شانۆنامەنووسی کوردی لە بۆکان لەنگەری گرت

یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردت رۆژی ١١ی گەلاوێژ لە شاری بۆکان بەڕێوە دەچێت. ئەم هەواڵە پاش ٥ مانگ ماندوویی و هەوڵی بەردەوامی ستافی کاریی فێستیڤاڵ، هیوایەکی نوێی لە دڵی هونەری شانۆ و شانۆگەریدا خەملاند و دەلاقەیەکی نوێ بەڕووی شانۆنامەنووسی کوریدا کردەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کوردی - ئەمجەد غوڵامی: دەسکەوتی یەکەمین فێستیڤاڵی سەرتاسەری شانۆنامەنووسیی کوردی هەرچی بێ، کارنامەیەک دەبێت بۆ دوارۆژ و وەدی هاتنی هیوای بەردەوامیی ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵانی داهاتوو لە شاری بۆکان‌دا، شارێک کە ناوی بە چیرۆک و گێڕانەوەوە گرێی خواردووە و "شانۆنامەش وەک ئەندامێکی یانەی ئەدەبی گێڕانەوە" دروشمی بووە کە هەر لە یەکەم رۆژانی دەست بەکار بوونی فێستیڤاڵ جەختی لە سەر کراوە و لە خۆیدا دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ هاوڕایی و لێک نزیکبوونەوەی ئەنجومەنگەلی ئەدەبی و شانۆیی لەم شارەدا.

رۆژی ٣١ی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی هەتاوی و لە گەڵ یەکەمین دانیشتن بۆ هاوبیری سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی بانگەشەی یەکەمین فێستیڤاڵی سەرتاسەری شانۆنامەنووسیی کوردی لە هۆڵی میوانانی فەرمانداریی بۆکان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پاریزگای ورمێ، نوێنەری شار، فەرماندار، بەرپرسانی شاری و تاقمێکی زۆر لە هونەرمەندان، هەمان دروشم داکۆکی لە سەر کراوە و تێکرای ئامادەبووان بە ئارەزووی ورووژانەی چالاکییە فەرهەنگییەکان لە هەنگاوێکی بەرزیان دەڕوانی کە هەم پڕ بە پێستی زمانی کوردی و هەمیش پڕ بە ناوی بۆکان بێت.

هەر لەو دانیشتنەدا بەرپرسی بەشی زانستیی فێستیڤاڵ جەختی لە پەیوەندیی مێژوویی ئەدەب و شانۆنامە کرد و فێستیڤاڵەکەی بە هەلێک زانی بۆ لێک نزیکبوونەوەی شانۆ و ئەدەب وەک دوو یاری دێرینی زمانی دەست و نووسین. بیر هێنانەوەی پەیوەندیی لە بیر کراوی ئەو دووە لە لایەن ڕەحیم عەبدولڕەحیم زادە لە خۆیدا ئاماژەیەک بوو بە دەسپێکردنی ڕەوتێکی نوێ لە هاوبیری، هاوکاری، کۆبوونەوەی هومەرمەندانی بوارەکانی شانۆ و ئەدەب بۆ ڕاگۆڕینەوە و دیالۆگ و کردنەوەی ژووری فیکری بۆ دانانی بەردی بناغەی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی.

عەبدولڕەحمان عەزیزی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەم فێستیڤاڵە سەبارەت بە هەوڵ و پەیوەندییە سەرەتاییەکان ڕوونی کردەوە: لە یەکەم هەنگاودا سوور بووین لە سەر ناسینی دۆخەکە و لێکدانەوەی خاڵە لاواز و ئاستەنگەکانی بەردەم فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کە بڕیار بوو یەکەمین هەنگاوەکانی لە کوردستاندا هەڵگرێت. بۆ ئەو مەبەستە کارگرووپێکی لێهاتوو و دڵسۆز و ئاشنا بە پرێنسیپەکانی پلان داڕشتن بە بەشداریی کەسایەتییە ئاکادیمییەکان پێک هات. ئەو کارگرووپە پاشان بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاوبۆچوونی ناوەند و ئەنجومەنگەلی دوور و نزیک و لەوان ئەنجومەنی ئەدەبی بە ئامانجی گرتنەبەری هەنگاوێکی ژیرانە و کاراناسە، یەکەمین ستراتژییەکانی فێستیڤاڵی داڕشت.

بە وتەی عەزیزی دوای ئامادە بە کار بوونی و پاش ڕاگەیاندنی فەرمیی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە ماوەیەکی کەمدا شایەدی پێشووازیی بەربڵاوی هونەرمەندان و لایەنگرانی هونەری کوردی بوون و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٥٠ هەزار برووسکە و پەیام لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگاتە دەستیان و هاوکات هەوڵ دەدرێت بۆ وەڵام دانەوەی ئەو دڵگەرمییە و بە شێوەی رۆژانە و بە میکانیزمگەلێکی نوێ و ئەمڕۆیین هەم وەڵامی پەیامەکان بدرێتەوە و هەمیش خۆراکێکی ڕاگەیێنەری بۆ ناوەندەکانی هەواڵ و رۆژنامەکان ئامادە بکرێت.

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی وێرای ئاماژە بە ڕەوانەکردنی بەنێر و بانگەشەنامەکان بۆ تێکرای ناوەندە ئەدەبی، هونەری و فەرهەنگیی پاریزگاکانی ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام، لورستان و شارە کوردنشینەکانی خوراسان و ناوەنبدەکانی هونەرگەلی شانۆیی، یانەی شانۆ، ئەنجومەنە شانۆییەکانی وڵات و ئەنستیتۆی  فەرهەنگی کوردەکانی تاران، وتیشی: لە ئەنجامی ڕاگەیاندنەکان ٦٦ بەرهەمی شانۆیی لە ١٨ شاری وڵات و لە ٥١ شانۆنامەنووس گەیشتە نووسینگەی فێستیڤاڵ کە لەو جەماعەتە ٤٠ کەسیان پیاو و ١١ کەسیشیان لە خاتوونانی شانۆنامەنووس پێک هاتوون. لەمناوە پارێزگای ورمێ بە ٣١ بەرهەم لە ٦ شار و لە ٢٨ شانۆنامەنووس باشترین پێشوازیی لە فێستیڤاڵ کردووە.

ئەم پێشوازییە لە کاتێکدایە کە هەر لە یەکەم رۆژەکانی بڵاوبوونەوەی بانگەشەی فێستیڤاڵ و پێداگریی خود بانگەشەکە لە بۆشایی شانۆنامە لە پانتای ئەدەب و شانۆی کوردی، ترسی ئەوە بوو کە پێشوازییەکە کەم و دەقە ناردراوەکان بە قەوارەی بۆشایەکە دەربێن و ڕەنگی لاوازی و ناچارییان پێوە دیار بێت و هەر ئەم ترسە بوو بە هۆی درێژکردنەوەی کاتی ناردنی بەرهەمەکان و داکۆکی لە نووسینی بە شێوەزارەکانی دیکەی زمانی کوردی بە مزگێنیی زیاتر لە بەرچاوگرتنی "ئەو دەقانەی ئاوریان له فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردی داوەتەوە" و "نواندن و ئیجرای دەقی یەکەم به پشتیوانی ماڵیی فێستیڤاڵ" وێرای خەڵاتکردنی سێ بەرهەمی سەرکەوتوو.

بەڵام وەک ڕەحیم عبدەولڕەحیم زادە دەڵێت: بە گشت مەترسییەکانەوە پێشوازییەکە لە ئاستێکی چاوەروان کراوبوو و نووسەرانێکی زۆر باش بە دەنگی بانگەوازەکەمانەوە هاتن. تەنانەت لە پارێزگاکانی کرماشان و خوراسان و لورستان کە چاوەروانیی نووسین بە شێوەزاری سۆرانی لەوان نەدەکرا، دەقی زۆر باشی کوردیمان بە دەست گەیشت و ئەگەر کێشەی ماڵی و کاروباری ناوخۆیی نەدەبوو، فێستیڤاڵەکە هەر لە کاتی ڕاگەیێندراوی خۆیدا بەڕێوە دەچوو، بەڵام بەوەشەوە پێشوازیی بەرفراوانی نووسەران دلخۆشییەکە بۆ درێژەدان بەم رێگەیە و هیوای بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ لە ساڵانی داهاتوو بە ئایتێمگەلێکی بەربڵاوتر.

بەرپرسی بەشی زانستی وێرای ئاماژە بە چالاکییەکانی ئەو بەشە لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوو کە بریتی بووە لە داڕشتنی بانگەشەی فێستیڤاڵ، هاوبیری و دانیشتن لە گەڵ هونەرمەندانی شانۆی ناوچە، دیاری کردنی داوەرانی فێستیڤاڵ و ئەندامانی ناو پەنێل و میزەگردە زانستییەکان، دیاری کردنی مامۆستایانی وۆرکشۆپ و کارگەکان، چاودێری بە سەر هەڵبژاردن و چاپی شانۆنامە هەڵبژاردراوەکان، دیاری کردنی ستافی بۆڵتن کە لە ژێر ناوی "مانا" (بە هەر سێ واتاکەی لە بریتین لە مانابەخشین، هەرمانی و شارستانییەتی ماننایی وەک سارستانییەتێکی دێرینی ئەم شارە) و چاوەدێری بە سەر ناوەڕۆکی بۆڵتن و پۆستەرەی فێستیڤاڵ، وتی: ڕەنگە لەمناوە هەندێک ناوی باش و لێهاتوو لە قەلەم کەوتبن، بەڵام هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە کەسانی کارامە و لێهاتوو و شارەزای ئەم بوارە بە دەوری یەکترییەوە کۆ کەینەوە و لە ئەزموونەکانیان کەڵک وەرگرین و فێستیڤاڵێک پێک بێنین لە باشترینەکانی بواری شانۆگەری و ئەدەبی گێرانەوەی کوردی.

ناوبراو سەبارەت بە ناوەڕۆکی پۆستەرەی فێستیڤاڵی ئەمساڵ کە رۆژی پێنج‌شەممە ٤ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی تاقمێکی زۆر لە هونەرمەندان و بەرپرسانی ئیداری شار ڕوونوێنی کرا، ڕایگەیاند: وێنەیەک بۆ پۆستەرەی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی ئەمساڵ هەڵبژاردراوە، وێنەی خواژنێکی باڵدارە کە لە مێژووی مانناییەوە بە دیاری ماوەتەوە و هەڵبژاردنی ئەم وێنەیە بە جۆرێک بیرهێنەرەوە و پشت‌ڕاست کەرەوەی ئەو باوەڕەیە کە یەکێک لە سەرجاوە سەرەکییەکانی شانۆ، ئایین و ڕێوڕەسمگەلی ئایینییە و ئەم وێنە دەسەلمێنێت کە چەند هەزار ساڵ لەوە پێش لەم ناوچەیەدا ڕێوڕەسمگەلی ئایینی دەوڵەمەند و بە شکۆ بەڕێوەچووە.

پرسی فرەچەشنی ئیتنیکی و ئایینی ئێران بەردەوام وەک دەرفەتێک ئاوری لێ دەدرێتەوە، دەرفەتێک کە پێویستی بە سەرمایەدانەری و نرخاندنی لێهاتووییەکانیەتی و بەڕیوەبەرانی ئەم فێستیڤاڵە سوورن لە سەر ئەوەی کە لایەنێکی بە هیزی فەرهەنگی و مێژوویی هەر گەلێک ڕێوڕەسم و ئایینگەلی ئایینی – ئیتنیکییە کە لە شانۆدا ڕەنگ دەداتەوە و پێویستە هەوڵێکی بە کۆمەڵ بدرێت بۆ تۆزتەکاندنی ئەم لایەنە دەوڵەمەندە و دۆزینەوەی پۆتانسیەلگەلی مێژوویی، فۆلکلۆری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی.

خالید حەیدەری دەبیری فێستیڤاڵ باس لەوە دەکات کە ئەم هەڵوێستە پرسی بنەڕەتیی بەڕێوەبەریی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی بۆکان بووە و ئامانجی سەرەکی لەم کارە ورووژاندنی ڕۆحی بە کۆمەڵ و چالاکانی کورد لە پێناو داهێنانی نوێ و دەوڵەمەندترکردنی فەرهەنگی کوردی بووە.

ناوبراو بە ئاماژە بە هەست بە کەمایەسییەکانی ناو فێستیڤاڵە کوردییەکان و لەوان داهێنانی کەمی بەرهەمی کوردی و کەڵک وەرگرتن لە شانۆنامەی وەرگێڕان و وەرگیراو، دەڵێت: پشت‌گوێ خستنی پرسی سەرەکی لە هونەری شانۆگەری واتە بوونی شانۆنامەی کوردی بە واتای پشت‌گوێ خستنی زۆربەی پرس و ڕووداوە گرینگە فەرهەنگی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچەیە و ئێمە لەم فێستیڤالەدا هەوڵمان دا بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی سەرەکیی بیچم گرتنی شانۆی کوردی واتە شانۆنامە.

حەیدەری لە درێژەدا باسی کاریگەرییەکانی ئەم هەنگاوە پیرۆزەی لە بۆکان کرد و وتیشی: بێ شک هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکی هونەری بە پێداگری لە سەر لایەنی توێژینەوەیی و ڕاهێنەری، بەرهەم و پاشهات و کاریگەریی تایبەت بە خۆی دەبێت و خود پڕۆسەی ڕاهێنەری دەبێتە هۆی بە پڕۆسە‌بوونی کۆبوونەوەکان و بەرهەم هاتنی ئایدیای بە پێزتر و دەوڵەمەندتر، کەواتە بڕیای ئێمە لەم فێستیڤاڵە سازدانی پڕۆسەیەکی لەو چەشنە بووە و بەردەوام لە دانیشتن لە گەڵ کاربەدەستان و بەرپرسانی شاری وەک زەروورەتێکی فەرهەنگی جەختمان لێ کردۆتەوە.

ناوبراو ڕوانیشیە کێشە هەمیشەیی و چاوەروانکراوەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکان بە گشتی و یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کوردی و ڕایگەیاند: کێشەی سەرچاوەی ماڵی، بەشداری نەکردنی کەرتی تایبەتی و ناهاوئاهەنگی و شپرزەکاری لە لایەن کەرتی دەوڵەتی بە تایبەت لە بواری شانۆییدا کێشەگەلێکی حاشاهەڵنەگرن. بەڵام لەم فێستیڤاڵەدا ئێمە بەختی باشمان بوو کە بەشێکی زۆری ئەو کێشانە هەر لە سەرەتاوە بە هاوبیریی هەمەلایەنە چارەسەر کران و لەمناوە نوێ بوونی ئایدیای فێستیڤاڵ و هاتنەسەرکاری بەرپرسانی هاوپەیوەندی لێهاتوو و کارامە لە ئاستی شاریدا و پارێزگایی و هەروەها لە ئاستی وڵاتدا فاڵ و شانسێک بوو بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بە هێز بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێک کە لە دڵی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە.

لایەنی هەماهەنگی لە گەڵ بەرپرسان و ئیدارەگەلی هاوپەیوەند و هەروەها سەردان و لێکدانەوەی ئیمکاناتەکان، یەکێکی دیکەیە لە بەرپرسایەتییە گرینگەکانی ئەم فێستیڤاڵەیە کە لە ئەستۆی ئەسعەد ئاسیابان بەڕێوەبەری جێبەجێ‌کاری فێستیڤاڵ بووە و لەم ماوەیەدا بە هەوڵی ناوبراو ستافی کاریی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی بۆکان چەندین دانیشتنی گرینگی لە گەڵ ناوەندە شانۆییەکانی ناوچە، بەرپرسان، میدیاکان و شانۆگەرانی ناسراوە بەڕێوەبردووە و لە هەموو ئەم دانیشتنانەشدا هەوڵ دراوە لە پوتانسیەل و ئەزموونەکان بە باشی کەڵک وەرگیردرێت.

هەڵبەت ئەوی لەم ماوەیەدا زۆر جێی سەرنج و دەستخۆشی بووە، هاوکاریی دڵسۆزانەی دامودەزگا، ڕێکخراوە و ناوەندە فەرهەنگی و دەوڵەتییەکانن کە بە وتەی ڕەزا شامی بەرپرسی بەشی ماڵیی ئەم فێستیڤاڵە بریتی بوون لە ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئازەربایجانی رۆژئاوا، فەرمانداریی بۆکان، ئەنجومەنی هونەرگەلی شانۆیی، شۆڕای ئیسلامی شار و شارەداریی بۆکان، ئیدارەی پەروەردە و بەخشداریی ناوەندیی بۆکان و زانکۆکانی عیلمی کاربۆردی و ئازاد.

بەڕێوەبەران و ستافی جێبەجێ‌کار دڵخۆشانە دواهەنگاوەکانی فێستیڤاڵ هەڵدەگرن و ماندوونەناسانە لە رۆژی ١١ی گەلاوێژ نزیک دەبنەوە؛ بە هەنبانەیەکی پڕاوپڕ لە بەرهەمی شانۆنامەیی و میوانانێک کە هەرکام لەم بوارەدا ئەزموونێکی ناسراوەن و پێدەچێت یەکەم کەشتیی شانۆنامەنووسی کوردی بە سەرکەوتوویی لە کەنارەکانی بۆکاندا لەنگەر بگرێت و ڕی خۆش بکات بۆ فێستیڤاڵەکانی دواتر لە ساڵانی داهاتوودا.

News Code 20695

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 0 =