چامسکی لە وتووێژ لە گەڵ تاران تایمز:

ئەمریکا پێش هاتنی ترامپیش هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ملهوڕانه‌ بوو

ناسەی هەواڵ: 4342553 -
نوئام چامسکی فەیلەسوف و شرۆڤەکاری ئەمریکی لە وتووێژی تایبەتی لە گەڵ تاران تایمز ڕایگەیاند کە هه‌ڵسوکه‌وتی ناله‌باری ئەمریکا دەبێتە هۆی په‌راوێزکه‌وتنی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – سەید زەفەر مەهدی: نوئام چامسکی فەیلەسوف، زمانناس، شرۆڤەکار و چالاکی سیاسی لێهاتووی ئەمریکایە و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کتێبی نووسیوە و زۆربەی تەمەنی لە ڕێکخراوی تەکنۆلۆژیای ماساچوسێت (MIT) خەریکی توێژینەوە و چالاکی بووە و مامۆستای خانەنشین کراوی ئەو ڕێکخراوەیەیه‌.

چامسکی وەک رۆشنبیرێکی ناسراوەی جیهانی، بە ڕەخنەگری سیاسەتی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەرمایەداری و میدیاگەلی سەرەکیی جیهانی ناوی لێ دەبرێت. ناوبراو لە وتووێژێکی تایبەتی لە گەڵ رۆژنامەی تاران تایمز دەڕوانێتە پرسی دژایەتیی ئەمریکا لە گەڵ ئێران لە بابەتی بەرجام، پلانی ناڤۆکیی ئێران و سیاسەتی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوی لە خوارەوە دەیخوێننەوە دەقی دیمانەکه‌یە:

* ئایا ئەورووپا ئارەزوو و دەسەڵاتی پێویستی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەمریکا لە پرسی گەمارۆوه‌ نوێیەکان لە دژی ئێرانی هەیە؟

ـ بە داخەوە، پێناچێت کە ئەورووپا لەو پرسەدا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەمریکا هەڵگرتبێت. من هیوادارم کە دیتران کەمتر بترسێندرێن. ترامپ، بۆڵتۆن و نتانیاهۆ زۆرتر هیوایان بەوەیە کە ئێران بە پێشێل کردنی بەرجام بۆ یەکەم جار کاردانەوە نیشان بدات.

ئەوە بیانوویەکە بۆ ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی کە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. هەڵوێستی سیاسەت خوازانە لە وەڵامی ئەو کردارە دزێوە ئاسان نییە، بەڵام رێگەکە دروستە و دەتوانێ هەنگاوێک بێت بۆ په‌راوێزکەوتنی ئەمریکا لە بەستێنی نێودەوڵەتی. هەر وەک ئێستا کە بە هۆکاری جۆراوجۆر شایەدی ڕوودانین و دۆخی نێودەوڵەتیی ئێرانیش ڕوو لە پێشکەوتنە.

* ترامپ داوای لە تەواو وڵاتان کردووە کە هاوه‌ردەی نەوتیان لە ئێران بوەستێنن و لەو رێگەوە ئابووریی ئێران تووشی کێشه‌ بکەن. لە نێوان سێ وڵاتی گەورەی کڕیاری نەوتی ئێران، وڵاتانی چین و تورکیا هیچ بەهایەکیان نەداوە بەو داواکارییە، بەڵام هیندستان بەڵێنی داوە کە هاوه‌ردەی نەوتی لە ئێران بوەستێنێت. ئایا لاتان وایە کە ئەمریکا ملهۆڕی ده‌کات؟

ـ وایە، بێ گومان ئەمریکا ملهۆرانە هەڵسوکەوت دەکات. بە داخەوە ئەوە جاری یەکەمی نییە.

* ئەمریکا بڕیاری داوە کە هەمدیسان گەمارۆکانی لە دژی ئێران داسەپێنێت کە وەک واژۆکەری NPT پەیجۆریی پلانی ئاشتی خوازانەی ناڤۆکی بە ئامانجی بەرهەم هێنانی وزەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانێکی وەک ئیسرائیل کە NPTیان واژۆ نەکردووە و بە شێوەی نهێنی خەریکی بەرهەم هێنانی چەکی ناڤۆکین، بە وڵاتانی پابەند بە بەڵێنەکان ناویان لێ دەبرێت. ئایا ئەوانە ستاندارد و سیاسەتگەلی دووبەرەکانە نین؟

ـ ئەوانە زۆر خراپتر لە ستاندارد و سیاسەتگەلی دووبەرەکانەیە. سەبارەت بە نمونەیەکی وەک ئیسرائیل، ئەمریکا لە پلانی چەکی ئەتۆمیی هەر بەو شێوە کە وتان یان بە شێوەگەلی دیکە پاڵپشتیی کردووە. لە هەمان کاتدا رێگری کردووە لە درێژەی  پلانی ئاشتی خوازانەی ناڤۆکیی ئێران.

* ئایا لاتان وایە کە سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا لە کاتی دۆناڵد ترامپ-دا دابەزینی بە خۆوە بینیوە؟

ـ نه بە شێوەیەکی جیدی. هێرش بۆ سەر عێراق تاوانێکی زۆر خراپتر بووە بە نیسبەتی تەواو ئەو کارانەی دۆناڵد ترامپ تا ئێستا ئەنجامی داوە. شەڕ و هێرشگەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هیند و چین (ڤیەتنام و وڵاتانی دیکەی ئەو ناوچەیە) تەنانەت جەنایەتگەلێکی زۆر زەختتر و گرژتر بوونە.

* تەواو وڵاتانی ئەو ناوچەیە، بە تایبەت پاکستان و ئێران، پشکی تایبەتیان بووە لە ئاشتیی ئەفغانستان. ئەفغانستان ئەو شوێنەیە کە ئەمریکا شەڕی بە سەردا داسەپاند و لە ئێستادا هەنگاو دەنێتە هەڤدەهەمین ساڵی خۆی. ئایا ئێوەش لە سەر ئەو بڕوایەن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی لە ئەفغانستاندا مسۆگەر بکات؟

ـ وڵاتانی جیهان - من حەز ناکەم وەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناویان لێ ببەم – بە زمان و دەنگێکی یەکسان و یەکە نادوێن. ئامانجگەلی پاکستان و ئەمریکا جیاوازن و ئێرانیش ئامانجی جیاوازی خۆی هەیە. بێ شک وڵاتانی جیهان بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا شکستی هێناوە.

* شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین ڕووی لە تەشەنە سەندن ناوە و هەڕەشەی وەڕێ خستنی شەڕی بازرگانیی جیهانیش لە ئارا دایە. ئایا پێتان وایە کە ترامپ هەڵە دەکات؟

ـ ئەوە دەروەستی بەو شتەوەیە کە ئەو هەوڵی بۆ دەدات. ئەگەر بیەوێ هەوڵی ئەنجام دانی ئەوی دەیڵێت بدات، رێگەیەکی هەڵەی گرتۆتە بەر. بەڵام ئێمە ئەوە بە گریمانە ناگرین کە ئامانجی رێبەرانی سیاسی یەکسانە لە گەڵ لێدوانەکانیان.

ئەگەر ئامانجی ئەو، ڕێکخستن و هاڕیر کردنی لایەنگرانی لە رێگەی ئاشکرا کردنی ئەوە بێت کە یەکێکە لەو کەسانەی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی دەرەکی و پاراستنی لایەنگرانی بێت، مومکینە لانی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی، ئەو کارە دروست بێت.

ناردنی بۆچوون

3 + 11 =