وەرگێڕێکی کورد سەرجەم بەرهەمەکانی سوهراب سپێهری دەکاته‌ کوردی

"هەشت کتێب" ناوی هەشت کتێبی شێعرییە و کۆ بەرهەمی شاعری بە ناوبانگی ئێرانی "سوهراب سپێهری"یە، ئەم کۆبەرهەمە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ توانا ئەمینه‌وە وەرگێڕدروه‌ته‌ سەر زمانی کوردی. 

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، "هەشت کتێب" ناوی هەشت کتێبی شێعرییە و کۆ بەرهەمی شاعری بە ناوبانگی ئێرانی "سوهراب سپێهری"یە، ئەم کۆبەرهەمە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ توانا ئەمینه‌وە وەرگێڕدروه‌ته‌ سەر زمانی کوردی و ڕه‌وانه‌ی بازاڕی کتێب کرا.

وەرگێڕ لەبارەی ئەم پرۆژەیەوە به‌ ئاژانسی مێهر وتی: لام وایه‌ ئەم وەرگێڕانە هەواڵێکی خۆشە بۆ خوێنەرانی زمانی کوردی و پرۆژەیەکی گەورەیە بۆ کتێبخانەی ئێمە. سوهراب سپێهری شاعرێکی عیرفانی و سروشتگەرای ئێرانییە، هه‌روه‌هابە دامەزرێنەری ڕەوتێکی نوێ لە شێعری فارسیدا دێتە هەژمار. 

سه‌باره‌ت به‌ گرنگی و هۆکاری وەرگێڕانی کۆبەرهەمی سوهراب سپێهری بۆ سەر زمانی کوردی توانا ئەمین وتی: بە گشتی سوهراب پێویستییە بۆ دنیای نوێ و بە تایبەتی بۆ ئێستای دونیای کوردی، چونکە شێعری سوهراب؛ گلەییەکی توندە لە ژیانی مرۆڤی نوێ، لە زیاد بە کار بردن، لە ئیسرافی نەک تەنها شتە مادییەکان، بەڵکو شتە مەعنەوییەکانیش؛ لە زۆر قسەکردنەوە تا داوای شادی گەورە و مەسرەف کردنی دوودڵی و غەمگینی زۆر کە ئێستا بووە بەباو.

ئه‌و زیادی کرد: لە جیهانی ئەم پیاوەدا؛ دۆڕاو و سەرکەوتوو نییە، زەوی هی هەموومانە و ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی چێژ لەم هەموو جوانییەی سروشت و مرۆڤ وەربگرین کە بۆ ئێمە -تەنها بۆ ئێمە- سازکراوە.

لەبارەی دژوار بوونی وەرگێڕانی سوهراب، توانا ئەمین وتی: وەرگێڕان بە هەموو سەختییەکانییەوە جۆرێکە لە گەمە، جۆرێکە لە چێژ، چێژی دروست کردنەوەی کۆشکێک لە زمانی نەتەوەکەی خۆتدا لە سەر نەخشەی ئەندازیارێک لە زمانێکی تردا. ئەوجار با دەیان وەستا و بەنای تر لەسەر ئەو نەخشەیە کاریان کردبێت و پێش تۆ ئەو کۆشکەیان دروست کردبێت، تۆ کۆشکی خۆت دروست دەکەیت، تۆ توانای خۆت تاقی دەکەیتەوە، دواتر خوێنەر بڕیار دەدات کام کۆشکیان وەستاکاری تێدایە و کامیان جوانن و لە ئاستی نەخشەکە دان. 

ئه‌م وه‌رگێڕ و نووسره‌ کورده له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی دا: ڕاستە وەرگێڕانی شاعرێکی وەک سوهراب کە تژییە لە وێنە ئاسان نییە؛ وەرگێرانی ئەو سادەییەی سوهراب کە پڕە لە قووڵایی، پێویستی بە جۆرێک لە سوهراب ناسیی، جۆرێک لە سروشتگەرایی، پێیەک لە ڕۆحانییەت، پێیەک لە عیرفانی ڕۆژهەڵاتی هەیە. من هەوڵمداوە؛ هەموو ئەو چەمکانەی سوهراب بەکاری بردوون و سەروکاریان لەگەڵ عیرفانی هیندی و بودیی هەیە؛ بە پەڕاوێز بۆ خوێنەری ڕوون بکەمەوە، تا باشتر درکی مەبەستی قووڵ و قژقژی سوهراب بکات کە لە پشتی دێڕە سادەکانییەوە خۆی شاردۆتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئەم کارە چەندی خایاندووە، وەرگێر جه‌ختی کرد: ئەم پرۆژەیە زیاتر لە ١٠ ساڵی خایاندووە، ئەو مامۆستایانەی لە پێداچوونەوەی ئەم هەشت کتێبەدا هاوکارم بوون، بەوردیی ڕێنوماییان کردووم، بەشێوەیەکی گشتیی من هەوڵمداوە؛ شێعرەکان بە کوردی بنووسمەوە، بۆیە تا ئەو جێگایەی کراوە سێنتاکسی فارسییەکەم لە وەرگێرانە کوردییەکەدا بەمەبەست شکاندووە، تا بە ڕستەسازی کوردی ئەم کۆشکە دروست بکەمەوە، کە سوهراب ئەندازیارەکەیەتی.

شایانی باسه‌ که‌ وەرگێڕانی ئەم کۆبەرهەمە لە لایەن خالید فاتحی و هاوبیر کامەران پێداچوونەوەی بۆ کراوە و ئێستا پڕۆژەکە لەکۆتایی دایە و به‌ زووی بڵاو ده‌کرێته‌وه‌. توانا ئەمین نووسەر و وەرگێڕێکی تاراوگەنشینی کوردە و تا ئێستا ٢٠ کتێبی لە نووسین و وەرگێڕان لە کتێبخانەی کوردی دایە.

News Code 19730

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =