فواد مه‌عسووم له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کانالی ئه‌لعاڵه‌م:

له‌ سه‌رده‌می ئۆباما نێوبژیوانی ئێران و ئه‌مریکامان کردووه‌

ناسەی هەواڵ: 4265262 -
سه‌رۆک کۆماری عێراق سه‌باره‌ت به‌ نێوه‌ندگیری نێوان ئێران و ئه‌مریکا وتی: له‌ ده‌وڵه‌تی پێشووی ئه‌مریکا ڕۆڵی نێوه‌ندگیرمان بووه‌، به‌ڵام له‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئێسته‌ وه‌ها کارێکمان نه‌کردووه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، فواد مه‌عسووم، سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کاناڵی ئه‌لعاله‌م باسی یارمه‌تی ئێران بۆ خه‌ڵکی عیراق له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و بابه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ کرد که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت: 

* عێراق له‌ ئان و ساتی هه‌ڵبژاردن دایه‌، ده‌رنجامه‌کانی چی ده‌بێت و چ کاریگه‌رییه‌کی به‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌دا ده‌بێت؟

بۆ یه‌که‌م جار نییه‌ که‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، له‌ ساڵی ۲۰۰۵وه‌ ئێمه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین، خه‌ڵک پێشوازی باشیان له‌ هه‌ڵبژاردن کردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ مانای ترس له‌م بابه‌ته‌ نییه‌ به‌ڵکوو کێبه‌رکێی له‌ هه‌ڵبژاردن کارێکی ئاساییه‌، هیوادارین که‌ کێبه‌رکێیه‌کی ئارام و باش به‌ڕێوه‌ بچێت و دۆخه‌ ئارام بێت.

* جیاوازی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌گه‌ڵ ڕابردوو چییه‌؟

ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ له‌ حاڵێکدا ئه‌نجام ده‌بێت که‌ ئێمه‌ به‌ سه‌ر داعشییه‌کان زاڵ بووین، خه‌ڵکی عێراق داوا ده‌که‌ن و هیواداران که‌ سه‌قامگیری و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بۆ ناوچه‌که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌. هه‌روه‌ها خه‌ڵکی عێراق چاوه‌ڕوانی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار له‌ ناوچه‌که‌ن و ئێمه‌ش ده‌بێت له‌مباره‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان دێت ئه‌نجامی بده‌ین. 

* ئه‌مه‌ یه‌که‌م خولی سه‌رۆک کۆماری ئێوه‌یه‌، ئایا بۆ جاری دووهه‌میش خۆتان به‌ربژار ده‌که‌نه‌وه‌؟

بێ گومان ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردنه‌کان بین تاکوو بزانین چ گرووپیک ده‌توانێت ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆک وه‌زیران جێگیر بکات، هه‌ر کارێک له‌ من داوا بکرێت ئاماده‌م بۆ خزمه‌ت به‌ عێراقییه‌کان ئه‌نجامی بده‌م، به‌ڵام بۆ ئه‌م کورسییه‌ هه‌رگیز شه‌ڕ ناکه‌م. 

* بابه‌تی دوو شارۆمه‌ندی بوونی به‌پرسانی عێراق ده‌نگۆی زۆری دروست کردووه‌، تاکوو ئه‌و جێگه‌ی بزانم ئێوه‌ش شارۆمه‌ند بوونی خۆتان له‌ بریتانیا پووچه‌ل کرده‌وه‌، ئێوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چۆن ده‌بینن؟

 له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ من کاری حزبیم ده‌کرد پێویست بوو که‌ من پاسپۆرت و ڤیزه‌م بۆ سه‌فه‌ر کردن و کۆبوونه‌وه‌کان هه‌بوایه‌ت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی بریتانیا داوام کرد تاکوو مافی شارۆمه‌ندی بریتانیام پێ ببه‌خشێت، کاتێک بوومه‌ سه‌رۆک کۆمار له‌م بابه‌ته‌ ئازارم ده‌کێشا و پووچه‌ڵم کرده‌وه‌، سه‌رۆک کۆماری عێراق بم و پاسپۆڕتی بریتانیا له‌ گیرفانمدا بێت.

* کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا زۆر ئازاراوی بووه‌، ئێوه‌ وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق چیتان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشانه‌ ئه‌نجام داوه‌؟

من هه‌وڵی زۆرم بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشانه‌ داوه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ر دوولا کۆبوونه‌وه‌ی زۆرم کردووه‌، به‌ر له‌وه‌ی ڕیفراندۆمیش به‌ڕێوه‌ بچێت به‌ به‌رپرسانی هه‌رێمیش وتم ڕیفراندۆم له‌ ناوچه‌که‌ کێشه‌ له‌ سه‌ره‌کان ده‌رنجامی زۆر سه‌ختی ده‌بێت. من هه‌وڵی زۆرم دا به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له‌ ناوچه‌کانی وه‌ک که‌رکووک و شه‌نگالیش ڕیفراندۆم به‌ڕێوه‌ چوو که‌ ده‌رنجامه‌که‌ی بووه‌ ئه‌وه‌ی که‌ دیمان. 

* ئایا لاتان وایه‌ له‌ دوای ڕیفراندۆمه‌وه‌ خواستی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ناو چووه‌؟

ئێسته‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستی پێ کردووه‌ته‌وه‌، من له‌ هه‌ر دوولا دوام کردووه‌ که‌ دانوستانی زیاتر پێکه‌وه‌ بکه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رۆکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش داوام کرد تاکوو نێوه‌ندگیری بکات. دواجار چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ کرا و هه‌ر دوولا پێشکه‌وتنی باشیان کردووه‌ و ئه‌مه‌ش خواستی ئێمه‌ بوو. 

سه‌ربه‌خۆ بوونی هه‌رێم له‌ عێراق خواستێکی ده‌روونی خه‌ڵکه‌، به‌ڵام ڕاستی شتێکی دیکه‌. ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێم و کاتۆلۆنیای ئیسپانیا له‌ یه‌ک کاتدا به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ر دووکیشیان له‌ لایه‌ن جیهانه‌وه‌ دژایه‌تیان کرا و ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌کی ئاشکرایه‌. له‌ سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ وڵاتێک باش بێت و جیاوازی له‌ نێوان چین و ڕه‌گه‌زه‌کان نه‌بێت که‌س له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ نابێت، هیوادارام هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بکه‌ن و له‌ دوای سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنی عێراق بن.

* قسه‌تان بۆ به‌رپرسانی هه‌رێم و خه‌ڵکی کوردستان چییه‌؟

ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ عێراق ده‌ژین و خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ین، پێشتر له‌م ناوچه‌یه‌ ئیمپڕاتۆری هه‌بوون، دۆخه‌که‌ وه‌ها دابه‌ش بوونێکی ساز کردووه‌ که‌ خواستی زۆر که‌سیش نه‌بووه‌، تاکوو ئه‌و کاته‌ی ژیانی هاوبه‌ش بوونی هه‌یه‌ و ئاماده‌ین دان به‌ مافی یه‌کتردا بنین، ئێمه‌ ده‌بێت بۆ یه‌کگرتوویی عێراق هه‌وڵ بده‌ین.

* عێراق له‌م چه‌ند ساڵه‌دا شه‌ڕی داعشی کرد، ئایا وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌ت ئێران چۆن یارمه‌تی ئێوه‌یان دا؟

بێ گومان ئێران ئه‌که‌م وڵات بوو که‌ یارمه‌تی عێراقی دا. یارمه‌تی مرۆڤانه‌ و سه‌ربازی ئێمه‌ی دا، ڕاوێژکاری سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی عێراق کرد. ئێران له‌ ڕووی ته‌کنۆلۆژیاوه‌ یارمه‌تی زۆر باشی عێراقی دا تاکوو داعش له‌ ناو ببه‌ین.

* که‌واته‌ ئێسته‌ دوای شکستی داعش داهاتووی په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئێران چۆن ده‌بێت؟

ئێران و عێراق ۱۲۰۰ کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی زمانی و دینی و فه‌رهه‌نگیان هه‌یه‌، بێ گومان ناکرێت ئه‌مانه‌ له‌ به‌ر چاو نه‌گیردرێت، که‌واته‌ ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌بین تاکوو په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و عێراق بده‌ین. ئێران له‌گه‌ڵ بڕێک وڵات کێشه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌رکی ئێمه‌یه‌ تاکوو ئه‌و جێگه‌ی ده‌توانین ئارمه‌تی هه‌ر دوولا بده‌ین کێشه‌کانیان که‌م ببێته‌وه‌.

درێژه‌کێشانی ئه‌م کێشانه‌ له‌ سوودی عێراق نییه‌، که‌واته‌ عێراق تاکوو ئه‌و جێگه‌ی ده‌توانێت ده‌بێت هه‌وڵ بدات تاکوو ئه‌م کێشانه‌ که‌م ببێته‌وه‌، که‌واته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێک بۆ دژایه‌تی ئه‌و لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ نابین چون ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بکه‌ین بایه‌خی خۆمان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین.من ساڵی ۲۰۱۴ له‌ کاتی سه‌ردان له‌ ئه‌مریکا به‌ جۆ بایدن وتم ئێمه‌ به‌ چاویلکه‌ی ئه‌مریکا له‌ ئێران ناڕوانین، وه‌ک چۆن له‌ نیگای ئێرانیشه‌وه‌ له‌ عێراق ناڕوانین، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌ هه‌بێت و ئه‌مه‌ش دژی که‌س نییه‌.

* ئایا تاکوو ئێسته‌ ئێوه‌ له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریکا نێوه‌ندگیریتان کردووه‌ و په‌یامێکتان بۆ هه‌ر دوو لا گۆڕاوه‌ته‌وه‌؟

له‌ ده‌وڵه‌تی ئۆباما ڕۆڵی نێوه‌ندگیرمان هه‌بوو به‌ڵام له‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئێسته‌ نه‌خێر. ئێمه‌ له‌م بابه‌ته‌ هیچمان نه‌کردووه‌ به‌ڵام بۆچوونی خۆمان به‌م ده‌وڵه‌ته‌ش به‌ ڕوونی وتووه‌. ئێمه‌ هیچمان نشاردووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ گرنگی به‌ په‌یوه‌ندی هه‌م ئێران و هه‌م ئه‌مریکاش ده‌ده‌ین. ته‌نانه‌ت یه‌کجار جۆ بایدن به‌ ئێمه‌ی وت به‌ به‌رپرسان له‌ ئێران بڵێن که‌ ئێمه‌ دوای کێشه‌ بۆ ئێران نین و نامانه‌وێت له‌ کاروباری ناوخۆیی ئێران ده‌ستێوه‌ردان بکه‌ین و ڕژیمی ئێران بگۆڕین. له‌ نێوان ئێمه‌ ڕێککه‌وتنی ناڤۆکی بوونی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ سه‌ربگرێت ئیدی کێشه‌کانی دیکه‌ش خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌بن و ئێمه‌ش ئه‌م په‌یامه‌مان به‌ لایه‌نی ئێرانی گه‌یاند.

* ده‌وترێت که‌ ئه‌مریکا له‌ عێراق له‌ بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی بۆ دژایه‌تی ئێران له‌ کاتی پێویست سوود ده‌بات، بۆچوونی عێراق له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟

زۆر ئه‌سته‌مه‌ عێراق ڕێگه‌ بدات که‌ به‌م جۆره‌ ئه‌مریکا له بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی له‌ دژی ئێران سوود ببات. ڕه‌نگه‌ بڕێک که‌س هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ها بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ گوێی پێ ناده‌ین. ئه‌گه‌ر شتی وه‌هاش بیه‌وێت ڕوو بدات ئێمه‌ به‌ ڕوونی ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌ به‌شداری ناکه‌ین و هه‌رگیز عێراق نابێته‌ بنکه‌ و باره‌گای ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ دژی ئێران. ئه‌مه‌ش خواستی زۆربه‌ی خه‌ڵکی عێراقه‌.

* ئێوه‌ په‌یوه‌ندی باشتان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌، ئایا هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ ناکۆکییه‌کانی نێوان عه‌ربستان و ئێران که‌م بکرێته‌وه‌؟

بڕوام هه‌یه‌ که‌ که‌م کردنه‌وه‌ی ناکۆکی نێوان عه‌ره‌بستان و ئێران پێویسته‌. له‌ کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌ها پێشنیارێکمان کرد، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین، ده‌بێت شته‌کان له‌ شوێنی خۆیدا باسیان بکرێت چون ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ده‌رنجامی باشی نابێت. ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش زیاتر هه‌لی باش ده‌ست بدات بۆ چاک کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و سعوودییه‌ هه‌موو هه‌وڵێکی خۆمان ده‌ده‌ین. بێ گومان ئه‌مه‌ له‌ سوودی عێراقه‌ چون له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو وڵات زیاترین سنووری وشکانی هه‌یه‌.

* په‌یوه‌ندی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی که‌نداوی فارس چۆنه‌؟

ئێمه‌ په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی که‌نداوی فارس هه‌یه‌ و پشتیوانیشی لێده‌که‌ین. ئه‌م وڵاتانه‌ زۆر گرنگن بۆ عێراق و به‌رژوه‌ندی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ و ده‌بێت ناکۆکییه‌کان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ که‌م بکه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ کوه‌یت هه‌یه‌ و له‌م دوایش په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان دروست کردووه‌. به‌ گشتی گرژی و ناکۆکی له‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ سوودی ئێمه‌ نییه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ به‌ ئاشتیانه‌ بژین.

* عێراق له‌ لایه‌ن تورکیا هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر، بۆ به‌غدا چی دیکه‌ به‌ نیسبه‌ت به‌عشیقه‌وه‌ ده‌نگی نه‌ماوه‌؟

دانوستانه‌کانی نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی و تورکیا درێژه‌ی هه‌یه‌. چی دیکه‌ هیچ بیانۆیه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی تورکیا له‌ به‌عشیقه‌ نه‌ماوه‌ چون داعش وه‌ک هێزه‌ سه‌ربازی کۆتایی پێهاتووه‌. ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین کێشه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا به‌ دانوستان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئێمه‌ به‌رژوه‌ندی هاوبه‌شی زۆرمان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌ و وه‌ک هێڵی نه‌وتی که‌رکووک که‌ به‌ تورکیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت یان بابه‌تی ئاو و هدت.

* تورکیا به‌ بیانۆی بوونی په‌که‌که‌ هاتووه‌ته‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان، ئێوه‌ چ سیاسه‌تێکتان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشانه‌ هه‌یه‌؟

هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیلن و ئه‌مه‌ش سنووری هاوبه‌شی نێوان عێراق و تورکیا و ئێرانه‌. وه‌ک کوردی عێراق لامان وایه‌ دانوستان و گفتوگۆ باشترین ڕێکاره‌. په‌که‌که‌ ئه‌و هێزه‌ نییه‌ که‌ ناوچه‌یه‌کی داگیر کردبێت و بیه‌ویت ده‌ستی به‌ سه‌ردا بگرێت. پێشتریش په‌که‌که‌ هه‌ر بووه‌ و مام جه‌لال نێوه‌ندگیری کرد و دانوستان ده‌ستی پێ کرد به‌ڵام بابه‌ته‌که‌ به‌ ئاقارێکی دیکه‌ ڕۆیشت ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین دانوستانه‌کانی ئاشتی له‌ تورکیا ده‌ست پێ بکاته‌وه‌.

* وه‌ک ده‌زانین په‌ژاکیش له‌ سه‌ر سنووره‌کانی نێوان هه‌رێم و ئێراندا هه‌ن و دژی ئێرانیش چالاکی ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ چی دیکه‌ن؟

 ئه‌گه‌ریش ببن ژماره‌یان زۆر که‌مه‌. ئێمه‌ تاکوو ئێسته‌ نه‌مان دیوه‌ که‌ له‌ هه‌رێم له‌ په‌ژاک تانه‌یه‌ک درابێت. شته‌که‌ به‌و جۆره‌ نییه‌ که‌ بوونیان هه‌بێت و ناوچه‌یه‌کیان داگیر کردبێت، ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ژماره‌یان زۆر که‌مه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گرووپێک بن که‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئاساییه‌.

* بوونی ئه‌مریکا له‌ عێراق ناکۆکی زۆری لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ بڕێک دژی ئه‌م بوونه‌ن و به‌ داگیرکاری ده‌زانن بڕێکیش نا، ئێوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ پێویستمان به‌ بوونی هیچ هێزێکی بیانی له‌ عێراق نییه‌ به‌ڵام پێویستمان به‌ ڕاوێژکاری سه‌ربازی له‌ بواره‌ جۆراجۆره‌کاندا هه‌یه‌، ڕواێژکاری سه‌ربازی له‌ ئه‌مریکا و ئێران و بریتانیا و هتد له‌ عێراق هه‌ن که‌ ئاساییه‌، به‌ڵام وه‌ک بوونی سوپای وڵاتێکی دیکه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌م شته‌ نییه‌. ئه‌وه‌شی ده‌وترێت ئه‌مریکا بنکه‌ی سه‌ربازی دروست ده‌کات ڕاست نییه‌ و دام و ده‌زگا هه‌والگرییه‌کانی عێراق ڕه‌تیان کردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مریکا کاری وه‌ها کردبێت، ئێمه‌ ده‌بێت خۆمان له‌ عێراق به‌رگری بکه‌ین.  تاکوو ئه‌و جێگه‌ش من ئاگادار بم ئه‌مریکا داوای له‌ حکومه‌تی عێراق نه‌کردووه‌ که‌ بنکه‌ی سه‌ربازی دروست بکات، ئه‌گه‌ر به‌ نه‌هێنیش کاری وه‌های کردبێت من ئاگاداری نیم.

* ئێوه‌ وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق چۆن له‌ هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڕوانن؟

دۆخی حه‌شدی شه‌عبی به‌ واژۆ کردنی یاسایه‌ک ڕوون کرایه‌وه‌ ئێمه‌ لاینگری یاساین. هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ داهاتوودا له‌ نێوان هێزه‌کانی سوپا و حه‌شد شه‌ڕ ڕوو بدات، هه‌ربۆیه‌ یاسای ته‌ڤڵ بوونی حه‌شد به‌ سوپای عێراق ده‌نگی پێدراوه‌ و منیش واژۆم کردووه‌.

* بابه‌تێکی دیکه‌ گه‌نده‌ڵی زۆر له‌ ناو دام و ده‌زگاکانی عێراقه‌، ئایا پلانی باش هه‌یه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌ گه‌نده‌ڵکاری که‌ خه‌ڵکی عێراقی بێ هیوا کردووه‌؟

گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ و نکۆڵی لێناکرێت، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی نه‌ده‌بوو و داعش هێرشی نه‌ده‌کرد ئێسته‌ عێراق له‌ دۆخێکی دیکه‌دا بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ها نه‌کرا و گه‌نده‌ڵی زیاتر بڵاوه‌ی کرد. ئه‌مه‌ش زه‌ربی ؛له‌ پێگه‌ی عێراق له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی داوه‌. ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ت کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر ئه‌و بانک و وڵاتانه‌ بووه‌ که‌ یارمه‌تی عێراق ده‌ده‌ن. نابێت دژایه‌تی کردنی گه‌نده‌ڵ کاری ببێته‌ ئامانج بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌. 

* عێراق له‌ ساڵی ۲۰۰۳وه‌ به‌ دۆخێکی خوێناویدا تێپه‌ڕیوه‌، وه‌ک سیاسییه‌کی کۆنه‌کار داهاتووی عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

من له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م که‌ بنه‌مای عیراق ده‌بێت له‌ سه‌ر مافی شارۆمه‌ندی به‌رانبه‌ر بێت. بۆ نموونه‌ چه‌ند ڕۆژی دیکه‌ هه‌ڵبژاردنی پارلمانه‌ پلانه‌کان چین، هێچ گرووپیک پلانێکی ڕوونی نه‌خستووه‌ته‌ به‌رده‌ست. خه‌ڵک کاتێک هاته‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگ دان ده‌بێت بزانێت که‌ به‌ چی ده‌نگ ده‌دات.

بۆ نموونه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ دواین سات به‌ ڕێککه‌وتن بووه‌ سه‌رۆک وه‌زیران، من له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م ده‌بێت پلانی ڕوون هه‌بێت که‌ داهاتووی عێراقییه‌کان مسۆگر بکات. زۆر گرنگه‌ که‌سانێک بێنه‌ سه‌ر کار که‌ گه‌نده‌ڵ نه‌بن و سه‌ر به‌م هۆز و لایه‌ن نه‌بن و ته‌نیا له‌ بیری خزمه‌ت کردن به‌ عێراق بن.

ناردنی بۆچوون

2 + 1 =