چۆری مەریوان یەکەمین گوندی بێ بێکاری ئێران

چۆر گوندێکی سەر بە مەریوانە کە وەک یەکەمین گوندی بێ بێکاری وڵات ناسراوە و لە ڕێوڕەسمێکدا وێرای وەبەرهێنانی ئەو هەنگاوە گرینگە، بە ئامادەبوونی بەرپرسان و دانیشتوانی گوندەکە جەژن گیرا.

بە ڕاپۆرتی هواڵنێری ئاژانسی مێهر، چۆر گوندێکە بە ١٥٧ بنەماڵە و ٥٨٥ کەس حەشیمەتەوە کە لە ٢٠ کیلۆمەتریی شاری مەریوان هەڵکەوتووە و خاوەن سروشتێکی تایبەتی و جەماوەرێکی خوێنگەرم و میواندۆستە.

ئەو گوندە بە هۆی پێناسەنەکران لە بواری گەشتیاریی مەریواندا، کەمتر ڕەنگی  گەشتیاری بۆ دیتنی جوانییە بەربڵاوەکانی بە خۆوە بینیوە و پێویستە ناوچەگەلێکی لەو چەشنە بە دیمەنی دڵنوێن و بێ هاوتای زیاتر بە لایەنگرانی بناسرێت.

بە ئاوردانەوە لەوەی کە کێشەی بێکاری تەنیا تایبەتی دانیشتووانی شاری نییە و گوندنیشینانیش بەو کێشەوە دەناڵێنن، ئەمڕۆ شایەدی کەم بوونەوەی ڕێژەی جەماوەریی گوندەکان و چۆڵ بوونیانین.

گوندەکانی هاوێری شاری مەریوان بە هۆی هەبوونی دەفرایەتیگەلێکی بەربڵاو و گرینگی خوداپێدراوانە، خاوەن پۆتانیسەلی گەشە و کاردۆزین بۆ دانیشتووانی. هەر بۆیە لە ساڵی ٩٤ی هەتاوییەوە دەوڵەتی تەدبیر و ئومێد بە گەڵاڵەگەلێکی جۆراوجۆری وەک گوندی بێ بێکار، دامەزرانی پاوەجێی گوندی لە پێناو پاراستنی حەشیمەتی گوندی و ڕەخساندنی هەلی کار لەم ناوچانەدا هەنگاوی ناوە.

لە پێناو جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی گوندی بێ بێکار کە لە ساڵی ٩٢ی هەتاوییەوە هەوڵی بۆ دراوە، وامگەلێک بە بەهرەی کەمەوە دراوەتە کەسانی شیاو و خاوەن مەرج لە گوندی چۆر کە ئەو هەوڵە پاش سێ ساڵ ئەنجامی باشی بە دواوە بووە و بۆتە هۆی ڕەخسانی ژمارێکی زۆری کار و پیشە بۆ دانیشتووانی ئەو گوندە.

ڕێوڕەسمی وەبەرهێنانی یەکەمین گوندی بێ بێکاری وڵات رۆژی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ژمارێکی زۆری بەرپرسای پارێزگا و شاری مەریوان لە گەندی چۆر بەڕێوەچوو و بڕیار بوو کە بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی کارخوڵقێنیی ئومێد-یش لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادە بێت کە بە هۆی نەگونجاوبوونی دۆخی کەشوهەوا و هەڵوەشانەوەی گەشتی ئاسمانی تاران – سنە، نەیتوانی خۆی بگەیێنێت.

پیشانگایەک لە قەوارەی چەندین ژووری پێکهاتوو لە بەرهەمی کەسانێک کە وامی سندووقی کارخوڵقێنیی ئومێد لەو گوندەدا بەڕێوە چوو کە لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازیی زۆری لێ کرا.

وامی یەک ملیارد و ٨٨٠ ملیۆن تمەنی

بەڕیوەبەری سندووقی کارخوڵقێنیی ئومێدی کوردستان لەو ڕیوڕەسمەدا وێرای ناساندنی گوندی چۆر وەک یەکەمین گوندی بێ بێکاری وڵات، وتی: لە ماوەی سێ، چوار ساڵی ڕابردوودا ستراتژیی سندووق لە پێدانی وامی کەس‌تەوەرەوە بۆ وامی گەڵاڵەتەوەر گۆڕاوە.

فەرزان عێزەت پوور بە ئاماژە بەوەی کە یەکێک لە پلانەکانی گەڵاڵەتەوەری ئەو سندووقە، گوندی بێ بێکارە، ڕایگەیاند: دەسپێکی ئەو هەنگاوە لە لایەن ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵ بە کردنەوەی سندووقگەلی چکۆلەی گوندی هەڵگیرا.

ڕاشیگەیاند: لەو چەند ساڵەدا ١١٥ وامی یەک ملیارد و ٨٨٠ ملیۆن تمەنی دراوەتە داخوازان و خاوەن گەڵاڵەکانی گوندی چۆر.

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی ڕەوتی چاودێریی گەلاڵەکان پێش و دوای پێدانی وام، بنەڕەتی‌ترین بەشی جێبەجێ کردنی پلانەکانی هاوبەشی گشتیی کۆمەڵگای ناوچەکە زانی.

۲۰۰ ملیارد تمەن گەڵاڵەی کاری دراوەتە بانکەکانی کوردستان

بەڕیوەبەری گشتیی هەرەوەزی، کار و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی کوردستان-یش لەو ڕێوڕەسمەدا بە بیرهێاننەوەی گەشەی ڕەخساندنی هەلی کاری پاوەجێ لە ناوچەگەلی گوندی وەک یەکێک لە پلانە گرینگەکانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومێد، وتی: ئەرکی سەر شانی تەواو دەزگاگەلی هاوپەیوەندە کە کات و پلانی زیاتر بە پرسی دامەزران و ڕەخسانی هەلی کار تەرخان بدەن.

بورهان سەڵەواتی ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە گەشەی گوندەکان بە هۆی کەمبوونەوەی کێشەگەلی شاری و پەراوێزنشینی لە شارەکان بووە.

ناوبراو بە ئاماژە بە ٢٦٠ ملیارد تمەن گوژمەی تەرخان دراوە بە پارێزگا بۆ گەشەی پاوەجێی گوندەکان، ڕوونی کردەوە کە تا ئێستا ٢٠٠ ملیارد تمەن گەڵاڵەی کاری ئاراستەی بانکەکان کراوە.

بەڕیوەبەری گشتیی هەرەوەزی، کار و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی کوردستان کێشەی بازاڕی فرۆشی بە گرینگترین کێشەی کەسانێک کە وامی گوندیان بەرکەوتووە، زانی و وتیشی: بە داخەوە بەرهەم هێنەرانی ئێمە لە گەورە و چکۆلەیان لە سەرەتای سەرمایەدانەرییەوە، بیر لە بازاری فرۆشی بەرهەمەکانیان ناکەنەوە.

سەڵەواتی: ڕاشیگەیاند: ئیدارەی گشتیی فەننی و پیشەیی پارێزگا بەڵێنیی ڕاهێنان و فێرکاریی بازارتەوەریان بە دانیشتووانی گوندی چۆر دا و ئێمەش هەرەوەزیی دابین کردنی پێداویستییەکان بۆ خەڵکی ئەم گوندە دەکەینەوە.

کرانەوەی پیشانگای هەمیشەیی لە سەر رێگەی گوند

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا فەرمانداری شاری مەریوان سپاس و پیزانینی خۆی ئاراستەی رۆژنامەنووسان بۆ بەهادانیان بە پرسی ڕەخسانی هەلی کاری دانیشتووانی گوند و ناساندنی ئەو ناوچانە کرد و وتی: بە داخەوە تەواو خاوەن ژوورەکانی پیشانگای ئەم گوندە لە نەبوونی بازاڕی فرۆش گلەیی دەکەن کە هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتنی ئەو گوندە لە قووڵایی جادەی سنە بۆ مەریوان و دووربوونی لە رێگەی ترانزیتیی دەریاچەی زریوار و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەی ئەو شارە.

محەمەد شەفیعی بە داکۆکی لە ناساندی گوندی چۆر، ڕاشیگەیاند: لە سەر رێگەی ئەو گوندە بە هاوئاهەنگی لە گەڵ ئیدارەی رێگەوبان، شوێنێک بۆ کردنەوەی پیشانگای هەمیشەیی تەرخان دراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: بڕیارە ٢١ی گوڵانی ئەمساڵ گەورەترین مێهرەجانی نێونەتەوەیی گەشتیاریی وەرزشی و ماسیگری بنەماڵەیی لە دەریاچەی زرێوار بکرێتەوە و هەوڵ دەدەین لەو بازارچەی تایبەتیی ئەو مێهرەجانە ٤ تا ٥ ژوور بە دانیشتووانی گوندی چۆر تەرخان بدەین.

ژنانی گوندی چۆر پێشڕەو لە کاردۆزیدا

سورەیا تازیک یەکێک لە خاتوونانی چاڵاکی گوندی چۆر کە لە ساڵی ٨٦ەوە لە بواری کڵاشچنیدا ئیش دەکات، لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری مێهری بە ئاماژە بە چالاکیی ٣ کەس لە ژنانی گوند لە بواری کڵاشچنیدا، وتی: بۆ پەرەدان بە کاری خۆمان هیچ وامێکمان وەرنەگرتووە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو کارە لە مەریوانەوە بۆمان دەنێرن و ئێمە تەنیا حەقدەستی کارەکەمان وەردەگرین.

تەڵا ڕەحمانی یەکێکی دیکە لە خاتوونانی ئەو گوندە کە بەرهەمەکانی خۆی لە ژوورێکی پیشانگای چۆر بۆ فرۆش داناوە، لای خۆیەوە وتی: دوو ملیۆن تمەن لە وامەکانی سندووقی کارخوڵقێنیی-م وەرگرتووە و بە هەندێ پارەی خۆمەوە چەرخی جل دوورین و پیدوایستییەکانم کڕیوە و خەریکی جل دوورینم.

ناوبراو هەروەها خوازیاری ٢٠ ملیۆن تمەن وامی دیکە لەو سندووقە بۆ گەشەی مێش‌داری لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بوو و وتیشی: بە داخەوە سندووق تا نەدانەوەی وامی ٢ ملیۆنییەکە، هیچ وامێکی دیکە بە من و بنەماڵەکەم نادات.

هەوڵ و تێکۆشانی ئەو چەند کەسە لە پەنای دیکەی خاتوونانی گوندی چۆر، نیشان دەدات کە بەشداریی ژنان لە کار و چالاکیی ئابووریی هاوکاتی ئەنجامدانی کاروباری ناو ماڵ و کاری کشتوکاڵ، زۆر بەرچاوە و ڕێخۆشکەرە بۆ دامەزرانی منداڵانیان لە داهاتووی ژیانیاندا.

News Code 18645

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 4 =