ببمە سەرۆک کۆمار دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ ناکەم/ ئێمە لقی سیاسی پەکەکە نین

سەلاحەدین دەمیرتاش وتی لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان و بوونی بە سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتایی بە سیاسەتی ئیمپریالیستیی ئەنقەرە لە ئێران و سووریا و عێراقدا دەهێنیت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی - کامران قادری ئازەر: بێ شک کاری سیاسی و ڕکابەری لە بواری سیاسیی تورکیا کارێکی زۆر دژوار و ئاڵۆزە و پێویستی بە ئەزموون و دەسەڵاتێکی باڵای بەڕێوەبەری هەیە. چاوخشاندنێک بە مێژووی سیاسیی کۆماری تورکیا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرز و نزمییەکانی بواری سیاسی لەو وڵاتە لە زۆربەی قۆناغەکاندا، تاقە دەرفەتی سەرهەڵدان و سەرکەوتنی سیاسەتوانانی دێرین و لێهاتوو بووە.

بەڵام سەلاحەدین دەمیرتاش کە سەرەتا لە لایەن زۆربەی سیاسەتوانانی تورکیا بە هەند وەرنەگیرا، لە ماوەیەکی کەمدا سەلماندی کە دەتوانێ سەرکردەیەکی گەنج و لێهاتوو و سیاسەتوانێکی کارامە بێت. چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو گەنجە ئەویش لە وڵاتێکدا کە سیاسەتوانانی کورد بە هەند وەرناگیرێن، لەخۆیدا سەلمێنەری ئەو ئیدعایەیە کە قۆناغێکی نوێ بە ڕووی چالاکییە سیاسییەکانی کوردی تورکیادا کراوەتەوە.

ئیستا دەمیرتاش بە تێپەڕکردنی گۆڕانکاری و ئاستەنگەگەلی زۆر، وەک کەسایەتییەکی بەئەزموون لە پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) دەرکەوتووە و نە تەنیا بەشێکی بەرچاوی کوردەکانی تورکیا، بەڵکوو ژمارێکی زۆری چەپەکانی ئەو وڵاتەش لایەنگری لێ دەکەن و ڕەنگە هەر ئەوەش هۆکارێکی تۆکمە بێت بۆ ناچار بوونی لە ئەنجامدانی چالاکییە هەڵبژاردنەکانی لە ناو زینداندا بە پێچەوانەی بەربژێرانی دیکەی سەرۆک کۆماریی تورکیا.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەرواری ٢٤ی ژوئەن (٣ی پووشپەڕ) بەڕیوەدەچێت و تێیدا ٦ بەربژێر کە بریتین لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای ئەو وڵاتە و سەرۆکی پارتی داد و گەشە، دۆغۆ پرینچێک سەرۆکی پارتی وەتەن، تەمل کارامەلا ئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت، مەحرەم ئینجە لە پارتی کۆماری گەل، مەراڵ ئاکشنێر سەرۆکی حزبی "باش" و سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشوو و زیندانی کراوی پارتی دیموکراتیکی گەلان، پێکەوە ڕکابەری دەکەن.

دەمیرتاش کە لە ئێستادا بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆری سیاسی و ئەمنی لە زیندان دایە و بە ناچار چالاکییە هەڵبژاردنەکانی لەوێوە ئەنجام دەدات، لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە بە شێوەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەکانی هەواڵنێری مێهر دەداتەوە:

* رێبەریی چالاکییە هەڵبژاردنەکان لە ناوخۆی زیندانەوە چ دەرفەت یان ئاستەنگێک بۆ ئێوە بە دواوە بووە؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لە زیندان کرێن؟

ـ زیندانی کرانی من تەواو نایاسایی و سیاسییە. من لە ئێستادا جگە لەوەی کە هێشتا نوێنەری پەرلەمانم، بەربژێری سەرۆک کۆماریشم. لە کاتێکدا کە ڕەوتی دادگایی من دەیتوانی بە بێ ئەوەی زیندانی بم، بەڕێوە ببرێت. ٢٠ مانگە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە زیندان دام. ئێستا تەنانەت مۆڵەتی ئازادانەی ئەنجامدانی چالاکییە هەڵبژاردنەکانیشم پێ نادرێت و نامە و پەیامەکانم لە رێگەی پاریزەرانمەوە دەگەیێنمە گوێی خەڵکی و ئەوە تاقە رێگەی پەیوەندیی ئێستای من بە کۆمەڵگاوەیە. بەو هۆیە ئیدارەکردنی چالاکییە هەڵبژاردنەکان لەم هەلومەرجەی ئێستادا بە ڕادەیەکی زۆر نامومکین دەنوێنێت، چونکە دۆخی زاڵ بە سەر زینداندا تەواو لە دژی منە. نادادپەروەرانەبوونی هەڵبژاردنەکانی بەردەم هەر لە سەرەتاوە دیار و ئاشکرا بوو. هەموو ئەوانە لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لە تەواو ئیمکاناتی دەوڵەتی بە بێ هیچ ئاستەنگ و کێشەیەک، چالاکییە هەڵبژاردنەکانی خۆی رێبەری دەکات.

* لە ئەگەری هەڵبژاردنتان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵوێستان هەمبەر بە ڕەوتی ئاشتی لە گەڵ کوردەکان کە لە لایەن پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە بە نیوەچڵی مایەوە، چ دەبێت؟

ـ بێ شک لە چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا بە پشت بەستن بە رێگەگەلی ئاشتی‌خوازانە و لە چوارچێوەی دیموکراتیک، پاڵپشتی دەکەم. بەردەوام لە هەر ڕەوتێک کە کۆتایی توندوتیژیی بە دواوە بووە و مافی هاووڵاتی و مافە بنەماییەکانی دیکەی کوردەکانی بە فەرمی ناسیوە، پاڵپشتیمان کردووە. هیچ گومانم لەوە نییە کە لە کەمترین زەمانی مومکیندا بەو ئامانجە دەگەین.

* بە بڕوای ئێوە ئایا هەدەپە لە بابەتی سیاسییەوە تەنیا تەرکیزی لە سەر لایەنی کورد بوونە یان جگە لەو پرسە بە دوای ئامانجگەلی بان ڕەگەزی و ئیتنیکییە؟

ـ پارتی دیموکراتیکی گەلان ڕەوتێکە کە جگە لەوەی کە لە لایەن ژمارێکی زۆری کوردەکان پاڵپشتی دەکرێت، زۆربەی هاووڵاتیانی غەیرە کوردیش پاڵپشتی لێ دەکەن. ئێمە نە تەنیا کوردەکان بەڵکوو نوێنەرایەتیی تەواو بیرۆکە و ئیتنیکەکانی دیکەش دەکەین. ئێمە خۆمان وەک حزبێکی تاک ئیتنیکی ناناسین، بەڵکوو حزبێکین کە بە پشت‌بەستن بە دیموکراسی، لە پێناو کۆمەڵگایەکی فرەکەلتووری و فرەزمانیدا هەوڵ دەدەین. هەڵبەت جەخت لەوە دەکەمەوە کە لە پەنای ئەو هەوڵانە، بە جەربەزەی تەواوەوە لە رێگەگەلی سیاسییەوە پەیجۆری دۆزی کورد دەبین.

* ئایا سنوورێکی دیار و ڕوون لە نێوان هەدەپە و پەکەکەدا هەیە، یان ئەوەی کە بە پێچەوانەی تەواو ئەو سنووربەندیانە، پەیوەندیی نێوان ئێوە و ئەو گرووپە زۆر نزیک و بێ ناوبژییە؟

ـ بە پێچەوانەی پەکەکە کە پەشتی بە توندوتیژی و چەکەوە بەستووە، ئێمە حزبێکین کە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی تورکیا و بە شێوەی یاسایی چالاکی دەکەین. ئێمە بە هیچ چەشنێک بانگەشە بۆ توندوتیژی ناکەین. ڕێک لێرەدایە کە ئێمە لە بنەڕەتەوە لە پەکەکە جیاوازین و لقی سیاسیی پەکەکە نین.

* بۆ بەڕیوەبردنی هەڵبژاردنی سالم و تەندروست و بە دوور لە هەر جۆرە گومانێک لە ناوچە کوردنشینەکان، چ ڕێوشوێنێک گیراوەتە بەر؟

ـ تاقە ستراتژیی هاوپەیمانی پارتی دەسەڵاتدار و پارتی بزووتەوەی نەتەوە پەرەست ئەوەیە کە بە کەلک وەرگرتن لە ئیمکاناتی دەوڵەتی نەهیڵن ئێمە ڕێژەی پێویست بۆ چوونە پەرلەمان مسۆگەر بکەین و ئەوەش بەو مانای بە دەست هێنانی زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان لە لایەن ئەوانەوەیە. هەڵبەت ئێمە بە پشت بەستن بە دەفرایەتییەکانمان، گومانمان لەوە نییە کە لە هەڵبژاردنەکانی بەردەم سەر دەکەوین. بە تەواو ئەوانەوە بابەتگەلێکی وەک فریوە هەڵبژاردنییەکان، فەرمانی ئەردۆغان سەبارەت بەوەی کە شکست بە هەدەپە بێنن و هەروەها گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان، کۆمەڵێک فێڵی نادیموکراتیکن کە لە دژی ئێمە کاریان پێ دەکرێت. بە لە بەرچاو گرتنی تەواو ئەو پرسانە، پێکهاتەی پارتەکەمان شان بە شانی خەڵکی هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێک بە پێوەری دیموکراسی و ئیرادەی نیشتمانی بەڕیوە ببات. ئێمە بۆ پاراستنی تاقە یەک دەنگیشمان هەوڵ دەدەین. هەروەها لە سەر ئەو بڕوایەین کە خەڵکیش دەنگ و سندووقەکانی دەنگدانیان دەپارێزن و هوشیارانە لە پێناو بەرزڕاگرتی ئیرادەی نەتەوەییان هەوڵ دەدەن.

* ئەگەر هەڵبژاردنەکان بچنە خولی دووهەمەوە، ئایا لە گەڵ حزبەکانی دیکە هاوپەیمانی پێک دەهێنن؟

ـ ئێمە لە چوارچێوەی پرێنسیپەکانی خۆمان بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی سیاسی ئامادەین و هەڵسوکەوت و ڕەوتی چالاکییە هەڵبژاردنەکانمان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. لە خولی دووهەمیشدا بە لەبەر چاو گرتنی دۆخی زاڵ بڕیاری خۆمان ڕادەگەیێنین.

* بە ئاوردانەوە لەوەی کە سیاسەتی خێڵەکی لە بواری هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕۆڵێکی دیاری کەر دەگێڕێت، هەوڵی چ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان دروشمە قەبە و مۆدێڕنەکانی حزبەکەتان لە گەڵ ئەو پرسە خێڵەکیەن؟

ـ دروشمە هەڵبژاردنەکانی ئێمە جۆرێک داڕێژراون کە ئامانج و پڕۆژە سیاسییەکانمان بە باشترین شێوەی مومکین ئاراستە بکات. ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە ئەوە لە خۆیدا خاڵێکی بنەمایی و کلیلییە. ئەگەرچی من ئێستا لە زیندان، ئێوە دەبینن کە چۆن دروشم و گوتارە نوێیەکانی حزبەکەمان کەتۆتە سەر زمانی خەڵکی و تەواو کاریگەرییەکی بە هێزی لە سەر ئەو خەڵکە داناوە.

* ئەگەر ببنە سەرۆک کۆماری تورکیا، هەمبەر بەو کێشانەی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا دەیبینین و هەروەها پرسی پەیوەندیی تورکیا لە گەڵ درواسێکانی و لەوان ئێران، عێراق و سووریا چ هەڵوێستێکتان دەبێت؟

ـ لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەواو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین دیالۆگی کارامان دەبێت. بێ شک پاڵپشتی ناکەین لە دەستێوەردانگەلێک کە بە مەبەستی ئیمپریالیستی لە ئێران و سووریا و عێراقدا دەکرێت. بە دوای ئەوەوە دەبین کە وڵاتانی دیکە کێشەکانیان بە پشت بەستن بە خەڵکی خۆیان و لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر بکەن. لە پەنای دەوڵەتان لە گەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی دۆستانەمان دەبێت. بە تایبەت لە بواری هاوکاریی ئابووری، فەرهەنگی، وەرزشی و کۆمەڵایەتی هەنگاوی بەرز هەڵدەگرین. ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە تورکیا بە بێ پشت کردنە ئەورووپا، دەتوانێ پەیوەندییەکی دۆستانە و نزیکی لە گەڵ دراوسێکانی هەبێت. لەو بوارەدا سیاسەتگەلێکی زۆر دلێرانە و هەروەها دۆستانە دەگرینە بەر.

News Code 19461

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =