قەتەر بۆ شەڕ دژی ئێران لە سووریا، پشتی عەرەبستان ناگرێت

ڕاوێژکاری پادشای پێشووی عەرەبستان لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ڕووسەکان لە پێکهاتنی هێزی عەرەبی لە سووریا خۆشحاڵ دەبن، چونکە هێزی عەرەبی توانستێکی ئەوتۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، ڕووسیا و حکوومەتی ئەسەد نابێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – جەواد حەیران نیا: بەرپرسێکی ئەمریکی لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی وال ستریت ژۆرناڵ تەواو سەرنجەکانی بۆ لای پلانی نوێی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سووریا ڕاکێشاوە. بە وتەی ئەو بەرپرسێە ئەمریکییە دەوڵەتی ترامپ بە دوای سازدانی هێزێکی عەرەبی لە بری هێزە ئەمریکاییەکان لە سووریا و جێگر کردنیان لە بەشی باکووری رۆژهەلاتی سووریا پاش شکستدانی داعش لەو ناوچەیەیە.  

جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترامپ-یش لە گەڵ عەباس مستەفا کامل، سەرۆکی هەواڵگریی میسر گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا قاهیرە ئامادەیە لەو پلانەدا بەشداری بکات. بەرپرسانی ئەمریکایی بۆ پێکهێنانی سوپای عەرەبی ڕوویان لە عەرەبستان، قەتەر و ئیمارات ناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە ملیاردها دۆلار تێچوو و سەرچاوەی سەربازی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سووریا پاش شکستی داعش دابین بکات. هەڵبەت عەرەبستان هەر لە ئێستەوە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانە ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر گفتوگۆیەکی لە گەڵ پرۆفیسۆر "حسێن عەسکەری" مامۆستای جۆرج واشنتۆنی ئەمریکا و ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دارایی (لە ساڵی ۱۹۷۸) و پادشای پێشووی عەرەبستانی سعوودی (مەلەک عەبدوڵڵا) و ناسراو بە داڕێژەری ئابووڕیی عەرەبستان، ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* عادڵ جەبیر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ڕەوانەکردنی هێزەکانی ناسراو بە "هاوپەیمانیی عەرەبی" بۆ وڵاتی سووریا ڕاگەیاندووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەی وال ستریت ژۆرناڵ، ئەمریکا خوازیاری جێگرکردنی ئەو هێزانە لە بری هێزەکانی خۆی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە. ئایا پراتیگی کردنی ئەو پلانە مومکینە؟

ـ پرسی سازدانی هێزێکی عەرەبی کارا و چەند نەتەوەیی زۆر ئایدیایەکی گەورەیە. عەرەبەکان دابەش کراون. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین کە عەرەبەکان پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد ناکەن، زۆربەی رێبەرانیان نایانەوێ هێزی خۆیان ڕەوانەی وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بکەن.

هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەگەر ئەوان بیانەوێ هێزی سەربازی بنێرنە سووریا، خۆیان تووشی چارەنووسێکی وەک سووریا دەکەن. لە هەمان کاتدا عەرەبەکان لە بابەتی پرسی دیکەی وەک پەیوەندی لە گەڵ ئێران کە پێکەوە ئاوێتەکاریان هەیە، دابەش بوونە.

پەیوەندی لە گەڵ ئێران بۆتە هۆی دابەش بوونی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس و بەو پێیە زۆر دژوارە بڕوا بکەین کە قەتەر لە پەنای سعوودییەکان لە دژی ئێران تێهەڵدەچێت، عێراق و عەمان-یش بەلایانەوە دژوارە کە هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران ڕەوانەی سووریا بکەن.

لە هەمان کاتدا تورکیا کە بنکەیەکی سەربازیی لە قەتەر هەیە رێگە بەو وڵاتە نادات کە پەیوەست بە هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ بەرگری لە کوردەکانی سووریا بێت. هەر بۆیە دەڵێم لەوبارەیە هەندێک پرس بە شێوەی ئاڵۆز و ئاوێتەکارانە لە ئارادایە.

گرینگتر لە هەمووی ئەوانە، باشترین هێزی جەنگیی عەرەبەکان، هێزەکانی میسر و ئۆردۆن-ن، بەڵام تەنانەت ئەو هێزانەش ئەزموونێکی ئەوەتۆی شەڕیان نییە و بۆ بەشداربوون لە شەڕەکاندا پێویستیان بە پارەیە. میسرییەکان لە بابەتی سووریادا ناکۆکیی جیدیان لە گەڵ عەرەبستان هەیە و پارەیەکی زۆریان پێویستە و عەرەبستان توانستی دابین کردنی ئەو پارەیەی نییە.

کەواتە لە کۆتایی دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە ئەوەی عەرەبەکان دەتوانن ڕەوانەی سووریای بکەن لە ڕاستیدا هێزێکی بە ڕواڵەت هاوپەیمانیی عەرەبییە کە باری ماڵییەکەی لە لایەن عەرەبستان، ئیمارات و ڕەنگە کوەیت-ەوە دابین دەکرێت.

ئەو هێزە یەکگرتووە عەەبە دەبێ چەندین سەرکردەی پێشڕەوی عەرەبستانی و ئیماراتی هەبێ، بەڵام دەبێ سەربازەکانی لە هێزە ئۆردۆنی و ڕەنگە میسرییەکان بە ئەزموونی بەرتەسکی شەڕەوە پێک هاتبێت. ئەمریکا دەتوانێ ناوی هاوپەیمانییەکی عەرەبیان لێ بنێت، بەڵام ئەوە جێی پرسیارە کە ئەو هێزە تا چەندە دەتوانێ کاریگەریی لە سەر سوورییەکانی پاڵپشت کراوی ئێران و ڕووسیادا هەبێت.

* بە ئاوردانەوە لە ناکۆکیی نێوان وڵاتانی عەرەبی لە هاوپەیمانێتی دژی تیرۆریزم و لەوان ناکۆکیی قەتەر لە گەڵ عەرەبستان و ئیمارات و ناکۆکیی عەرەبستان و میسر لە پرسی سووریادا، ئایا پێکهاتنی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی مومکینە؟

ـ ڕاستە و من ئاماژەم بە هەندێک لەو ناکۆکیانە دا. ئەو هێزە مومکینە تەنیا هێزێکی عەرەبیی هێمایین بێت؛ چەند ئەفسەری ئیماراتی و سعوودی کە بە یارمەتیی ئۆردۆنییەکان شەڕ دەکەن.

سعوودییەکان هیچکات شەڕی قورسی سەربازی ئەنجام نادەن. تەنیا دەبێ لە ئەمریکییەکان بپرسن کە سعوودییە لە ئۆپەراسیۆنی ڕەشەبای سارا چۆناوچۆن هاوکاریی کردوون.

* ئایا ڕووسیا ڕازییە بە ئامادەبوونی ئەو هێزانە لە سووریا؟ لە ئەگەری ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی لە سووریا هاوکێشەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە چیان پێ دێت؟

ـ من لام وایە کە پووتین خۆشحاڵ دەبێ لە چوونی ئەمریکا لە سووریا و جێگرکرانی هێزێکی عەرەبی لە بری هێزەکانی ئەمریکی. هۆکارەشی ڕوونە. هێزی عەرەبی ئەگەری زۆری هەیە کە ئەو کاریگەرییەی نابێ و خۆی لەو وڵاتە ناگرێ و زەبری قورسی لێ دەکەوێت.

ئەگەر ڕووسیا هێزە عەرەبەکان بۆردومان بکات، پاشهاتی زۆر کەمتری لە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی بە دواوە دەبێت. هەڵبەت لە بیرمان نەچێت کە ڕووسیا بەردەوامە لە پابەند بوون بە هاوپەیمانانی خۆی، بەڵام ئەمریکییەکان لە گەڵ گۆڕانی دەوڵەتی ئەو وڵاتە، هەڵوێستیشیان دەگۆڕدرێت.

News Code 18308

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =