وڵاتانی ئیسلامی ده‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر زایۆنییه‌کان یه‌ک ده‌نگ بن

سه‌رۆک کۆماری ئێران وتی: کاره‌کانی ڕژیمی زایۆنی فه‌له‌ستینییه‌کان یه‌کگرتووتر ده‌کات و وڵاتانی ئیسلامی ده‌بێت یه‌ک ده‌نگ کاره‌ نامرۆڤانه‌کانی ئه‌مریکا و ڕژیمی زایۆنی ئیدانه‌ بکه‌ن.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، حه‌سه‌ن ڕۆحانی له‌ میانه‌ی گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فوونی له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هێرشی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر فه‌له‌ستینییه‌کانی ئیدانه‌ کرد و وتی: نه‌ته‌وه‌ی یه‌کگرتووه‌کان و مافی مرۆڤ ده‌بێت له‌م کاته‌ هه‌ستیاره‌ ده‌نگی خۆیان به‌رز بکه‌نه‌وه‌. گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا بۆ قودس کارێکی نایاساییه‌ و بووه‌ته‌ هۆی تووڕه‌یی فه‌له‌ستینی و موسوڵمانه‌کان.

ئه‌و زیادی کرد: به‌داخه‌وه‌ ترامپ سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌که‌ له‌ هه‌ڵه‌ دایه‌ و لای وایه‌ به‌ پشتیوانی له‌ زایۆنییه‌کان ده‌توانێت شۆڕشی فه‌له‌ستینییه‌کان بکوژێنێته‌وه‌. وڵاتانی موسوڵمان ده‌بێت له‌ پێناو ئه‌م کاره‌ یه‌ک ده‌نگ بن، ئه‌مه‌ فه‌له‌ستینییه‌کان یه‌کگرتووتر ده‌کات و نیشانی ده‌دات که‌ ئه‌مریکا له‌ ڕاستیدا چ خواستێکی هه‌یه‌.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی دا: ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین تاکوو ده‌نگێکی به‌هێز و یه‌کگرتوو له‌ لایه‌ن وڵاتانی ئیسلامییه‌وه‌ له‌ دژی ئه‌مریکا و ئیسڕائیل به‌ جیهان بگه‌یه‌نین. 

ئه‌و هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ بازه‌رگانی نێوان ئێران و تورکیا وتی: په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و تورکیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوولا و ئاشتی ناوچه‌که‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌ردۆغان له‌مباره‌وه‌ وتی: ئه‌م کوشتاره‌ زایۆنییه‌کان به‌ هۆی پشتیوانی ئه‌مریکایه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌وانی هان داوه‌ که‌ وه‌ها جنایه‌تێک بکه‌ن. وڵاتانی فه‌له‌ستینی ده‌بێت یه‌ک ده‌نگ تووڕه‌یی خۆیان به‌ جیهان ڕابگه‌یه‌نن و داوای مافی فه‌له‌ستینییه‌کان بکه‌ن.

ئه‌و زیادی کرد: ئێمه‌ داوای کۆبوونه‌وه‌ی به‌ په‌له‌ی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامین و ئێسته‌ ئیدی کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌رکی خۆمان له‌ به‌رانبه‌ر برا فه‌له‌ستینییه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین. هه‌ر جۆره‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌کی ئاشتی که‌ خواست و داواکاری فه‌له‌ستینییه‌کانی له‌گه‌ڵ نه‌بێت ته‌نیا ناکۆکییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ به‌رز ده‌کاته‌وه‌.

News Code 18881

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =