دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتمانی؛ ڕەمزی نوێی قەیران و ئاژاوەنانەوە لە عێراق

پیلانێک کە لە ئێستادا هەندێک ئەکتەری بواری سیاسەتی ناوخۆیی عێراق بە پاڵپشتی و چاودێریی لایەنە دەرەکییەکان بە دوای وەدی هێنانین، دابەزاندنی نمانەی "دەوڵەتی رزگاریی نیشتمانی"یه.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ٢٢ی گوڵانی ئەمساڵ و تەنانەت پاش ئەو هەڵبژاردنانە، هەوڵگەلێکی زۆر –چ لە لایەن هەندێک لایەنی ناوخۆیی و چ لایەنە دەرەکییەکان- بۆ ئاژاوەنانەوە و بشێوی لەو وڵاتەدا لە ئارایە.

دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان ئیتنیک و مەزهەبەکان، هەنگاونان لە بواری دواخستنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، بردنە ژێر پرسیاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەسکەوتی سیاسیی و هەروەها بێ بایەخ نواندنی سەرکەوتنی گەورەی شیعەکان، تەنیا بەشێکە لە هەوڵە دزێوەکان بۆ رێنوێن کردنی عێراق بەرەو تونێلی ئاژاوە و بشێوی.

بە تەواو ئەوانە، عێراق بە پاڵپشتی لە چینە جۆراوجۆرەکانی خۆی لە ئیتنیک و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان، توانیوە بە جۆرێک لە تەواو ئەو قۆناغ و قەیرانانە تێپەڕێت. بەڵام ئێستا پێدەچێت کە ئەکتەر و ئەکتەرگەڕانی پشت پەردە هەوڵی داڕشتنی پیلانێکی نوێ بۆ تێوەگلاندنی عێراق بە تایبەت لەو قۆناغەدا واتە قۆناغی پاش داعش دەدەن؛ قۆناغێک کە پاش مسۆگەر بوونی دەسکەوتی شیرینی هەڵبژاردنەکان، تام و بۆنێکی نوێی بە عێراق بەخشی.

پیلانێک کە هەر ئێستا هەندێک ئەکتەری بواری سیاسەتی ناوخۆیی عێراق بە پاڵپشتی و چاودێریی لایەنە دەرەکییەکان بە دوایەوەن، دابەزاندنی نمانەی "دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی"یه. هەندێک گرووپ، ڕەوت و کەسایەتیی سیاسیی عێراق ڕاشکاوانە جەخت لە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەکەن و بەو پێیە – بە ئه‌نقەست یان نەخوازراو- بەرژەوەندیی دوژمنانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دابین دەکەن. یەک لەو کەسایەتیانە ئەیاد عەلاوی سیاسەتوانی عێراقییە کە بە فەرمی داوای پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتگەلێکی میدیایی ئاماژە بەوە دەدەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی تەواوی لە پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی دەربڕیوە و ڕوانگەی خۆی لەوبارەیە بە گوێی هەندێک سیاسەتوانی پاڵپشتی پلانەکە گەیاندووە. هەڵبەت حزب و ڕەوتە عێراقییەکان لە بەرامبەر پلانی باسکراو بێدەنگ نەبوونە و ناڕەزایەتی خۆیان لەوبارەیە ڕاگەیاندووە. سەلاح عەبیدی وتەبێژی ڕەوتی سەدر یەکێکە لەو کەسانە کە وێرای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توندی بە پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی، ڕایگەیاند: جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕووداوگەلێکی پێشبینی نەکراوە لە عێراقدا.

لە هەنگاوی یەکەمدا ئەوی ڕوون و ئاشکرایە، دژوازیی حاشاهەڵنەگری پرسی پێکهێنانی "دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی" لە گەڵ دەستووری عێراقە. لە ڕاستیدا لە دەستووری عێراقدا هیچ بڕگە، مادە و تەنانەت تێبینییەک سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی و ئەویش لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا نەهاتووە. ڕەوتی زەمانی و یاساییەک کە دەبوو پاش هەر هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی لە عێراقدا ڕەچاو بگیردرێت، تەواو دیاری کراوە و بەو پێیە لە پڕۆسەیدا هیچ جێیەک بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی نییە.

سەید موحسن حەکیم ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق و هەروەها ئەندامی مەکتەب سیاسیی ئەو ڕەوتە، پڕۆسەی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتوو لە چوارچێوەی دەستووری بەم چەشنە شی کردەوە: "سەرەتا پەرلەمان دەبێ دانیشتنێک بەڕێوە ببات و لیژنەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێن و پاشان سەرۆک کۆمار لە بازنەیەکی زەمانی دیاردا دیاری بکرێت. لە دوای ئەو فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان دەبێ بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیران بە سەرۆک کۆمار بناسێنێت".

ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وتیشی: "سەرۆک وەزیرانی پێشنیاریش مانگێک دەرفەتی هەیە کە دەوڵەتی خۆی پێک بێنێت. ئەگەر لەو ماوەیەدا نەیتوانی دەوڵەت پێک بێنێت، ئەوا فراکسیۆنی دووهەمی پەرلەمانە کە دەبێ بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیرانی خۆی بناسێنێت. ئەوە سەرجەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە". بەو شێوە دژوازیی پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی لە گەڵ ناوەڕۆکی دەستوور، ئەویش ڕێک لە دوای هەڵبژاردنێکی تەندروست، دیموکراتیک و سەرکەوتووانە، دەردەکەوێت.

خاڵی دواتر سەبارەت بە پلانی ئاماژە پێ‌دراو ئەوەیە کە ئەزموون سەلماندوویەتی کە پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەردەوام لە هەلومەرجێکدا سەری هەڵداوە کە ئەو وڵاتە یان لە گەرمەی شەڕێکی نابەرابەر لە گەڵ لایەنە دەرەکییەکانیدا بووە و یان بەرەوڕووی بۆشایی دەسەڵات لە پێکهاتەی سیاسیی خۆی بووە. نمونەی بەرچاوی ئەو پرسە هەمانە کە ئەمڕۆ لە یەمەن و لیبیادا دەبینین؛ شوێنێک کە هەر دوو وڵاتەکە لە لایەن دەوڵەتانی رزگاری نیشتمانی ئیدارە دەکرێن.

لەو دوو نمونەدا، دیارە کە یەمەن لە سونگەی بەرەوڕووبوونەوەی لە گەڵ بۆشایی دەسەڵات لە پێکهاتەی سیاسی و هەروەها هەلومەرجی جەنگیی دژوار و داسەپێندراوە لە لایەن لایەنە دەرەکییەکان و لیبیا بە هۆی هەلومەرجی دژواری شەڕی ناوخۆیی لە گەڵ تیرۆریستانی تەکفیری، بە ناچار لە لایەن دەوڵەتانی رزگاری نیشتمانییەوە ئیدارە دەکرێن. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەلومەرجی ئێستای عێراق نە تەنیا هیچ شێوەی ئەو دوو وڵاتە نادات، بەڵکوو جیاوازییەکانیان لە زەوی تا ئاسمانە.

جیاوازییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عێراق هەم لە شەڕی تیرۆریزمی تەکفیری سەرکەوت و هەمیش لکە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی، بە نمایشدانێکی جوانی دیموکراسیانە، هەڵکشانی سیاسیی خوی بە هەمووان سەلماند. هەر لەو پەیوەندییەدا سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لای وایە: "عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێگەی دیموکراسیی ڕاستەقینە و وەرگرتنی دەنگی گەلی عێراقی سەلماند".

لە ئاوەها دۆخێکدا، پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی لە عێراق بە جۆرێک سەلمێنەری بوونی قەیران لەو وڵاتەیە؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە عێراق لە قۆناغە سەخڵەتەکانی قەیران تێپەڕیوە و لە رێگەی گەیشتن بە کەنارەکانی سەقامگیری و ئاسایشدا هەنگاو دەنێت؛ سەقامگیرییەک کە دەبێ بپارێزرێت.

سەید عەمار حەکیم لەوبارەیە بە ئاماژە بەوەی "سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچە و جیهانە، جەختی کرد کە عێراق پردی پاوەجێی و سەقامگیری و پەیوەندییە، نەک شەڕ و ئاژاوە.

هەڵبەت جێی ئاماژەیە کە پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی لە عێراق ڕێک لە بەرامبەر پلانی نیشتمانی "پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانی"یە و  ڕەنگە بە جۆرێک بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو پلانە نیشتمانییە ئاراستە کرابێت. بە ئاوردانەوە لەوەی کە چەمکی پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانی بۆ یەکەم جارە لە ئەدەبی سیاسیی عێراقدا کاری پێدەکرێت و ڕەوتێکی شیعه و خۆشەویستی وەک حیکمەی نیشتمانی داکۆکی لێ دەکا و جڵەوداریەتی، دوور نییە کە پرسی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی بۆ سێبەر خستنە سەر پرسی پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانی خرابێتەڕوو.

دەوڵەتی زۆرینە (ئەغلەبییەت)ی نیشتمانی کە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاراستەی کردووە، لە ڕاستیدا دەنگی خەڵکی عێراق دەکاتە پێوەر و بە غستی ئامانجی سەرەکیی وەدی هێنانی داواکاری و دۆزی خەڵکی لەو وڵاتەیە. ئەو لە کاتێکدایە کە داڕێژەرانی پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی وێرای پشتگوێ خستنی داواکاریی خەڵکی و لەوان دۆزی مەعاشیان، وەهمی قەیرانی سیاسیان هەڵداوە و بەوجۆرە وادەنوێنن کە بە دوای چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتەن؛ لە کاتێکدا قەیرانی ئەوڕۆی عێراق، قەیرانی ئابووری، قەیرانی نەبوونی خزمەتگەیاندنی شیاو، بێکاری، گەندەڵی و کێشەی مەعاشی خەڵکییە و نەک وەهمی قەیرانی سیاسی.

کەواتە، دەوڵەتی رزگاریی نیشتمانی خاڵی بەرامبەر بە دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانییە و خەڵکی عێراق زۆر باش لەو دژوازییە تێدەگەن. ڕێژەی دەنگی خەڵکی لە عێراقدا بە ڕەوتە شیعەکان بە تایبەت بە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وەک پێشەنگی هەڵدانی دروشمی "پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانی" خۆی سەلمێنەری ئەو ئیدعایەیە. سەید عەمار حەکیم لەوبارەیەوە دەڵێت کە لە دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانی ئەوە بەرپرسانن کە دەبێ هەمبەر بە دۆز و داواکاریی ڕەوای خەڵکی وەڵامدەر بن.

هاوکات خاڵی بەرچاوی دیکەی ئەو پرسە دژوازیی ئاشکرای پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاریی نیشتمانی لە گەڵ هەڵوێستی ڕاشکاوانەی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق واتە ئایەتوڵڵا سیستانی-یە. بۆ وێنە کاتێک ئاور لە ئامۆژگارییەکانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەی عێراق لە زمانی "عەبدولەمهدی کەربەلایی" نوێنەری بەڕێزیان لە کەربەلا دەدەنینەوە، دەبیستین: "مەرجەعیەتی عێراق پێداگرن لە سەر پەلە کردن لە ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتوو، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سڕینەوەی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی گەشەی ئابووری بە مەبەستی ڕەخساندی هەلی کار".

ئەو لێدوانە ڕاشکاو و ئاشکرایە بە بێ ئەوەی پێویستی بە شی کردنەوە و شرۆڤەکردن بێت، نیشان دەدا کە بژێرەی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراقیش لە قۆناغی ئێستادا هەمان داواکاریی سەرەکی و بنەڕەتیی گەلی عێراقە؛ پێکهێنانی دەوڵەتێکی بەهێز بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەڵکی. کەواتە هیچ جێی شک و گومان نییە کە پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاری نیشتمانی وەک نوێکارییەکی سەیر و سەمەرە لە بەستێنی سیاسی، بە هیچ چەشنێک پاڵپشتیی مەرجەعیەتی باڵای شیعە وەک یەکێک لە بنەماکانی کاریگەر لە عێراقی لە پشت نییە.

بە گشتی پێدەچێت کە ئامانجی سەرەکیی داڕێژەرانی پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی رزگاریی نیشتمانی سێبەر خستنە سەر هەڵبژاردنە سەرکەوتووەکانی پەرلەەمانی و سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی شیعەکان لەو هەڵبژاردنانەیە؛ بە تایبەت کە ئێستا بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان کۆتایی پێهاتووە و بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ئەنجام و بەراییەکان گۆڕانێکی ئەوتۆی بە سەردا نەهاتووە. هەلومەرجی ئێستاش نیشان دەدا کە عێراق بە پشت بەستن بە پاڵپشتیی جەماوەری و پاڵپشتییەکانی مەرجەعیەت بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینەی نیشتمانی دەچێت.

News Code 20902

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 7 =