ڕێز لە هووشەنگ موعتەمێدی لە شانۆگەرانی پێشەنگی سنەیی گیرا

تاقمێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ڕێزنان لە بلیمەتان و هونەرمەندانی کوردستان شەوی پێنج‌شەممە لە ڕێوڕەسمێکدا خزمەت و هەوڵەکانی چەندین دەیە چالاکیی مامۆستا هووشەنگ موعتەمێدی-یان بۆ بەرزڕاگرتنی هونەری شانۆگەری لە ناوچەدا بە سەر کردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یەحیا سەمەدی بەرپرسی ئەنجومەنی ڕێزنان لە بلیمەتان و هونەرمەندانی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی تاقمێکی زۆر لە هونەرمەندان و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان لە ماڵی هووشەنگ موعتەمێدی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: مامۆستا موعتەمێدی مایەی فەخر و سەرفەرزایی هونەر و فەرهەنگی کوردستانە و هەر بۆیە هەوڵماندا لە رێگەی ئەم ڕێوڕەسمە ناو و پێگەی ناوبراو بنرخێنین و بەرهەم و خزمەتەکانی ئەو مامۆستایە بە بەرەی گەنج بناسێنین.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە عوبەید ڕۆستەمی سەرۆکی ئەنجومەنی هونەرگەلی نمایشی پارێزگای کوردستان سەبارەت بە کەسایەتیی موعتەمێدی وتی: مامۆستا بەر لە شۆڕش لە بوارەکانی ئەکتەری، دێکۆراتۆری و داڕشتنی دیمەن چالاکیگەلێکی بەربڵاوی بووە و بە چەشنێک کە ئەرکی تەواو ئەو کارانە بەر لە شۆڕش لە ئەستۆی ناوبراو بووە.

ڕۆستەمی وتیشی: مامۆستا موعتەمێدی بە کەرەسەگەلی ئاسایی، دیمەنگەلی زۆر گەورەی خوڵقاندووە و بەردەوام بە میانەڕۆیی و ورەی بەرزەوە هەوڵی داوە و وەک نمانەیەک لە بواری شانۆ و هونەری نمایشیی ئێران دەرکەوتووە.

هەروەها مامۆستا هۆمایوون کەمانگەر بەڕێوەبەری پێشووی ڕادیۆی کوردیی کرماشان و تاران سەبارەت بە چالاکیی چەندین دەیەی مامۆستا موعتەمێدی بۆ بەرزڕاگرتنی شانۆی کوردستان، بیری هێنایەوە: مامۆستا یەکێکە لە بلیمەتانی ئێران و پێویستە ئەزموونەکانی بۆ بەرەکانی داهاتوو بپاریزرێت.

شایانی باسە ئەو ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی ئەنجومەنی هونەرگەلی نمایشی، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، ئەنجومەنی هاوئاهەنگی بەرەنگاربوونەوەی مادەگەلی هۆشبەر و فەرمانداریی سنە بەڕێوەچوو.

‌هووشەنگ موعتەمێدی لە دایکبووی ١٩٣٣ لە شاری سنەیە و لە ساڵی ۱۹۶۳دا چالاکیی هونەری خۆی بە شانۆی "دوکتۆری ساختەچی" لە ئەرتەشدا دەست پێکرد و لە ساڵی ١٩٦٧ شانۆی "نادر کوڕی شمشێر"ی بە دەورگێڕان و دیکۆراتۆریی خۆی بردە سەر شانۆ. ناوبراو لە ماوەی ژیانیدا هاوکاریی زۆری لە گەڵ کەسایەتیگەلی وەک بەهرام بەیزایی، دوکتۆر قوتبەدین سادقی، بێهرووز غەریب پوور ... بووە.

News Code 19081

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 3 =