کاردانه‌وه‌ی جیهان به‌ کشانه‌وه‌ی ئەمریکا له‌ ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران

به‌رپرسانی باڵای جیهان سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ له‌ به‌رجام کاردانه‌وه‌ جیاوازیان هه‌بووه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، بڕیاری دوێنێ شه‌وی دۆناڵد ترامپ بۆ کشانه‌وه‌ له‌ به‌رجام کاردانه‌وه‌ جیاوازی وڵاتانی جیهانی به‌ دواوه‌ بوو.

چارلز میشل، سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌لژیک ڕایگه‌یاند که‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌رجام ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ناسه‌قامگیری زیاتر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین دروست ببێت و له‌م بڕیاره‌ی ترامپ زۆر به‌داخن.

ئه‌و زیادی کرد: یه‌کێتی ئه‌ورووپا و هاوپه‌یمانه‌کانی ده‌بێت پێبه‌ند بن به‌ به‌رجام.

هه‌روه‌ها مانفرێد وێبر، پارلمانتاری دیاری ئه‌ورووپایی ئه‌م کاره‌ی ترامپی به‌ هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژیک وه‌سف کرد و جه‌ختی کرد: ئێمه‌ درێژه‌ ده‌ده‌ین به‌ ڕێکاری خۆمان له‌گه‌ڵ ئێرانم.

به‌ڵام عادڵ جوبه‌یر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان له‌مباره‌وه‌ خۆشحاڵی خۆیی ده‌ربڕی و وتی: ڕیاز له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌ماڕۆکانی ئێران پێشوازی ده‌کات. عه‌ره‌بستان ئاماده‌یه‌ تاکوو ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌کانی ئێران ببێته‌وه‌.

ئیسڕائیل کاتسه‌، وه‌زیری هه‌واڵگری زایۆنییه‌کان خۆشحاڵی خۆیی ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند: ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی مێژووییه‌ و له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپایش داوا ده‌که‌ین تاکوو ته‌ڤڵی ئه‌مریکا بن و گه‌ماڕۆکانی ئێران بگه‌ڕێننه‌وه‌. 

ئه‌و زیادی کرد: ته‌نیا ڕێگه‌ی به‌ر گرتن به‌ ڕژیمی ئێران که‌ هه‌وڵ ده‌دات چه‌کی ناڤۆکی به‌ ده‌ست بێنێت، سه‌پاندنی گه‌ماڕۆی زیاتر له‌ دژی ئێرانه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ نیشانی بده‌ین ئاماده‌ین له‌ شه‌ڕیش سوود ببه‌ین.

پائۆلۆ جێنتیلۆنی، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیتالیا له‌ به‌رجام پشتیوانی کرد و داوای کرد تاکوو ده‌ست به‌م ڕێککه‌وتنه‌ ناڤۆکییه‌وه‌ بگیردرێت.

ئه‌و زیادی کرد: ڕێککه‌وتنی ناڤۆکی ڕۆڵێکی گرنگی له‌ ئه‌منیه‌تی ناوچه‌که‌ بووه‌ و ده‌بێت بمێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌رجامی به‌ تووندی ئیدانه‌ کرد و ڕایگه‌یاند: ئه‌مریکا به‌م کشانه‌وه‌یه‌ ناکۆکییه‌کان له‌ جیهاندا زیاتر ده‌کات.

جان بۆڵتۆن، ڕاویژکاری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا دوای کشانه‌وه‌ ئه‌مریکا له‌ به‌رجام وتی: کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا بڕیارێکی دروست بوو بۆ به‌ر گرتن به‌ ناڤۆکی بوونی ئێران.

زیادی کرد: کۆمپانیا ئه‌ورووپاییه‌کان ته‌نیا چه‌ند مانگ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ تاکوو له‌ کاری بازه‌رگانی کردن له‌گه‌ڵ ئێران بکشێنه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ باراک ئۆباما، سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند: کشانه‌وه‌ له‌ به‌رجام کارێکی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ بوو.

ئەوەشی وت: من له‌ سه‌ر ئه‌م بڕاوه‌یه‌م کشانه‌وه‌ له‌ به‌رجام بێ ئه‌وه‌ی پێشێل کرابێت هه‌ڵه‌یه‌. له‌ سیاسه‌تدا هه‌میشه‌ گۆڕانکاری له‌ ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام کشانه‌وه‌ له‌ ڕێککه‌وتنێک که‌ ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی وڵاتانی زلهێزی جیهان ده‌کاته‌وه‌ و بایه‌خی ئه‌مریکا ده‌باته‌ ژێر پرسیار کارێکی هه‌ڵه‌یه. به‌رجام ڕێککه‌وتنێکی چه‌ند لایه‌نه‌ی جیهانی بوو.

مایک په‌مپه‌ئۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش وتی: ئێمه‌ زووم ده‌که‌ینه‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی مووشه‌کی ئێران.

وته‌بێژی سه‌رۆک کۆماری تورکیاش ڕایگه‌یاند: به‌رجام ڕێککه‌وتنێکی چه‌ند قۆڵی جیهانی بوو و بوونی وڵاتانی دیکه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌و زیادی کرد: کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌م ڕێککه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی قه‌یرانی زیاتر له‌ جیهان و ناچه‌که‌ دروست بێت.

ئیماراتیش ڕایگه‌یاند که‌ له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌رجام پشتیوانی ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستیان بێت بۆ هاوڕێی کردنی ترامپ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

ئانتۆنیۆ گوترش، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕایگه‌یاند که‌ وڵاتانی دیکه‌ ده‌بێت به‌ به‌رجام پێبه‌ند بن.

ئه‌و زیادی کرد: من زۆر نیگه‌رانم به‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌رجام. داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌که‌م پێبه‌ند بن به‌ به‌رجام.

میکائیل ڕاس، جێگری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمانیا ڕایگه‌یاند: ئه‌ورووپا تاکوو ئه‌و جێگه‌ی ده‌توانێت ده‌بێت بۆ مانه‌وه‌ی به‌رجام هه‌وڵ بدات.

هه‌روه‌ها تێرزا مه‌ی، سه‌رۆک وه‌زیرانی بریتانیا وتی: ئێمه‌ به‌ داخین له‌ بڕیاره‌که‌ی ترامپ سه‌باره‌ت به‌ به‌رجام. ۳ وڵاتی بریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئاڵمانیا پێبه‌ند ده‌بن به‌ ڕێککه‌وتنی ناڤۆکی. هه‌موو جیهان ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت که‌ به‌رجام پشتیوانی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ ژماره‌ی ۲۲۳۱ی هه‌یه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ له‌ ڕێککه‌وتنی ناڤۆکی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی بڵاو کرده‌وه‌.

له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ هاتووه‌: کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌رجام پێشێل کردنی مافێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بوو و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئاژانسی ناڤۆکی لاواز ده‌کات.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هاتووه‌: بڕیاری کشانه‌وه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ کشانه‌وه‌ له‌ به‌رجام هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌تی جیهانی.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا خشته‌ی گه‌ماڕۆکانی ترامپ بۆ سه‌ر ئێرانی ڕاگه‌یاند.

ئه‌م گه‌ماڕۆیانه‌ که‌ له‌ دژی ئێران ده‌سه‌پێت له‌ میانه‌ی ۹۰ بۆ ۱۸۰ ڕۆژی داهاتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

گه‌ماڕۆدانی کڕێنی نه‌وت له‌ ئێران دوای ۱۸۰ ڕۆژ و گه‌ماڕۆکانی دیکه‌ش دوای ۹۰ ڕۆژی دیکه‌ ده‌سه‌پێت.

ئه‌مه‌ش وه‌ک مۆڵه‌ت وایه‌ بۆ کۆمپانیا بیانییه‌کان که‌ له‌گه‌ڵ ئێران کاری بازه‌رگانی ده‌که‌ن.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا وتی: له‌ ته‌نیشت فه‌رمانی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا، ڕێکخراو و وه‌زاره‌ت خانه‌کانی ئه‌مریکا پڕۆسه‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی ئارامی ئه‌و چالاکییه‌کانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ ئێران له‌ به‌رجامدا هه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ن.

ئێمانۆئل ماکرۆن، سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕه‌نساش وتی: به‌داخه‌وه‌م که‌ ئه‌مریکا له‌م ڕێککه‌وتنه‌ کشایه‌وه‌.

 زیادی کرد: ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی فراوان تر سه‌باره‌ت به‌ چالاکی ناڤۆکی ئێران بۆ دوای ۲۰۲۵ و هێزی مووشه‌کی ئێران و سه‌قامگیری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ئیش ده‌که‌ین.

فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند: من نیگەرانم لە جێبەجێ بوونی گەماڕۆ نوێکانی ئەمریکا لە دژی ئێران.

موگرینی لە کاردانەوەیەکی توند بە قسەکانی ترامپ سەبارەت بە بەرجام وتی: مۆڵەت مەدەن کەس بەرجام لەناو ببات. ئێمە لە تەنیشت ئێران دەوەستین.

وتیشی: بەرجام دەرەنجامی دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو بوو. دەتوانین بە ڕێز گرتن لە یەکتر بە ڕێککەوتن بگەین. پێبەند دەبین بە بەرجام.

موگرینی لە درێژەدا جەختی کرد: لە تەنیشت ئێران بۆ مانەوەی بەرجام دەوەستین.

بنیامین نتانیاهۆ، سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕژیمی زایۆنیش له‌مباره‌وه‌ نووسی: ترامپ کارێکی دلێرانه‌ و نه‌به‌ردی له‌ دژی ئێران کرد و ئێمه‌ سپاسی ده‌که‌ین.

پاگه‌نده‌شی کرد: به‌رجام بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی دیکه‌ ده‌ستی ئێران بۆ دروست کردنی بۆمبی ناڤۆکی ده‌کاته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌رجام بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ داگیرکاری زیاتر له‌ ناوچه‌که‌ بکات و له‌ کاروباری وڵاتانی لوبنان، عێراق و یه‌مه‌ن و سووریا و غه‌زه‌ ده‌ستێوه‌ردان بکات.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: سه‌ره‌ڕای بوونی به‌رجام ئێران ده‌ستی به‌ مووشه‌کی هاوێشتنی بۆمبی ناڤۆکی گه‌یشتووه‌.

شایانی باسه‌ که‌ ئه‌مریکا دوێنێ شه‌و به‌ فه‌رمی ڕایگه‌یاند که‌ له‌ ڕێککه‌وتنی ناڤۆکی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌کشێته‌وه‌.

News Code 18661

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 4 =