ئەمریکا و تەواو خەونە دۆڕاوەکانی لە سووریا

قەیرانی سووریا لە کاتێکدا هەنگاو دەنێتە ناو هەشتەمین ساڵوەگەری خۆی، کە لە ساڵانی ڕابردوودا زنجیرە خەون و خولیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا یەک لە دوای یەک بە با دران.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: هەر لە دەسپێکی قەیرانی سووریا تا ئێستا کە زیاتر لە هەشت ساڵی لێ‌ تێدەپەڕێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی رۆژئاوایی – عەرەبیی بەردەوام پیلانگەلی جۆراوجۆریان لە پێناو وەدی هێنانی ئامانجەکانیان لە سووریادا گرتۆتە بەر؛ پیلانگەلێکی شۆم هەر کام پاش ژیری، هوشیاری و لە هەمان کاتدا هەڵسوکەوتی خێرای هێزی بەرخودانی سووری و هاوپەیمانانی شکستیان هێنا و لە ئەنجامدا واشنتۆن نەیتوانی لە رێگەی ئەو پیلانانە ئامانجە گرینگ، سەرەکی و بنەماییەکانی خۆی لە سووریادا مسۆگەر بکات.

گرینگترین ئامانجی ئەمریکا لە سووریادا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، ڕووخاندنی دەوڵەتی یاسایی دیمەشق بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد بووە. دەوڵەتانی جۆراوجۆر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئۆبامای دیموکراتەوە بگرە تا ترامپی کۆماریخواز، هەر کام بە جۆرێک لە پێناو وەدی هێنانی ئەو ئامانجە هەنگاویان ناوە و هیچ جیاوزاییەک لە هزر و بیری لایەنە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەمریکا هەمبەر بەو پرسە نابیندرێت. بەرپرسانی ئەمریکی بەردەوام لە ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکاندا جەختیان لەوە کردۆتەوە کە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا هیچ جێگە  پێگەیەکی لە داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتەدا نییە و دەبێ لە دەسەڵات بکشێتەوە، بۆ ئەوەی رێ خۆش بکرێت بۆ پێکهاتنی دەوڵەتی جێگرەوە و ئاڵترناتیڤ لە سووریا.

بەوەشەوە، پاوەجێی و خۆڕاگریی بەرخودانی سووری و هاوپەیمانانی و لەوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا بووە هۆی ئەوەی کە ئەمریکییەکان لە وەدی هێنانی سەرەکی‌ترین و گرینگترین ئامانجی خۆیان لە سووریا واتە ڕووخاندنی دەوڵەتی دیمەشق ناموارد و بێ ئاکام بن. ئێستا زیاتر لە سەدا ٨٥ی خاکی سووریا پێشتر لە بندەستی هێزەکانی سەر بە ئەمریکا و سعوودی بوو، لە لایەن هێزەکانی بەرخودان کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە و ئەمریکییەکان چیتر دەستی باڵایان نییە لە یاریی سووریا و توانای درێژەدان بەو یارییەیان نەماوە. ئەوە بەو واتایە کە واشنتۆن بۆ هەمیشە خەونی ڕووخاندنی دەوڵەتی ئەسەدی بە با داوە و لەو یارییەدا دۆڕاندوێەتی.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە گرینگترین، سەرەکی‌ترین و بنەڕەتی‌ترین ئامانجەکانی ئەمریکا لە سووریا لە درێژەی ئەو هەشت ساڵەی قەیرانی ئەو وڵاتە، دابەش کردنی سووریا بووە. ئەمریکییەکان بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانج و هیوایەیان (کە هەڵبەت تەنیا بە سووریا نابەسترێتەوە و وڵاتانی دیکەی ناوچەش تێوە دەگلێنێت) پەنای بردۆتە بەر هەموو جۆرە فێڵ و تەڵەکەیەک.

لەو فێڵ و تەڵەکانە دەکرێت ئاماژە بە پاڵپشتیی ماڵی و چەک و چۆڵی بەربڵاوی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هێزەکانی کوردی سووریای دیموکراتیک بکەین. ئەمریکا بە پاڵپشتی لە کوردەکانی سووریا هەوڵ دەدات رێگە بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە خۆش بکات، بەڵام ئەو ئاواتەی وەدی نەهات. خۆڕاگریی هێزە سوورییەکان لە بەرامبەر هەڵمەت و داپەڕی کوردە پاڵپشتکراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تایبەت لە باکووری سووریا بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان نەتوانن بەوجۆرەی کە پێویستە و دەبێ لە بواری وەدی هێنانی ئامانجەکانی واشنتۆن هەنگاو بنێن.

کەواتە، پڕۆژەگەلی گرینگ و ستراتژیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەوان ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد و هەروەها دابەشکردنی خاکی سووریا لە رێگەی پاڵپشتیی بەربڵاو لە هێزە کوردییەکانی سووریای دیموکراتیک بە کردەوە شکستی هێنا؛ ئەگەرچی ئەمریکاییەکان هێشتا درێژە بە پڕچەککردنی کوردەکانی سووریا دەدەن و هێشتاش هیوادارن بە دابەشکرانی سووریا لەو رێگەوە، بەڵام کارناسان و چاودێرانی سیاسی لەو سەر ئەو بڕوایەن کە ئەوەش هیوای خاوە و هەر دوو پڕۆژەکە بەرەوڕووی شکستی جیدی بوونەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەمریکییەکان لە درێژەی جموجۆڵ و هەڵسوکەوتی دژبەرانە و گوماناویان لە سووریا، خەریکی پێکهێنانی "هێزەکانی ئاسایشی سنووری" لە باشووری ئەو وڵاتە بوون و هەن. ئەگەرچی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و لەوان وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو بڕیارەیان ڕەت کردۆتەوە، بەڵام بەڵگە و دایکۆمێنتەکان و کاردانەوە فەرمییە جۆراوجۆرەکان بە هەنگاوە گوماناوییەکانی ئەمریکا، بە جۆرێک سەلمێنەری دروستبوونی ئەو بڕیارە لە لایەن واشنتۆنەوەن. بەرەی باکووری سووریا لە ئێستادا وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و گرینگترین بەرەکانی سووریا وێنا دەکرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاش ناکامبوون و شکست هێنانی قورسی تیرۆریستانی تەکفیریی پاڵپشتکراوی خۆی، بە شێوەی تایبەتی چاوی بڕیوەتە بەرەی باکووری سووریا و هیوادارە لە رێگەی پێکهێنانی هێزەکانی ئاسایشی سنووری کە ژمارەیان بە گوێرەی هەندێک تا ٣٠ هەزار کەس بەراوەرد کراوە، بەشێک لە شکستەکانی پێشووی خۆی قەرەبوو بکاتەوە. لە ڕاستیدا بەرەی باکووری سووریا دوا کارتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ درێژەی دەورگێڕانی واشنتۆن لەو وڵاتەدا.

بەوەشەوە، هەوڵی هێزەکانی بەرخودانی سووری بووە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا لە دوای شکست هێنانی لە ڕووخاندنی دەوڵەتی ئەسەد و هەروەها بێ مورادبوونی لە دابەشکردنی خاکی سووریا، تا ئێستا لە پراکتیزەکردنی پیلانی خۆی لە باکووری سووریا واتە لە پێکهێنانی هێزەکانی ئاسایشی سنووریشدا شکست بهێنێت. ئەگەرچی دەمێکەیە ئەمریکاییەکان هەوڵی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە دەدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی ڕوون و ئاشکرایان لەوبارەیەوە مسۆگەر نەکردووە و ئەوەش نیشان دەدات کە واشنتۆن لە وەدی هێنانی ئامانجەکەیدا، لانی کەم تا ئێستا بەرەوڕووی شکست بۆتەوە.

ئێستا کە قەیرانی سووریا هەنگاو دەنێتە ناو هەشتەمین ساڵی خۆی و ئەمریکییەکان بە تەواو پیلانەکانیانەوە بە ئارەزوو و ویستی خۆیان لە سووریا نەگەیشتوون، رێگەیەکی نوێیان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی لانی کەم بەشێک لە ئامانجەکانیان لە سووریادا بپێکن. سناریۆی نوێی ئەمریکییەکان بۆ زیان گەیاندن بە دەوڵەتی دیمەشق چ نییە جیا لە پلانی "ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕیوەبەریی تیرۆریستان" لە میحوەری باشووری سووریا.

ئێستا کە قسە لە سناریۆی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە خۆبەڕێوەبەریی تیرۆریستان لە ژێر چاودێریی واشنتۆن لە باشووری سووریا هاتۆتە ئاراوە، ئەوە پرسیارە بە زەین دەگات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چ پلانێکی بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانجە داڕشتووە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکییەکان بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانجە تەرکیزی تایبەتی کردۆتە سەر سێ پارێزگای باشووری و گرینگی سووریا کە بریتین لە دەرعا، قەنیترە و سویدا.

لێرەدا خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە هەر سێ پارێزگای باس کراو، بەشێکن لە ناوچە ئارام و بە دوور لە شەڕەکان؛ واتە ئەو ناوچانەی کە تێیاندا ئاگربڕ ڕاگەیێندراوە. دوا هەواڵ و ڕاپۆرتەکان سەبارەت بەو ناوچانە نیشان دەدەن کە ئەمریکییەکان سوپایەکی پێکهاتوو لە تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و سوپای ئازادیان بۆ هێرش کردنە سەر بنکەکانی سوپای سووریا لەو سێ پارێزگایە پێکهێناوە، بۆ ئەوەی لەو رێگەوە تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی واشنتۆن بتوانن کۆنتڕۆڵی تەواوی هەر سێ پارێزگای باشووری و گرینگی سووریا بە دەستەوە بگرێت. بەڵام بەوەشەوە، هەوڵی بەرەی بورخودان بۆتە هۆی پووچەڵ بوونەوەی ئەو خەونە نوێیە و بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە گەڵ دەرگاگەلێکی داخراوە.

News Code 19354

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =