جێگری لێژنه‌ی ئاوەدانیی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران:

کاتی ته‌واو کردنی پڕۆژه‌ ئاوەدانییەکان به‌ هۆی گه‌ماڕۆکانەوە دوا که‌وتووه‌

ناسەی هەواڵ: 4341589 -
جێگری لێژنه‌ی ئاوەدانیی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران وتی: کاتی ته‌واو کردنی پڕۆژه‌ ئاوەدانییەکان به‌ هۆی گه‌ماڕۆکانەوە دوا که‌وتووه‌ ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ سه‌ر پڕۆژه‌کان هه‌بووه‌.

به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، سه‌ید ئه‌حسه‌ن عه‌له‌وی له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی له‌ سنه‌ وتی: ژێرخانه‌ ئابووری و پیشه‌ییه‌کانی کوردستان به‌ نیسبه‌ت پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران له‌ دۆخێکی باشدا نییه‌، له‌ کاتێکدا که‌ پاره‌ و بودجه‌ و چالاکی ئابووری تایبه‌ت هه‌بوو، کوردستان له‌ شه‌ڕدا تێوه‌گلابوو. ئه‌مڕۆ ئه‌منیه‌تی باش هه‌یه‌ و به‌ هۆی پرسه‌ سیاسی و ئابوورییه‌کان دابین کردنی بودجه‌ ئاسته‌نگی زۆری له‌ به‌رده‌م دایه‌.

ئه‌و زیادی کرد: یه‌کێک له‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌کان دروست کردنی ڕێڕەوی باشوور-باکووری ئێرانه‌ که‌ به‌شێکی زۆری ئه‌م جاده‌یه‌ به‌ کوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ته‌نیا ۵ کیلۆمه‌تری ماوه‌ که‌ ڕاده‌ستی بەڵێندەران بکرێت. به‌ هۆی گه‌ماڕۆکانەوە فرۆشی نه‌وت دابه‌زیوه‌ و له‌ سه‌ر هه‌نارده‌ کردن بۆ زۆر وڵات کاریگه‌ری نه‌رێنی بووه‌. به‌رنامه‌ی ڕاکێشانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فەڕ له‌ هه‌مه‌دانه‌وه‌ بۆ سنه‌ خراوه‌ته‌ ساڵی داهاتوو. 

نوێنەری سنە له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی هه‌واڵنێری مێهر سه‌باره‌ت به‌ کاریگه‌ری گه‌ماڕۆکان له‌ سه‌ر پڕۆژه‌کان وتی: گومانی تێدا نییه‌ که‌ کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی وڵات ده‌بێت، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌م کار و پڕۆژانه‌ مه‌حکوم به‌ دواکه‌وتنن. هیوادارم کاره‌کان و بودجه‌کان به‌ جۆرێک بێت که‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌کانی کوردستان له‌ کاتی خۆیدا ته‌واو بکرێت.

نوێنه‌ری شاره‌کانی سنه‌، دیوانده‌ره‌ و کامیاران زیادی کرد: ئێمه‌ نوێنه‌ره‌کان به‌ هۆی ئه‌م دۆخه‌ی دروست بووه‌، به‌م ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووین که‌ ده‌بێت به‌ هه‌موو توانمانه‌وه‌ پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌ت بکه‌ین. 

عه‌له‌وی جه‌ختی کرد: ئێمه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی دانوستان و ڕاوێژی زۆر و ورد بتوانین زیاترین بودجه‌ بۆ پارێزگای کوردستان وه‌ربگرین و گومانی تێدا نییه‌ که‌ ناکۆکی و توند بوون هیچ کارێک به‌ره‌وپێش ناچێت.

 له‌ کۆتایشدا وتی: به‌ش به‌ حاڵی خۆم له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر نوێنه‌ر و به‌رپرسێک که‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ بێت بۆ خۆی کار بکات، ده‌وه‌ستم چون ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک زیاتر به‌دگومان و بێ هیوا بن.

ناردنی بۆچوون

7 + 2 =