ئەنقەرە هەوڵی دروست کردنی ئۆتۆنۆمی میلیشیایی لە ئەدلەبی سووریا دەدات

کارناسێکی پرسی تورکیا بە ئاماژە بەوەی کە ئەنقەرە بە دوای سازدانی "ئۆتۆنۆمییەکی میلیشیایی" لە ئەدلەبە، وتی: بیرۆکەی نیۆعوسمانیزم هێشتاش لە سیاسەتکانی بەرپرسانی ئەنقەرەدا هەست پێدەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: زیاتر لە دوو ساڵ لە ئامادەبوونی سنووربەزێنانە و دەستدرێژکارانەی تورکیا لە خاکی عێراقدا تێدەپەڕێت. سەرماوەزی ساڵی ٩٤ بوو کە هەواڵی جێگربوونی نزیکەی ١٥٠ هێزی سەربازیی تورکیا لە گەڵ جیهازاتی قورسی پێکهاتوو لە ٢٠ تا ٢٥ تانک و نەفەربەر لە بنکەی باشیک لە ١٥ کیلۆمەتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری "مووسڵ"ی عێراق لە میدیاکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بڵاو بوویەوە.

ئەنقەرە بۆ پاساودانی ئەو دەستدرێژییەی خۆی ئیدعای کردووە کە بە مۆڵەتی فەرمیی دەوڵەتی ناوەندی بەغدا هەنگاوی ناوەتە ناو خاکی عێراق؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ و نیو تەنانەت بەڵگەیەکیشیان بۆ سەلماندنی ئەو ئیدعایەیان بە دەستەوە نەداوە. چوونی بێ مۆڵەتی سەربازانی تورکیا بۆ خاکی عێراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بەرەوڕووی کێشەی جیدی کردۆتەوە.

دەوڵەتی بەغدا هەر لە سەرەتاوە خوازیاری دەرچوونی خێرای هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی وڵاتەکەیان بوون؛ داخوازییەک کە هێشتاش بەردەوامە و بەرپرسانی عێراقی هاودەنگن لە زەروورەتی وەدی هاتنی ئەو هیوایە. بەوەشەوە، شایەدی ئەوەین کە دەوڵەتی ئەنقەرە نە تەنیا هیچ هەوڵێک لەو پێناو نادات، بەڵکوو پێدەچێت ئەو وڵاتە پێداگرە لە درێژەدان بە مانەوەی زیاتری هێزەکانی لە عێراق و درێژەدان بە داگیرکاریی لە خاکی عێراق.

ئەنقەرە ئیدعا دەکات کە بە ئامانجی ڕاهێنان و مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئامادەیی لە بەرامبەر هێرشی تیرۆریستان، هێزەکانی ڕەوانەی مووسڵ کردووە. ئەو ئیدعایە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەموو ئاگاداری پاڵپشتیی ئاشکرای تورکیا لە داعش و پەیوەندی بازرگانیی ئەو وڵاتە لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانە. هاوکات تورکیا بە دوای سیاسەتگەلێکی دژبەرانە لە سووریایە و هێشتاش سەڕەرای گەیشتنی قەیرانی سووریا بە هەشتەمین ساڵی خۆی، دەستهەڵگری ئەو سیاسەتانە نەبووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا گفتوگۆیەکمان لە گەڵ "ئیبراهیم فەراهانی" کارناسی پرسی ناوچە و هەروەها "عەبدولئەمیر جبووری" شرۆڤەکاریی عێراقی ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخێننەوە:

* سووریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە سەرقاڵی قەیرانێکی ئەمنیی هەمەلایەنە بووە و پاش ئەوە عێراقی-یش بە هۆی پەلاماری بەربڵاوی تەکفیرییەکان ، تووشی قەیرانێکی هاوشێوە بوو و دواجار توانی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆی وەدەر بنێت. جیاوازیی ئەو دوو قەیرانە هاوشێوەیە لە سووریا و عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ فەراهانی: لە پەیوەندی لە گەڵ داعش دەبێ بڵێم کە کانوونێکی "سەربازی – ئەمنی" بوونی هەیە کە ئەو کانوونە لە سووریادایە، چونکە هێشتاش تەواوی خاکی سووریا لە بندەستی تەکفیرییەکان پاک نەکراوەتەوە و دەوڵەتی ناوەندی بە سەر تەواو خاکی وڵاتەکەیدا زاڵ نەبووە. خاڵی بەرچاو لەو پرسەدا ئەوەیە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بە کردەوە دەوڵەتی دیمەشق بە فەرمی ناناسێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانییە هەر لە کاتی چوونی بۆ سووریا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە جگە لە شەڕی سووریا، پەیجۆری ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد بووە.

کەواتە تا کاتێک کە دەوڵەتی ئەسەد لە لایەن رۆژئاوا و ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قۆناغی پاش داعش بە فەرمی نەناسرێت، ئەو کێشە "ئەمنی – سەربازییە" درێژەی دەبێت. ئەو دۆخە لە گەڵ ئەوەی لە عێراقدا دەیبینین، جیاوازە. چونکە ئەمریکا، رۆژئاوا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی بەغدا بە فەرمی دەناسن. تەنانەت بەرپرسانی ڕیاز کە تا ئێستا دەوڵەتی بەغدایان بە فەرمی نەناسیوە، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ دانیان بەو دەوڵەتدا هێناوە. ئەو دوو جیاوازییە بۆتە هۆی ئەوەی کە کێشەی عێراق لە داهاتوودا چارەسەر بێت و لە بەرامبەردا، چارەسەریی کێشەی سووریا لە داهاتوودا تا ڕادەیەکی زۆر لە خەرمانەی گوماندایە.

کەواتە کاتێک دەوڵەتی ئەسەد بە فەرمی نەناسرێت، دەستووری نوێ پەسند نەکرێت و دان بە پێگەی ئەسەددا نەنرێت، ئەو کێشەیە لە سووریادا درێژەی دەبێت. هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکایی بە دوای کشاندنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات و مانەوەی پێکهاتەی دەسەڵات لە سووریان. هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پرسی لیبیادا دوای ڕووخانی قەزافی، شەڕی ناوخۆیی درێژەی خایاند و کێشەکان چارەسەر نەبوون. ژینڕاڵ حەفتەر هێشتاش نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکات. کەواتە رۆژئاوا خوازیاری مانەوەی پێکهاتەی دەسەڵات لە سووریایە، بەو جیاوازییە کە رۆژئاوا و بەرهەڵستکارانی سەربازی و سیاسی سووریا بەشداری ئەو پێکهاتە سیاسییە بن و ئێران و ڕووسیا لەو پێکهاتەیە دوور بخرێنەوە.

* لە ئاژاوەی بە فەرمی نەناسرانی دەوڵەتی دیمەشق لە لایەن رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا چ ڕۆڵێک دەگێرێت؟

ـ فەراهانی: لەمناوەدا تورکیاش بە دوای ئەوەوەیە کە پێگەی خۆی لە سووریا و عێراق بپارێزێت. تورکیا دەزانێت کە دەوڵەتی ئەسەدی بە هێز بە مانای سووریای بە هێزە. تورکیا هێشتاش بە دوای هەمان بیرۆکەی نیوعوسمانیزمە. داود ئۆغڵۆ لە ساڵی ٢٠٠١ کتێبێکی لە ژێر ناوی "قووڵایی ستراتژیک" دەنووسێت و دەڵێت کە دەبێ کێشە و ناکۆکییەکانمان لە گەڵ دراوسێکان تا ئاستی سیفر دابەزێنین.

دەشڵیت کە لەو سیاسەتەی بێ ناکۆکییە، ئێمە چاومان بڕیوەتە "ژێئۆ ئێکۆنۆمیک". ئەوە بەو مانایە کە ئێمە عێراق دەگرین، سووریا دەگرین بەڵام دزەکردنمان لەو وڵاتانە ئابوورییە و بازاڕەکانیان داگیر دەکەین. داود ئۆغڵۆ باس لەوەش دەکات کە کوردەکان گەورەترین کێشە و ئاستەنگی بەردەم ئەو ویستەن.

بەوەشەوە، لە ساڵی ٢٢٠١١ ئەو ستراتژییە گۆڕانی بە سەردا هات و لە ژێئۆ ئێکۆنۆمیکەوە بۆ ستراتژیکی ژێئۆ پۆلێتیک گۆڕا. ئەوە بەو مانایە کە ئەنقەرە دەبوو جگە لە دزە کردنی ئابووری، بە شێوەی سیاسی و سەربازیش دزە بکاتە سووریا و عێراق. ئەو ستراتژییە نیۆعوسمانیزمە بە دوای داگیرکردنی ناوچەگەلێک لە سووریا و عێراقە. داود ئۆغڵۆ کاتێک دەڵێت دەمانەوێ مووسڵ داگیر بکەین، مەبەست تەنیا شاری مووسڵ نییە، بەڵکوو ویلایەتی مووسڵە کە زۆر بەربڵاوترە. کۆی خاکی عێراق لە سێ ویلایەت پێکهایووە کە یەک لەوان ویلایەتی مووسڵە.

* لە سیاسەتگەلی تورکیا لە سووریا شایەدی ئەوەین کە بەرپرسانی ئەنقەرە بە قسە، باس لە هاوکاری کردنی ئێران و سووریا دەکەن و بە کردەوە هاوڕێی ئامانجەکانی ئەمریکا لە سووریایە. ئێوە چۆن لەو هەڵوێستە دوو لایەنە دەڕوانن؟

ـ فەراهانی: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تورکیا خاوەن کەڵکەڵەیەکی بنەڕەتی بە ناوی "کورد"ەکانە. لە تورکیا کاتێک دەیانەوێ سووکایەتی بە کوردەکان بکەن وەک "تورکی کێوی" ناویان لێ دەبەن. کەڵکەڵەی ئەمنیی تورکیا هەمبەر بە کوردەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەنقەرە لە بەستێنی کردەوەدا هەر وەک ئاماژەتان پێدا، هاوڕێی ئامانجەکانی ئەمریکا لە سووریا بن.

پاش ئەوەی قەیرانی سووریا دەسستی پێکرد، ئەمریکا لە لایەن ئۆردۆن، تورکیا و عەرەبستانەوە یارمەتیگەلێکی سەربازیی بۆ ڕووخانی ئەسەد ئاراستەی بەرهەڵستکاران کرد. پاش ماوەیەک ئۆباما بەو ئەنجامە گەیشت کە تێچووی ٥٠٠ ملیارد دۆلاریی ئەو لە سووریادا هیچ دەسکەوتێکی بە دواوە نەبووە. پاش ڕووداوەکەی کۆبانی، ئەمریکا زۆمی کردە سەر کوردەکان. ئەویش بەو پێیەی کە کوردەکان هەم شەڕڤان بوون، هەم دانیشتووی ئەو وڵاتە و هەمیش تیچووی کەمتریان دەویست. هەر بۆیە ئەمریکییەکان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)یان پێک هێنا.

ئێستا زیاتر لە سەدا ٢٠ی خاکی سووریا لە لایەن هەسەدەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەگەر تورکیا داخوازییەکانی ئەمریکا لە ناوچە باشوورییەکان جێبەجێ دەکات، بەو مانایە کە بە دوای ڕەوتێکی ئاشتی لە جۆری ڕێککەوتنی ژێنێڤ-ـه نەک لە جۆری ئاستانە. کەواتە، تورکیا دەتوانێ ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان بە یارمەتیی کوردەکانی لایەنگری خۆی داگیر بکات. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ڕەوتی ئاشتیی ژێنێڤ چیە ڕەوتی ئاشتیی ژێنێڤ داکۆکی لە سێ پرێنسیپی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد، تۆمارکردنی دەستووری سووریا و لاچوونی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دەکات.

بە بڕوای من، لەو یاریەدا ئەمریکا کوردەکان وەک بەرگی بڕاوە ئاراستەی تورکیا دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەنقەرە لە ناتۆدا بپارێزنو لە لایەکی دیکەوە پێشگری بکەن لە دزەکردنی ڕووسیا لە تورکیا. ئەوە هەمان بڕیارێکن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دوایەوەن.

* پرسێکی دیکە لە بواری مەیدانیی سووریا، ئەوەیە کە بەشگەلیک لە خاکی ئەو وڵاتە و لەوان ئەدلەب هێشتاش لە لایەن تورکیا و هێزکانی پاڵپشتکراوی ئەنقەرەوە داگیر کراوە. داهاتووی ئەو ناوچانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا تورکیا لەو ناوچانە دەکشێتەوە؟

ـ فەراهانی: لە ئێستادا لە پارێزگای ئەدلەب گرووپگەلی تیرۆریستیی جۆراوجۆر و هەمەجۆر ئامادەن کە لەوان دەکرێت ئاماژە بە بەرەی نوسرە، ئەحرارولشام، تەحریرولشام و جەیشولئیسلام بکرێت. هەندێ جار سەرهەڵدان و هاتنەئارای ناکۆکی لە نێوان ئەو گرووپانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پێشڕەویی هێزەکانی بەرخودانی سووری.

ڕەوتی گۆڕانکارییەکان نیشان دەدات کە قەتەریش  دزەی کردۆتە ئەدلەب و ئەگەر بڕیار بێت کەسێک لە گەڵ سەرکردەکانی ئەو گرووپگەلە ملیشیاییە لە ئەدلەب گفتوگۆ بکات، ئەوە بەرپرسانی قەتەرە. لەو بوارەدا تورکیا بە دوای سازدانی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕیوەبەرییەک لە ئەدلەبە. بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا پابەندی سەروەری و تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا بووە و هەیە، دەبێ بڵێین نا، ناتوانێ ئاوا بێت.

پێشێل کردنی تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا لە لایەن تورکیاوە تا کاتێک درێژەی دەبێت کە دەوڵەتی دیمەشق سەرقاڵی شەڕ و پێکدادان لە گەڵ تیرۆریزم بێت و هێزی خۆی تەرخانی ئەو بەرەیە بکات. کەواتە هەر وەک پێشتر وترا تورکیا لە ئەدلەب بە دوای دروست کردن و سازدانی ئۆتۆنۆمییەکی میلیشیاییە. ئەگەر تورکیا بتوانێ ناوچەگەلی کوردنشینی سووریا داگیر بکات ئامانجی سەرەکیی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە دەبێت.

* هەر وەک دەزانن هێزەکانی تورکیا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە هەڵمەتێکی نایاساییدا هەنگاوی ناوەتە ناو خاکی عێراق و لە باشیکی نزیک مووسڵ جێگر بووە. سەرەڕای دانوستانەکانی دەوڵەتی ناوەندی، تا ئێستا هێزەکانی تورکیا لە مووسڵ نەچوونەتە دەرێ. ئامانجی تورکیا لە چوونی بۆ عێراق چیە؟

ـ جبووری: چوونی تورکیا بۆ عێراق لە ڕاستیدا بە مەبەستی ئەمنییە و ئەنقەرە هەوڵ دەدات لەو رێگەوە هەڕەشەی پەکەکە لە باکووری عێراق پووچەڵ بکاتەوە. ئەوان چوونەتە باشیک و بۆ خۆیان بنکەیان کردۆتەوە و لەوێوە ڕووی لە شەنگال و قەندیل کردووە. جگە لەوە، کۆمەڵێک ڕێککەوتن لە نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کراوە کە هێشتا نەچۆتە قۆناغی جێبەجێ کردن.

بە بڕوای من هێزەکانی تورکیا بۆ ٦ مانگی دیکەش لە عێراقدا درێژە بە ئامادەبوونی سەربازیی خۆی دەدات، بۆ ئەوەی لەو رێگەوە بتوانن زیاتر لە جاران کوردەکان لە هەرێمی کوردستاندا سەرکوت بکەن. لەمناوە، تورکیا هەوڵ دەدات لە ریگەی چوونی بۆ عێراق، پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لە جاران پەرە پێ بدات و لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئەو پەیوەندیانە بەهرە ببات.

دەوڵەتی تورکیا بەو کارەی خۆی هەوڵ دەدات تا لە پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ هەرێمی کوردستان وەک باڵی گوشار بۆ سەر بەغدا کەڵک ببات. ئەنقەرە هاوکات پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی پاراستووە، بۆ ئەوەی باڵی گوشاری لەمەوە بۆ ئەوەی دیکە و لە دژی هەر دووکیان بە کار بێنێت. واتە هەم بتوانێ هەرێم وەک باڵی گوشار لە دژی دەوڵەتی ناوەندی بە کار بێنێت و هەمیش بە پێچەوانە.

* دەوڵەتی عێراق لەم دواییەدا دیپلۆماتێکی عەرەبستانی سعوودیی لە خاکی وڵاتەکەی کردە دەرێ و ڕایگەیاند کە ئەو کەسە دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکان و ڕەوتی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بووە. بە گشتی ڕۆڵی عەرەبستانی سعوودی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پاشان لە ڕەوتی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیگەلی پاش هەڵبژاردنەکان چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ جبووری: بە دڵنیاییەوە عەرەبستانی سعوودی بەردەوام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستێوەردانی بووە؛ چ بەر لە هەڵبژاردنەکان و چ لە ئێستادا کە هەڵبژاردنەکان کۆتایی پێ هاتووە و ڕەوتی هاوپەیمان‌سازییەکان دەستی پێکردووە. سعوودییەکان ناتوانن ئیدعا بکەن کە هیچ بەرژەوەندی و سوودێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و ڕەوتی سیاسیی ئەو وڵاتەدا نییە. هەڵبژاردنەکانی عێراق نە تەنیا بۆ عەرەبستان، بەڵکوو بۆ ژمارێکی زۆری وڵاتان بایەخێکی ئەوتۆی بووە. هەر وڵاتێک بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو هەڵبژاردنانە دەڕوانێت.

ئەوە تەنیا عەرەبستانی سعوودی نییە کە دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا بووە و دەبێت. هەڵبەت دەبێ لێرەدا پرسی دەستێوەردانیش ڕوون بکرێتەوە. دەستێوەردان لێرەدا بە مانای پاڵپشتی لە حزبەکان، ڕەوتەکان و هاوپەیمانییە سیاسی و هەڵبژاردنییەکان دێت. هەر وەک وتم. نە تەنیا عەرەبستان بەڵکوو وڵاتانی دیکەی عەرەبیش لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراقدا دەستێوەردانیان بووە.

* پرسێک کە سەبارەت بە تیرۆریستانی داعش لە عێراقدا لە ئارادایە ئەوەیە کە ئەو تیرۆریستانە چیتر لەو وڵاتەدا جێیەکیان نییە و ئەوەی لەوە بە دوا هەڕەشەیەکی پەنگراون بۆ عێراق، ئایدیالۆژیای بە جێ ماوە لە تیرۆریستان لەو وڵاتەیە؛ پرسێک کە گەلێ جار حەیدەر عەبادی ئاماژەی پێ داوە. ئێوە چۆن لەو هەڕەشانە دەڕوانن؟

ـ جبووری: ئێمە ئەگەر بپرسین کە ئایا ئایدیالۆژیای داعش لە زەینی خەڵکی عێراقدا پەلی داکوتا بێت یان نا، بێ شک وەڵامی ئەو پرسیارە "نا"یە. ئەو پرسە هۆکاری زۆری هەیە. هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە داعش کاتێک لە عێراقدا سەری هەڵدا کە بەشێک لە ئەهلی سوننەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ بە دوای ناکارامەکردنی حکوومەتی ناوەندی و تەنانەت ڕووخاندنی حکوومەتی ناوەندی بوون و بەردەوام دروشمیان ئەوە بوو کە "بەغدا ئێمە بەڕێوەین". کەواتە بیرۆکەی باو لە ناوچە سوننەنشینەکان ئەوە بوو کە حکوومەتی ناوەندی، حکوومەتێکی نایاساییە. لە ئاوەها هەلومەرجێکدا بوو کە داعش سەری هەڵدا و بێ شک لە ئاوەها هەلومەرجێکیشدا بوو کە خەڵکی سوننە هاوکاریی داعش-یان کرد بۆ ڕووخاندن و ناکارامەکردنی حکوومەتی ناوەندی.

ئەو پرسە بووە هۆی ئەوەی کە ناوچەگەلێکی بەربڵاو لە عێراق لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر بکرێت. بەوەشەوە، ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕانی زۆری بە سەردا هاتووە و ئەهلی سوننەی عێراق خوازیاری بەشداریی جیدی و ڕاستەقینە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی وڵاتن. یەک لەو کەسایەتییە بەرچاوانەی سوننە ئەو بابەتەی پشت‌ڕاست کردۆتەوە و دەڵێت کە ئەمڕۆ سوننەی عێراق بۆ یەکەمین جار خوازیاری بەشداریی ڕاستەقینە و حەقیقی لە حکوومەتی سیاسییە. کەواتە چیتر ڕوانینی ڕابردوو نەماوە.

هۆکاری دووهەم ئەوەیە کە داعش کاتێک بە دەسەڵات گەیشت کە حکوومەتی ناوەندیی بەغدا لە لایەن وڵاتانی عەرەبیی بەستێنی کەنداوی فارس وەک دەوڵەتێکی ناکارامە و نایاسایی وێنا دەکرا. وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس بەردەوام دەیانوت کە دەولەتی بەغدا نە دەوڵەتێکی جەماوەری، بەڵکوو دەوڵەتێکی تایفییە.

بۆچوونی ئەو وڵاتانە لە ئێستادا هەمبەر بە عێراق گۆڕاوە و وەک وڵاتێکی فەرهەنگی و جەماوەری و ... لێی دەڕوانن. ئێستا عەرەبستان بە دوای کردنەوەی کۆنسولگەری لە بەسرە و ناوەندە شیعەکانی عێراقە. ئەوە بەوە مانایە کە حکوومەتی عێراقی ناسیوە. کەواتە، لە قۆناغی پاش داعش، ئەو هۆکارەش وەک جاران نەماوە و ڕوانینی عەرەبەکان هەمبەر بە دەوڵەتی بەغدا گۆڕاوە.

هۆکاری سێهەم و گرینگترینیان ئەوەیە کە تیرۆریستانی داعشی لە ماوەی زەمانیی زاڵبوونیان بە ناوچەکانی عێراق لە لایەن وڵاتانی بیانیی ناوچەیی و نێودەولەتییەوە پاڵپشتیی بەربڵاوی ماڵی و داراییان لێ دەکرا. ئەمڕۆکە بیرۆکە  و ئایدیالۆژیای تەکفیری لە کۆمەڵگای عێراقدا پێویستیی زۆری بە پاڵپشتیی ماڵی هەیە.

بەوەشەوە، ئێمە شایەدی ئەوەین کە ئەو پاڵپشتییە ماڵییە وەک ڕابردوو نەماوە و ئەو پرسە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە بیرۆکە و ئایدیالۆژیای داعش چیتر بە ئاسانی ناتوانێت لە زەینی خەڵکی عێراقدا پەل داکوتێت. ڕەنگە بکرێت بڵیین کە ئەو ئاستە لە یارمەتیدانەکان بە داعش و بیرۆکەی داعشی تا کەمتر لە سەدا ١٠ دابەزیوە. ئەمڕۆ بەرپرسایەتیی ئاسایشی زۆربەی ناوچە سوننەکانی عێراق لە ئەستۆی هێزەکانی حەشدی شەعبییە و دەبینین کە ئەو هێزانە کێشەیەکی ئەوتۆیان لەو ناوچانە بۆ پێش نەهاتووە و کەسێک ئۆپەراسیۆنێکی لە دژیان ئەنجام نەداوە.

دەبێ ئاماژەش بەوەش بدەین کە هاوپەیمانی نەسری سەر بە حەیدەر عەبادی ئەندامانێکی زۆری سوننەی دەمارگرژی لە خۆگرتووە. بەوەشەوە، ئەو جەماعەت سوننەیە بە ئاسانی لە پەنای کەسایەتییە شیعەکان بەشداری ڕەوتی هەڵبژاردنەکان بوون و خۆیان بۆ ڕەوتەکانی داهاتوو ئامادە کردووە. هەر بۆیە داعش بەو تایبەتمەندیانەی کە وترا پەرەی سەند؛ تایبەتمەندیگەلێک کە چیتر ئەمڕۆ لە ئارادا نین.

ئەگەرچی بیرۆکە و ئایدیالۆژیای داعش لای خەڵکی سوننەی عێراق بە قووڵی پەلی دانەکوتاوە، بەڵام ناکرێت بڵێین کە هەمووی خەڵکی لەو ئایدیالۆژیایە لە ئەمان دان، چونکە ژمارێکی کەم لەوان گیرۆدەی ئەو ئایدیالۆژیایە دەبن. بەڵام بە گشتی من لام وایە کە لە نێوان لە سەدا ٩٠ تا ٩٥ی خەڵکی نەچوونەتە ژێر کاریگەریی ئەندێشەی داعشی. نە تەنیا بیرۆکەی داعشی دزەی نەکردۆتە ناو سوننەکان، بەڵکوو زۆربەی سوننەکان خوازیاری بەشداریی جیدی لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێی عێراقن.

News Code 19443

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 11 =