ئێرانی ئێستا دەسەڵاتێکی سەروو ناوچەییە

نووسەر و شرۆڤەکاری یەمەنی جەختی کرد کە ئەزموونی هاوپەیمانییە پێکهاتووەکان لە ناوچە بە ئامادەبوونی عەرەبستان و ئەمریکا و ئەنجامی ئەو هاوپەیمانیانە نیشان دەدات کە ناتۆی ئەمریکی – عەرەبیی دژی ئێرانیش شکست دەهێنێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە ساڵحی: لەم دواییەدا سەرچاوە ئەمریکی و عەرەبییەکان لە هەوڵی دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی ئەمنی و سیاسیی نوێی لە گەڵ هەندێک وڵاتی دەڤەری کەنداوی فارس (عەرەبستان، ئێمارات و بەحرەین)، میسر و ئۆردۆن بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئێران هەواڵیان داوە و باسیان لەوەش کردووە کە کۆشکی سپی خوازیاری تۆکمە کردنی هاوکاریی لە گەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری بەرگریی مووشەکی، ڕاهێنانی سەربازی، شەڕ لە گەڵ تیرۆریزم و پرسەکانی دیکەی وەک پاڵپشتی لە پەیوەندیی ئابووری و دیپلۆماتیکی ناوچەییە.

ئەوە پلانێکە کە بە وتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی و رۆژهەڵاتی ناڤین مۆدێلێکی هاوشێوەی ناتۆ و ناسراو بە ناتۆی عەرەبی-یە. دەوڵەتی ترامپ هیوادارە کە ئەو هاوپەیمانییە کە بە شێوەی کاتی ناوی هاوپەیمانی ستراتژیکی رۆژهەڵاتی ناڤینی لێ نراوە لە میانەی کۆبوونەوەی ١٢ و ١٣ی ئاکتەوبری داهاتوو لە واشنتۆن ئاشکرا و لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

ئەمریکا بە نمانە وەرگرتن لە ناتۆ، بە دوای پێکهێنانی ڕێکخراوێک لە ژێر ناوی "هاوپەیمانی ستراتژیکی رۆژهەڵاتی ناڤین" بە ئامانجی شەڕ لە دژی دزە کردنی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینه.

تالب حەسەنی نووسەر و شرۆڤەکاری یەمەنی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر سەبارەت بە پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە لە دژی ئێران وتی: واشنتۆن بە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی ئەمریکی لە دژی ئێران بۆ جارێکی دیکە شکستی سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناڤینی ئاشکرا کرد و ئەو کارەی وەک پێکهێنانی هاوپەیمانی عەرەبی لە دژی یەمەن دەبێت.

وتیشی: بە کردەوە ئەو وڵاتانەی کە پەیوەستی ئەو هاوپەیمانییە دژە ئێرانییە بوونە، ئامادەیی پێویستیان نییە و تەنانەت ئەگەر بنکەکانیشیان پڕاوپڕی هێزی سەربازی بێت، مەگەر ئەوەی کە رێگە بە ڕژیمی زایۆنی بدەن کە لە خاکی وڵاتەکەیان کەڵک ببات. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئیسرائیل دەوێرێ کاری ئاوا بکات؟ بە لێکدانەوەیەکی سادە تێدەگەین کە ئەو ناتۆیە هەر لە ئێستادا بوونی هەیە و هاوپەیمانی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئێران چالاکە.

ئێران دەسەڵاتێکی سەرووناوچەیی لە پەنای ئیرادەی پۆڵایینی جەماوەری

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: خود ئەو وڵاتانەش دەزانن کە لە لایەن ئەمریکاوە خەتیان پێ دراوە و ئامادەیی پێویستیان بۆ چوونە ناو شەڕێکی ناوچەیی نییە؛ شەڕێک کە تەنانەت لە سەدا یەکی ئەنجامەکەشی دەستەبەر نەکراوە. وڵاتانی ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە ناهاوسەنگن و دەبێ لەوبارەیەوە هاوپەیمانیگەلێک کە لە ڕابردوودا پێکهاتووە و هیچکلام سەرکەوتوو نەبوونە، بیر بهێندرێتەوە؛ هاوپەیمانیگەلێک کە لە سووریا، عێراق و یەمەن لە باری سەربازی و لە لوبنان لە باری سیاسییەوە شکستیان هێناوە. کەواتە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نوێ پێکەنین هێنەرە. هەڵبەت دەبێ بەو لیستە شکستەکانی هاوپەیمانیی سعوودی-ش لە یەمەن زیاد بکەین.

حەسەنی ڕاشیگەیاند: وڵاتانی خاوەن پێگەی سیاسیی وەک مالیزی، تورکیا و پاکستان لە هەر هاوپەیمانییەک کە عەرەبستانی تێدایە، خۆ دەبوێرن. عەرەبستان، هەموو ئەو وڵاتانەی خستە لیستی هاوپەیمانییەکانی خۆی، بەڵام ئێستا هەلومەرجەکە گۆڕاوە و چارەنووسی تەواو ئەو هاوپەیمانیانە بە شکست کۆتایی پێدێت. لە بەرامبەریشدا دەبێ بزانین کە ئەو وڵاتەی بڕیارە هێرشی بکرێتە سەر ئێرانە؛ وڵاتێک کە لە ئێستادا بۆتە دەسەڵاتێکی بان ناوچەیی و دەسەڵاتێکی سەربازیی باڵای لە پەنای ئیرادەی جەماوەری هەیە.

هەوڵی ئەمریکا بۆ لاواز کردنی ئابووری و بشێوی نانەوە لە ناوخۆی ئێران

ئەو نووسەر و شرۆڤەکارە یەمەنییە جەختی کرد: بە تەواوەتی دیارە کە ئەو هاوپەیمانییە پەیوەستە بە ستراتژیی دەنەدەرانەی ئەمریکا لە دژی ئێران و تۆکمە کردنی گەمارۆکان لە دژی ئەو وڵاتە و هەروەها هەوڵ بۆ تەریک خستنی تاران و لاواز کردنی ئابووریی ئەو وڵاتە و هاندانی ئاژاوەگێڕان و بشێوی نانەوە لە ناوخۆی ئێران؛ ستراتژییەک کە پێدەچێت سەرناکەوێت. ئێران ئەو گەمارۆیانەی پشت سەر ناوە و پێوەی ژیاوە و ئامادەیی ڕۆحی و دەروونی هەیە بۆ تێکشکاندنی ئەو گەمارۆیانە. لەوەش گرینگتر، ئێران سەرەڕای سیاسەتگەلی ئەهریمەنانە لە ماوەی سێ دەیەدا و هەوڵی میدیایی، سیاسی و سەربازی لە دژی ئەو وڵاتە، لە ناوچەدا سەرکەوتوو بووە. ئێرانی ئەمڕۆ بەرهەمی بەرخۆدانی ئەو وڵاتە لە تەواو ئاستەکانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: ترامپ بە وڵاتانی عەرەبیی بەستێنی کەنداوی فارس وەک وڵاتانێکی دەوڵەمەند کە دەتوانن وەڵامی ئارەزووگەلی شێتانەی ئەو لە ناوچەدا دەدەنەوە، دەڕوانێت. سیاسەتگەلی ئەمریکا لەوبارەیە بە پێی سێ پرس داڕێژراوە؛ هەندانی وڵاتانی عەرەبی بە سازدانی پەیوەندییەکی تۆکمە لە گەڵ ڕژیمی زایۆنی، هاندانی ئەو وڵاتانە بە دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران و وەرگرتنی پارەی زۆر و بێ ژومار لە بەرامبەر پاڵپشتیی ئەمریکا لەو وڵاتانە. بە ئاوردانەوە لەو سیاسەتانە، بارودۆخی ئابووریی عەرەبستان هەرچی سیاسە ڕوو لە دابەزینە و ئەگەر درێژە بە پێڕەوی کردن لە ئەمریکا بدات، بە تەواوی تەریک دەکەوێت.

لێکدانەوەی شکستەکانی ڕابردووی داگیرکەران

حەسەنی جەختیشی کرد: ئەگەر ئەمریکا دڵی بە دەسەڵاتی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتانە خۆش کردووە، یەکەم دەبێ بە شکستی ڕژیمی زایۆنی لە کاتی دەستدرێژی بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ و دەستدرێژیی بەردەوامی بۆ سەر کەرتی غەزەدا بچێتەوە و پاش ئەوە شەڕی یەمەن کە بۆتە وەیشوومەیەک بۆ داگیرکەران و ڕیاز و ئەبووزەبی پاش نزیکەی سێ ساڵ و نیو شەڕی یەمەن بۆتە پایتەخی وڵاتانی نائەمن، لێک داتەوە. کەواتە متمانە کردن بە هێزە ئاسمانی و دەریاییەکان تەواو هەڵەیە. ئەگەر ئەو وڵاتانە ببنە مەیدانی شەڕ لە گەڵ ئێران، کەواتە دەبێ پێکدادانێکی کارەساتباری دیکە بۆ ئەو وڵاتانە پێشبینی بکەین.

News Code 20764

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 9 =