ئەردۆغان ڕێبەری دژایەتی لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێرانە

میدیایەکی عەرەب زمان بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی جموجۆڵەکانی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی گەمارۆی زیاتر لە دژی ئێران، ڕوانیویەتییە دژایەتیی تورکیا هەمبەر بە داسەپاندنی ئەو ویستە لە لایەن واشنتۆن و پێڕەوی نەکردنیان لە بڕیارەکانی ئەمریکا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "رای الیوم" لە یادداشتێکدا بە ئاماژە  جموجۆڵەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، ڕایگەیاند: دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی ٤ی نوامبێری داهاتووی وەک رۆژی لە سەر گرتنەوەی گەمارۆگەلی توندی ئابووری لە دژی ئێران ڕاگەیاند. لەمناوە بەرچاوترین گەمارۆیان گەمارۆی نەوتییە، بەڵام تەنیا ژمارێکی کەمی وڵاتانی ئەورووپی و ئاسیایی پابەندی ئەو ویستەی ئەمریکا بوون و زۆربەی وڵاتانی وەک چین، هیندستان و ڕووسیا دژی ئەو بڕیارەن.

ئەو میدیایە بە ئاماژە بە تورکیا وەک یەکەم وڵاتی بەرهەڵستکاری ئەو بڕیارەی ترامپ و لێدوانەکانی ئیبراهیم کالین وتەبێژی ئەردۆغان کە وتبووی ئەنقەرە ناچێتە ژێر باری هەڕەشەکانی ئەمریکا و پێڕەوی لە ویستی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی نەوتی ئێران ناکات، ڕایگەیاند: تورکیا ئێران بە دراوسێ و هاوپەیمانی ئابووریی گرینگی خۆی دەزانێت. هەر بۆیە سەیر نییە ئەگەر وڵاتانی ئاسیایی و ئەورووپی بە پێڕەوکردنی ئەو بڕیارەی تورکیا (کە بە کڕینی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژدا پلەی چوارەمی هاوردەی نەوتیی لە ئێران هەیە)، هەڵوێستی هاوشێوەی ئەنقەرە بگرنە بەر و درێژە بە هاوردەی نەوت لە ئێران بدەن. لەو وڵاتانە دەکرێت ئاماژە بە چین (کە بە کڕینی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا)، هیندستان (بە کڕینی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا)، کۆریای باکوور (بە کڕینی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا)، ئیتالیا (کە بە کڕینی ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا)، فەڕەنسا (کە بە کڕینی ۱۱۰ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا)، یۆنان (کە بە کڕینی ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا) و ئیسپانیا (کە بە کڕینی ۷٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە رۆژدا) بکەین.

ڕاشیگەیاند: چین ئەگەرچی نیگەرانە هەمبەر بە هەڕەشەکانی ئەمریکا، بەڵام ڕوون نییە کە هەڵوێستی هاوشێوەی تورکیا دەگرێتە بەر یان لە پێناو درێژەی پەیوەندیی بازرگانیی لە گەڵ ئەمریکا پێڕەوی لە هەڕەشەکانی واشنتۆن لە دژی ئێران دەکات؟ لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا بەهرە لە کارتی هاوپەیمانانی عەرەبی بە تایبەت عەربستانی سعوودی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەناردەی نەوتی بۆ ئەو وڵاتانە کەڵک دەبات و خالد فالح وەزیری وزەی عەرەبستان لە ئامادەیی وڵاتەکەی لەو بوارەدا هەواڵی داوە؛ ڕێک وەک ئەو شتەی لە کاتی گەمارۆدرانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە پاش شەڕی کوێت کردی.

"رای الیوم" لە درێژەدا دەشڵێت: بێ شک پەیوەندییەکانی تورکیا – ئەمریکا بەرەو تەنگەژەی زیاتر دەچێت، نە تەنیا بە هۆی دژایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی لە گەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە سیستەمی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ یان هاوردەی نەوتی لە ئێران، بەڵکوو بە هۆی پاڵپشتیی ئەمریکا لە هێزەکانی کوردی سووریا و ڕادەست نەکرانی فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا.

ئەو میدیایە ئاماژەی بەوەش داوە: تورکیا لە بری پشتبەستن بە پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ئەمریکا یان ناتۆ، ڕووی لە ڕووسیا، ئێران، عێراق، چین و هیندستان کردووە و ئێران هاوبەشێکی باشی بازرگانییە بۆ ئەو وڵاتە. ئاستی مامەڵەگەلی ئابووریی نێوان تاران و ئەنقەرە نزیکەی ١١ ملیارد دۆلارە کە بە پێێ ڕێککەوتنەکان بڕیارە تا ٤ ساڵی داهاتوو بگاتە ٣٦ ملیارد دۆلار.

"رای الیوم" لە کۆتاییشدا داکۆکی لە پابەندیی وڵاتانی ئەورووپی بە تایبەت فەڕەنسا، ئیتالیا و ئەڵمانیا بە بەرجام و هاوردەی نەوت لە ئێران سەرەڕای دەرچوونی یەک لایەنەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە کردووە و دەشڵێت: سەرەڕای پابەندیی ئەو وڵاتانە و ئەنجام دانی مامەڵەکان بە یۆرۆ لە بری دۆلار، کۆمپانیاگەلی گەورەی وەک تۆتاڵی فەڕەنسا و پێژۆ لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا لە بازاڕەکانی ئێران دەچنە دەرێ. ترامپ شارەزایە لە ناسەقامگیرکردنی جیهان و گەمارۆکانی لە دژی ئێران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. بەڵام لەوەیە باج خوازییەکانی ئەنجامی ئاوەژووی لێ بکەوێتەوە و تورکیا بە رێبەریی ئەردۆغان، سەرکردەیی ڕاپەڕین لە دژی ئەمریکا بگرێتە ئەستۆ.

News Code 19906

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 7 =