ته‌رمی مامۆستا شەپۆل له‌ مه‌هاباد به‌ خاک سپێردرا

ناسەی هەواڵ: 4308784 -
ته‌رمی دوکتور محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیمی ناسراو به‌ شه‌پۆل له‌ گڵکۆی شاعرانی مه‌هاباد به‌ خاک سپێردرا.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، دوێنێ به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌دیبانی کورد و خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد ته‌رمی دوکتور محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیمی ناسراو به‌ شه‌پۆل له‌ گڵکۆی شاعرانی مه‌هاباد به‌ خاک سپێردرا.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ته‌رمی مامۆستا شه‌پۆل له‌ خانه‌قای شه‌مزینانی مه‌هاباده‌وه‌ به‌ره‌و مه‌زاری شاعران به‌ڕێ کراوه‌.

دوکتۆر محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیم ناسراو به‌ شه‌پۆل که‌ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و مامۆستای زانکۆ بوو له‌ ته‌مه‌نی ۸۵ ساڵی و له‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ ۴۰ ڕۆژ له‌ بێهۆشیدا بوو له‌ نه‌خۆشخانه‌یەکی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

ئەم شاعرە دیارەی کوردستان لە ڕۆژی ۴ی جۆزه‌ردانی ۱۳۱۲ له‌ شاری مه‌هاباد و له‌ بنه‌ماڵه‌یێکی زانا و موسوڵمان له‌ دایک بوو و لە تەمەنیدا زیاتر له‌ ۳۰ کتێبی به‌ زمانی کوردی نووسیوه‌ و چه‌ندین کتێبی وه‌رگێراوه‌.

یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌ران و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی زمان و فه‌رهنگ و هونه‌ری کوردیی بووە و هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردانی دانیشتووی تاران و ئه‌ندامی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمه‌ڵگای کوردانی دانیشتووی تارانیش بوو. هەروەها قورئانی که‌ریمی به‌ زمانی کوردی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین جار له‌ هه‌رێمی کوردستان و ئێران چاپ کراوه‌.

شایانی باسە دوکتور ئیبراهیمی خەڵاتی ده‌زگای چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌درخانی بە هۆی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی کوردستان لە ژێر ناوی خه‌ڵاتی نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ر و وه‌رگێڕ پێشکەش کراوە.‌​

ناردنی بۆچوون

1 + 1 =