وردەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ٢٠١٨ی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی گوڵان دەستی پێکرد، چوارەمین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دوای ڕووخانی دەسەلاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ و یەکەمین هەڵبژاردنی دوای سەرکەوتنی عێراق بە سەر داعشە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەولەتی – فەرزاد فەرهادی: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق ئەمڕۆ ١٢ی مانگی مەی دەستی پێکرد؛ هەڵبژاردنێک کە لە بابەتی ئەوەی یەکەمین هەڵبژاردنی دوای تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستی داعش و دووهەمەین هەڵبژاردنی دوای پاشەکشێی هیزە ئەمریکییەکان لە ساڵی ٢٠١١ لەو وڵاتەیە، گرینگییەکی تایبەتی هەیە.

لەو هەڵبژاردنەدا ٣٢٠ حزبی سیاسی و لیست و هاوپەیمانی هەڵبژاردنەیی پێکەوە ڕکابەری دەکەن کە بریتییە لە ٨٨ لیستی هەڵبژاردنەیی، ٢٠٥ حزبی و گرووپی سیاسی و ٢٧ هاوپەیمانی. حەوت هەزار و ٣٦٧ بەربژێر لەو هەڵبژاردنەدا بەشدارن کە بە بەراوەرد لە گەڵ هەڵبژاردنەکانبی ٢٠٤ کە ژمارەی بەربژێرانی ٩ هەزار کەس بوون، دابەزینێکی زۆری بە خۆوە بینیوە. هەڵبژاردنەکان لە پێناو دیاری کردنی ٣٢٩ نوێنەر کە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێرن، بەڕێوە دەچێت.

سیستەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پێوەری هەڵبژاردنەکانی "سانت لیگۆ"یە کە لە ئیستادا لە ولاتانی وەک نیوزلەند، سوید، نۆروێژ و بۆسنیا کەڵکی لێوەردەگیرێت. سیستەمی هەڵبژاردنەکانی سانت لیگۆ لە ساڵی ١٩١٠ بۆ پاراستنی دەنگی خەڵکی لە هەڵبژاردنی لیستەکانی هەڵبژاردنەیی داڕێژرا و بۆ یەکەمین جار لە دوو ولاتی نۆروێژ و سوید لە ساڵی ١٩٥١ کەڵکی لێوەرگیرا. ئەو سیستەمە هەڵبژاردنە بە پێی دابەش کردنی دەنگەکانی لیستی هەڵبژاردنەیی بە سەر نرخگەلێکی نەگۆڕە – کە بریتین لە ژمارەگەلی ناجووتی وەک ١، ٣، ٥، ٧، ٩، ١١ و ... -. لە هەندێک لە وڵاتان بۆ پاراستنی دەنگی لیستگەلی هەڵبژاردنەیی چکۆلە لە بەرامبەر لیستگەلی گەورەی هەڵبژاردنەیی کە سانسێکی زۆرتریان بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان هەیە، نرخی ژمارەی یەکەم لە بری ژمارەی ١، ژمارەی ١،٤ دیاری دەکەن، بۆ ئەوەی شانسی لیستە چکۆلەکانیش بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی پەرەلەمان بەرزتر بێتەوە.

کەمینەکان لە پەرلەمان ٨ کورسیان هەیە کە ٥ کورسیان تایبەت بە مەسیحییەکانە و مەندایی، ئێزدی و شەبەکەکانیش هەر کام یەک کورسیان هەیە. لە ١٠ی ژانڤیەی ٢٠١٨ دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیاری دا کە بە ژمارەی کورسیی پەرلەمانیی ئیزدییەکاندا بە پێی دیموگرافیا و بە پشت بەستن بە مادەی ٤٩ی دەستووری عێراق کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەر سەد هەزار کەس دەبێ کورسییەکی بۆ ڕەچاو بکرێت، بچێتەوە.

کورسیگەلی ١٨ پارێزگای عێراق بەم شێوەیە: بەغدا ٧١ کورسی، نەینەوا ٣٤ کورسی، بەسرە ٢٥ کورسی، زیقار ١٤ کورسی، سلێمانی ١٨ کورسی، بابل ١٧ کورسی، هەولێر ١٦ کورسی، ئەنبار ١٥ کورسی، دیالە ١٤ کورسی، کەرکووک ١٣ کورسی، نەجەف و دهۆک و سەلاحەدین هەرکام ١٢ کورسی، دیوانیە و کەربەلا و واست هەرکام ١١ کورسی، میسان ١٠ کورسی و موسەنا ٧ کورسی. دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان بە شێوەی ئەلەکترۆنیکی دەبێت.

پەرلەمانی عێراق وەک دەزگای یاسادانەر ئەرکی یاسادانان و چاودێری بە سەر دەزگای بەڕێوەبەریی وڵاتی لە ئەستۆیە. پشت‌ڕاست کردنەوەی ڕێککەوتننامەکان و گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان، دەنگی متمانە دان بە ئەنجومەنی وەزیران و بەربژێرانی دەوڵەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و دیاری کردنی سەرۆک وەزیران لە هاوپەیمانیی زۆرینەی پەرلەمان بەشێکی دیکە لە ئەرکە پێناسەکراوەکانی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی دەستووری ئەو وڵاتەیە.

لە یەکەمین قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکان، پەرلەمان ئەنجومەنی سەرۆک کۆماری بە دیاری کردنی ٣ کەس بۆ راپەراندنی ئەرکەکانی سەرۆک کۆماری پێک دەهێنێت. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بە پێی هەر نوێنەرێک بۆ سەد هەزار کەس دیاری کراوە. ئەو نوێنەرانە بە دەنگی راستەوخۆی خەڵکی هەڵدەبژێردرێن. حەشیمەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بە گوێرەی سەرژمێریی وەزارەتی پلان داڕشتنی ئەو وڵاتە ٣٧ ملیۆن و ١٣٩ هەزار و ٥١٩ کەس ڕاگەیێندراوە.

پاش ١٥ رۆژ لە ڕاگەیاندن و پشت‌راست کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بە فەرامانی سەرۆک کۆمار نوێنەرانی هەڵبژاردراو بە سەرۆکایەتی گەورەترین نوێنەر لە بابەتی تەمەنەوە دانیشتنێک پێک دەهێنن. لەو دانیشتنەدا سەرۆک، جێگری یەکەم، جێگری سەرۆک و جێگری دووهەم دیاری دەکرێن. ماوەی هەر خولی پەرلەمان ٤ ساڵە کە بە یەکەمین دانیشتنەوە دەست پێدەکات. خولی دواتری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیش ٤٥ رۆژ بەر لە کۆتایی خولی پێشوو بەڕێوە دەچێت. ئەرکی چاوەدێریی ڕەوتی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی لە ئەستۆی کۆمیساریای باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە. ئەو کۆمیساریایە لیژنەیەکی پڕۆفێشناڵ، سەربەخۆ و بێ لایەنە کە پەرلەمان بە سەر چالاکییەکانیدا چاودێری دەکات.

هەروەها ئەرکی بەڕیوەچوون و چاودێریی هەر جۆرە هەڵبژاردن و ڕاپرسینەوەیەک لە عێراقدا لە ئەستۆی ئەو کۆمیساریایەیە و تاقە لیژنەی فەرمیی ناو عێراقە کە شیاوەتیی دیاری کردنی چوارچێوە و پرێنسیپی بەڕێوەچوونی هەر جۆرە هەڵبژاردن و ڕاپرسینەوەیەکی لە ناوچەگەلی عێراقدا هەیە.

کۆمیساریای بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە "ئەنجومەنی کۆمیساریا" و "ئیدارەی هەڵبژاردنەکان" پێکهاتووە. ئەنجومەنی کۆمیساریاش خۆی لە ٩ کەس پێکهاتووە کە ئەرکی کاروباری یاسایی و ڕیسایی و دانانی سیاسەتگەلی گشتیی هەڵبژاردنەکان و چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی لە ئەستۆیە. ئەو کەسانە لە لایەن پەرلەمان و بە پێی یاسا دیاری دەکرێن. چاودێری بە سەر ناونوو‌سی، ڕێکخستن و پشت‌راست کردنەوەی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنەکان، دەنگی متمانەدان بە چاودێران و نوێنەرانی ڕەوتە سیاسییەکان و نوێنەرانی میدیاکان، پێداچوونەوە بە هەموو سکاڵا و ناڕەزایەتی لە هەڵبژاردنەکان و پشت‌ڕاست کردنەوەی کۆتایی هەڵبژاردنەکان و گشت‌پرسییەکان بەشێکی دئکە لە ئەرکەکانی ئەو ئەنجومەنەیە.

هەڵبژاردنێکی تایبەتی لە بابەتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان

ئەم هەڵبژاردنە لە مێژووی عێراقدا لە بابەتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، هەڵبژاردنێکی تاقانە دەبێت، هەڵبەت ئەگەر کۆمیساریای باڵای هەڵبژاردنەکان پابەندی بەڵێنەکانی خۆی لە ماوەی دیاری کراودا بێت. مەعین هیتاوی سەرۆکی ئەنجوەنی کۆمیساریای هەڵبژاردن ڕایگەیاند: ئاکامی هەڵبژاردنەکانی تایبەت بە هێزی سەربازی و عێراقییەکانی دانیشتووی دەرەوە لە گەڵ ئەنجامی گشتی ٤٨ کاتژمێر پاش کۆتایی دەنگدانەکان رادەگەیێندرێت. ئەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو و شازە لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە پێشتر خەڵکی عێراق بۆ ئاگاداربوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە هۆی بژاردنی دەنگەکان بە شێوەی دەستی، دەبوو چەندین رۆژ یان چەندین حەوتە چاوەروان بایەن.

سیستەمی ئەلەکترۆنیکیی نوێ  

لەمساڵی زایینیدا کۆمیساریای باڵای هەڵبژاردنەکان لە گەڵ کۆمپانیایەکی کۆریای باکوور گرێبەستێکی بە بایەخی ١٣٥ ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی سیستەمێکی ئەلەکترۆنی کە پێکهاتووە لە ٧٠ هەزار سیستەم کە لە سەرتاسەری عێراق بە کار دەهێنرێن، واژۆ کرد.

ئەو دەزگایە بریتیە لە سکینێرێک کە لە سەر سندووقەکە دادەنرێت بۆ ئەوەی دەنگدەر پاش هەڵبژاردنی ژمارەی لیست و هەروەها ژمارەی بەربژێری مەبەستی خۆی لە بەرگی دەنگدان لە رێگەی قەڵەمێکی تایبەتی و بە دانانی لە دەزگا، دەنگەکەی تۆمار بکات. پاش ئەوە دەنگەکان بە شێوەی ئەلەکترۆنی دەبژێردرێن و لە رێگەی کۆدی دیارەوە لە ماوەی چەند کاتژمێردا ڕەوانەی دەزگای ناوەندی دەکرێن. بە گوێرەی کۆمیساریای باڵای هەڵبژاردنی عێراق ئامانج لە بە کار هێنانی ئەو سیستەمە نوێیە لە قۆناغی یەکەمدا خێرایی بەخشین بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لە قۆناغی دواتردا وەلاوەنانی هێزی مرۆیی لە هەڵمەتی بژاردنی دەنگەکان و پێشگری لە ساختەکارییە. بەڵام لە ئەگەری بوونی سکاڵای زۆر یان ڕاپۆرتێک لەبارەی ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوەندی هەڵبژاردن، بەهرە لە سیستەمی دەستی وەردەگیردرێت.

دەنگدان چۆن ئەنجام دەدرێت؟

کۆمیساریای هەڵبژاردن مەرج و رۆژەڤگەلێکی بۆ سەرکەوتنی ڕەوتی دەنگدان و بەرێوەچوونی بە بێ کێشەی ڕەچاو کردووە و داوای لە دەنگدەران کردووە کە لە کاتی دەنگدان ئەگەر ئامانجیان تەنیا بە لیستەکان بێت، تەنیا کرتە لە سەر هێمای بەرامبەر ژمارەی لیستەکە بکەن. بەڵام ئەگەر دەیانەوێ بە بەربژێری مەبەستی خۆیان لەو لیستە دەنگ بدەن، دەبێ هەم کەرتە لە سەر ژمارەی لیست و هەمیش کرتە لە سەر ژمارەی بەربژێری مەبەستیان بکەن. دەنگدەران دەبێ ئاگاداری لیستی دەنگدان کە بریتییە لە ناو و ژمارەی لیست و هاوپەیمانەکان و ژمارەی بەربژێران بن. لە تەواو ناوەندەکانی دەنگدان قەڵەمی تایبەتیی کرتەکردن لە بەردەم ناوی لیست و بەربژێردا دانراوە. شێوەی دروست ئەوەیە کە هەم لە بەردەم ناوی لیست و بەربژێری مەبەست کرتە کرابێت.

چ کاتێک دەنگەکان پووچەڵ دەکرێنەوە

کۆمیساریای باڵای هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری کرتەکردن لە سەر زیاتر لە یەک گرووپی سیاسی یان تەنیا کەرتە کردن لە سەر ژمارەی بەربژێری مەبەست، یان لە ئەگەری کەرتەکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی دیاری کراو دەنگەکە پووچەڵ دەبێتەوە.

رۆژی پێنج‌شەممە دەنگی تایبەتی بۆ هێزەکانی ئاسایش، سوپای عێراق و پێشمەرگەکان لە تەواو پارێزگاکانی عێراق بەڕیوەچوو. دەنگدانی تایبەتی هێزی سەربازی رۆژێکی پێچوو کە بە گوێرەی ئاماری کۆمیساریای باڵا لە سەدا ٧٨ کەس لەو هێزانە بەشدرایان کردبوو.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ٩٤٣٦٣٩ کەسیی هێزەکانی سەربازیی عێراق ٧٩٣٢٦٤ کەس دەنگیان داوە. لەو دەنگدانەدا هیزەکانی ئاسایش، پۆلیس، سوپا، پێشمەرگە، زیندانییەکان و هەروەها نەخۆشانی ناو نەخۆشخانەکان دەنگی خۆیان خستۆتە ناو سندووقەکانەوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕەوتی دەنگدانی هاوولاتیانی عێراقیی دانیشتووی وڵاتانی دەرەوە لە ٢١ وڵاتی جیهانیدا دوێنی هەینی کۆتایی پێهات.

News Code 18751

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 8 =