبی کەڵک وەرگرێت. لە لایەکی دیکەوە ڕەنگە بە پێی هەڵومەرجی مۆدێرنیتە چیرۆک و گێڕانەوەی ڕۆمان توانیبێتی بە نیسبەتی ژانرەکانی دیکەی ئەدەبی، پێشکەوتنێکی بەرچاوی مسۆگەر کردبێت، بەڵام ئەوە هیچ لە لێهاتوویی و توانستی شانۆنامە کەم ناکاتەوە.

هەڵبەت ئەگەر بمانەوێ ئەو ڕەوتە لە ئێران و کوردستاندا بخوێنینەوە، بێ شک نەمانتوانیوه ئەم دەرفەتە بۆ دەقی شانۆیی وەک ژانرێکی سەربەخۆ بقۆزینەوە و شانۆنامە بەردەوام پەیوەستی خودی شانۆ و جیهانی شانۆ بە واتای نمایش کردنەکەی بووە و نەیتوانیوه لە مەودای ئەدەب و شانۆ پێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

* یەکێک لە ئیمکانات و مۆتیفە سەرەکییەکان لە شانۆنامەنووسیدا پرسی وێنەی زەینی و ئایدیا سەرەتاییەکانە، بە بڕوای ئێوە شانۆنامەنووسانی کورد لەوبارەوە چ ئیمکاناتێکیان لەبەر دەستە و لە چ ئیمکاناتێک خافڵ بوون؟

ـ ئەدەبی نووسراوەی کوردی تەمەنێکی ئەوتۆی نییە و ئەوی لە مێژووی کوردی ماوەتەوە زیاتر دەچیتە خانەی ئەدەبی زارەکییەوە. لەمناوە ئەدەبی زارەکی و میتۆلۆژیا و ڕازەکان لە خۆیاندا سەرچاوەیەکی لە بن نەهاتوو و گرینگی ئەدەبی شانۆیی بووە و هەیە و بە خۆشحاڵییەوە کورد لەوبارەیە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پێیە. بەڵام بە داخەوە تا ئێستای لە سەر بێت نەمانتوانیوه لایەنە دراماتیزەکانی ئەو ئەدەبە بە باشی بناسین و دایڕێژینەوە یان وەریان‌گێڕینە سەر زمانێکی دیکە و هەمبەر بەو ئەدەبە زۆر لاواز جووڵاوینەتەوە. هاوکات ئەگەر لە پرس و ئایدیای ئەدەبی شانۆیی بکۆڵینەوە ڕەنگە سەرجەمی ئایدیاکان نەگاتە ٣٠ تا ٤٠ ئایدیا کە لە درێژەی مێژوویی مرۆییدا بە شێواز و فۆڕمگەلی جۆراوجۆر و بە فیکر و ڕیوایەتی جیاواز ئاراستە کراوە. بە واتایەکی دیکەی هەستی دەروونی مرۆیی، شەڕ، بەسەرهات و ڕووداو، پرسیارەکان، ئارەزوو و خەونگەلی وەک مەرگ و ژیانی هەرمان، ئەندێشە و ئاوەز، دەبێ و نابێکان، ئێرەیی و عەشق ... هەمان ئایدیاگەلێکن کە مرۆڤ لە درێژەی مێژوودا پێوەی گیرۆدە بووە و شانۆنامەنووسەکان  مانای تایبەتی خۆیان لێ هەڵکرداندووە و پێیان بەخشیوە. بەو جیاوازییە کە لەم ناوەدا شانۆنامەنووسان پێش مێژوونووسان کەوتن و واقیعی ژیان و گەل و وڵاتی خۆیان لە لابەلای دەقەکانیاندا بە شێوەی تایبەتی نواندووە و جێ پێی تایبەتیان لە خۆیان بە جێ هێشتووە.

بەڵام بە داخەوە ئێمە لە وڵاتێکدا ژیاوین کە بەردەوام بۆتە شوێنی شەڕ و ڕمبازێنی ئیمپراتوورییەکان و تا ئێستاشی لە سەر بێت، ئەو ڕووداوانە بۆ ئێمە هەر دووپات و چەندپات دەبنەوە (ڕەنگە هەر ئەوەش بۆتە هۆی دواکەوتنی ئەدەبی نووسراوە لای ئێمە). کەچی بەوەشەوە، جۆرێک عەشق و حەزی ژیان و خۆشەویستی بۆ ئاو و خاک وەک جیهانێکی دیکە لای ئێمەی کورد ئامادە بووە کە لە ئەدەبی زارەکیدا خۆدەنوێنێت و سینگ بە سینگ بۆ ئێمە گێڕدراوەتەوە. لام وایە مێژووی ئێمە پراوپڕە لەو بابەتانە کە ئەگەر بتوانین بە شێوەیەکی دراماتیزە بینانووسینەوە، دەتوانین وەک ئیمکاناتێکی شانۆنامەنووسی ئاوریان لێ بدەینەوە و لە رێگەی وەرگێڕانەوە بیانناسێنین. کەچی نەبوونی ئاگایی و ناسینی پێویست لە گۆرانکارییەکانی شانۆنامەنووسی جیهانی، گشتە وێژی، بەهانەدان بە فۆڕم و شێوازی دروست‌نووسین، فەزاسازیی هەڵە، دوورەپەرێزی لە سادە و پۆختەنووسی، ئاوێتەکاری لە پرس و کەڵکەڵە نابەجێکان، دروشمگەری و ... هۆکارگەلێکی دزێو بوون و هەن کە ناهێڵێن ئێمە رێگەی بەهرەمەند بوون لەو ئیمکاناتە بپێوین و شانۆنامەنووسی ئێمە سەرەڕای ئامادەبوونی بابەت و ئایدیای دەوڵەمەند، لە دابەزاندن و داڕشتنی کارەکانیدا هیشتا گیردۆدەی ئەو کەمایەسیانەیە کە ئاماژەم پێدان.

* ئایا دەکرێت بڕوامان بە کۆمارێکی جیهانی شانۆنامەنووسی لە یۆنانەوە تا ئەمڕۆ بە تەواو شێواز و قوتابخانە تایبەتییەکانەوە بێت. یان ئەوەی کە دەبێ لە بری ئەو کۆمارە، باوەڕمان بە کۆمەڵە دوورگەی ئەدەبی شانۆیی بە پێی جیاوازییان لە گەلان و فەرهەنگەکاندا بێت. لەمناوەدا شانۆنامەنووسیی کوردی چ پێگەیەکی لە بەستێنە مۆزاییکەکاندا هەیە؟

ـ ئەو کۆمارە جیهانییە بێ شک هەل و دەرفەتێکی باشە و دەتوانێ تەواو گوڕانکارییەکان لە شێواز و قوتابخانە جۆراوجۆرەکان لە خۆ بگرێت و هاوکات فەزایەکی تایەکاری ئاراستە بکات بۆ نمانەوەرگرتن و لێک‌نزیک‌بوونەوەی جیهانە جۆراوجۆرەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر ڕووداوێکی ئەدەبی بە جۆرێک پشت‌ئەستوورە بە مۆتیف و بنەمایەکی سەرەکی کە پێناسەدەری ئەو ڕووداوەیە و ئەگەر ئاور لەو مۆتیفە لە ناوئاخنی فەرهەنگەکەی نەدرێتەوە، تەنیا لە گەڵ کۆمەڵێک دەقی سەڵت و بێ ڕۆح بەرەوڕووین کە ناچێتە خانەی هیچ جۆرە فۆڕم و ژانرێکی تایبەتی.

کەوایە منیش باوەڕم بە کۆمارێکی جیهانی شانۆنامەنووسی لە یۆنانەوە تا بە ئەمڕۆ بە تەواو مۆتیفە فەرهەنگەکانییەوە هەیە کە دەتوانێ پێناسەدەری مێژووی ئەدەبی شانۆیی بێت کە لەمڕۆدا وەک لە پرسیاری یەکەم وتم لە قۆناغی پەسا ژانریدا گەڕان بۆ سەربەخۆیی، هەوڵێکی بێ هۆیە و ژانرەکان نە تەنیا تەواوکەری یەکترین، بەڵکوو لە نۆرەمەکانی دیکەی ئەدەبی-ش کەڵک وەردەگرێت. بەڵام بە داخەوە شانۆنامەنووسیی کوردی تا ئێستا نەیتوانیوه هیچ جێگە و پێگەیەک بۆ خۆی لەو کۆمارەدا دەستەبەر بکات. ئەگەرچی باوەڕم وایە هەنگاوگەلێک لەوبارەیەوە هەڵگیراوە و هیوادارم ئەو هەوڵانە کەم تا زۆر ببنە هەوێنێک بۆ گەیشتنمان بەو پێگەیە.

* پێگەی بەردەنگ لە ئەدەبی شانۆییدا (بەدەر لە لایەنی نمایشی شانۆکان) چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ وەک دەزانین شانۆ لە ١٢ کردار پێکهاتووە کە یەک لەوان بەردەنگە و ئەگەر بەردەنگ نەبێت، شانۆ بەرهەم نایەت و ئەمە جەوهەری شانۆیە کە دەنووسرێت بۆ ئەوەی ئیجرا بکرێت و بێتە سەر شانۆ، بەڵام لێرەدا مەبەست بەردەنگی خودی شانۆنامەیە کە کاری خوێندنەوەی دەقی شانۆییە و لە جیهانی دەقدا سەیر دەکات. لەوبارەوە دەبێ بە ڕاشکاوی بڵێم کە ئێمە ئەو جۆرە بەردەنگە کە من پێی دەڵێم "شانۆنامەخوێن"مان نییە، یان ئەگەریش هەمانبێ ئەوا زۆر لاوازە و هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نائاشنایی دروستی ئێمە لە گەڵ فۆڕم و ژانری شانۆنامە چ لە بواری نووسیندا و چ لە بواری خوێندنەوە و ناسیندا.

پاشان سەرەڕای شەپۆلی وەرگێرانی دەقە شازە شانۆییەکانی جیهان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چ لای فارسەکان و چ لە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی، ڕەوتی وەرگێڕانیش نەیتوانیوە جێگە و پێگەی شیاوی خۆی لە کتێبخانەی کوردی بدۆزێتەوە. لە هەمان کاتدا خود کەسانێکیش کە کاری شانۆ و شانۆنامە دەکەن، بە داخەوە کەم دەخوێننەوە.

News Code 20918

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =