بێ متمانەیی گرووپە سیاسییەکانی عێراق، هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکانی هەڵبژاردنە

شێخ حەمید مەعلە ساعێدی پێی وایە کە ٤ هۆکار بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەگەلێک لە بواری هەڵبژاردنەکانی عێراق و پێویستیی بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان و هەندێک بە کارشکێنیی خۆیان لەو بوارەدا، هەڵبژاردنەکانیان بەرەوڕووی گومان کردۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – محەمەد فاتمی زادە: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدا کۆتایی پێهات کە هاوپەیمانی سائێرۆن بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بردنەوەی ٥٤ کورسی لەو هەڵبژاردنانەدا سەرکەوتن و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە ٤٧ کورسی و هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بە ٤٢ کورسی بە نۆرە لە پلەی دووهەم و سێهەمی ئەو هەڵبژاردنانە وەستان.

ئەنجامی دەنگە ڕاگەیێندراوەکان، بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە گرووپەکان بووەوە و بڕیار درا کە هەندێک لە سندووقەکانی دەنگدان بە شێوەی دەستی ببژێردرێنەوە. بەڵام ئەو سندووقانە بە ئانقەست سووتێندران و دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو.

سەبارەت بەو هەڵبژاردنانە، هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ حەمید مەعلە ساعێدی سەرۆکی کۆنگرەی سەرتاسەریی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* لە ماوەی حەوتەکانی رابردوو سایەدی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بووین، بەڵام کێشەگەلێک لەوبارەدا سەری هەڵداوە کە تاقمێک لە ڕەوت و بەرپرسانی عێراقی خوازیاری بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان بوون. رۆژی یەکشەممەش یەکێک لە ناوەدەکانی پاراستنی دەنگی خەڵکی لە بەغدا سووتێندرا، ئەو ڕووداو و کێشەگەلە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟

ـ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە خۆیدا هەڵبژاردنێکی چارەنووس ساز بوو، چونکە لە قۆناغ و پێگەیەکی گرینگی مێژوویدا بەڕێوە چوو. بەڵام بە داخەوە بە هۆی هەڵسوکەوتی هەندێک لە گرووپەکان، شایەدی هاتنە ئارای کێشە و ڕەخنەگەل لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکان بووین؛ هەر ئەو پرسە بووە هۆی بڕیار دان بۆ بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە بری بژاردنەوەی ئەلەکترۆنیکی.

سەبارەت بە هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی ئەو کێشە و ڕووداوانە دەبێ بڵێم کە لە قۆناغی یەکەمدا، ئێمە تووشی نەبوونی متمانە لە نێوان گرووپە سیاسییەکان هاتووین و لە قۆناغی دواتریش کۆمیساریای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە زەندەی پێویست پسپۆڕێتی لە هەڵبژاردنەکاندا نەبووە و پڕۆفێشناڵانە هەنگاوی نەناوە.

هۆکاری سێهەم ئەوەیە کە دەنگژمێران ئامادەیی پێویستیان بۆ پێشگری لە سەرهەڵدانی کێشە یان ئاراستەکردنی بەراییەکان بە شێوەی دروست و وردبینانە نەبووە. وەک هۆکاری کۆتاییش دەکرێت ئاماژە بە دەستێوەردانەکان بکەین.

کەوایە ڕاگەیاندنی خێرای بەراییەکان و دەست پێکردنی دانوستانەکان، ڕێخۆشکەر بووە بۆ دەستێوەردانی تەواو بەرپرسان لە دەزگای یاسادانەر و بەڕێوەبەری و داد لەو پرسە و ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە.

* بەڕیوەچوونی دروست و باشی ئەو هەڵبژاردنانە دەیتوانی وەک سەرکەوتن بە سەر داعش، دەسکەوت و سەرکەوتنێکی سیاسیی گەورە بێت بۆ عێراق. بە بڕوای ئێوە کێشە ئاماژە پێدراوەکان چ کاریگەرییەکی نەرێنیان دەبێت لە سەر پێگەی سیاسیی عێراق لە ناوچەدا؟

ـ بێ شک هەموو دەزانین کە عێراق بە شکست دانی داعش و هەروەها پاراستنی یەکگرتوویی لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی گەورەی مسۆگەر کرد. هەموو هیوادار بووین کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی-ش سەرکەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیکەی بۆ گەیشتن بە عێراقێکی هێمن و پێشکەوتوو بە دواوە بێت. بەڵام ئەم ئاواتە وەدی نەهات و هەندێک لەو بوارەدا کارشکێنیان کرد بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بە رێگەی گومان و ساختەکاریدا ببن. کەواتە نە تەنیا چاوەروانییەکان وەدی نەهاتن، بەڵکوو بەستێنی سیاسی و هەڵبژاردنەکان تەشەنەدارتر بوون.

* بە ئاوردانەوە لە هەلومەرجی ئێستا لە پرسی هەڵبژاردنەکان، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە مەرجەعییەتی باڵای عێراق بۆ چارەسەریی کێشەگەلی هەڵبژاردن کاردانەوە نیشان بدەن؟

ـ مەرجەعییەتی ئایینی لە ڕابردوو و ئێستادا بەردەوا، دەستەبەرکەری ئاسایشی ڕاستەقینە و حەقیقی بۆ گەلی عێراق بوون و هەن و گەلێ جار بەستێنی سیاسیی عێراقیان لە قەیران پاراستووە.

بەڵام پێدەچێت مەرجەعییەتی ئایینی لەم قۆناغەدا خۆیان لە پرس و پاشهاتەکانی بە دوور گرتبێت و لام وایە کە مەرجەعییەتی باڵای ئایینی لانی کەم لەم قۆناغەی ئێستادا خۆ لە پرسەکە نادەن و چاوەروانی هەڵسوکەوتی گرووپگەلی سیاسی دەبن، بۆ ئەوەی کاتێک دۆخەکە گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار، ناچار لە یارمەتی وەرگرتن لە مەرجەعییەتی باڵای ئایینی بن.

* ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی چ دانوستان و گفتوگۆگەلێکی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی بەهێز بۆ داهاتووی عێراق ئەنجام داوە و یەکەمایەتییەکانی دەوڵەتی داهاتووی عێراق بە بڕوای ئێوە چین؟

ـ بە ئاوردانەوە لە ناڕوون بوونی ئەنجامی بەراییەکانی هەڵبژاردن و زەروورەتی یەکلاکردنەوەی دەنگەکان لە لایەن دادگەی باڵا، لە ئیستادا ڕەوتی دانوستانەکان بۆ هاوپەیمانان بە خاوی دەچێتە پێش و یەکلا بوونەوەی ئەنجامی بەراییەکان، دەتوانێ ڕەوتەکە خێراتر بکات.

پلانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی پەیوەستە بە زۆرینەی سیاسیی نیشتمانی و دەبێ هەنگاو بنێینە بوارێکەوە کە تێیدا دەوڵەت و بەرهەڵستکارانی تێدان. لە لایەکەوە دەوڵەتێکی بە هێز کە لە تەواو گرووپەکان پێکهاتووە و لە لایەکی دیکەوە بەرهەڵستکاران و ئۆپۆزیسیۆنگەلێکی بەهێز بە بەشداریی تەواو گرووپەکان کە سەلمێنەری دیموکراسی لەم وڵاتەن، ئامادە بن.

سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسییەکانیش ئێمە پێشتر بانگەشەی ڕێککەوتنێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی-مان دەکرد و خوازیاری بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی ناوچەیی بە ئامادەبوونی وڵاتانی هاوێر و درواسێی عێراق بووین، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بۆ جێگرکرانی ئاسایش لە رۆژهەلاتی ناڤین مسۆگەر بکرێت.

لە بواری ئابووریشدا یەکەمایەتیی ئێمە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دابەزاندنی نرخی بێکاری، گەشەی ناوخۆیی، ئابووریی ئازاد، دابەزاندنی هێژمۆنیی دەولەت و ڕێخۆش کردن بۆ سەرمایەدانەریی کەرتی تایبەتییە. هەروەها دەبێ ئاوری جیدی بدرێتەوە لە پلانی پەروەردە، ڕاهێنان و ئاسایشی ناوخۆی وڵات. ئەوانە بەشێکن لەو خزمەتە سەرەکی و گرینگانەی کە خەڵکی عێراق پێویستیان پێیەتی.

News Code 19547

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 2 =