سەردەشت لە ئاگری سەرەڕۆییدا/ تەنیا لە سەدا ٥ی قوربانیان  مووچە وەردەگرن

عوسمان موزەیەن، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت لای وایە ئەو شارە وەک برینێکی ناسوور و لە بیر کراوە دەچێت و تەنیا لە سەدا ٥ی قوربانیان مووچە لە بنیاتی شەهید وەردەگرن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی – زوهرە نیلی: هەر زام و برینێک، ئێش و ژانی خۆی هەیە. برینە ناسوورەکان، ئێشی قورسیان هەیە. هەندێ برین هێندە قوڵ و گەورەن کە زۆر دژوارە سارێژ ببنەوە. برینەکانی سەر جەستەی کۆمەڵگەیەک دەچنە ڕیزی زامە گەورەکان و لە بیر کردنیان زۆر دژوار و نامومکینە. ئەگەر بیر هێنانەوەی ڕابردوو بە مەبەستی پێوشوێن گرتنی مافی یاسایی، قەرەبووکردنەوەی زیان و زەرەکان و گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو و سزادانی هۆکارانی کارەساتەکە بێت، کارێکە پەسندکراو و تەنانەت سڕانەوەی گردی ڕووداوە تاڵەکانی بە دواوەیە. کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت لە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ بە ڕادەیەک بەربڵاو و نەگریس بوو، کە دوای سێ دەیە هێشتا برینەکانی هێندە گەورەن کە تێپەڕبوونی زەمان نەیتوانیوه پەردەی فەرامۆشیی بە سەردا بکێشێت و لە بیری بەرکەوتووانی بباتەوە.

ئەوانە وتەکانی عوسمان موزەیەن پاریزەری دادگە و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت لە وەڵامی هەواڵنێری ئاژانسی مێهرە؛ وتووێژێک کە بە پرسیار لە ئاماری دروستی قوربانیانی سسەردەشت دەستی پێکرد. شارێک کە حەشیمەتەکەی لە ساڵی ١٣٦٦ هەتاوی، ١٢ تا ١٥ هەزار کەس بووە و هەموو خەڵکی ئەو شارە بە جۆرێک لەو بۆردومانە کیمیاییەدا تێوەگلاون. ئەگەرچی لەو ژمارەیە ١٤٠٠ کەسیان لە لایەن بنیاتی شەهید و کاروباری ئیسارگەران ناسێندراون، بەڵام تەنیا ٤٠٠ کەسیان مووچەی مانگانە لەو بنیاتە وەردەگرن.

وتووێژی مێهر لە گەڵ پارێزەری بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت سەبارەت بە بۆردومان کیمیایی سەردەشت و دۆخی ئێستای ئەو شارە و قوربانیانی لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* بۆچی پاش تێپەڕبوونی ٣١ ساڵ لە کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت، هێشتا ئامارێکی وردبینانە لە بەرکەوتووان و قوربانیانی ئەو کارەساتە بە دەستەوە نییە؟

ـ شاری سەردەشت لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی ١٢ تا ١٥ هەزار کەس حەشیمەتی بووە و هەموو خەڵکی ئەو شارە بە جۆرێک لەو بۆردومانە کیمیاییەدا تێوەگلاون؛ ساڵی ٦٧ و لە ساڵوەگەری ئەو ڕووداوە، پاریزگاریی ئازەربایجانی رۆژئاوا ژمارەی قوربانیانی ١٠ هەزار کەس ڕاگەیاند. ئامارێک کە وەزارەتی دەرەوە ڕادەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، لە ناوونیشانی کامڵ و ڕێک و پێکی ٤٦٠٠ کەسی بەرکەوتوو و قوربانی پێک هاتبوو. لە لایەکی دیکەوە ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسنجانی لە خوتبەکانی نوێژی هەینیی ساڵی ١٣٨١ ئاماژەیان بە ئامارێکی ٨ هەزار و ٢٤ کەسی کرد. بەڵام لەوساوە تا ئیستا هیچکام لە ناوەندە فەرمییەکان، ئامارێکی وردبینانەیان لەوبارەیەوە ئاراستە نەکردووە.

* چەند کەس لە گیانبازانی ئەو ڕووداوە لە لایەن بنیاتی شەهیدەوە وەک گیانباز پشت ڕاست کراونەتەوە؟ کۆمیسیۆنەکانی دیاری کردنی ئاستی گیانبازی لە چ کاتێکەوە دەست بە کار بوونە؟

ـ سالی ۷۸ که ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت لە لایەن تاقمێک لە قوربانیانی ئەو کارەساتە و بە جێ ماوانی شەهیدانی کیمیایی سەردەشت دامەزرا. دوو ساڵ پاش ئەوە، کۆمیسیۆنگەلێک پێک هات بۆ ئەوەی ئاستی گیانبازیی قوربانیانی ڕووداوەکە دیاری بکرێت؛ بە داخەوە لە نێوان قوربانیاندا تەنیا ١٤٠٠ کەس واتە لە سەدا ٢٠یان ناسێندران و لەو ژمارە تەنیا ٤٠٠ کەسیان مووچە وەردەگرن.

* واتە ژمارێکی کەمی قوربانیانی ڕووداوی کیمیابارانی سەردەشت مووچە لە بنیاتی شەهید و کاروباری ئیسارگەران وەردەگرن؟

ـ وایە؛ تەنیا لە سەدا ٥ی قوربانیانی سەردەشت وەک گیانبازی سەرووی لە سەدا ٢٥ ناسێندراون و بنیاتی شەهید مووچەی مانگانەی بۆ بڕیونەتەوە. لە ڕاستیدا بەرپرسانی ئەو بنیاتە مافی زیاتر لە ٦ هەزار قوربانیی کیمیاییان لە کۆمسیۆنگەلی پزیشکی خۆیان کە بۆ دیاری کردنی ئاستی گیانبازی تەرخان کرابوو، پێشێل کرد و تا ئێستا وەڵامێکیان بۆ پاڵپشتی نەکردن لە تێکرای قوربانیان و هۆکاری خۆبواردنیان لە لێکدانەوەی دۆخی ئەوان ئاراستە نەکردووە.

* ئایا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامارێکی لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت لە بەر دەستدایە؟ ئایا ئەو ڕێکخراوە پاڵپشتیی لە قوربانیانی سەردەشت کردووە؟

ـ لێکدانەوەکان نیشان دەدەن کە نزیکەی ٩ مانگ پاش کیمیابارانی سەردەشت، کلۆنێل ملۆپانین کارناسی چەک و چۆڵی کیمیایی کە سەرپەرەشتی وەفدی نێردراوی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکدانەوەی ئاماری بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشتی لە ئەستۆ بووە، ژمارەی قوربانیانی کیمیابارانی بە ناوونیشانەوە بەو ئەنجومەنە ڕاگەیاندووە. ئەو ئامارە بە پێی ڕاگەیاندن و پشت‌ ڕاست کرانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەنجام دراوە کە بەو پێیە نابێ گومان لە زەروورەتی ئاوردانەوە لەو لیستە بکرێت. ئەو بەڵگە مێژووییە     سەلمێنەری ژمارەی زۆری بەرکەوتووانی کیمیاییە کە بە داخەوە پاش سێ دەیە لەو ڕووداوە، تا ئێستا بەرپرسانی ڕێکخراوی بنیاتی شەهید و کاروباری ئیسارگەرانی پارێزگای کوردستان تەنیا بۆ ١٤٠٠ کەس کارتی گیانبازیان دەرکردووە.

* ڕێکخراوگەلی نێودەوڵەتی بۆ وەدی هێنانی مافی خەڵکی سەردەشت چیان کردووە؟

ـ کاتێک دەوڵەتی ئێران هیچ پاڵپشتییەکی لە قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت نەکردووە و تەنیا ١٤٠٠ کەسیان بە فەرمی دەناسێت، چ چاوەروانییەکمان دەبێ لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەبێت؟! کاتێک بنیاتی شەهید، زیاتر لە سەدا ٨٠ی قوربانیانی سەردەشت پشت گوێ دەخات و دەوڵەت و ڕێکخراوگەلی دەوڵەتی هیچ سکاڵایەکیان لە دژی هۆکاران و دەستوپەیوەندییەکانی ئەو جەنایەتە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا تۆمار نەکردووە، نابێ جاوەروانیمان لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت کە کارێک بۆ بەرکەوتووان بکەن!

* زیاتر لە یەک دەیەی ڕابردوو دادگەیەک لە شاری لاهە بۆ پێداچوونەوە بە تاوانەکانی "فڕانس فان ئانرات"ی بازرگانی هولەندیی یاریدەدەری سەدام لەو جەنایەتەدا بەڕێوەچوو. لەو کاتەوە تا ئێستا چ ڕووداوێکی یاسایی و دادوەروانەی دیکە بۆ بەرگری لە مافی یاسایی خەڵکی سەردەشت ڕووی داوە؟

ـ فڕانس فان ئانرات، هاووڵاتی و بازرگانی هولەندییە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ پێشێل کردنی یاسا و گواستنەوەی مادەگەلی دروست کردنی بۆمبی کیمیایی و هەروەها بۆ هاوبەشی لە گەڵ سەدام و بەرپرسانی پێشووی ڕژیمی بەعسی عێراق لە ئەنجام دانی جەنایەتگەلی جەنگی و دژە مرۆیی، بە تاوانبار ناسرا و ١٧ ساڵ زیندانی پێ درا. ئەو لە مەودای ساڵەکانی ١٩٨٨ – ١٩٨٤ نزیکەی ١١٠٠ تۆن مادەی کیمیایی TDGی هەناردەی عێراق کردووە کە لەو مادەیە بۆ بەرهەم هێنانی گازی خەردەل کەڵک وەرگیراوە. لە دادگەی سزای ساری لاهە، حوکمی پێ درا و سەلمێندرا کە لە دژی خەڵکی سەردەشت، جەنایەتی جەنگی کراوە.

* بنیاتی شەهید و کاروباری ئیسارگەران یان وەزارەتی دەرەوە چ کاتێک سکاڵایان لە دژی فڕانس فان ئانرات وەک هاوبەش و یاریدەدەری سەدام لە جەنایەتی سەردەشت، تۆمار کرد؟

ـ تا ئێستا بنیاتی شەهید و وەزارەتی دەرەوە هیچ پاڵپشتییەکیان لە سکاڵاگەرانی سەردەشتی نەکردووە. تەنیا پاڵپشتیی وەزرەتی دەرەوە ئەوە بووە کە لە دادگەی لاهە سکاڵای لە دژی فڕانس فان ئانرات تۆمار کردووە و بەو پێیە کە سکاڵاکە لە دژی هاووڵاتییەکی هولەندی و لە دادگەیەکی ناوچەیی بووە، ئەو هەنگاوەی وەزارەت هەنگاوێکی بە سوود بووە، بەڵام ئەو بەس نییە و کەمە. گرینگ ئەوەیە کە ئێمە دەرفەتی سکاڵا لە دادگەی پێداچوونەوە بە تاوانەکانی سەدام-مان لە دەست دا و ئەوە یەکێک لە گرینگ‌ترین دەرفەتێکی هاوپەیوەند بە کارەساتی سەردەشت بوو کە وەزارەتی دەرەوە بە فیرۆی دا. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەردەوام ئەنجومەن پێوشوێنی ئەو مژارەی گرتبوو و تەنانەت لە عێراقدا پارێزەری ئەنجومەن پەیجۆری پرسەکە ببوو، بەڵام وەزارەتی دەرەوە ئەوکات پاڵپشتی لێ نەکردین. هەر دەوڵەتێک پێویستە خۆی بە بەرپرسی پێوشوێن گرتنی مافی پێشێل کراوی هاووڵاتیانی لە دەرەوەی وڵاتەکەی بزانێت  و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران-یش دەیتوانی لە دادگەی سەدام سکاڵا لە دژی ئیتالیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا و هەموو ئەو وڵاتانەی کە رێگەیان دا وەجبەگەلی کیمیایی لە وڵاتەکەیانەوە بگاتە عێراق، تۆمار بکات.

* کاتی خۆی ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسنجانی پرسی غەرامەی جەنگی خستەڕوو؛ هاوپەیوەند بە پێدانی غەرامە، لەو کاتەوە تا ئێستا چ هەنگاوگەلێک هەڵگیراوە؟

ـ کاتێک کە ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسنجانی جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکان لە سەردەمی شەڕ بوو، ڕایگەیاند کە عێراق بە پێی پەسندکراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ ١٠٠ ملیارد دۆلار زیان و خەسارەت بداتە ئێران. بەڵام تا ئێستا هیچ دامودەزگا و ڕێکخراوێک پەیجۆری ئەو پرسە نەبووە؟ با من ئەو پرسیارە لە وەزارەتی دەرەوە بکەم: ئێوە کە هەموو ساڵێک بودجەیەکی زۆرتان لە گۆژمەی خۆتاندا بۆ پرسی تۆمارکردن و پێوشوێن گرتنی سکاڵای بەرکەوتووانی کیمیایی لە دادگەگەلی نێودەوڵەتی تەرخان داوە، چ لەو بوودجەیە دەکەن؟ تا ئێستا چەند سکاڵاتان تۆمار کردووە؟

* خەڵکی حەڵەبجە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کارەساتی کیمیابارانی خۆی خستە ڕوو و خوازیاری مسۆگەر کرانی دۆز و مافی خۆی بوو؛ بۆ ئەو هەلە بۆ خەڵکی سەردەشت نەرەخساوە؟؟

ـ خەڵکی کوردستان و شاری حەڵەبجە و بەرپرسانی ئەوێ هەوڵێکی زۆریان بۆ ناساندنی حەڵەبجە لە ئاستی جیهانی وەک هێمای چەوساوەیی ئەنجام داوە و لەوان دەکرێت ئاماژە بە بە ژینۆساید ناسرانی کارەساتی حەڵەبجە لە ٥ پەرلەمانی ئەورووپی بکرێت. جگە لەوە لە پەرلەمانی عێراقیش یاسا و هەڤیازیگەلێک بۆ حەڵەبجە تۆمار و ڕەچاو کراوە و تەنانەت شارێکی چکۆلەی وەک حەڵەبجە بە پێی قوربانیی کیمیاباران بوون، ئێستا کراوەتە پارێزگا. بەڵام سەبارەت بە سەردەشت هیچکام لەو هەنگاوانە هەڵنەگیراون و شار لە ژێر زەختی بێ بەشیدا دەناڵێنێت.

* یاسادانەران چ یاساگەلێکیان بۆ پاڵپشتی لە قوربانیانی کیمیایی تۆمار کردووە؟

ـ لە بواری یاسادانەری تەنیا دوو یاسا بۆ قوربانیانی کیمیایی تۆمار کراوە کە یەکیان دەوڵەت ناچار لە داڕشتن و پێوشوێن گرتنی سکاڵای قوربانیانی کیمیایی لە دادگەگەلی دەرەکی و نێودەوڵەتی دەکات کە تا ئێستا ڕاپۆرتێک لە ڕەوتی جێبەجێ کرانی ئەو یاسایە ئاراستەی خەڵکی نەکراوە و دووهەمیان یاسای ناچار کردنی دەوڵەت بە ناسین و ناساندنی گیانبازانی کیمیاییە کە لە بەشێکی ئەو یاسایەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پێویستە سەردەشت وەک هێمای چەوساوەیی ئێران لە شەڕدا بە جیهان بناسێنن. بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە و ئەوە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆری بەرکەتووانی کیمیایی پیر بوونە یان بە هۆی ئێش و ژان و برینەکانیان کۆچیان دواییان کردووە؛ بە بێ ئەوەی هیچکام لە مافەکانیان مسۆگەر و دەستەبەر کرابێت. ئەسڵەن وامان دانا کە ئەمڕۆ تەواو بەرکەوتووان ناسێندران و لە لایەن بنیاتی شەهیدەوە پشط ڕاست کرانەوە، ئەی چی لە ماف و مووچەی پشتگوێ خراوەی ئەو ٣٠ ساڵە دەکەن؟ دەزانی سەردەشت برینێکی قووڵ و ناسوورە کە لە بیر چۆتەوە؛ شارێک کە هێشتاش لە ئاگری سەرەڕۆیی بەرپرساندا دەسووتێت.

News Code 19864

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 11 =